Print
 ئێوە...
Tuesday, March 1, 2011


سەمەدی مەلا ئەحمەد

وەکو خۆتان دەڵێن: کوڕی شاخن، لەشاخ پێتانگرت و گەورەبون. لە کەناڵی سەتەلایتەکانتانەوە هەمو رۆژێ بیستوچوار سەعات باسی ئەم مێژوە دەکەن بۆمان.

من بۆخۆم لەم چیرۆکە تێربوم، مێژوتانم هەموی لەبەرە. لەتەک مێژوی ئێوەدا گەورەبوم.

پێنج ساڵان بوم گوێم بەیەکەم فیشەکی ئێوە زرنگایەوە. ئیدی تەقە و کوشتن وهەرا بو بە بەشێکی گەورەی ژیانی رۆژانەم. تەقە بوە گورگانەشەوێم و شەوانە خەوی لێمدەخست. تەمەن هەڵدەکشا و شەریش گەشەی دەکرد. شەر بو بە نان، بەکار بە پیشە.

تەقە مەرج بو ئاراستە مەرج نەبو.
ئێوە دەبو تەقە بکەن، گرنگ نەبو لولەکان ئاراستەی خوارو، رۆژهەڵات یان سەرو تەنانەت لە خۆشمان بێت. نا نا بۆ ئێوە تەنها دەنگی گوللـە و پێکانەکەیتان مەبەستبو.

فیشەک بو بە نانم، بو بە ئاوم، بو بە خەوم. تەنانەت لە شایشدا حەزم لە دەنگی فیشەک بو. فێری تەقەی خۆشی و تەقەی ناخۆشی بوم. حەزمدەکرد لەسەر خواردنەوەش گوێملێبێت.

تەقە و فیشەک چوە هۆنراوە و پەخشانەوە. هەمو ئەدەبمان لە لولەی تفەنگەکانەوە دەدی. تاوایلێهات ئەدیبێک بۆنی باروت لە بەرهەمەکانی نەهاتایە ئەدیب نەبو.

شەڕ بو بە ژیانی هەمو، شەر گەورەبو. تەنانەت شەڕ بەرۆکی خۆشمانی گرتەوە. لولەکان کرانە یەکتر. فێری دەستەواژەکانی براکوژی، شەری ناوخۆ، شەڕی جاش، شەڕی بەکرێگیراو و خۆفرۆش، شەڕی رەنگەکان و پەڕۆتان کردین. زۆرجار لەخۆم دەپرسم ئاخۆ ژمارەی ساڵی شەڕەکانی خۆمان لە سەرجەم ساڵانی شەڕ دەرکەین چەند ساڵی خەباتی راستەقینە دەمێنێتەوە. لێرەشەوە فێرتان کردین جنێو بدەین. جنێو بە عەرەب نا، بە تورک نا، بەفارسیش نا، بەڵکو جنێو بەخۆمان. فێرتان کردین جنێوە سەرزارەکێکان بنوسینەوە. بیکەین بە هۆنراوە و چیرۆک. ئەدەبێکی گەورەی لێدروستکەین. دەرئەنجامی ئەم کەلتوری جنێودانەش رقی لێدروستبو. ئێوە رقتان پەروەردەکرد. رق لە حیزبەوە داکشا بۆ دەرونی هەر هەمو تاکێکی کۆمەڵ. ئینسانی بێهەڵوێست جێگای نەدەبۆوە و دەبوخزێنرا و دەبوایە بەهەڵوێست بوایە، هەڵوێستیش رق هەڵگرتنبو لەیەکتر.

بەپێی رق دابەشکراین، ناوچە، شار، تاکەکەس. هەتا ئەمڕۆش هەر دەبینم، رقی ئەستوری چەندساڵە لەژێر زەردەخەنە و پێکەنینەکانی سەر شاشەی تەلەفیزۆنەکانەوە بەدیدەکەم. لەکاتێکدا باوەش و ماچی یەکتر دەکەن نابڕوابون لەروتانادا بەدیدەکەم.

ئێوە هەر حەزتان بەچەکە، چونکە لەتەکیا گەورەبون. عەقڵیەتیش رەنگدانەوەی چەکە. ناکرێت چیدی لەبری ئەو چەکانە لاپتۆپ بکەنە شانتان. لێتان نایەت.

ئێوە تەمەنی منتان لەتەک خۆتانا بەکێشکرد. بەڵام نامەوێت کچەکەم رێچکەی من بگرێتەوە. نەک من، بەڵکو خۆی ئارەزوی بینین و بیستنی کوشتنی ئینسان بەدەستی ئینسان نییە. ئەو سەر بەوەچەیەکە نازانن سنور چییە، بە پرتەیەک کام ئینسان دوربێت لێیان پێیدەگەن. تەنها یەک شت چاک دەزانن ئەویش واتای خۆشەویستییە. خۆشەویستی بۆ ئینسان، بۆ گوڵ بۆ پەلەوەر بۆ ژینگە. من لەمێژە لەتەک هەڵچونی باڵایدا، لەتەک گەشەی بیروهۆشیا باسی ئازادی ئینسانی بۆدەکەم. کەچی ئێستاکە پێمدەڵێت: بابە ئازادی ئینسان لە کوردستان واتای وایە تۆ رێگای دور و درێژ ئەبریت و ئەچیت فێرگە بکەیتەوە کەچی ئەوان منداڵان بەفیشەک دەکوژن؟

 

Sbeiy.com © 2007