Print
 خۆپیشاندەران دەبێت چ داخوازییەکیان ھەبێت؟
Monday, February 28, 2011

مەریوان وریا قانیع

مێژوی ئێمە ساتەوەختێکی گرنگ دەژی، دەکرێت سەرەتای دروستبونەوەیەکی نوێ و نەخشەسازییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی نوێ بێت. بۆیە زۆر گرنگە لەم ساتەدا ھەمو ئەو داواکارییانە بھێنرێتە پێشەوە کە دەشێت کۆتایی بە بەشێکی زۆری کێشەکانی دونیای ئێمە بھێنێت. ئاشکرایە داواکاردنی ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و داخوازی دروستکردنی حکومەتێکی کاتی و خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنێکی نوێ داخوازی گرنگن، بەڵام کۆتایی ھەمو داواکارییەکان و چارەسەری ھەمو کێشەکان نین. گرفتەکانی ئەمڕۆی کوردستان تەنھا پەیوەندیان بە بونی پەرلەمانێکی بێکار و حکومەتێکی حزیبیی ئیفلیجەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیان بە کۆمەڵێک کێشەی قوڵترەوە ھەیە، کە بونی حکومەت و پەرلەمانێکی ئیفلیج دەرەنجامی ئەو کێشانەن. بۆ ڕێگرتن لە دوبارەبونەوەی ئەم ئەزمونە قەیراناوی و ئیفلیجەی ئەمڕۆ و بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوە بۆ ھەمان ئەو دۆخەی کە ئەم ھەمو ناڕەزاییەتییانەی ئەمڕۆکەی دروستکردوە، دەبێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ بدۆزرێتەوە. بەبۆچونی من جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەشێت بەشێکی گەورەی ئەو چارەسەرییانەبێت.

١- ھەڵوەشاندنەوەی جیھازی ئیداری لە کوردستاندا و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لەڕێگای پاککردنەوەی لەو کادەر حیزبییانەی کە دەسەڵاتی حیزب لەناو پۆستە ئیدارییەکاندا دایناون. ئەمەش مانای ئەوەی لابردنی ئەو ھەمو کەسانەی کە پلەی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر و پۆستە ئیدارییە گرنگەکانی تریان بەھۆی پلە و پایەی حیزبییەوە وەگرتوە و جێگرتنەوەیان بە کەسانی موستەحەق و ناحیزبی شارەزا و لێزانن لە بوارە جیاجیاکاندا. ھێشتنەوەی ئەم جیھازە ئیدارییە بەم شێوەیەی ئێستای کە تا بینەقاقای جیھازێکی حیزبییە، نەک دەوڵەتی، کۆتایی بە دەسەڵاتی حیزب لەناو دەزگاکانی حوکمڕانیدا ناھێنێت و ناھێڵێت دۆخێکی ئیداری تەندروست دروستببێت کە بتوانێت بە دەوڵەت ئاکارێکی ناحیزبی نەتەوەیی ببەخشێت.

٢- ھەڵوەشاندنەوەی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمایەکی ناحیزبی کە تیایدا لێزانی و شارەزایی سەنگی مەحەک و پێوەری ھەڵبژاردنبێت. ئەوەی ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردو لە کوردستاندا نیشانیانداین، ئەوەیە بەبێ دەرھێانی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان لەدەستی حیزب ناکرێت باس لە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بکەین و ھەمو خۆلادانێک لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە گرنگە وەک خۆلادان وایە لە گرنترین کێشەیەک ڕوبەڕوی ئەزمونی سیاسی و گشتێتی کۆمەڵگای ئێمە بوبێتەوە.

٣- ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی میدیای حیزبی ئاراستەکراو و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەسەر بنەمای نەھێشتنی ئەم جۆرە میدیایە بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە. ئەم میدیا حیزبییە ئاراستەکراوە ئامرازێکی گەورە و گرنگی دروستکردنی پشێوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازییە. ھەمو جەنگ و نائارامییە ناخوخۆییەکان لە کوردستاندا بە جەنگی ناو میدیا حیزبییەکان دەستپێکردوە. میدیای حیزبی ڕەگەزێکی گرنگی ھەمو پێکدادانە سیاسی و سەربازییەکان بوە. بۆ کۆتاییھێنانێکی ڕاستەقینە بە ئەگەری جەنگی ناوخۆ و بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا دەبێت کۆتایی بەم مۆدێلە لە میدیای حیزبی بھێنرێت. مۆدێلێک کە بەشێکی زۆر و گرنگی سامانی گشتی و پارەی خەڵک و کۆمەڵگای تێدا سەرفدەکرێت و جگە لە بەرھەمھێانی مەترسیش خێرێکی دیکەی بۆ کۆمەڵگای ئێمە نییە.

٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە نابەرپرسیار و نایاساییەی لەنێوان ئابوری و سیاسەتدا لە کوردستاندا دروستکراوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بەجۆرێک کاریگەرییە شێوێنەرەکانی سیاسەت لەسەر ئابوری لاببات. ئەمەش مانای ڕێکخستنەوەی ئابوری کوردستان لەسەر بنەمایەکی شەفاف و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھەمو کۆمپانیا حیزبی و سێبەرانەی کە ھەن و ئاشکراکردنی شێوازی بەخشینی کۆنتراکتە گەورەکان بە کۆمپانیاکان و ئاشکراکردنی ئەوانەی لەپشتی ئەو کۆپانیایانەوە وەستاون. دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و دواکەوتنی ئەم مەسەلەیە.

٥ بەرپاکردنی جەنگێکی ڕاستەقینە بەرامبەر بە گەندەڵی و تەرخانکردنی شارەزا و لێزانی تایبەت بۆ بەگژاچونەوەی ئەم دیاردەیە. ئەمەش دەکرێت لەڕێگای دروستکردنی ناوەندێکی تایبەتەوەبێت کە پێکھاتبێت لە شارەزایانی بواری ئابوری و بواری یاسایی و بواری دەزگایی و بواری ئیداری و بواری موحاسەبەی مالی لە وڵاتەکەدا.

٦- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەستوری کوردستان بە ئاراستەی ئەوەی دەسەڵات لە کوردستاندا ببێتە بە دەسەڵاتێکی پەرلەمانتاری ڕاستەقینە، نەک دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی. چونکە دۆخی کوردستان تەحەمولی ئەوە ناکات دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکێکی ھەڵبژێردارو ببەخشێت کە لە پەرلمان بەھێزتربێت و ئامراز و میکانیزمێکی ڕاستەقینەش لەئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوەی. ئەزمونی کۆکردنەوەی دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی تاقەکەسێکدا لەدونیای ئێمەدا ئەزمونێکی مەترسیدارە و کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت باجی ئەو جۆرە ئەزمونە بدات.

٧- کۆکردنەوەی ھەمو دەسەڵاتەکان لەناو سیستمی پەرلەمانی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکایەتیدا. لەدەرەوەی ئەم سێ دەسەڵاتەدا نابێت ھیچ بازنەیەکی دیکەی دەسەڵات ھەبێت کە کاریگەری لەسەر بڕیارە ڕەسمییەکان و شێوازی کارکردنی ئەو سێ دەسەڵاتە ھەبێت. ئەمەش مانای نەھێشتنی ڕۆڵی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا وەک بازنەیەکی سەربەخۆی دەسەڵات و نەھێشتنی توانای کاریگەرییان لەسەر شێوازی کارکردنی سیستمەکە. بە کورتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەبێت بچنە ناو سێ دەزگا گرنگەکەی دەسەڵاتەوە، یان دەبێت لەدەرەوەی ئەواندا ھیچ ڕۆڵێکیان نەمێنێت. مەبەستم لە سێ دەزگاکەش پەرلامان و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمە.

٨- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لابردنی فشار و داگیرکردنی حیزب بۆ ئەم دەزگایانە. ئەمەش مانای سەندەنەوەی دەسەڵات و ئیمتیازات لە دەزگا حیزبییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ نمونە سەندەوەی دەسەڵات لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان و ئافرەتان و گەنجانی سەر بە حیزبە سیاسییەکان و مامەڵەکردنیان وەک ڕێکخراوەکانی دیکە. لابردنی فشار و نفوزی ئەم ڕێکخراوانە لەسەر ھەمو ئەو بوارانەی کە کاری تێدادەکەن و نەبەخشینی ھیچ ئیمتیازێک پێیان لەسەر بنەمای ئەندامبونیان لەم ڕێکخراوانەدا.

٩- سەرلەونێ بیناکردنەوەی سیستمی داوەری بەو شێوەیەی کە سەربەخۆیی تەواوی دەزگا و کادەرکانی ئەم بوارە مەیسەربکرێت و لابردنی ئە کادیرانەی کە بە ئەمری حیزب لەناو ئەم دەزگایەدا دانراون.

١٠- سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژیانی کولتوری و فەرھەنگی بەشێوەیەک کۆتایی بە سیفەتە حیزبییەکانی دەزگا و ڤێستیڤاڵ و خەڵاتە ھونەری و ڕۆشنبیرییەکان بھێنرێت و ئەم کایەیە بەشێوەیەکی نوێ و دور لە دەستێوەردانی حیزبەوە دابڕێژرێتەوە.
 
ئەنجامدانی ئەم خاڵانە دونیای ئێمە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە دەگوازێتەوە، ھەمو خۆ لادان و چاونوقاندنێک لە ئاستی ئەم داخوازییانەدا بەشێکی زۆری کێشەکانی دونیای ئێمە دەھێڵێتەوە و لە سبەینێکەی نزیکدا دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خانەی یەکەم. بە مانایەکی دیکە جێبەجێنەکردنی ئەم خاڵانە دەمانگەیەنێتەوە ھەمان شوێن کە ئەو ھەمو کێشەیەی لەمڕۆدا بۆ کۆمەڵگای ئێمە دروستکردوە.

Sbeiy.com © 2007