Print
 (مافی سه‌رۆکبون)ی بارزانی و تاڵەبانی دەمێكە بەسەرچوە، بەڵام دەرنەكەوتوە!
Wednesday, March 2, 2011

ئازاد قەزاز
بەهای هەر سەركردەیەك، بەستراوەتەوە بە مافی بونییەوە، مەبەست لە مافی بون، ئەوەیە كە دەبێت ئەو كەسە كاراكتەرێكی بنەڕەتی وەهای تیادا كارا بێت، مافی بون بەو كەسە وەك سەركردەیەك ببەخشێت، بە مانایەكی تر دەبێت ئەو كەسە هەڵگری سیفەتێك بێت كە زۆر تایبەت بێت، تا مانایەكی تایبەتیش بە دەوروبەرەكەی ببەخشێت، بۆ نمونە مەهاتما گاندی و نیڵسۆن ماندێلا، ئەو دو مرۆڤە كامڵ و تایبەتە بون كە مانایەكی تایبەتیان بە گەلەكەیان بەخشیوە، ئەو مرۆڤە تایبەتانە بە ئاراستەیەكدا هەنگاودەنێن، كە ئەو ئامانجەی چاوەڕوانكراوە، بەدیدەهێنن، ئەو دەزگایە یان رێكخراوەی كە بەدەسیانەوەیە، بە جۆرێ رایدەگرن، تا گوزەرانی ئەندامەكانی بە خۆشییەوە دابین بكەن، بە جۆرێك لە ژیان بیردەكەنەوە كە قوربانیدانی خۆیان بەخۆشحاڵییەوە دەبەخشن و چاویان نە لە كورسییە و نە تەماعێكیشیان لەم دنیایەدا هەیە.

زۆر دەمێكە بگرە ئەو كاتەش كە تاڵەبانی و بارزانی، هێشتا لە سەردەمی شاخیشدا بون و لای گەلی كورد زۆر پیرۆز و پڕ بەها بون، هەر ئەو كاتەش لەم سەركردانەی كورد بە هیچ جۆرێك مافی بونم نەدەبینییەوە، ئەو دەهۆڵەی لێیدەدەن كە گوایە بە هەڵبژاردن هاتونەتە سەر حوكم، ئەوە چاوبەستێكە و هیچیتر نییە، چونكه ئەوانە كە هاتنەوە كوردستان لە پاش راپەڕین دەسەڵاتیان بێ هەڵبژاردن هەردەمێك بو گرتبویە دەست، لە سیستمێكی دیكتاتۆریدا گومان لەوەدا نییە كە هەڵبژاردنیش بكرێت، هیچ مانایەكی نییەو هیچ شەرعیەتێك بە ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە نادات، پاشان شەڕێكی خوێناویی چەندساڵەیان ئەنجامدا و ئەمیان بەپشتی حكومەتی ئێران و ئەویشیان بە پشتی حكومەتی عێراق لە (1996)دا یەكتریان راونا و شەرعیەتی ئەو حكومەتە ناشەرعیەشیان روخاند، ئەوە دوایین هەڵبژاردنیشمان بینی، بە چ ساختەكارییەك بەڕێوە چو، ئیتر ئەوان شەرعیەتی خۆیان و مافی بونیان لە چی و لە كوێدا دەبیننەوە! هیچ كاتێك متمانەم بەم كەسانە نەبوە و زۆرجاریش دەرەنجامی رەخنەگرتنم لەم سەركردانەی كە بە زۆری زۆردارەكی بونەتە سەرۆكمان، دوچاری گرفتو گلەیی و گازندەی كردومەتەوە تەنانەت پاش ئەوەی هاتمە هۆڵەندا ساڵی (1997)، هەر لەو ساڵەدا لەوێش روبەڕوی لەو جۆرە گرفتە بومەوە، هەر لەبەر ئەوەی وتم؛ ئەم مرۆڤانەی كە بونەتە سەركردەی ئێمە گشتیان دیكتاتۆرن، كۆمەڵێك كەس كە ئەوكاتە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بون و ئێستا لەناو گۆڕاندان، لەسەر ئەو قسەیەم، ویستیان دەستدرێژیی بكەنە سەرم و لەناو ماڵی خۆمدا لە هۆڵەنەدا ویستیان بێنە سەرم، منیش لەوانم پرسی و وتم: ئەرێ من لە هۆڵەندام، یان لەبەر دەركی سەرام؟ لێرەش ئەو مافەم نییە بە ئازادی رای خۆم دەربڕم!

