Print
 پانۆرامای‌ روداوه‌كانی‌ (2009)ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
Thursday, January 7, 2010

ئاماده‌كردنی‌: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك هه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ جیهان له‌ساڵی‌ (2009)دا كۆمه‌ڵێك روداو گۆڕانكاریی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌، كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بو له‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و عێراق‌و ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌هۆی‌ ململانێ‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك پێویست ژیانی‌ ئاسایی‌ خه‌ڵك له‌م ساڵه‌دا گرنگی‌ پێ‌ نه‌درا‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ كۆمه‌ڵێك گرفتی‌ گه‌وره‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێنه‌ ساڵی‌ (2010)وه‌.

قه‌ندیل كیمیاباران ده‌كرێت
وه‌زیری‌ ژینگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كه‌م هه‌فته‌ی‌ ساڵی‌ (2009) به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "بۆردومانه‌كانی‌ گونده‌كانی‌ قه‌ندیل له‌لایه‌ن توركیا‌و ئێرانه‌وه‌ ماده‌ی‌ كیمیایی‌‌و بۆمبی‌ هێشوییان تێدا به‌كارهاتوه‌‌و بۆماوه‌ی‌ (15) ساڵ‌ كاریگه‌رییان بۆسه‌ر ژینگه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت".
هاوكات، تابان ره‌شید، كارمه‌ندی‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌مپی‌ ئاواره‌كانی‌ مه‌نگورایه‌تی‌، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ دوای‌ بۆردومانه‌كان چه‌ندین حاڵه‌تی‌ نه‌خۆشیی‌ سه‌ردانی‌ بنكه‌كه‌یانی كردوه‌، كه‌ به‌شی‌ زۆریان توشی‌ حه‌ساسییه‌تی‌ چاو هه‌ناسه‌ توندی‌ بون.
ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ردانی‌ به‌رده‌وامی‌ لێپرسراوانی‌ عێراق‌و هه‌رێم بۆ ئه‌و دو وڵاته‌، تۆپباران‌و بۆردومانه‌كانی‌ ئێران‌و توركیا بۆسه‌ر بناری‌ قه‌ندیل‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ درێژه‌یان هه‌یه‌‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌یان زیانی‌ گیانی‌‌و هه‌زاران دۆلار زیانی‌ ماڵیی‌ به‌ هاوڵاتییان گه‌یاندوه‌.

رێژه‌ی‌ (30%) بۆ ژنان له‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا جێگیركرا
كۆتایی‌ یه‌كه‌م مانگی‌ (2009) رێژه‌ی‌ (30%) بۆ ژنان له‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا جێگیركرا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ ده‌ستوریی‌ په‌رله‌مان‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ حیزبه‌كانه‌وه‌ چه‌ندجارێك مشتومڕی‌ دروستكرد‌و ئه‌و رێژه‌یه‌ ره‌تكرایه‌وه‌،
له‌سه‌ره‌تای‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسی‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق، له‌نێو ئه‌و (10) په‌رله‌مانتاره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ وه‌ك وه‌فدی‌ هه‌رێم به‌شدارییان له‌ جێگیركردنی‌ مافی‌ كورددا كرد له‌ ده‌ستوره‌كه‌دا، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ ژنان پرۆژه‌یه‌كی (7) خاڵی  بۆ دیاریكردنی‌ رێژه‌ی‌ ژنان له‌ ده‌ستوری‌ عێراق پێشكه‌شكرد، كه‌ له‌ (30%) كه‌متر نه‌بێت، به‌ڵام دواتر پرۆژه‌كه‌ ره‌تكرایه‌وه‌و كاری‌ پێنه‌كرا.
له‌كاتی‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش جارێكی‌ دیكه‌ كار بۆ جێگیركردنی‌ رێژه‌ی‌ ژنان له‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ وته‌ی‌ په‌خشان زه‌نگه‌نه‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ ژنان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پرۆژه‌یه‌كی‌ (24) خاڵی‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ ژنان به‌ هاوكاریی‌ رێكخراوه‌كانی‌ ژنان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ گه‌ڵاڵه‌كراو دواكرا رێژه‌ی‌ ژنان به‌ (35%) كه‌متر نه‌بێت له‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم‌و گشت ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان جێگیربكرێت، به‌ توندیی‌ له‌ لیژنه‌ی‌ پێداچونه‌وه‌ی‌ ده‌ستوردا جه‌ختی‌ له‌سه‌ركراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سانێك له‌ لیژنه‌كه‌دا هه‌بون، كه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا پێشنیازه‌كه‌یان قبوڵ‌ نه‌كردوه‌.



