Print
 راپەڕینە جەماوەرییەکان و قەیرانی پارادایمی شۆڕش
Wednesday, March 2, 2011

د. دانا سەعید سۆفی*

لەم وتارەدا، دەمەوێت باس لەوە بکەم کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی راپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی لای خۆشمان وەک وەئاگاهاتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، پێمان دەڵێن کە سیستم و بەهاکانی شۆڕش یان پارادایمی شۆڕش کە تا ئێستا شەرعییەتی بە رەفتار و گوفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی داوە، ئێستا لەقەیراندایە، بەڵام سەرەتا دەبێت باس لە هەردو تێرمی شۆڕش و پارادایم بکەم.

مانا فراوانەکەی شۆڕش، واتە گۆڕینی یان هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری سیستمێک، بۆ نمونە لە بواری پیشەسازی و ئابوریی، زانستی و فیکری یان سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەم گۆڕینە مەرج نییە هەمو کاتێک پۆزەتیڤ بێت.

تێرمی پارادایم، زۆرجار لەگەڵ سیستم، یان گوتار تێکەڵ دەکرێت، یان وەک هاواتا بەکاردەهێنرێت. تێرمی پارادایم، پەیوەست دەکرێتەوە بە تۆماس کۆن کە لە کتێبی ستراکچەری شۆڕشە زانستییەکان (1962) باس لەو تێرمە دەکات وەک نمونەیەکی ئایدیال، یان قاڵبێکی داڕێژراو لەنێو زانستدا کە شەرعییەت دەدا بەوەی كە چ پرسیارێک گرنگە بکرێت و چاوەڕوانی چ وەڵامێکیش بکرێت. لەنێو پارادیمێکدا، شارەزاو لایەنگران بەگوێرەی رێساو بەهاکانی ئەو نمونەیە رادەهێنرێن و مەعریفەی ئەو پارادایمە وەک فاکتو هەقیقەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. پارادایمێک ئەو کاتە دوچاری قەیران دەبێت کە کۆمەڵێك ئەنۆمالی، واتە ئینحیراف لەو رێسایانە رودەدات و دامەزراوەکانی ئەو پارادایمە وەڵامی پێ نییە بۆ ئەو لادانانە، یان ئەو پرسیارە نوێیانەو ئیدی لێرەوە شۆڕش رودەدات و پارادایمەکە دەگۆڕێت. تۆماس کۆن، گۆڕینی تیۆرەی میکانیکی کلاسیکی نیوتۆن بۆ نەزەرییەی رێژەیی ئەنیشتاین بە نمونەیەک بۆگۆڕانی پارادایم دادەنێت، لای تۆماس کۆن گۆڕانی پارادایم جۆرێک لە ناعەقڵانییەتی تیایە، لەبەر ئەوەی ناتوانرێت دو پارادایمی جیاواز لەگەڵ یەکتر بەراورد بکرێن، حەقانییەتی پارادایمەکان دەبێت له مەوقیعییەتێکی ناو خودی پارادایمەکە هەلسەنگێنرێت، بەهەرحاڵ ئەوە مەسەلەیەکی ترە.

واتە، سەرەتا پارادایم هەیە کە ئەو پارادایمە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی سەردەم بێت، دوچاری قەیران دەبێت، ئیدی بواری سەرهەڵدانی شۆڕش هەیە، دوای شۆڕش لایەنگران و پسپۆڕانی شۆڕش کار لەسەر چەسپاندنی بەهاو رێساکانی پارادایمە تازەکە دەکەن و وەک هەقیقەت و فاکت دەیانناسێنن، دوای ماوەیەک لەوانەیە ئەو پارادایمە تازەیەش کە کۆن دەبێت و لەکاردەکەوێت، دوچاری قەیران دەبێت، دواتر شۆڕشێکی تر سەرهەڵدەدا و ئیدی بەم شێوەیە تادوایی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دیارە ئەو بیردۆزەیە جێگای رەخنەیە، بەڵام من ناچمە سەر ئەو باسەو ئەگەر ئاوا بەکاری بهێنین، دەمەوێت بڵێم ئێمە ئێستا لە روی سیستمی سیاسییەوە لە قۆناغی قەیرانەکەداین کە سەختترین و ناڕونترین قۆناغە لەپرۆسەکەدا.