ئێستا دەڵێم؛ هەزار ئۆخەی كەوا ئێستا نیو ملیۆن كوردی باشور گەشتوەتە ئەو قەناعەتەی، كە بڵێ، بەڵێ ئەم سەركردانەی كورد دیكتاتۆرن، لەوەتی هەن، بە جۆرێك سۆزی نەتەوایەتی بۆ مەرام و مەبەستی خۆیان بەكاردەهێنن، كە زۆر بەدەگمەن مرۆڤی كورد دەرك بەو خراپ بەكارهێنانەی ئەوان دەكات، بـــیرم دێت ساڵی (1991) لــــەبــــەر تەلەفزیۆنی (ی.ن.ك)دا لەگەڵ باوكم دانیشتبوین، تاڵەبانی لەو كاتەدا هاتە سەر تەلەفزیۆن و خوتبەیەكی دا، لەو خوتبەیەدا وتی: مژدە، ئەوا دەوڵەتی كوردی دامەزرا، ئا لەو كاتەدا باوكم لەتاو تاسەی دەوڵەتی كوردی لە خۆشیا گریا، منیش وتم؛ بابە گیان تۆ چۆن باوەڕ بەو قسەیە دەكەیت، ئەوە هەڵخەڵەتاندنی هەزاران دڵسۆزی وەك ئێوەیە، ئەوە گەمەیەكی سیاسییە و هیچ راستییەكی تیدا نییە، كەچی هەر ئەم تاڵەبانییە، پاش ئەوەی دەبێتە سەرۆك كۆمار و دەگاتە مەرامی تایبەتی خۆی، دەڵێت: دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە، من خۆم ئەوەم دەزانی كە تا ئەمانە سەركردەی كورد بن، بێگومانە، كە دەوڵەتی كوردی خەونێكی شاعیرانە دەبێت، چونكی خەونی ئەوان لە خەونی گەلەكەیان جیاوازە، بەڵام چۆن دەتوانن ئەمانە ئەو درۆیانە بكەن و جەماوەری كوردی پێهەڵخەڵەتێنن، بارزانی، هەر كە زەختی دەكەوێتە سەر ئیتر لە هەر لایەكەوە بێت، یان پەلاماری ئاڵای كورد، یان پەلاماری كێشەی كەركوك دەدات، بۆ ئەوەی سۆزی نەتەوایەتی كورد بجوڵێنێت و جەماوەری كورد بەرەو خۆی كێش بكات، مەخابن زۆربەی جاریش ئەم پیلانانە سەریگرتوە و جەماوەرێكی زۆری كوردیان پێ مەستكردوە، ئەو رێبازەی كە بارزانی گرتویهتیەبەر، نەك كەركوكی بۆ نەهێنایەوە، بەڵكو سلێمانیشی لە دەستدا، زۆر خۆشحاڵم ئێستاكە نیو ملیۆن كورد چیتر بەم گەمەیە هەڵناخەڵەتێن.

 ئەمان هەر لە سەرەتاوە كە رێبازی كوردایەتیان گرتوەتە دەستیان، رێبازێكی هێندە هەڵەیان گرتبوە بەر، كە زۆربەی جار، فرۆشتنی بەرژەوەندی باڵای كورد بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیانی لێكەوتوەتەوە، هەر بە پەلە بۆ خۆدامەزراندنیان پەنایان بردوە بۆ ئەم وڵاتو ئەو وڵات، چەكو پارەیان لێوەرگرتون، یەكەم: خۆیان كردوەتە كۆیلەی ئەم وڵاتانەو و دوەم: ئەو چەكە هێندەی بۆ ئەوە بوە كە بارزانی و تاڵەبانیی، دژ بە یەكتر شەڕ بكەنو ئەمیان ئەویتریان لەناو بەرێت، بۆ هیچیتر نەبوە، ئەم شەڕەی ناوشاخیشیان بۆ ناو شار گوێزایەوە، تا بۆیان لوا جەنگان و پاشان كە كەسیان ئەویتری بۆ لەناو نەبرا، بە ناچاریی كوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، ئەمە جگە لەوەی بۆ رازیكردنی ئاغاكانیان، چیان بویستایە دەیانكرد و سڵیان لە هیچ نەدەكردەوە.