كورد له‌ به‌غدا كورسییه‌كیشی‌ نه‌برده‌وه‌
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق، كه‌ له‌ (31/1/2009) به‌ڕێوه‌چو، لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌ به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ ته‌نیا یه‌ك كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌و شاره‌ به‌ده‌ستبهێنێت.
 سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌رپرس له‌ به‌غداوه‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: له‌ میانه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ به‌غدا، لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان نه‌یتوانیوه‌ ده‌نگی‌ پێویست به‌ده‌ستبهێنێت بۆ مسۆگه‌ركردنی‌ ته‌نیا یه‌ك كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌و شاره‌، رونیشیكرده‌وه‌، كه‌ هۆكاری‌ به‌ده‌ستنه‌هێنانی‌ ئه‌و ده‌نگه‌، كارنه‌كردنی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بوه‌ بۆ راكێشانی‌ سۆزی‌ كورده‌كانی‌ ئه‌و شاره‌‌و خزمه‌تكردنیان.
 ئاشكرابونی‌ ئه‌م زانیاریانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی‌ رێژه‌ ناإه‌سمییه‌كان نزیكه‌ی‌ (600- 800) هه‌زار كوردی‌ فه‌یلی‌‌و سوننی‌ له‌ به‌غدا نیشته‌جێن.

بڕیاردرا گه‌رمیان نه‌كرێت به‌ پارێزگا
سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كوردستان رۆژی‌ (8/2/2009) رێكه‌وتن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان‌و بإیاریاندا گه‌رمیان له‌م قۆناغه‌دا نه‌كرێت به‌ پارێزگا.
سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان‌و یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان كۆبونه‌وه‌و هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌ پارێزگاكردنی‌ گه‌رمیان "له‌م قۆناغه‌دا" ره‌تكرایه‌وه‌.
تاریق جه‌وهه‌ر، راوێژركاری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، وتی‌: "هه‌رچه‌نده‌ پێشتر دانیشتوانی‌ گه‌رمیان داوایانكردبو ناوچه‌كه‌یان بكرێت به‌ پارێزگا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ روی‌ یاسایی‌‌و ده‌ستورییه‌وه‌ ناگونجێت، هه‌ردو سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆكبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو ئیداره‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت‌و نه‌كرێت به‌ پارێزگا".

فڕۆكه‌وانێكی‌ دیكه‌ هه‌ڵهات
رۆژی‌ (11/2) ئاشكرابو كه‌ یه‌كێكی دیكه‌ له‌و فڕۆكه‌وانانه‌ی‌ كه‌ به‌شداربوه‌ له‌ كیمیابارانكردنی‌ كوردستاندا، له‌دوای‌ رزگاركردنی‌ عێراقه‌وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست ئاسایشی‌ یه‌كێتی‌‌و دیار نامێنێت.
موقه‌ده‌م كه‌ریم سه‌بتی‌، ناسراو به‌ ئه‌بو یه‌عروب، یه‌كێكه‌ له‌و فڕۆكه‌وانانه‌ی‌ سوپای‌ رژێمی‌ به‌عس، كه‌ به‌شداریكردوه‌ له‌ كیمیابارانكردنی‌ گۆپته‌په‌‌و عه‌سكه‌ر‌و له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ "رزگاركردنی‌ عێراقه‌وه‌" له‌ (5/5/2003)دا له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام ئێستا دیار نییه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ ده‌ستگیركردنی‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: دوجار لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌دا كراوه‌، جارێكیان به‌ زاره‌كی‌ بوه‌، وتویه‌تی‌ "به‌شداریی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌م كردوه‌"، به‌ڵام جاری‌ دوه‌میان وردتر‌و له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا كراوه‌، وتویه‌تی‌: "له‌ سه‌ربازگه‌ی‌ خالیدی‌ شاری كه‌ركوكه‌وه‌ فڕۆكه‌كانیان هه‌ستاون‌و دوای‌ (15) خوله‌ك گه‌یشتونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌ك‌و بۆردومانیان كردوه‌، (ناوچه‌كه‌ گۆپته‌په‌‌و عه‌سكه‌ر ده‌گرێته‌وه‌)، كه‌ له‌ (3/5/1988) كیمیاباران كراوه‌".
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ رۆژنامه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌، دراوه‌ته‌ ده‌ست ئاسایشی‌ سلێمانی‌‌و دواتریش سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و د.خه‌سره‌و گوڵ‌ محه‌مه‌د، به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ زانیاریی‌ یه‌كێتییان لێ ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌‌و به‌ره‌و قه‌ڵاچوالان بردویانه‌، به‌ڵام ئێستا دیارنه‌ماوه‌.
ئه‌مه‌ دوه‌م فڕۆكه‌وانه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ستگیریانكردوه‌‌و دواتر ونبوه‌‌و هه‌ڵهاتوه‌، پێشتریش تاریق ره‌مه‌زان، كه‌ فڕۆكه‌وانێكی‌ عێراقی‌ بو له‌ كۆتایی‌ (2008)دا هه‌ڵهاتبو.

