Print
 لە کورتهێنانی سیاسی بەولاوە هیچیتری لێ ناکەوێتەوە
Monday, February 28, 2011
مه‌هدی‌ كاوانی‌

بارزانی وەک حیزب لێدوان دەدا، فازڵ میرانی چاو سور دەکاتەوە، نیچیرڤانیش بە نەرمی وەڵامی رۆژنامەوانان دەداتەوە و لە هەولێرو دهۆک و سۆران و بنەسڵاوە و... پەرچەکردار دەکرێ و مەقەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسوتینرێ و یەکێتیش دەڵێ ئاگرە سورە لە خۆم بەدورە. ئەدی کورتهێنان چۆنچۆنیە. ئەگەر ئەوە کورتهێنان نەبێ کامەیە سیاسەتە راست و دروستەکەی پارتی لە روداوەکەی ١٨/٢. کاک نێچیر دەڵێ: خۆ گەندەڵێ لە لقی چواری پارتی نیە فازڵ میرانیش هەر وای وت. لێدوانەکانی سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان کاک نەوشیروان مستەفاش هەر ئەو مانایەی دەگەیاند. باشە ئەدی خێرە پارتی بە بەلتەجیەی لە شێوەی میسر ئەو پەرچەکردارە لە دژی مەقەرەکانی گۆڕان دەکا!. وەک رۆژی نیوه‌ڕۆ دیار بو یەکێتی گۆڵی لە پارتی کرد و لێدوانەکانی بە دواوەی پارتیش هەر وای دەگەیاند. ئێ کاکینە مادامەکینێ دەزانن یەکێتی تەڵەی بۆ ناونەتەوە دە خۆتانی لێ قورتار بکەن، کە وا ناکەن مانای کورتهێنانی سیاسییە. لە قانیعی فەردیش هەر وا کرا و... ئەنگۆش هەر بڵێن مام جەلال ئەمە کردمانە سەرکۆمار و رێکەوتنی ستراتیجی لە نێوانمان هەیە. منیش دەڵێم خۆ گەندەڵی لە لقی چوار نیە. بەڵام ئەگەر پارتی بە مێشکی سیاسی زیندو هەڵسوکەوتی کردبایە و لە جیاتی وەڵامدانەوەی خەڵکی بێدیفاع گوڵی بەسەردا باراندبانە، ئەوا لێم مو‌حەقەق بو، پارتی بە سەلامەتی لەناویا دەردەچو و ئەملاوئەولاشی پێ تاوانبار دەکرد.

ئەوەی لە ١٧/٢ لە سلێمانی روی دا کەم یان زۆر شەقام بو گۆڕان و زۆر لە حیزبەکانی تریش هەر وایان گوت، بەڵام و لەگەڵ ئەوەشەوە گۆڕان هەقی خۆیەتی داخوازیەکانی دەنگدەری خۆی بە ئامانج بگەیەنێ. کە لە پەرلەمان بۆی نەچێتەسەر داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکا، ئەگەر ئەوەشی بۆ نەچوەسەر بە رێگا یاساییەکان و عەسیانی مەدەنی ئەو کارە دەکات. لە دونیای دیموکراتیش کاری وەهای لە بابەت بزوتنەوەی گۆڕان تەندروستە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانە رۆژنامەوانیەکەی ١٨/٢ قسەکانی ئەوەی دەگەیاند، ئەگەر ئێمەش خۆمان چاک نەکەین و ریزەکانمان یەک نەخەین و داواکانی شەقام جێبەجێ نەکەین، ئەوا بە دوایەوە کارتیکردنەکانی باهۆزی بۆ سەقامگیربونی دیموکراتی و روخانی دکتاتۆرەکان دەمان گرێتەوە. دەبا هەمومان لەسەر هەڵوەستەی وەها بوەستین و بیگوازینەوە بۆ واری کرداری.

