Print
 نامەیەک لە کاروان عومەر کاکەسور و دلۆڤان محەمەد سەرسپییەوە بۆ خەڵکی هەولێر
Monday, February 28, 2011

ئەمڕۆ هەواڵی ئێوەمان پێ گەیشت، کە هاتونەتە سەر شەقامەکان و بەڕوی گەندەڵی و ناعەدالەتی ناڕەزاییتان دەربڕیوە. بە راستی ئەمە مایەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە. بەو هەڵوێستەتان ئێمەتان بۆ سەرەتای هەشتاکان گەڕاندەوە، کە ئەوسا قوتابی بوین لە دواناوەندیی رزگاری، کاتێ شان بە شانی هاوڕێیەکانمان لە ئاستی چەوسانەوەدا راپەڕین. راستە ئەم سەردەمەی ئێستا سەردەمی بەعس نییە، بەڵام چەوسانەوە هەر چەوسانەوەیە و هیچ شوناسێکی نییە. رەنگە ئێوە بزانن، کە رزگاری لە هەمو سەردەمەکاندا هەر پێشەنگی یاخیبون بوە. ئەوا زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بە سەر ئەو ساڵانەدا تێدەپەڕێت، کە ئێمەی قوتابیانی رزگاری بە پاڵپشتی قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین، کە کچان و کوڕانی سلێمانی، کەرکوک، خانەقین و شارەکانی تر بون، بەستەڵەکی بێدەنگیمان شکاند و بە دەم وتنی سرودە قەدەغەکراوەکان و دروشمە ئازادیخوازەکانەوە روبەڕوی دڕندەترین رژێم بوینەوە، کە رژێمی بەعس بو. دوای چەند ساڵ بێدەنگی، جارێکی تر گوێچکەی شارمان بە هاواری خۆمان هەژاند و وزەمان بە بەر هەمو ئەو کچ و کوڕە یاخییانەدا خستەوە، کە چاوەڕێی هاوارێکی لەم شێوەیە بون، تاکو تێکڕایان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
خۆشەویستان! ئەوا ئێمە لەو دورەوە گوێمان لە هاواری ئێوەیە، چونکە ئەو دەنگەی دژی چەوسانەوە و گەندەڵی بەرز بکرێتەوە، دەنگدانەوەی گەورەی دەبێت و لە هەمو دنیا دەبیسترێت. ئەمە هەمان ئەو دەنگەیە، کە ئێمەی قوتابیانی رزگاری دەرمانبڕی و گوێچکەی دنیامان پێ لەراندەوە. هەتا ئێستایش ئێمە نازانین ئەو نهێنییە لە کوێ خۆیی حەشار داوە، کە بۆچی رزگاری ناتوانێت زوڵمی هیچ حیزب و لایەنێک قەبوڵ بکات و هەرگیز ترسی لە روبەڕوبونەوەی دەسەڵاتدداران نییە، ئینجا ئەو دەسەڵاتددارانە هەر رەنگ و شێوەیەکیان هەبێت... نەخێر، ئێمە تاکو ئێستایش لەو نهێنییە تێنەگەیشتوین و وەک مەتەڵێک لامان ماوەتەوە. لەوە دەچێت ئێوەی خەڵکی چەوساوەی هەولێر لە هەوڵی ئەوەدا بن ئەو مەتەڵە بۆ خۆتان و بۆ ئێمەیش هەڵبهێنن، چونکە رزگاری قوتابخانەی کوڕانی ئێوەیە، وەک چۆن گەلاوێژیش قوتابخانەی کچەکانتانە، کە هەر ئەوسا شان بە شانی رزگاری راپەڕی. ئەوا ئێمە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە رزگاریمان جێ هێشتوە، بەڵام هەمیشە خۆمان بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە دەزانین، کە وانەی یاخیبونمان تێدا خوێند و لەوێ فێری گیانی بەرەنگاربونەوە بوین. ئەوەندە