Print
 هیچ هێزێ ناتوانێ بەربە بزاڤی سڤیل بگرێ
Monday, February 28, 2011
هەڤاڵ سەید حەسەن

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، خەڵکی ستەمدیدە و بەگیانهاتو، خورتو دلێرانی رێگەی ئازادی و سەربەخۆیی، دەمو دەستە ماندونەناسەکانی سەندنەوەی مافە رەواکان. ئەوەی کە ئەمڕۆ دژ بە خەڵکی بێ دیفاعی کورد دەکرێ لە شاری سلێمانی مشتێکە لەخەرواری کوشتار و زوڵمێکی زۆری رۆحی و جەستەیی بەرامبەر بە هاوڵاتییانی خاوەن ویستی کوردستان. ئەوەی کە رونە چزوی دوپشتی زاڵمانەی ئەو هێزەی کە دەستی چۆتە خوێنی کوڕان و کچانی کورد، بێباکانە هاوڵاتییەکانی خۆی دەکوژێ، دەسەڵاتی هەرێم بۆ مەرامی تەسکی شەخسی و بنەماڵەیی بەکاردەهێنێ. ناپرینگێتەوە لە بەکارهێنانی شێوازە دزێو نا ئینسانییەکان، بێباکە بەرامبەر بە تێگەیشتن و پێزانینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە چییەتی هۆکار بەرگری کردن لە ئیدارەییەکی گەندەڵ و فاسیدی ناعادیلانە.

ئەوە بۆخۆتان دەبینن چۆن ئاگری چەکەکانییان رو لە خەڵکە و پێیان وایە کوشتن و بریندارکردنی زیاتر لە شێست کەس، سەپاندنی کەشی شەڕو عەسکەرتارییەت بەسەر خەڵکی سڤیلی شاری سلێمانی و دەوروبەری مانۆڕێکی رەوایە بۆ دیفاعکردن لە داروپەردوی بنکەییەک کە هەر بە رواڵەت ناونراوە بیرۆی حیزب، بەڵکو بیرۆی عەسکەرییە بۆ تۆقاندنی کۆمەڵانی خەڵک، ئەوەندەی کلاشینکۆف و ئارپیجی و سندوقی فیشەکی تیایە، ئەوەندە پێنوس و پەڕاو پەڕتوکی تیا نەبیندرا.

ئەو هێزەی سەرکورتی لاوان دەکات و بڕیاری گڕکردنەوی چەکەکان دەردەکات، گومانی تیانییە کە زۆرداری دەپارێزێ و دیفاع لە شتێک دەکات، کە نامۆیە بە کۆمەڵانی خەلکی کوردستان و دورە لە ویستو خواستە بناغەییەکانییان.

ئەمڕۆ دوای زانینی زۆر راستی ناحەز کە خوێنی لە جەرگو ویژدانی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەهێنێ. ئه‌مڕۆ باشتر لەهەڵوێستی ئەو لایەنانە دەگەین کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز دەبەن دژ بەخەڵک، ئەمڕۆ وێنەکان رونتر بوینەوە، دەنگەکان زوڵالترن لە جاران، دەزانین بۆ دەستکردنەوەی دەرون نەخۆشانەو بەکارهێنانی سەرکوتی روحی و جەستەیی بۆتە یەکەم ئەڵتەرنەتیڤی دەسەڵات.