چوار ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌
دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ پۆستی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، له‌ (2)ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ (2006)دا، له‌ پێشهاتێكی‌ دیكه‌دا (4) ئه‌ندامی‌ دیكه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ئه‌و حیزبه‌ رۆژی‌ (15/2) ده‌ستله‌كارده‌كێشنه‌وه‌.
به‌پێی‌ بڕیاری‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌، بڕیاربو ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ به‌غدا كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ته‌رخانبكرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر راپۆرتی‌ ئه‌و (7) لیژنه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگ‌و نیوی‌ رابردودا بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ چاكسازیی‌ دروستكرابو، به‌ڵام له‌ گۆڕانكارییه‌كدا به‌پێی‌ زانیاریی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌  نزیك له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی یه‌كێتی‌، پێشتر مه‌لا به‌ختیار، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌، به‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ وتوه‌، كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتی‌، به‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌وشیروان لیست بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتو ئاماده‌ ده‌كات.
به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌، رۆژی‌ پێشتر چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ كه‌ به‌ باڵی‌ ریفۆرم ناوده‌برێن (عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و وه‌زیری‌ ناوخۆ، مسته‌فای‌ سه‌ید قادر، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌، جه‌لال جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و لێپرسراوی‌ مه‌كته‌بی‌ چاودێری‌‌و پشكنین)، كۆسره‌ت ره‌سوڵی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌‌و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی‌ دیكه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسییان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌شداریی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ناكه‌ن‌و رازیی‌ نابن مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ بڕیاری‌ ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بدات‌و ده‌ست له‌كار ده‌كێشنه‌وه‌.

ئاواره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن
ئاواره‌ موته‌فه‌ریقه‌كانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ له‌ هه‌ولێر، كه‌ به‌هۆی‌ شه‌إی‌ ناوخۆی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ ئاواره‌بون، بۆ جاری‌ چواره‌م له‌ رۆژی‌ (24/2)دا خۆپیشاندان ده‌كه‌ن‌و داوای‌ قه‌ره‌بو له‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، هاوكات هیچ به‌رپرسێكی‌ حكومی‌‌و حیزبیی‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر پێشوازیی‌ لێ نه‌كردن.
سه‌دان ئاواره‌ی‌ موته‌فه‌ریقه‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر خۆپیشاندانێكیان بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران سازكرد، به‌ڵام هیچ به‌رپرسێكی‌ حكومی‌‌و حیزبیی‌ پێشوازیی‌ لێ نه‌كردن، نوێنه‌رێكی‌ ئاواره‌كانیش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد؛ چه‌ندجارێك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و پارێزگای‌ هه‌ولێر به‌ڵێنیان پێدراوه‌ كه‌ قه‌ره‌بوی‌ مادییان بكرێت، یان پارچه‌یه‌ك زه‌وییان پێبدرێت، به‌ڵام تائێستا هیچیان بۆ نه‌كراوه‌.
سواره‌ محێدین، نوێنه‌ری‌ ئاواره‌ی‌ موته‌فه‌ریقه‌كان له‌ شاری‌ هه‌ولێر، رایگه‌یاند: چه‌ندجارێك له‌لایه‌ن پارێزگای‌ هه‌ولێره‌وه‌ ناونوس كراوین‌و وێنه‌ی‌ ماڵه‌كانمان گیراوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ قه‌ره‌بو بكرێینه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هیچمان بۆ نه‌كراوه‌.
 
به‌غدا هه‌نگاوێكی‌ دیكه‌ پێش هه‌رێم كه‌وت
ژماره‌یه‌ك وه‌زیرو به‌رپرسی‌ باڵای‌ عێراقی‌ رۆژی‌ (4/3) موڵك‌و ماڵیان بۆ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراقی‌ ئاشكراكرد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هیچ یاسایه‌ك له‌ كوردستاندا نییه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم جیبه‌جێ‌ بكات، هاوكات سه‌رۆكی‌ مونته‌دای‌ ئابوریش ده‌ڵێت: "ئێمه‌ زۆرمان ماوه‌ بگه‌ینه‌وه‌ به‌ به‌غداو ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی‌ هاوشێوه‌ش له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌بێت، رێ‌ نادرێت به‌ ده‌رچونی‌".
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراقی‌ ئاشكرایكرد، كه‌ له‌نێوان مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م‌و شوباتی‌ (2009)دا (11) وه‌زیرو (6) به‌رپرسی‌ هاوپله‌یان فۆڕمی‌ موڵك‌و ماڵیان پڕكردوه‌ته‌وه‌و راده‌ستی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌یان كردوه‌، ئه‌و فۆڕمی‌ زانیارییه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ (2004)ه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌رپرسانی‌ باڵای‌ عێراقیدا دابه‌شده‌كرێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتییه‌وه‌ تا سه‌رۆك كۆمار ده‌گرێته‌وه‌، تیایدا زانیاریی‌ ته‌واو له‌سه‌ر موڵك‌و ماڵ‌و داهاتی‌ دارایی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌و خزمه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی‌ تێدایه‌.

