Print
 سەرۆک بۆ کوێ رۆیشتی؟!
Wednesday, March 2, 2011


ئیدریس مستەفا  

 
دو خاڵ و دو مانا لە سەفەرەکەی سەرۆکدا
هەواڵەکان وا بڵاویان کردەوە کە سەرۆکی هەرێم رۆژی ١٤ی ئەم مانگە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوە و یەکێک لەو وڵاتانەی ناوی هێنراوە سەردانی بکات ئیتالیایە. دو خاڵ گرنگە لەم بۆنەی سەفەرەی سەرۆکدا باسی لێوە بکەین. یەکەمیان ئەوەیە سەرۆک بۆ لەم کاتەدا دەڕۆا کە بارودۆخی هەرێمەکە لە ئاڵۆزیەکی بێ ئەندازەدایە کە بە درێژایی بیست ساڵ حوکمی خۆی بەسەر ئەم هەرێمەدا بێ وێنە بوە. دوەمیان ئەو وڵاتە ئەوروپیەیە، ئیتالیا، کە سەرۆکی بۆی دەچێت لەم کاتەدا.

یەکەم خاڵ و یەکەم مانا:
سەردانەکانی سەرۆک و بەرپرسە سیاسییە گەورەکانی ئەم هەرێمەی ئێمە بە وێنەی زۆربەی شتەکانی دی لە کەم شتی ئەم دنیایە، دنیای سیاسەت و دیپلۆماسیەت و پەیوەندیە نیودەوڵەتیەکان، دەچن. سەفەرکردنی سەرۆکی وڵات، گەر وڵات دیموکراسی و دامودەزگایی و قانونی بێ، نابێ هەر لە خۆوە بێ. بگرە، سەفەرکردنی سەرۆک لە هەرشتێکی تر لە وڵاتدا هەستیارترە و لەو نێوەشدا چوارچیَوەیەک هەیە بۆ چەندێتی و چۆنێتی و رێکخستنەکانی سەفەری سەرۆک. تا ئەم ساتە خەڵک، کە تاکە سەرچاوەیە دەبێ بزانێ سەرۆەکەکەی چی دەکات، نەیتوانیوە و نەیزانیوەبە یان نەوێردراوە پرسیاربکەن ئایا ناوەڕۆکی سەفەرەکانی سەرۆک هەرێم بۆچی بون و چەندە لە بەرژەوەندی وڵات و خەڵکەکەیدابوە. بە لایەنی کەمەوە دەبێ دەزگای سەرۆکایەتیەکە و راوێژکارە سیاسیەکانی (گەر هەبن) و خودی چەند میدیایەک کە لەگەڵیدا دەڕۆن دەبێ بزانن هێلە سەرەکەیکانی ئەو سەفەرە چین. ئەوانیش بە تەواوی نازانن ئەم سەفەرانە بۆ کام مەرامی سیاسی و مەبەستی ئابوری وڵاتە؛ ئەگەرنا، لە رۆژگارێک وەک ئێستادا سەفەری چی و بۆ کوێ. هەر وەک چۆن پارتەکەی سەرۆک دەیانەوێت بزانن هەمو کەسێک لەو وڵاتە چی دەکا و چی ناکا ئاوهاش خەڵک هەقی خۆیەتی بزانێت سەرۆکەکەی چی دەکا و چی ناکا. بۆ کوێ دەڕوا و بۆچی دەڕوا.

ئەمە ئەلف و بێی یاسا و رێسای هەر وڵات و سیاسەتێکە کە هەر کات وڵات لە گرفتی گەورەدابێ سەرۆک دەمێنێتەوە نەک بۆ چارە و دامرکاندنەوەی، بەڵکو گەر وەک ئەخلاقیاتی سیاسیش بێت سەرۆک وەک ئەرک و فەرمانی خۆی دەبێ بمێنێتەوە. گوێ لە داوکاریەکانی خەڵکەکەی بگرێ، ئاگای لە وڵات بێ تاکو کێشەکان بەلایەکدا دەکەون. دەتوانم بڵێم لە هەمو وڵاتانی دنیادا ئەم ئاکارە سیاسیە هەیە، تەنانەت جاری واهەیە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک تەنانەت لافاو کە لە وڵات دەدات، سەفەری سەرۆکی وڵات هەڵدەوەشێنێتەوە. کەچی لای ئێمە نەک شوشە شکاوە، بەڵکو وا رەز دەسوتێ و سەرۆک باکی پێ نیە.

سەیر بکەن سەرۆکی هەرێمەکەمان لە چ بارۆدۆخێکدا سەفەری دەرەوە دەکات: وڵاتەکانی ناوچەکەی یەک بە یەک دەڕوخێن... وڵاتەکەی خۆی، ناوچەی سیدەکان، تۆپ و تەیارەی تورکیا وا لە بوردومان کردنیدان... ناوخۆی وڵات لە ئان و ساتی تەقینەوەدایە... تۆپ و دەبابە دەهێنرێتە نێو جەرگەی شارەوە... لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمەکە بڵێسەی شۆڕشی یاسەمینی لە کڵپەدایە... ئۆپۆزسیۆنەکەی هەڕەشەی راپەڕێنی سەرتاسەری دەکات... بە فەرمانی ئەو هەمو هیَزی چەکداری هەرێمەکە خۆیان بەستوە... خۆیشی یەکبینە هەڕەشە دەکات و دەڵێ: رێگە بە کەس نادەین ئاسایشی هەرێم تێک بدات.

