Print
 ئەی ژنی کورد تۆ لە کوێی؟
Monday, February 28, 2011
شیلان شۆڕش

لە رۆژی 16ی فەبریوەریەوە باشوری کوردستان خۆپیشاندان و رێپێوانی بەردەوامە. راپەڕین لەلایەن پیاوان دژ بە پیاوان، راپەڕین لەلایەن پیاوان رێكدەخرێت، دەنوسرێت و رەخنەی لێدەگیرێ. داواکاری لەسەر داواکاری لەلایەن پیاو بۆ پیاو لەسەر داواو ئازاری پیاو، راپەڕینەکانی وڵاتە عەرەبیەکان هەرپیاو نەیکرد، ئەوەنەی پیاومان دی لەسەرجادە ئەوەندەش ژنمان دی لەسەر شەقامەکانی میسر، نەوال سعداوی هاتە جواب. ئەیخۆ ئێمە بەدەمی خۆمان و لێکدانەوەی مێژوی و کەلتوری خۆمان، ژنانی کورد زۆر بەئازادتر دەزانین لەوڵاتانی دراوسێ؟

ئەوە ئەمڕۆ نۆ رۆژە راپەڕینەو من یەک رێکخراوی ژنانم نەدی داوایەک بخاتە بەردەم پەرلەمان. فێمینستەکانی کوردم نەدی بەزمانی ژن بنوسن، بۆ ژن بنوسن، داوای مافەکانی ژن بکات کەبەدەستی بەرپرس و بەیاسای پەرلەمان و بەدەست دەسەڵاتەوە پێشێل کراون و پێشێل دەکرێن.

کوا دەنگی ژن؟ کواژنان لەکوێن بۆ نابینرێن لەشەقامەکان؟ کوا ژنە فێمینستەکانمان؟ تەنها هەندێك نەبێت بەپەنجەی دەست دەژمێرێن کە لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، ئیتر دەنگی ژنان نابیسترێت.

لەکاتی راپەڕینی 1991 ژنی کورد هاتە سەرجادە، چوە ئەمنەکان و بەچەقۆ و بەرد و ئەوەی بەردەستی بکەوتایە پەلاماری دەدا. ژنم دی بە شەٌواڵی پیاوانەوە لەسەر جادەکان و لەبازاڕ شتی ئەفرۆشت. وامزانی ئیتر گۆڕانێك رویداوە و ژنان ئیتر لەماڵەوە نابن و هاتونەتەدەرەوە. هەرماوەیەکی زۆر کورتی خایان ئەو ئازادیە و ئیتر پی یو کەی و کەی دی پی هەمو جاشەکان و موستەشارەکانیان عەفوکرد و هەمو ئەو ژنانەی بە زۆر سێکسیان لەگەڵداکراو بو یان بەکارهێنرابون لەلایەن بەعسیەکانەوە، یەک بەیەک کوژران و ناوی لەشفرۆش و زۆر ناویتری قێزەونیان لێنراو بەخاینی وڵات دەژمیردران. ئەمەی ئاماژەم پێکرد ئیشی پیاوبوە لەزۆر شۆڕشدا. ئاخر لەئەڵمانیاش کەنازیەکان دۆڕان پیاوە نازیەکان عەفوکران و ژنە نازیەکان سەریان تاشرا بەشەقامەکاندا گەڕیاندان و تفیان لێ ئەکرا. ژنانی کورد ئەڵێی ئەمجارە تێگەیشتون و دەرسیان وەرگرتوە کە ئەگەر شۆڕشیش بکەن لەگەڵ پیاوان ئەبێت دوای شۆڕش بڕۆنەوە کونی ماڵەکانیان و بێنەوەسەر دەرپێ شڕەکانیان. کوردستان وڵاتی پیاوان. کوردستان وڵاتی بێ ژن. ئەی ژنە فێمینستەکان کوان؟ لە هەندێك لەتیڤیەکان پشگیری لە دەسەڵات دەکەن و هەندێکیشیان هەربەزمانی پیاو لەسەر خۆپیشانددانەکان قسەئەکات. ئەی دەسەڵات ژن کوژەکان زیندانی بکە. ئەی دەسەڵات خۆت زیندانی بکە کەبویتە هۆی کوشتنی هەزاران ژن. ئەی دەسەڵات کوا کار بۆژنان؟ کوا نان بۆ ژنان؟ کوا خوێندن؟ کوا مافەکانیان؟