هەیە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هەواڵەی ئێوەدا هەر بە راستی وا دەزانین وەک جاران کتێبەکانمان لەژێر هەنگڵمان ناوە و بە دەم گاڵتە و قسەی خۆشەوە بەرەو قوتابخانە دەچین. خۆتان دەزانن قوتابی رزگاری بە قسەخۆش ناسراوە. ئێمە تەنانەت لەو کاتەی سنگمان بەر گوللـە دەدا، وازمان لە پێکەنین و نوکتە نەدەهێنا. هاوڕێیانی ئێمە لە زیندانی بەعس هێندەیان نوکتە هێنابوەوە، کە دەتوت لە سینەما و شانۆگەریی کۆمیدی گەڕاونەتەوە. ئەمەیش لۆژیکە، کە مرۆڤی یاخی لەبەر ئەوە نییە سنگی دەداتە بەر گوللە، کە ژیانی خۆش ناوێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە خۆشەویستیی ژیان پاڵی پێوە دەنێت روبەڕوی هەر بەربەستێک ببێتەوە، کە رێگای بەردەوامیی لێ دەگرێت. زۆر جار بە خۆمانمان وتوە تۆ بڵێی جارێکی تر ئێمە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت، بگەڕێینەوە رزگاری و بۆ سەردەمی یاخیبونی هەشتاکان، هاوکات زانیومانە ئەمە تەنیا خەونە، بەڵام ئێوە ئەمڕۆ سەردەمی گەنجێتی ئێمەتان گەڕاندەوە و بە راستی لە دڵتان چەسپاندین هێشتا ئەو قوتابخانەیەمان جێ نەهێشتوە. بۆچی جێی بهێڵین، ئەگەر هێشتا ستەم و ناعەدالەتی هەمو ماڵێکی سەیداوە، باداوا، تەیراوە، کوران، تەعجیل، مەنتکاوە، سێتاقان، گڵکەند، شۆڕش، روناکی و سەرتاپای شاری گرتبێتەوە؟ بۆچی جێی بهێڵین، ئەگەر سەرۆکجاش، ئەنفالچی و بکوژی هاوڕێیەکانمان لەسەر حسابی خەڵکی ستەمدیدە، خانەوادەی گیانبەختکردوان و زیندانیانی سیاسی چاکترین ژیانیان بۆ دابین کرابێت؟ بۆچی جێی بهێڵین، ئەگەر پیرە پەککەوتوەکان بڕیاری ژیانی کچ و کوڕە گەنجەکانمان بدەن و کەمترین ئازادییان پێ رەوا نەبینن؟ بەڵێ، جێی دەهێڵین، بۆ ئەوەی بچینەسەر شەقامەکان و لەگەڵ ئێوە دەنگی ناڕەزاییمان بەرز بکەینەوە. بەڵێ، هەر بەو پێکەنین و بزەیەی پێی راهاتوین و لێمان جیا نابنەوە، داخوازییەکانمان راشکاوانە دەخەینەڕو، بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببەین. ئێمە کاتێ پەنا بۆ توندوتیژی نابەین و دەست بە شێوازی ئاشتییانەوە دەگرین، لە ترسان نییە، چونکە ئێمە هەر دوکمان قوتابی رزگاریین و قوتابی رزگارییش هەرگیز ترسی لە هیچ هێزێک نییە، بەڵکو لەبەر باوەڕبونمانە بە پرینسێپەکانی ژیانی نوێ. ئێمە وەک چۆن لە هەشتاکان لەگەڵ هاوڕێیانمان پەیامی ژیانێکی نوێ و سیستەمێکی نوێی بیرکردنەوەمان گەیاند، ئێستایش بەهەمان شێوە پەیامێکی دیکەی نوێ دەگەیەنین، کە دورە لە توندوتیژی، چونکە باوەڕمان وایە زمانیش لەپاڵ سیستەمەکانی تری کۆمەڵگا لەژێر دەسەڵاتدی حیزبدا توشی گەندەڵی بوە و ئێمە ئەو زمانەیش لە گەندەڵی پاک دەکەینەوە، بەو مەبەستەی زمانێکی جیاواز بۆ قۆناغێکی جیاواز بهێنین. مەگەر ئێمە قوتابی رزگاری نین؟

Sbeiy.com © 2007