Print
 موچه‌بڕین له‌نێوان واقیع‌و خه‌بات‌و قوربانیدا
Monday, June 1, 2009

ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ نانبڕینی‌ لایه‌نگرانی‌ ریفۆرم

راپۆرت: پشتیوان سه‌عدوڵڵا

هه‌ڵمه‌تی‌ وازهێنان‌و ده‌ركردنی‌ كادیرو ئه‌ندامانی‌ نێو رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان تادێت له‌ زیادبوندایه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ روبه‌ڕوی‌ نانبڕین بوونه‌ته‌وه‌و ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیش رای‌ جیاوازیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌.

له‌ سنوری‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ (1)ی‌ رێكخستنی‌ سلێمانیداو له‌ كۆمیته‌كانی‌ (3)ی‌ ئازادی‌‌و (5)ی‌ خه‌بات‌و (11)ی‌ كارێزه‌وشك‌و (15)ی‌ توی‌ مه‌لیك‌و (6)ی‌ چوارباغ، هه‌روه‌ها كۆمیته‌ی‌ (2)ی‌ بازیان‌و مه‌ڵبه‌ندی‌ (21)ی‌ ده‌وربه‌ری‌ سلێمانی‌‌و كۆمیته‌ی‌ شێروانه‌ی‌ كه‌لار، كۆمیته‌ی‌ (4)ی‌ مامه‌یاره‌‌و چه‌ند كۆمیته‌یه‌كی‌ سنوری‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ (15)ی‌ چه‌مچه‌ماڵ‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ به‌رپرس‌و كادیرو ئه‌ندامان ده‌ستیان له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ موچه‌یان بڕدراوه‌.

له‌ شه‌ڕدا ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێن
ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ هه‌رچه‌ند به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ موچه‌بڕینی‌ لایه‌نگرانی‌ باڵی‌ ریفۆرمدا نییه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا واقیعی‌ ئێستای‌ نێو حیزبه‌كه‌ی‌ به‌ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕ وه‌سف ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌كاتی‌ شه‌ڕدا ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێن.

شاڵاو عه‌لی‌ عه‌سكه‌ری‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: له‌ شه‌ڕا ته‌إو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێت، منیش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دام خه‌ڵكێك هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ خه‌باتێكی‌ زۆره‌و ئێستا گوناحه‌ كه‌ موچه‌ی‌ ده‌بڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك حیزبییه‌ك سه‌یری‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ شتێكی‌ ره‌وایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك ویژادن سه‌یری‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بكه‌ین، من له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دانیم نانی‌ هیچ  كه‌سێك ببڕدرێت.

باسی‌ له‌وه‌شكرد، خه‌ڵكانێك، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كار بۆ یه‌كێتی‌ بكه‌ن بێگومان موچه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ ئیشه‌كه‌یان له‌ یه‌كێتی‌ نه‌ما، ئه‌وكاته‌ هیچ مافێكیان به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه‌ نامێنێت‌و موچه‌یان نامێنێت.

به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ پێیانوایه‌، یه‌كێتی‌ مافی‌ خۆیه‌تی‌ به‌بێ‌ گوێدانه‌ خه‌بات‌و قوربانی‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ كه‌ له‌ ئێستادا ریزه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ جێده‌هێڵن، له‌ هه‌مو ئیمتیازاتێك بێبه‌شیان بكات. 

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، وتی‌: "هه‌رچه‌نده‌ تائێستا له‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان موچه‌ی‌ كه‌س نه‌بڕاوه‌و كه‌سیش ده‌رنه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك له‌ناو یه‌كێتی‌ نه‌مێنێت، به‌پێی‌ ئه‌و سزا مادییه‌ی‌ كه‌ دیاریكراوه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرێت، ناكرێت كه‌سێك یه‌كێتی‌ موچه‌ی‌ پێ‌ بدات‌و بچێته‌ پاڵ‌ لایه‌نێكی‌ دیكه‌، شتی‌ وا له‌ هیچ قاموسێكدا نییه‌".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: ئه‌و واقیعه‌ی‌ ئێستا ململامنێیه‌كی‌ سیاسییه‌و ئه‌وه‌ی‌ ئیش بۆ یه‌كێتی‌ نه‌كات، نانی‌ ده‌بڕێت‌و ئه‌وه‌ش شتێكی‌ ئاساییه‌، له‌ هه‌مو شوێنێك وایه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر تۆ ره‌خنه‌ له‌ رۆژنامه‌كه‌ت بگریت، یه‌كسه‌ر ده‌رت ده‌كه‌ن‌و نانت ده‌بڕن".

نانبڕینی‌ كادیرانی‌ یه‌كێتی‌ ناخۆشترین ئیجرائاتكردنه‌
به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ موچه‌بڕین‌و بێبه‌شبون له‌ هه‌مو ئیمتیازاتێكی‌ یه‌كێتی‌ وه‌ك چه‌كێك له‌ دژی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ ده‌ست له‌ كار ده‌كێشنه‌وه‌، یان ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ لایه‌نگری‌ باڵی‌ ریفۆرمه‌وه‌ ده‌رده‌كرێن. هاوكات ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌ پێیوایه‌، نه‌توانراوه‌ هاوسه‌نگییه‌ك دروستبكرێت له‌نێوان سزادان‌و نان نه‌بڕیندا.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: ئه‌مه‌ ناخۆشترین لایه‌نی‌ مه‌سه‌له‌كه‌یه‌، خۆزگه‌ ئه‌م ئیجرائاته‌ ئه‌وه‌ی‌ تێنه‌كه‌وتایه‌، پێموایه‌ نه‌توانراوه‌ هاوسه‌نگییه‌ك دروستبكرێت له‌نێوان سزادان‌و نان نه‌بڕیندا، هه‌ردوكی‌ ئه‌وه‌نده‌ تێكه‌ڵاو بوه‌ نه‌توانراوه‌ لێكجیابكرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ لایه‌نی‌ خراپ‌و ناخۆشی‌ مه‌سه‌له‌كه‌یه‌.