ئەمانە كە لافی دیموكراسیەت لێدەدەن، لە چ قوتابخانەیەكی دیموكراسی دەرچون؟! یان لە چ كەلتورێكی دیموكراسیدا پەروەردە كراون؟! مرۆڤ بە دیموكراسی لەدایك نابێت، بەڵكو دیموكراسیەت فێربون و مومارەسەیە، ئەمانە هەروەك دەسەڵاتییان بە وەرەسە وەرگرتوە، وەیانزانیوە دیموكراسیەتیش هەر بە وەرەسە بۆیان دەمێنێتەوە، ئەوان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە دیموكراسین، پێویست بو هـــــەروەك مـــاندێلا، پاش (26) ساڵ بەندیخانەو بێ ئەوەی منەتێك بەسەر خەڵكیدا بكات، كورسی حوكمی جێهێشت، ئەمانیش دەستیان لە حوكم هەڵگرتایە، نەك سەرباری ئەوەی كە ئەوەشیان نەكردوە، منەتمان بەسەرا بكەن، ئاخر ئەمانە لە كوێوە فێری دیموكراسیەت بون، تا ئه‌مڕۆكە بتوانن دیموكراسییانە بژین و دیموكراسییانە حوكم بكەن!

بەتایبەتی پاش سەرهەڵدانی بزافی گۆڕان، لەژێر سانسۆری ئەو بزافەدا بەتایبەتی لەكاردانەوەی ئەوان بۆ بەیانە حەوت خاڵییەكەی گۆڕان، تاڵەبانی و بارزانی و شوێنكەوتوانیان، سیفاتی ترساندیان تێدا دەركەوت. ئەگەر ئەم مرۆڤانە لەناو شاخدا ئەم رەفتارانەیان بۆ شارابێتەوە و لەناو شاریشدا بۆ ماوەیەك شاردبێتیانەوە، گومان لەوەدا نییە ئەو هەرێمەی دایانمەزراند، ئەوەی دەرخست لەبری كوردستانێكی ئازاد، ئاوەدانو بەختیار، ئەوە جەنگەڵستان، گەندەڵستان و كوردستانێكی وێرانیان وەبەرهێنا، واتە جیهانی شاراوەیان لە رەفتاری ئاشكرایاندا دەناسرێتەوە، گەر ئەمانە هەر لە سەرتاوە ئەم كاراكتەرانەیان هەبوبێت، شایانی ئەوه نەبون سەركردایەتی كوردیان بەدەستەوە بێت، واتە هەر لە سەرەتاوە ئەمانە مافی بونیان نەبوە، وەلێ بۆ مرۆڤی كورد دەرنەكەوتوە، خۆشبەختانە وا ئێستا ناسرانەوە، زۆرجار نیگەران دەبوم بەوەی ئاخۆ ئەم سه‌رۆکە كوردانەش وەك دیكتاتۆرەكانی تری جیهان بە شكستی ئەم سەرزەمینە جێدەهێڵن؟ هەمیشە ئەم پرسیارەم لەخۆم دەكرد، هەرجارەی شتێك، یان روداوێك بە خەیاڵمدا دەهات كە ئەمانیش ئاشكرا بكاتو نوشستی خۆیان بە چاوی خۆیان ببینن، هەرگیز چاوەڕوان نەبوم وا بە زویی ئەمانە بۆ جەماوەری كورد ئاشكراببن، خۆزگەم بەوە نەدەخواست كە هەرەسی دیكتاتۆرەكانی خۆرهەڵات بە جۆرێك بێ و لە كاتێكدا بێ، كە تاڵەبانی و بارزانی لەسەر كورسی دەسەڵات بن و ئەو شاڵاوە ئەوانیش بگرێتەوە، بەڵام وادیارە شایستەی ئەوەن، بۆیە ئەوانیش بەر ئەو شەپۆلە كەوتن، لێرەشدا ئەوە دوبارە دەكەمەوە كە ئەگەر كۆمەڵگە هوشیار بێت، ئەم جۆرە كەسانە ناتوانن ببنە سەركردەیان.

Sbeiy.com © 2007