لە روی سیاسییەوە، لە شۆڕشدا رێکاری توندوتیژیی میتۆدێکە شەرعییەتی هەیە، هەربۆیە زۆرجار جیاوازی نێوان کودەتا و شۆڕش تاڵەمویەکە، بەڵام جیاوازییەک کە بتوانین کە دڵمان پێی خۆش بێت لە نێوانی شۆڕش و کودەتادا، ئەوەیە کە شۆڕش دەبێت پشتیوانی جەماوەریی هەبێت. راپەڕینی جەماوەریی (1991) لە کوردستان، بزوتنەوە شۆڕشگێڕە چەکدارییەکەشی وەک بەشێک لەو راپەڕینە، ویستی گەل بو بە ئامانجی رزگاربون لە زوڵم و چەوسانەوە لەژێر رۆشنایی بەهاکانی پارادایمی شۆڕشی بەعس. ئاکامی راپەڕین، پەڕینەوە بو لە پارادایمی بەعس بۆ پارادایمی شۆڕشی کوردستان و هەر لە دوای راپەڕینەوە، هەوڵدرا لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە کۆمەڵێك بەهاو سیمبولی هاوبەش وەک گوتاری رەسمی بناسێنن، بە واتایەکی تر که‌لتورێک دروست بکەن کە ببێتە بنەماو رێنیشاندەر بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان، دابەشکردنی ئیمتیازات و بەڕێوەبردنی وڵات، بەشێکی باڵادەستی ئەو که‌لتورە بەهاو سیمبولەکانی شۆڕش بون، بۆ نمونە پێشمەرگە و قوربانی. ئەم بەهایانە تا ماوەک کاری خۆیان کرد، بەڵام لەبەرئەوەی خراپ بەکارهێنران لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بوە هۆی دروستکردنی جیاکاریی لەنێوان گروپ و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵدا. مەبەستی من ئەوەیە کە سەرچاوەکان لەهەمو کۆمەڵگایەک سنوردارن و کاتێک کە بەهاکانی شۆڕش وەک پرەنسیپێکی خۆبەڕێوەبردن رەوایەتی دەدەن بە نایەکسانی لە دابەشکردنی سود و سامانە کۆمەڵایەتییەکان، لەهەمانکاتیشدا رەوایەتی دەدەن بە جیاوازیی نێوان گروپ و چینە کۆمەڵایەتییەکان، دەوڵەمەند و هەژار، سودمەند و هاوڵاتی، شۆڕشگێڕ و جەماوەر. پرسیاری «چیت کردوە؟» یاخود گرنگی سی ڤی هەرکەسێک بەگوێرەی پێوەری توانایی و پسپۆڕی نەبوە، بەڵكو دورو نزیکی لە بەهاکانی شۆڕش و حیزبەکان بوە. ئاکامەکەش حاڵەتێکە لە نائومێدیی و لەدەستدانی متمانە لای زۆرینەی خەڵک، وەک ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکەین، لەبەرئەوەی بەهاکانی شۆڕش، زۆر قورس کەوتەوە لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی زۆرینەی خەڵک، بەتایبەتیش لەسەر ژیانی نەوەی نوێی گەنج، نەوەی دوای راپەڕین.

زۆربەی شۆڕشە سیاسییەکان، دوای ماوەیەک جۆرێک لە نائومێدی جەماوه‌رییان بەدوادادێت، بە هۆی چەقبەستن و مانەوە لەنێو سەروەری شانازییەکانی سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕش، ئەمە بێجگە لەوەی کە لە چوارچێوەی که‌لتوری شۆڕشگێڕیدا، مەترسی دروستبونی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەت هەیە، هۆیەکەشی ئەوەیە کە شۆڕش رەوایەتی دەدات بە دەسەڵاتی کاریزمایی و رەهای سیمبولەکانی شۆڕش و جیاکاریی لەنێوان ئەوانەی کە لەبەرەی گەل و شۆڕشدان و ئەوانەی کە لەدەرەوەی ئەو بەرەیەدان، ئەوانەی کە لەبەرەی شۆڕشدا نین، وەک ئەوەیە کە هەمان ماف و ئازادییەکانیان نەبێت وەک «شۆڕشگێڕەکان» یان «حیزبییەکان".