وتیشی‌: "ململانێكه‌ ئه‌وه‌نده‌ دژوار بوه‌و له‌كاتێكی‌ زۆر هه‌ستیاردا هاتوه‌ته‌ كایه‌وه‌، زۆر لایه‌ن هه‌بوه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ رابردوی‌ دێرینی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌".

ئه‌وانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌جێده‌هێڵن چی‌ ده‌ڵێن؟

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردودا ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراو كادیر‌و ئه‌ندامی‌ نێو رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، به‌ ناچاری‌ ده‌ستیان له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌و به‌وه‌ش به‌ بڕیاری‌ تاڵه‌بانی‌، روبه‌ڕوی‌ نانبڕین‌و موچه‌بڕین بونه‌ته‌وه‌، هاوكات ئه‌و بڕیاره‌ش به‌ ناهه‌ق‌و سته‌م وه‌سف ده‌كه‌ن.
 
كادیره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانی‌ سه‌ر به‌ باڵی‌ ریفۆرم پێیانوایه‌، ئه‌وان به‌شێكی‌ سه‌ره‌كه‌ی‌ نێو حیبزبه‌كه‌یانن، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ هه‌مویان خاوه‌نی‌ خه‌بات‌و قوربانییه‌كی‌ زۆرن له‌پێناو یه‌كێتیدا.

ره‌ئوف ئه‌حمه‌د كاكی‌، جێگری‌ یه‌كه‌می‌ كۆمیته‌ی‌ (5)ی‌ خه‌باتی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ستی‌ له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: له‌ ته‌مه‌نی‌ (9) ساڵییه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا من خه‌بات ده‌كه‌م‌و چه‌ند مانگێك زیندانیكراوم، جگه‌ له‌ برینداربونی‌ خۆم چوار برام شه‌هیدی‌ یه‌كێتییه‌، ئێستا به‌ چ هه‌قێك پێمده‌ڵێن خواحافیزت بێت، نانبڕین به‌لای‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ شتێكی‌ ئاساییه‌، به‌ڵام به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ بڕیارێكی‌ سه‌قه‌ته‌، چونكه‌ سه‌دان خێزانی‌ وه‌ك خێزانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ یه‌كێتییان دروستكردوه‌و تائێستاش له‌ خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كانی‌ یه‌كێتین، هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌سه‌ر بیروڕای‌ جیاواز نانمان بڕا.

وتیشی‌: "پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و په‌شیمان ببێته‌وه‌، هه‌رچه‌ند من دڵنیام له‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌ نانبڕینی‌ خه‌ڵكانی‌ وه‌ك ئێمه‌ په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ ده‌یكه‌ن، غه‌درێكی‌ گه‌وره‌یه‌".

گروپی‌ باڵاده‌ستی‌ ناو یه‌كێتی‌ سیاسه‌تی‌ هیچ بوارێكی‌ بۆ رای‌ جیاواز نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌
له‌ راگه‌یه‌نراوی‌ ژماره‌ (1)ی‌ كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان- باڵی‌ ریفۆرم كه‌ 26/5 بڵاوكرایه‌وه‌، هاتوه‌  (گروپی‌ باڵاده‌ستی‌ ناو یه‌كێتی‌ سیاسه‌تی‌ خۆساغكردنه‌وه‌) له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبدا به‌كارده‌هێنێت‌و هیچ بوارێكی‌ بۆ رای‌ جیاواز نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌، كادیر‌و پێشمه‌رگه‌‌و ئه‌ندامان ناچار ده‌كات كه‌ یان وه‌لای‌ ره‌ها بۆ ئه‌و گروپه‌ بسه‌لمێنن، یان خۆیان ساغبكه‌نه‌وه‌‌و یه‌كێتی‌ به‌جێبهێڵن، بۆ ئه‌و مه‌رامه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نانبڕین‌و موچه‌بڕین‌و سه‌ندنه‌وه‌ی‌ پۆست،  كه‌ ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ ره‌فتارێكی‌ زۆر نادیموكرات‌و ناشارستانییه‌‌و له‌ دنیای‌ شارستانی‌‌و ژیانی‌ حیزبیی‌ مۆدێرندا نمونه‌ی‌ به‌دی‌ ناكه‌ین".

حسێن ده‌روێش، جێگری‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ لێپرسراوی‌ كۆمیته‌ی‌ (11)ی‌ یه‌كێتی‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: من باوك‌و سێ‌ برام شه‌هیدی‌ یه‌كێتییه‌، ئێستا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ حساب بۆ خه‌بات‌و قوربانییه‌كانم بكرێت، ناچار ده‌كرێم واز له‌ یه‌كێتی‌ بهێنم، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ڕاستی‌ شتێكی‌ نائینسانییه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ ئێستا یه‌كێتی‌ ده‌یكات، ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆرییه‌كان ده‌وه‌شێته‌وه‌، ئێستا په‌شیمانم له‌و خه‌باته‌ی‌ كه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا كردومه‌".

Sbeiy.com © 2007