Print
 بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان وریا: خۆشەویستان...
Monday, February 28, 2011

سەرەتا حەزدەکەین پێتان رابگەێنین، کە ئێمە هەمو شتێک دەکەین و هەمو هەوڵێک دەدەین کە بەزوترین کات هەمومان بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵتاندا بین و ھاوپشتتان بین. ئێمە وەک کۆمەڵێک نوسەر کە خۆمان بە هاوڕێتان دەزانین... دەزانین ئێوە چ رۆحێکی حەماسەتدارتان هەیە، دەزانین چەند خەونتان هەیە بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، دەزانین گەلێک توڕەن لە رابوردوی خۆتان... بەڵام هەم حەماسەت و هەم خەون و هەم توڕەیی گەر هێمنی و لێبوردنی لەگەڵدا نەبێت، دەبنە چەکی ترسناک دژی خەونەکانتان و دژی پاشەڕۆژیش. ئێوە کە ئەمڕۆ لێرەدا کۆبونەتەوە دەبێت بزانن کە بەر لە ئێوە زۆربەی نەوەکانی پێش خۆتان هەم شۆڕش و هەم راپەڕینی کردوە...

بەڵام دەرەنجامی هەمو ئەو شۆڕش و راپەڕینانە ئەوە بوە کە ئەمڕۆ دەیبینن، دونیایەک کە پڕە لە ناهەقی و کۆمەڵگایەک کە مایەی توڕەیی ئێوەیە. دەبێت هەر یەکێ لە ئێوە لە خۆتان بپرسێت: بۆ شۆڕش و راپەڕینەکانی تر بە نوشوست و ناشیرینی تەواو بون. بەبڕوای ئێمە یەکێک لە هۆ هەرە گەورەکانی نەبونی لێبوردن و قەبوڵ نەکردنی ئەوی ترە. ئەوەی لە رۆژی 17 ی شوباتدا تەقەی لە ئێوەکرد، کەسێکە فێرنەبوە ئەوی تر قەبوڵبکات، سەرکردەکانی فێری لێبوردەیی و خۆشەویستی و بەزەییان نەکردوە... ئەوانە لە ماناکانی ئازادیی تێناگەن...

جا گەر ئێوەش وەک ئەوان خاوەنی لێبوردەیی و خۆشەویستی نەبن، رێز لە جیاوازیی و ئازادیی نەگرن، جیاوازییەک لە نێوان بکوژ و کوژراو و زوڵمکەر و زوڵم لێکراودا نامێنێتەوە... ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەدا بە ناوی میللەتەوە پێڵاو دەگرنە خەڵک، دەشێت ئەو جۆرە لە شۆڕشگێڕ دروستبکەن کە لە پاشەڕۆژیشدا لە شوێنی دەسەڵاتەوە پێڵاودەگرنە میللەت... ئەو مرۆڤەی خەونی جوانیی هەیە، بە تەنیا خەون بۆ خۆی نابینێت، بەڵکو خەون بۆ نەیارەکانیشی دەبینێت... ئەوەی کە دەیەوێت دنیا باشبکات، دەبێت دونیا بۆ هەموان باشبکات، ئەوانەی لە خۆی دەچن و ئەوانەی لە خۆی ناچن... ئەمڕۆ ئێوە پێویستیتان بە هاوپشتیی هەیە، پێویستە پەیامی خۆشەویستیتان بۆ هەمو ئینسانێک پێبێت، هەتا بۆ ئەوانەی لەگەڵتاندا نین، ئەوانەی پێڵاو دەگرنە خەڵک و جیاوازیی دەکوژن و ئازادی رادەربڕین پێشێلدەکەن، دۆستەکانتان لێدەکەن و دوژمنتان بۆ زۆردەکەن. ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی دوژمن نییە، بەڵکو بە زیادکردنی دۆست.

ئێوە بۆیە لەم مەیدانەن بۆئەوەی کۆمەڵگایەک دروستبکەن هیچ ئینسانێک پێڵاو و گوللە نەگرێتە خوشک و برای خۆی، بۆئەوەی نەفرەت لە توندوتیژیی بکەن، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک بونیادبنێن جیاوازی و ئازادی قەبوڵبکات... بۆئەوەی جیاوازیی نەبێت بە دوژمنایەتیی، بەڵکو ببێت بە هەمەڕەنگیی...

ئەوکاتە ئێوە گەورەن و هەمومان شانازیتان پێوەدەکەین کە باوەش بۆ ئازادی و لێبوردن و خۆشەویستی بکەنەوە. سلێمانی ئەوکاتە جوانە کە جێگای هەمو رەنگ و هەمو دەنگێکی تێدا ببێتەوە... کوشتنی رای تر و رق و کینە و بوغز و توندڕەوی کۆمەڵێک نەخۆشین وەکو گەندەڵی پیس و ناشیرینن. رق باوکی گەندەڵی و تۆڵە دایکێتی...