رۆژانە پیاوەکان هاوار دەکەن بە دەنگی پیاو بۆ ئازاری پیاو. پیاوەکان ژنیان لەبیرکرد. جا بۆ سەیرە؟ خۆ ئەوان ژن نین تا بزانن ئازاری ژن چیە؟ ئەوەندە گوێمان لەنه‌ڕەی پیاو بو هەتا ژنان خۆیان لەبیرکرد. کە رێژوان کوژرا کەس نەی پرسی دایکی رێژوان چیت دەوێت؟ کەس نەی وت دایکی رێژوان ببورە. کەسێ نەبو بڵێ دایکی رێژوان بەشداری خەمتین. هەموی هەرهاواری باوکی رێژوانی بو. کەس بیری دایکە جەرگ بڕاوەکانی نەبو لەم راپەڕینەدا. تەنها پیاوان بۆخۆیان دژ بەخۆیان بە یاساو زمانی خۆیان بڕیاری ئازادی وڵات دەدەن یان مانەوەی بەداگیرکراوی، دەی من ئەڵێم ئەم شۆڕشەتان سەرکەوتونابێت. نیوەی کۆمەڵگاکەتان کوشتوە. دەنگیان نیە، رەنگیان نیە و داوایان نیە. دەی من دەڵێم میللەتێک کە ژنەکانی لەناو چوبن و کە ژنەکان خاوەنی کەسایەتی خۆیان نەبن ئەستەمە ئازادبێ. ژنان نەك هەر نیوەی کۆمەڵگان، بەڵکو نەوەی داهاتوشن، نەوەی نوێ ژنان پەروەردەی دەکەن بەتایبەتی لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ئێمەدا کە ئەرکی پەروەردە و بەخێوکردنیان لەئەستۆی ژنانە.

جا کە کۆمەڵگایەك ژنان و دایکانی لەناو بردبێ بێ گومان نەوەی داهاتوشی لەناو بردوە. کۆمەڵگایەک تەعدا لەکچان بکاو کچان بکاتە لەشفۆرش، ئەبێ ئەو ژنانە چ نەوەیەك بخەنەوە؟ چۆن بتوانن سەربەخۆبن یان شوبکەن و مناڵیان هەبێ؟ هەروەك مێژونوسان کەلەسەر جەنگ لێکۆڵینەوەیان کردوە دەڵێن: ''بۆ لەناوبردنی میللەتێك باشترین چەک لەناوبردنی ژنانی ئەو میللەتەیە.''. چونکە تۆپ و تەیارە و تەقەمەنی، خانوەکان و جادەو پردەکان ئەڕوخێنێ. ئەمانە هەموی ئەتوانری دروست بکرێتەوە. زیانیی گیانیش دروست ئەبێتەوە بەلەدایەک بون، بەڵام کە ژنەکانت لەناوبرد بەجەستە و کەسایەتی، سەربەخۆی نەبو، کەژنەکان ئیختیساب کران و رۆژانە روبەڕوی سوکایەتی و کوشتن بڕین بونەوە ئینجا جیلی ئەو وڵاتە لەناو ئەبرێت. ئەو وڵاتەی ژن تێیدا ژێردەستە و کۆیلە و داگیرکراوە بەئاسانی دروست ناکرێتەوە... کاتێ کورد داگیرکرابو لەلایەن رژێمی سەدام ژنی کورد لەبەر کورد بونی ئەخرایە زیندانەوە ئەنفال دەکرا و دەکوژرا، بەڵام ئێستا لەبەر کورد بون و لەبەر ژن بون ژێرپێدەخرێت، ئێستا بەدەست دەسەڵاتی کوردی و باوک و برا و مێردی کوردی رۆژانە دەکوژری و دەسوتێنرێت، ئەفرٶشرێ و ئەکرێ بەکاڵا، ناحەقتان نیە ژنی کورد دەنگتان نیە، منیش داوایچیتان لێبکەم؟ چۆن لیتان تێبگەم بڵێم وەرن بابڕۆینە سەرشەقام؟ بەفەلسەفە و وشەی قورس و تێوری فێمینستانە بۆ ئەوەی بڵێم ئەها چەند زیرەکم؟ یان بۆئەوەی بڵێم ئەوە من لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا وام نوسی؟ نا من ئەمەوێ یەکێک بم لەئێوە نەك نوێنەرتان بم، ئەمەوێت بە زمانی ئێوە بۆ ئێوە و لەگەڵ ئێوە قسەبکەم. ئەمەوێت لەگەڵ ئێوە بەیەک دەنگ هاوار کەین و بڵێن: ئەی پیاو بەبێ منی ژن هیچت پێ ناکرێ، ئەی پیاو بەبێ منی ژن تۆ هیچ نیت، بێ منی ژن شۆڕشت دۆڕاوە. وەرن با پیکەوە بڵیین ئەی پیاو ئەوە ئیمەی ژنین رابردو ئێستا و داهاتوی میللەتەکەممان. ئەی پیاو رێگات پێ بەرئەدەم مەیدانت پێ چۆڵ ئەکەم و دێمە پێشەوە، چیتر ناتوانی سەرکوتم کەی. ئەی پیاو ئەوە منی ژنم کە ئەتوانم شۆڕشێکی ئینسانی بەرپا بکەم ئەوە منم خاوەنی حەق و راستیەکان، ئەوە منی ژنم ئازادیەکی یەکسان بەدی دێنم. ئەوە منی ژنم کە وڵات رزگار دەکەم و ئاشتی سەقامگیر دەکەم . ژنانی کورد یەکگرن وڕاپەڕن.

