Print
 قەسابەكانی ھەرێم لەشی كوردستان لەت لەت ئەكەن
Monday, February 28, 2011
زمكان عەزیز


لە خواروی ئەفریكا و ئەفریكاییەكان پێش بیست و یەك ساڵ خۆپێشاندانێكی سەرتاسەریان سازدا بۆ گۆڕینی یاسا و دەستور و رژێمی رەگەزپەرستی ئەوسای خواروی ئەفریكا و حوكومەتەكەی دێكلێكیش، بۆ پەرەوازە كردنی شاڵاوی خۆپیشاندەران درێغی نەكرد لە كوتەك و فیشەك و ئاگرباران، لەگەڵ ئەوەشدا رژێم چەند ھەوڵیدا بۆ دوبەرەكی و ئاژاوەنانەوە و شەڕی خێڵەكی، كەچی نەیتوانی ھەنگاوێك ئەو ھەڵمەتە بۆ دواوە بگێڕێتەوە و تەنھا چەكێكی كوشندەش كە ئەفریكاییەكان بەكاریان ئەھێنا سەما و پێكەنین و گۆرانی بو، لەبری گۆرانی خەڵك رژێم فیشەكی پێوەئەنان و لەبری سەمای خەڵك رژێم كوتەكی ئەوەشاند، ھەڵمەتی خۆپیشاندەران لەگەڵ سەما و گۆرانیە كلتوریەكاندا توڕەبونی رژێمی رەگەزپەرستی ئەوەندەیتر ئاڵسكاند بو بەوھیمەتەش ماندێلا لە دوای بیست ساڵی بەندیخانە، وەك خۆرێكی رەش لەناو ئاپۆرەی گۆرانی و سمتە سەمای خۆپیشاندەراندا پریشكی ئەدایەوە.

كوردستان شوناس و ناسنامەیەكی جیھانی نیە، تا وەك وڵاتێكی سنوردار ناسرا بێت و خاوەنی سنور و یاسا و دەستوری خۆی بێت، تائێستاش تۆسقاڵێك لە خەونی تاكی كورد بەدینەھاتوە، كەچی دەسەڵاتی كوردی بە كوتەك و فیشەك بەر بە خۆپیشاندەران ئەگرن و پێیان ئەڵێن: ئەو خەونەی ئەوان بۆ خەڵكیان بەدیھێناوە با نەشێوێت و خۆ ئەگەر شێواش ئۆباڵ بە ئەستۆی خۆتان ھەرگیز نایبیننەوە.

دەسەڵاتی ئێستای كورد كوردستانیان بچوك كردۆتەوە بۆ ھەرێم و لەوەش بچوكتر ھەرێم بوەتە سێ پارێزگا و ئەو دڵ و قودسەی لای ھەردو پارتی دەسەڵاتدار كێشەیەكی مێژویی و شەڕی كورد كوژیان لەسەر ئەكرد خواوڕاسان ھۆڵەكەیان چۆڵ كرد و كلیلەكەشیان فرۆشت، تەنھا بە گفتێك خەڵكی كوردیان راگرتوە تا ئەو كاتەی لە گەمەی قومارەكەدا وەرەقی ژمارە سەد و چلی دەستوری عێراقی رائەكێشرێت، كە دەسەڵاتی كورد ھەمیشە پێی دۆڕاوە و وەرەقەكەی بۆدەرنایەت، ئەگەرچی لە سەردەمی رژێمەكانی پێش ئەواندا كەركوك بە شارێكی كوردی ناسرا بو، سەدام حسێن یەكێك بو لەو بەڵگانەی كە كەركوكی زیاتر عەرەباوی ئەكرد و شەڕیشی لە نێوان توركمان و كوردا ھەڵئەگیرساند.

شەڕی خێڵەكی نێوان ھەردو خێڵی ئۆتو و توتسی لە رواندا بە پلانی سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە ھابیاریمانا ھەڵگیرسا، لەماوەی شەش ھەفتە زیاتر لە یەك ملیۆن مرۆڤ مرد ئەو شەڕە شەڕی گۆڕان بو شەڕی جوڵانی چەقینی حوكم بو شەڕی زانین، بۆ لابردنی نەزانین و شەڕی نان و شەڕی گەندەڵی و شەڕی مەزھەب مەزھەبی خێڵ بو.