 ئاوێنە دەڵێ ئەو گولەبارانەی لقی ٤ بە فەرمانی پێشتری فازڵ میرانی کراوە. من لە خۆمەوە ناتونم قسەکانی ئاوێنە پشتراست بکەمەوە، بەڵام کاتێ کە کاک فازڵ بۆ راگەیاندن بە زمانی توندوتیژی دەدوێ و دەڵێ پارتی رانەهاتوە لە کەس قبوڵ بکا، مرۆڤ بە خۆی نیە لێدوانی لە بابەت ئاوێنە بەڕاست بزانێ.

 حەزم دەکرد لێدوانە رۆژنامەوانیەکەی کاک نێچیرڤان تەواوکەری ئەو لێدوانانە بوایە کە کاتی خۆی بۆ لڤین و Knn کردی، بەوەی دەبێ بۆ لەمەودوا گۆڕان لەناو پارتی بکەین نەوەکا وەک یەکێتی ئاسامان لێ بێت. من ئەگەر ئەندامێکی پارتی بومایە داوام لە سەرکردەکانی خۆم دەکرد گۆڕانی پارتی بەوەوە دەکرێ، گەنجی تازە پێگەیشتو و کەسانی بە تواناو تەکنۆقرات بێنیتە پێیشەوە و دەسەڵاتی تەواویان بدرێتە دەست بۆ چاکسازی بنەڕەتی و لە شوێن کەسانی لە بابەت فازڵ میرانی و ئەم وئەویان دانێن بە تایبەتی ئەوانەی کە مێشکیان پڕ بوە لە ئاخاوتنەکانی سەردەمی شاخ و شەڕە ناوخۆیەکان و لە گەڵی راهاتون و ناتوانن یان بەرژەوەندیان لەوەدایە کە وازی لێ نەهێنن. بە بڕوای خۆشم ئەوەی لە سلێمانی رویدا کە پارتی لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەوروبەرو ئەمەریکیەکان باجی گەورە دەدات هەر هەموی لە بانگێشەیەکی بە هەلەوە بوە. با بە دیوی تر باس لە کێشەکان بکەین، بزوتنەوەی گۆڕان کە هەر هەمو پڕۆژەگەلیەکانی خۆی لەپێناو چاکسازی پێشکەش بە پەرلەمان دەکا، دەبێ چ زیانێکی پارتی بە دواوە بێت. بابڵێێن گۆڕان جدی نینە و بۆ مەرامی سیاسی وا دەکەن، خۆ پارتی دەتوانێ، بە بەرنامەگەلی خۆی زۆر لەو پڕۆژانە کە هاوتای پڕۆژە پێشکەشکراوەکانی گۆڕان بن و بە خەڵکیش بڵێ تەماشامان بکەن کە چۆنچۆنی وڵات بەرەو پێشەوە دەبەین و گوزەرانی خەلک خۆش دەکەین یان نەشیش بسوتێ و نەکەباب و بە قەدەر دەنگی شەقام بۆ گۆڕان، پڕۆژەگەلیەکانیان جێبەجێ کردبایە. یان ئەوە بڵێن ئەوەی ئێمە بەو تەشکیلەی ناو پارتەکەی خۆمان بۆمان نالورێ با لە رێگەی گۆڕانەوە بێت.

پارتی لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان باشی هێنا کە تاڕادەیەک خۆی نەخستە پاڵ یەکێتی لە دژایەتیەکانیان لە دژی گۆڕان، خۆ ئەگەر بەردەوامی بەخۆوە ببردبایە، ئەوا بە دوایەوە ئەوان وەک تەماشاکەر دەبینران لە شوێنێکەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی دایە و کێشەکان زیاتر ئەوان دەگرێتەوە.