سەرۆکێک گەر کەمێک خەمی ئەو وڵاتەی هەبێ یان خەڵکەکەی خۆش بوێ لە کاتێکی ئاوهادا دەڕوا؟ بەڵام دیارە ئەو سەرۆکە هەڵبژێردراوی خەڵک نیە و بە دەنگدانێکی راستەقینە و دیموکراسیانە نەبوە بە سەرۆک بۆیە ئاوها بە ئاسانی بۆی دەردەچێ، گرفتەکە لەوەدایە سەرۆکی هەرێمەکە جێگریشی نیە، تاکو ئەو لەبری خۆی دابنیَ. گەر قانون لە هەرێمەکەدا هەبێ و یاسا تێیدا بەرقەرار بێ سەرۆکی ئاوها دروست نابێ.

دوەم خاڵ و دوەم مانا:
هەر وڵاتە بەپێی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی پەیوەندیە دپلۆماسیەکانی دیاری دەکات. یەکێک لەو شتانە سەردانی سەرۆکی وڵاتە بۆ وڵاتێکی تر. لێرەدا جوگرافیا زۆر گرنگ نیە، بەڵکو ئەوەی جێگەی بایەخە ئەو جێیەی سەرۆک بۆی دەچێ، چەندە لە پەیوەدنیەکانی وڵاتدا دەور و کاریگەری هەیە. ئەو شویَنە لە نەخشەڕێژی وڵاتدا چەندە شوێنگەی سیاسی و ئابوری خۆی هەیە. ئەمە سەفەری یەکەمی سەرۆک نیە بۆ ئیتالیا، بەڵام ئەوەندەی ئێمەی خەڵکی کوردستان بزانین ئیتالیا دور و نزیک هیچ پەیوەندیەکی ئەوتۆی بەم وڵاتەی ئێمەوە نەبوە و نیە. جگە لە بواری تۆپێن، بەشێوەیەکی سەرەکی، هیچ بوارێکی تری نزیکتر نیە تاکو پەیوەندی خەڵکی کوردستان و ئیتالیا پێکەوە ببەستێتەوە. ئەو پەیوەندیە نزیکەی سەرۆک لەگەڵ ئیتالیادا جێگەی گومانێکی گەورەیە، گومانەکە شاراوە نیە، بەڵکو زۆر ئاشکرایە ئەویش ئەوەیە کە ئەو سەفەرە بۆ ئەوێ بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمەکەوە نیە چ لە دور یا نزیک.

ئائەمەیە ئەو عەقڵە سیاسی و دپلۆماسیەی کە لە هەرێمەکەدا کاردەکات، ببینن لە کام عورفی نەک سیاسی، بەڵکو کۆمەڵایەتیشدا نەبوە کە پێشوەختە بزانی لەو وڵاتەدا یان ئەو ماڵەدا چ ئاژاوە و گێژاوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ماڵی هەیە کەچی تۆ هەر بڕۆی بۆ میواندارییان. لە ئێستادا ئیتالیا لە دو ئاستدا لەبەردەم وێرانەیی خۆیدایە. یەکێکیان سیاسیە و ئەوی دیان ئابورییە. وەک ئاستی ئابوری، ناڕەزایی دژ بە گەندەڵی و خۆپیشاندنی خەڵک لە تاو بێکاری و گرانی و ئاستی کەمی خزمەتگوزاریەکانی حکومەت بۆ خەڵک سیمای ئەو وڵاتەی داپۆشیوە. ئیتالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەبەردەم روخانی ئابوری وڵاتەکەیدایە هەر وەک چۆن ساڵی پار ل یۆنان رویدا. بۆ ئەم گرفتە یەکیَتی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا و کەنەدا ئێستەش هەر لە گەڕاندان بە دوای چارەسەرێکدا بۆی. وەک ئاستی سیاسی، ئیتالیا یەکێک لە پڕ شەرمهێنترین دەوری مێژویی خۆی بەسەردەبات. ئوردوی کچان و ژنان لەسەر جادەی ئەو وڵاتەن بۆ دادادگایی کردنی سەرۆک وەزیران. سەرۆک وەزیرانی وڵات (سلڤییۆ برلسکۆنی) بە کێشەیەکەی ئێجگار بێ مانای ئەخلاقی سێکسییەوە دەناڵێنێ. سلڤیۆ برلسکۆنی لەگەڵ کچێکی حەڤدە ساڵاندا رایبواردوە و ئێستا وا دراوەتە دادگا. هەمو وڵات، هەر بە دەزگای حکومی و حقوقی و دادەوە تاکو سیاسەتمەدار و خەڵکەکەشی، پێوەی سەرقاڵن. باشە سەرۆک بۆ کوێی ئیتالیا دەچیت؟

ئەو مەدالیایەی بڕیارە وەری بگریت تا چەند گرنگترە لەو راپەڕین و خۆپیشاندانەی خەڵکانی وڵاتەکەت. تا چەند بە بایەخترە لە خوێنی کوژراوان و بریندارانی خەڵکەکەت. تا چەند پڕ جۆشترە لە جوڵەی ناڕەزایی جەماوەرەکەت. تا چەند جوانترە لە سیمای ئەو منداڵانەی چەکدارەکانی پارتیەکەت خەڵتانی خوێنی کردن. سەرۆک سه‌یركه‌ بزانە تۆقاندن و رفاندن و تیرۆر چ رەشبگیریەکی دروست کردوە لە هەرێمەکەتدا. بزانە کێ ئاژاوە دەنێتێتەوە و کێ مرۆڤ کوژە. بەس کە هاتیەوە نەڵێی من ئاگاداری ئەم شتانە نیم و لیژنەی بۆ دروست دەکەم، چونکە لە رۆژی حسابدا ئەو خاڵەش لەسەرت زیاد دەبێت.

Sbeiy.com © 2007