دەسەڵاتی كوردیش لە شەڕی خێڵ و رەگەزایەتی قورستری دۆزیوەتەوە و كردویەتی بە شەڕی ناوچەگەری بەتایبەتی شەڕی پارێزگاكان، ھەروەك چۆن لە پارێزگای سلێمانیدا ھێزی پاراستن و بەرگری سەر بە دەسەڵات ھەیە و بەبێ ھیچ متمانەیەكیان بەو ھێزە و بێباكانە ھێزێكی سەربازی، وەك زێرەڤانی دەنێرێتە سەر خەڵكی خۆپیشاندەر، كە ئەو ھێزە سەربە ناوچەیەكی تایبەتیە و ھێزێكە لەسەر قوتی خەڵك ئەژی و ھەنوكە وەك ھێزێكی كوردستان ساغ نەبوەتەوە نەك ھەر ئەوە، بەڵكو وەك ملیشیایەك تەنھا بۆ پاراستنی ماڵێك دامەزراوە، سەرلێشێواوی دەسەڵاتی كورد گەشتۆتە ئەوەی كە ئەو ھەرێمە بچوكەش لەت بكەن و پێیانوابێت تاكی كورد لە لەتەكەی تریدا یان لە ناوچەكانی تردا بە ھەمان بیروبۆچونی ئەوان بۆ پشێویەكان ئەڕوانن و دورن لە ئایدیای گۆڕان و پشتگیرن لە سیستم و دەسەڵاتی خێڵ، ھەمو دەزانین دەسەڵات لەوە تێپەڕی كردوە و دڵنیایە و چاك چاك ئەزانێت لە دڵی ھەر تاكێك لە خەڵكی ئەو ناوچانەی كە ئەوان بە خەمڵیوی ئەزانن تسونامیەك ھەیە و شەپۆلەكەشی بەڕێوەیە.

دەسەڵاتی كوردی لە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی ھەرێم پێكھاتوە و ئەم سێ ئیدارە بچوكەی ناو دەسەڵاتە شپرزەكەی ئێستای عێراق لە عەقڵی دەسەڵاتی ھەرێمدا بە خەون و دەسكەوتە گەورەكانی خۆی ئەزانێت بۆ تاكی كورد، بەومانایەش بە خەڵكی كوردی ئەفرۆشنەوە كە بێ ئەوان خەونێكی ھەرگیز نەبینراوە و ئەوان بە دیان ھێناوە بۆیان وەك ئەوەی بە ئاشكرا تاكی كورد لەو خەونە گێل كەن، كە بەھێز و توانا و خوێنی سەربازێكی ئەمەریكی خەونە بزڕكاوەكەی ئەوانیش ھاتۆتە دی، ھەمومان دەزانین بەر لەم دەسكەوتانە ھەردو بەرەی دەسەڵاتی كوردی لە شارەكان و ئەو دیو سنورەكانی توركیا و ئێران و سوریا پەرەوازە بوبون.

سەرۆكی ھەرێم دوجار لەسەر خوێن و نانی خەڵك ئەبێتەوە بە سەرۆكی پارتەكەی خۆی، یەكەم بەناوی ھەڵبژاردنەكانی خەڵكی كوردستان و لەڕێی سەرۆكایەتی ھەرێمەوە كە تەنھا پارت و نفوسی پارتەكەی ئەپارێزێت و قاچ و باڵی پارتەكەشی پانتر و درێژتر ئەكاتەوە بەسەر ئەو خەڵكە ھەڵبژێردەرانەشی، كە پارتەكەی سەرۆكیان نەخواستوە و نایانەوێت. دوەم بە ناوی كۆنگرەی پارت و ئەندامانی ھەردو مەكتەبی پارتەكەی كە بیانەوێت و نەیانەوێت ھەر ئەو سەرۆكە و لە مافی خەڵكیش ئەپچڕێت بۆ ئەندامانی پارت. پەرلەمانیش دەسەڵاتێكی تری سەرۆكە و ئەوی سەرۆك ئەیڵێت پەرلەمانتارانیش كە زۆرینەی دەسەڵاتن سوێندی مەردانەی بۆ ئەخۆن. حكومەت یاریەكی تری ئەو دەسەڵاتەیە و لەژێر ناوی كاندیدی پارتێكی تر یان پارتی ھاوپەیمان كە دەزولەی دەست و قاچی سەرۆكی حكومەتەكەی لە دەست سەرۆكی ھەرێمدایە و بە ئارەزوی خۆی گەمەی پێئەكات.

Sbeiy.com © 2007