ناسینەوەی خەسلەتی قەڵەمە تۆقی و ئینتیهازییەکان کە پەلەپروزێیانە بۆ خۆجوتکردن و تەڵاقدانی هەوایی، جارێ وەک جۆکەری پێڕی بەرگریکردن لەزۆرداری و ناحەقی و درۆ، بۆ ئارایشتدانی سەروسواڵی میر و بەگەکانی دۆلار، نەفت، دزیاری بودجە دەسازێن، جارێکیش وەک گوتاربێژی ناو کۆمەڵانی خەڵک دەبن بە پێڕی رق و پەلامار و جوێن، ئاشکرایە کە چڵک و چاتاڵی پاشەرۆکی دوای مانۆری ٣١ی ئاب و پێزانینی پەروەندەی ناپاکان و بە ئامانج کردنی رەهای پارە و دەسەڵات بەشێوەییەکی سیستماتیکی، جێگەی ئەوەی تیادەبێتەوە کە بەلانس و هیوا و ژیری لەلای هەندێ کەمکاتەوە. بەڵام ئەم فیکر و پێگە چەقیوەی کە پەیڕەوی لێدەکرێ لەشەقاما، کە لەشوێنی خۆیدا بۆ ئێمە هیچ شتێ ناگەیەنێ غەیری مسۆگەرکردنی مانەوەی باری ناهەمواری ئەمڕۆ کە ئەوەش زۆردورە لە ویست و خواستەکانمان و قبوڵکردنی بەواتای دەستبەرداری مانە لە ژیان و مانەوەی خۆمان. هەر بۆیە ویستی ئێمەش لەگەڵ ویستی سادە و بێنازی خەڵکی شارە، لەگەڵ داوای هەمو خاوەن هەستو مرۆڤێکی کوردە بۆ درێژەدان بە خەبات لەپێناو ئازادی سەربەخۆیی دادوەری.

خەڵکی تێکۆشەری شاری (هەولێر، دهۆک، کەرکوک) حەشیمەتی تێگەیشتوی روناکبیر و ئازادیخواز و کوردپەروەر، ئەندامان و لایەنگیرانی هەمو پارت و رێکخراوە کوردییەکانی کوردستان، بەتایبەتی دلێران و تێکۆشەرە خاوەن هەستەکانی نێو ریزەکانی پارتی و یەکیَتی، ئەوانەی کە بەلاتانەوە گرنگە، خەڵک و خاکی کوردستان ئازاد و سەربەخۆو بێوەی بێ. هاوکاری و پشتیوانی خۆتان ئاشکراکەن، بەو شێوەی کە لەدەستتان دێ کۆمەک بکەن بۆ سەرخستنی ویستەکانی خۆتان و کوڕەکانتان، ئەمەی ئەوڕۆ رودەدا کاری گەری لەسەر قەدەری هەمو ولات هەییە، کاتێ تۆ دەنگت بیستراو بێ، ئاکارت ئاشکرابێ، خۆشەویستی خەڵک و خاکت لە دڵ و هزرا رسکابێ دەتوانی کاریکەری ئیجابی لەسەر رەوتی روداوەکان دابنێی.

گرنگە لەخۆت بپرسی چیبکەم باشە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دڵڕەقی و ئیستغلال و درۆی دەسەڵاتێ ببینم، سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ٦٠ کەسیان کوشتوە و بریندار کردوە هێشتاش واتێدەگەن غەدریان لێکراوە و خۆیان بە فەقیر دێتەبەرچاو. دڵنیابە لەوەی کە هەر هەنگاوێکی سادەی روڵەپێش بۆ خستەنەڕوی ویستەکانتان پاشەکشێی و قوچاندنی فەرسەخێکی هێزی شەڕخوازانەی لێدەکەوێتەوە، بەدڵنیاییەوە بەسودی هیواکانی جەماوەری جەسوری خەڵکی کوردستان تەواودەبێ. بۆیە هاودەنگی مان گرنگییەکی حەیاتییە بۆ سەرخستنی ویستی چاکسازی ریشەیی لە ژیان و گوزەرانمان و کۆتایی هێنان بە بالۆرەی فیدراڵیەتی کارتۆنی و خەونی بزڕکاوی مانەوەی هەمان سەرۆکی لەزگە و دیکتاتۆر، هەمان حیزبی عەقڵ ملیتار و کۆنەپەرستی رەهاخواز، هەمان تەحالوفاتی ناڕۆشن و فێڵبازانە، هەمان دادگای بێدادی ژێرکۆنتڕۆلی حیزب. کە هومێدی ئیستیقلال و هەڵکردنی ئاڵای سەربەخۆیی خستۆتە بەر هەڕەشەییەکی ناوەخۆی گەورە... ئەمڕۆ بۆ ئەوەی مۆدێلی گەندەڵکاران و دڵڕەقان کۆتاکەین. بۆئەوەی بەڕاشکاوی ویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرچاوخەین، گەرەکە ویستەکانمان و ئامرازەکانمان لەسروشتی یەکابن، تا بە هەنگاوی تۆکمە رو بەرەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادوەری و خۆشگوزەرانی بڕۆین...

Sbeiy.com © 2007