داواکارایەکانمان ئەمانەی لای خوارەوەن: بۆ بەدەستهیَنانی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکان.
1) هەمو بکوژانی ژنان سزا بدریَن 2) سزادانی هەمو ئەو پیاوانەی کەلەکاتی دوای راپەڕین بەئەمری حیزبەکان ژنانیان کوشت. 3) سزادانی ئەوانەی کچان خەتەنە ئەکەن و بەزۆر دەیاندەن بەشو. 4) قانونی فرەژنی و شایەتی هەمو لاببرێ لە یاسای کوردستان. 5) مافی هەمو ژنە ئەنفالکراوەکان بدرێ، ماڵ و کار و پارەی ژنان بۆ دابینبکرێت. 6)پیاوی لاشکر واتا ئەوانەی ژن دەکڕن بە پارە سزا بدرێن بۆماوەی سێ ساڵ و غەرامەش بکرێن. 7) هەمو ئە و بەرپرس و دەسەڵاتدارانەی حیزب و حکومەت و پەرلەمان کە دەسترێژیان کردوەتە سەر ژن بەهەر جۆرێکبێت دەبێت سزابدرێن. 8) پێویستە حیزبەکان لێگەڕێن بۆئەوەی هەمو رێکخراوەکانی ژنان سەربەخۆبن و بوجەیان بۆدابینبکرێت بۆ ئیش و کارەکانیان. 9) هەمو ژنان و کچان بواری خوێندنیان بۆ بڕەخسێنرێت مادی و مەعنەوی، خوێندنگایان بۆ دابینبکرێت و هاوکاری ئەو ژنانە بکرێت کەدابڕاون لەخوێندن. 10) هەمو ژنێکی بێکار یارمەتی دارای بۆ دابینبکرێت، ئەوەندەش بێت کە بەشی ژیانی بکات. 11) کچان و کوڕان تێکەڵاوبن لەهەمو خوێندنگاکان. 12) خوێندنی مافی ژن و جێندەر بکرێ بە خوێندنی رەسمی لەقۆناغی ناوەندیەوە بخوێنرێت لە خوێندگاکاندا.13) باخچەی ساوایان بکرێتەوە بۆئەوەی هەمو ژنێک مناڵەکانی بەریتە ئەوێ. 14) کار و خوێندندابین بکری بۆ ژن، چونکە تاکە ریَگەی کە سەربەخۆی ژن ئەهێنێتەدی. 15) هەمو ژنێکی زیندانی لەسەر هەرچیەک زیندانی کراوە ئازادبکرێت.(16 ژنان لە بەڕیَوەبردنی وڵات لە سەدا پەنجا بەشداربن.


شیلان شۆڕش: سەرۆکی رێکخراوی سەربەخۆی دیموکراتی ژنانی کورد _ نەرویج

Sbeiy.com © 2007