زۆر لە دیکتاتۆرەکانی دنیا، لەڕێی شۆڕش یان کودەتاوە هاتونەتە سەرحوکم، بەشێکی زۆر لە سەرۆک و دیکتاتۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دوای حوکمێکی دورودرێژیش، لە رێی گوتاری شۆڕشەوە رەوایەتی بە گوفتار و کردارەکانیان دەدەن، ئیدی زۆر سەیر نییە کە موعەمەر قەزافی دوای زیاتر لە چل ساڵ حوکمکردن، ئەو پێیوایە کە هێشتا ئەو پێشەوای شۆڕشە و شۆڕشیش هەر بەردەوامە، لە رێی ئەو گوتارەوە رەوایەتی نەک هەر بەدەسەڵاتی خۆی دەدا، بەڵکو بە لەسێدارەدانی هەمو بەرهەڵستکارانیشی. لەوانەیە زۆر کەس بڵێن، جا قەزافی دەسەڵاتدارێکی شێتە، بەڵام بە باوەڕی من هەمو که‌لتورێکی شۆڕشگێڕیی بواری ئەوەی تیایە گەشەبکات بۆ مۆدێلێکی دیکتاتۆریی لە بابەتی قەزافی و هاوشێوەکانی، لەبەرئەوەی رەوایەتیدان بەبەردەوامی و بەهاکانی شۆڕش، رەوایەتیدانە بە دەسەڵاتێكی دیاریکراو بە قازانجی گروپێکی دیاریکراو.

شۆڕش لای ئێمە بە کۆمەڵێك بەهاو سیمبولی سیاسییەوە بەستراوەتەوە، بۆ نمونە: پێشمەرگە، شەهید، سەرکرده، خوێن، قوربانی. ئەو بەهایانە لە زۆربەی بوارەکانی ژیان لای ئێمە بەکارهاتون، بۆ نمونە لە سیاسەت، ئابوریی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رەوایەتیدان بە دابەشکردنی ئیمتیازات، عەرزە وەرگرتن، دامه‌زراندن، تەندەروەرگرتن، وەرگیران لە زانکۆ، پلەوپایە و ...هتد. دیارە بەهۆی ململانێی حیزبایەتی و پەیوەندیی خێڵەکییەکان ئەو بەهایانە زۆر بە خراپی بەکارهاتون، بەشێوەیەک کە زیاتر لە خزمەتی گروپێکی کەمی «شۆڕشگێڕەکان» بوەو زیاتر خەڵکانێکی نزیک لە دەسەڵات لێی سودمەند بون. ئەو بەهایانە، بەهاکانی شۆڕش بەشێوەیەکی زۆر چڵێسانە بەکارهاتون بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵات کە بەتاڵبونەتەوە لە مانا «پیرۆزەکانیان»، بەهاکانی شۆڕش ئیدی هێندە بەکارهاتون، رەونەقیان نەماوه‌ و تەنیا دەلالەت لە سودی مادیی دەکەن بۆ گروپێکی دیاریکراو.