کەسیشمان ناتوانین نکۆڵی لەو شالاوە رق و تورەیەی شەقامی عەرەب لە دژی دەسەڵاتە سیاسیە درێژخایەنە سەرکردەو پادشاکانی ئەو وڵاتانە بکەین بە تایبەتی کە بە ٢٧ رۆژ دەسەڵاتی زه‌ین ئه‌لعابدین سەرەونگوم کراو بە ١٨ رۆژیش هی محەمەد حوسنی موبارەک وهی لیبیا و یەمەنیش لە ترکزەدایە، کاروانیش بەڕێوەیە. دەسەڵاتی ئەو دو وڵاتەو هەندێ لە ئەوانەی کە ماویشن لە پێشدا دەیان وت وەک دەسەڵاتی ئێستای هەرێم کە خەڵکی گێرەشێوێن کاری وەها دەکەن و پاشانیش کە کارەکان لە بندەستیان دەرچو هەر هەمو هاوار هاوارەکانیان بۆ ئەوەیە کە ئەگەر چیتر لە دژمان خۆپیشاندان نەکەن، ئەوا بە دڵی خۆتان چاکسازی دەکەین و هەمو داخوازیەکانتان جێبەجێ دەکەین. من بۆ خۆم دەڵێم هەتا کاردانەوەکان وەک تونس و میسر و هی تری لێ نەکەوتۆتەوە و کار لە کار نەترازاوە با دەسەڵاتی کوردی ئەگەر هەر هیچ نەبێ با لاسایی حکومەتی ئەردەن بکەنەوە کە وتوێژی زۆر چڕوپڕ لەگەڵ نەیارەکانیان بە تایبەتی تەیاری دینی دەکەن بۆ فراوان کردنی گۆڕەپانی بەشاداری دیموکراتی و پڕۆسیسی چاکسازی. بە بڕوای من داخوازیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی کە دەڵێ حکومەتێکی کاتی لە کەسانی تکنۆقرات پێک بهێنین، چەندی لە قازانجی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە دو ئەوەندەی لە قازانجی دو پارتی دەسەڵاتەو دەرگایەکیش لە بەردەم خەلک و شەقام ئاواڵە دەکرێ، کە ئەوانیش لە چاکسازی وڵات و بە سیستەم کردنی بەشدار بن بە مەرجێ ئەو حکومەتە تەکنۆقراتە دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێ.

یەکێ لە کورتهێنانەکانی تری پارتی لە ١٧/٢ و لە رێگەی ئەو خوێنەی کە رژا روپەڕی خۆپیشاندانەکان فراوان بێ و ئەمەریکی و ئەم وئەویتر بێنە ناویانەوەو بە نابەدڵی و ئارەزوەکانی دەسەڵات کێشەکان چارەسەر بکەن. پیشموایە چەندی دەسەڵات نکۆڵی لە داخوازی خۆپیشاندەران بکاو خوێنی زیاتر بڕژێ، چەندی تەوژمی خۆپیشاندانەکە فروان دەبێ و دەبێ ئەوەش بزانین مەجرای خۆپیشاندانەکان و دوا وێستگەو لێکەوتەکانی وا ئاسان نیە مرۆ سەرەدەری لێ بکات. ئەگەر ئەو لێدوانانەی پیشتری ئیرەو ئەوێی خەڵکانی پارتیش شی بکەینەوە بەوەی کە توانیومانە سەرەوەی یەکێتی بۆ مەرامەکانمان دەستەمۆ بکەین و هیچیشمان پێ لە گەڵ خوارەوە ناکرێ، ئەوا ئەو مانایەت دەداتە دەست کە بەشی هەرەزۆری بنکەی جەماوەری یەکێتی دۆستایەتی گۆڕانیان لە هی پارتی پێ باشترەو لە نێوەندی وەهادا ئەگەر خۆپیشاندانیش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی یەکێتی درێژەی پێ بدرێ کێ ناڵێ لە دوا جاردا بنکەیەکی هەرە فراوانی یەکێتی و جەماوەریان و سوپایان بە قازانجی خۆپیشاندەران کارو کاردانەوە ناکەن و لە میانەیدا کارەکان لە بن دەستی پارتی و یەکێتیش دەربچن. بە بۆچونی خۆم هەندێ لە لێدوانە رۆژامەوانیەی نێچیروان بارزانی لە گەڵ دوا بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکانگیری لە نێوانیان بەدی دەکرێ بەوەی کە هەردو ناوەڕۆکەکە خۆی لەوە دەبینیتەوە کە تا کار لە کار نەترازاوە با بەری لێ بگرین و ریزەکانمان یەکخەین و داواکاریەکانی شەقام جێبەجێ بکەین.

Sbeiy.com © 2007