سلێمانی دەبێت بە شارێکی ناشیرین گەر جێگای هەمو هەمەڕەنگییەکی سیاسی تێدا نەبێتەوە... دەبێت بە شارێکی ناشیرین هەتا گەر یەک ئینسانیش هەبێت هەستبکات کە لێرەدا جێگای نابێتەوە و هەستبکات دەرکراوە. سلێمانی دەبێت بەشارێکی تەنھا گەر ئێمە ھەر خۆمان قبوڵبێت. ئێوە بۆیە لێرەن، چونکە هەستدەکەن لەم کۆمەڵگایە دەرکراون، نەوەک بتانەوێت کەس لەم کۆمەڵگایە دەربکەن. ئێوە لێرەن چونکە دەستێکی بێڕەحم تۆڵەی لێکردونەتەوە و مافی بردون، نەوەک لە بەرئەوەی دەتانەوێت تۆڵەبکەنەوە و مافی کەسانی تر زەوتبکەن... ئەوکاتەش هەمو کوردێک و هەمو کۆمەڵگا دەبێت بە پشت و پەناتان کە نوێنەری هەمو رەنگێک بن و بتانەوێت ماف بۆ ئەوانە بگێڕنەوە کە تا ئێستا جێگایان نەبۆتەوە... داوای چاکسازی، داوای داماڵینی چەک، داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، داوای دیموکراسییەتێکی راستەوخۆ، داوای مۆنۆپۆڵ نەکردنی دەسەڵات، داوای ئابورییەکی شەفاف، داوای هەڕەشەنەکردن بە جەنگی ناوخۆیی، داوای دورخستەنەوەی چەک و پارە لە سیاسەت، ئەوانەن ئامانجی ئێوەن... کە ئامانجی گەورەن و پێویستی بە کۆمەکی هەمو ئینسانێکی دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە هەیە ...

ئێوە دەبێت بە جۆرێکی ئاشتتیخوازانە هێز بۆ ئەم خەونە گەورەیە کۆبکەنەوە، نەوەک رق بڕوێنن... ئەم خەونە ئەوەندە گەورەیە کە پێویستی بە وزەی هەمومان هەیە، لە قوتابییەکەوە تا مامۆستایەکی زانکۆ، لە کەیبانویەکی بێئیشەوە تا پێشمەرگەیەک ... ئێوە دەبێت هەوڵبدەن هەمو ئینسانێک، جا بیرکردنەوەی سیاسی هەرچۆنێک بێت، لە پاڵتاندا بوەستێت، کەس هەست نەکات ئەم سەرایەی ئێوە، سەرای ئازادی ئەو نییە. ئێوە لێرەوە دەبێت بەوانە بڵێن کە تەقەیان لێکردن، وەرن و لێرەوە لێمانەوە فێربن و لەگەڵماندا لە گوناهتان پاکببنەوە. برایان لەدڵیشەوە داوادەکەین خوشک و خێزانەکانتان بابێنە ئەم مەیدانەو لەگەڵتاندا خەون ببین، ناکرێت مرۆڤ بیەوێت دونیا بگۆڕێت و خوشکەکەی خۆی لە ماڵەوە شاردبێتەوە، ئەم راپەڕینە دەبێتە راپەڕینێکی تەنھا و ناشیرین گەر نەتوانێت ژیان و شوێن و مانای ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بگۆرێت... دەبێت بە نمایشێکی پیاوانەی روت گەر نەتوانێت هەڵگری ئومێدی دایک و خوشک و کەیبانو و خانمەکان بێت... شتێک نییە ناوی ئازادی بێت، بێئامادەبونی ئافرەتانیش ...

با ئەم بزوتنەوەیەی ئێوە ناوبنێن، شۆڕشی رێز و خەون... رێزی هەمو جیاوازییەک و خەونی پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ گەنجان و منداڵەکانمان. ئێوە دەبێت ئەو هێزەبن کە جوانیی و خۆشەویستیی نیشتیمان بۆ ژیانی سیاسیی دەگێڕنەوە، نەوەک زمانی گوللە و مەنتیقی پێڵاو و وشەگەلێک کە کەرامەتی ئینسانەکان برینداردەکات، کۆمەڵگای ئێمە پرە لە مەنتیقی پێڵاو و گوللە، لەوە زیاتر پێڵاو و گوللەمان ناوێت، پێڵاوەکان لەدەست پێڵاوھاوێژەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە گوڵیان بدەنێ... تفەنگەکان لەدەست چەکدارەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە شیعر و گۆڕانییان بەنێ، کۆمەڵگای ئێمە پڕە لە توندوتیژیی، پڕە لە رق، لەوە زیاتر کینەمان ناوێت، دوژمنی گەورەی ئێوە ئەوانەن کە فێری توندڕەوی و رقتان دەکەن....
 
بزانن هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، ھەر راپەڕینێک، ھەر شۆڕشێک بە لێبوردن و قبوڵکردنی جیاوازیی دەستپێنەکات، بە کوشتنی ئازادیی و دیکتاتۆرییەت کۆتایی دێت...
 
جارێکی تر خۆشەویستی و پشتیوانیی ئێمە بۆ ئێوە.
 
 
لەگەڵ رێز و سڵاوی بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان وریا بۆ ھەمو ئامادەبوانی سەرای ئازادی
 
 
ئەم پەیامە ئەمڕۆ، چوارشەممە، ٢٣ی فێبریوەری ٢٠١١ لە لایەن رێبین ھەردییەوە لة سەرای ئازادی
خوێندرایەوە...

Sbeiy.com © 2007