من خۆم کەسێکم کە هەمو بەهاکانی شۆڕشم تیایە، زیندانی بەعس بوم، پێشمەرگە بوم، برا شەهیدم، ئاوارە بوم و ماڵەکەمان چەندین جار سوتێنراوە، هەم لەلایەن عەرەبە و هەم لەلایەن کوردەوە، خێزانەکەمان هەموی پێشمەرگە بون و زیندانیان بینیوە، بەڵام بەویژدانەوە دەڵێم کە پارادایمی شۆڕش و بەهاکانی بەسەرچون، ئەمەش لەبەر چوار هۆی سەرەکی:
1- ئەو بەهایانە بۆ ماوەکی زۆر کاری خۆیان کردوە و قەرەبوی جیاوازییە کۆمەڵاتییەکانی بەزیادەوە کردوەتەوە کە بەهۆی قوربانیدان دروست ببو، ئەمە بێجگە لەوەی کە بەهاکانی قوربانی و شۆڕش خراپ بەکارهێنراون و کۆمەڵێک کەسی نزیک لە دەسەڵات کە شایستە نەبون، سودمەندی پلە یەک بون لەژێر ناوی قوربانی و شۆڕشەوە، واتە بەهاکانی شۆڕش بونەتە هۆیەک بۆ سەرهەڵدانی نیپۆتیزم، خزمخزمێنە و مەحسوبییەت، بە واتایەکی تر گەندەڵی و نادادپەروەریی‌.
2- ئەمە بێجگە لەوەی کە پارادایمی شۆڕش کۆمەڵگای کوردستانی دوڵەت کردوە، بەو مانایەی کە جیاکاریی دەکات لە روی ئیمتیازات و ستاتوی کۆمەڵایەتییەوە لەنێوانی ئەوانەی کە شۆڕشگێڕن و ئەوانەی کە شۆڕشگێڕ نین، لەنێوانی حیزبی و ناحیزبی، مەسئول و جەماوەر... هتد.
3- دەبێت ئەوەش بزانین کە بیست ساڵ بەسەر باڵادەستی بەهاکانی شۆڕش تێپەڕیوە، لەدوای راپەڕینەوە نەوەیەکی نوێ دروست بوە کە سەروەری و بەهاکانی شۆڕش هیچ سودێکی مەعنەویی و پراکتیکی راستەوخۆی نییە بەسەر ژیانی رۆژانەیدا و لەوانەیە هەندێک بڵێن رزگاری و ئازادی سودێکی گەورە و گەوهەرییە بۆ گەشەسەندنی ئەو نەوەیە، لەڕاستیدا وایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەو نەوە لەنێو خودی ئازادیدا چاویان هەڵێناوە، یان گەورەبون و لەزاکیرەی جەماعی ئەو نەوەیە نوێیەدا بەهاکانی شۆڕش زۆر جێگیر نییە، هۆیەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رەنگنەدانەوەی بەهاکانی شۆڕش لەژیانی رۆژانەی ئەو نەوەیە، هۆی دوەمیش دەگەڕێتەوە بۆ فەشەلی سیستمی پەروەردە لە تەوزیفکردنی بەهاکانی شۆڕش وەک بەهایەکی کۆمەڵایەتی گشتگیر. مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە کە گوناحی نەوەی نوێ چییە کە لەسەردەمی شۆڕش لەدایک نەبوە بۆئەوەی ئیمتیازاتەکان بیگرێتەوە؟
4- دواجار تێکەڵاوبونی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیاو گۆڕانکارییەکانی سەردەم، لەگەڵ بەهاکانی شۆڕش ناگۆنجێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی مەفهومی شۆڕش لەگەڵ بنەماکانی دەوڵەتی مودێرن و دیموکراسی ناگونجێت. وەک وتم، بەهاکانی شۆڕش دەبنە مایەی بە پیرۆزکردنی دەسەڵاتێکی کاریزمایی‌ و بنەمایەک بۆ جیاکاری لەنێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان کە لە سیستمی دیموکراتی و مۆدێرندا بەو شێوەیە نییە.

ناڕەزاییە زۆرەکانی هاوڵاتییان لەسەر ئەدای دەسەڵاتی کوردی، بونی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەروەها خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بەردەرکی سەراو شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان، پێمان دەڵێن کە پارادایمی شۆڕش بەسەرچو، پێویستە بپەڕینەوە بۆ بەڕێوەبردنی مۆدێرن و دیموکراسی، ئەو پەڕینەوەیە زۆر ئاساییە، لەبەرئەوەی بەهاکانی شۆڕش لەکارکەوتون و ناتوانن لە خزمەتی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵدا بن، بە تایبەتیش ئەو نەوە نوێیەی کە ئێستا توڕەیە و سەرشەقامەکانی لە دەسەڵات گرتوە و کردویەتی بە مینبەرێک بۆ داواکارییەکانی، ئەو نەوەیەی کە پەراوێزکراوە و نامۆیە بە بەهاکانی شۆڕش، لەسەر شەقامەوە دەیەوێت ببێت بە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات ناچاربکات گوێی لێبگرێت و چاکسازی بنەڕەتی ئەنجام بدات. داوای رەوای نەوەی سەرشەقامەکان، داوایەکە بۆ پەڕینەوە لە پارادایمی شۆڕشەوە بۆ پارادایمی جەماوەر.

* ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان

Sbeiy.com © 2007