به‌رپرسی‌ ئاسایشی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر كار لابرا
شه‌ماڵ‌ عه‌لی‌، به‌رپرسی‌ ئاسایشی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌، به ‌بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌ باڵی‌ ریفۆرمه‌، رۆژی‌ (10/3) له‌ كاره‌كه‌ی‌ لاده‌برێت.
شه‌ماڵ‌ عه‌لی،‌ رایگه‌یاند: مه‌لا به‌ختیار پێی باش بو كه‌ من له‌وێ‌ نه‌مێنم، به‌ قسه‌ی‌ ئه‌و من ئیش بۆ ریفۆرم ده‌كه‌م، پێی راگه‌یاندم كه‌ بچمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ خۆشمی نه‌وت خه‌ڵكی دیكه‌ی راسپاردبو، به‌ڵگه‌شیان هیچ نه‌بوه،‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ی كه‌ من كاتی خۆی بوم به‌ لێپرسراوی ئاسایشی مه‌كته‌بی سیاسیی، ئه‌و ماوه‌یه‌ كاك نه‌وشیروان له‌وێ‌ جێگری سكرتێری گشتیی بوه‌، به‌ تێإوانینی‌ ئه‌وان من ئیش بۆ ئه‌و ده‌كه‌م.
ئه‌م ده‌ركردنه‌ی‌ شه‌ماڵ له‌كاتێكدابو كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم نزیك ده‌بوه‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌ستیكردبو به‌ نانبإینی‌ لایه‌نگرانی‌ باڵی‌ ریفۆرم.

رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌و سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی‌ غه‌رامه‌كران
دادگای‌ سلێمانی‌ رۆژی‌ (15/3) عه‌بد عارف، سه‌رنوسه‌ری‌ پێشوی‌ هاوڵاتی‌‌و هه‌فته‌نامه‌كه‌ی‌ به‌ (13) ملیۆن دینار غه‌رامه‌كرد، بۆ ماوه‌یه‌كیش سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی‌ هاوڵاتی‌ له‌ناو دادگا ده‌ستبه‌سه‌ركرا، ئه‌م بڕیاره‌ی‌ دادگا له‌سه‌ر داوایه‌كی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق بو، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌‌و مایكڵ‌ رۆبن تۆماری كرد، هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوسان‌و هه‌ڵسوڕاوانی‌ بواری‌ راگه‌یاندن پێكهێنانی‌ كه‌مپه‌ینێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ بۆ هاوڵاتی راده‌گه‌یه‌نن.
عه‌بد عارف، سه‌رنوسه‌ری‌ پێشوی‌ هاوڵاتی‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: مام جه‌لال به‌ سیفه‌تی‌ شه‌خسی‌ سكاڵای‌ له‌سه‌ر ئه‌وان‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ تۆماركرد‌و‌وه‌و دوای‌ زنجیره‌یه‌ك دانیشتن، دادگای‌ سلێمانی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ به‌ (10) ملیۆن دینار‌و منیش وه‌ك سه‌رنوسه‌ری‌ ئه‌وكات به‌ (3) ملیۆن دینار غه‌رامه‌كرام".
هاوكات له‌گه‌ڵ‌ ده‌رچونی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا بۆ غه‌رامه‌كردنی‌ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌، رۆژنامه‌نوسان‌و هه‌ڵسوڕاوانی‌ بواری‌ میدیا سه‌رقاڵی دروستكردنی‌ كه‌مپه‌ینێكی‌ تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هاوكاری‌ دارایین بۆ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتودا له‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و چه‌ند شارێكی‌ دیكه‌ش كه‌مپه‌ینه‌كه‌ ده‌ست بكات به‌ چالاكییه‌كانی‌، كه‌ هاوڵاتییان ده‌توانن هاوكاریی‌ دارایی پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتی‌ بكه‌ن.

تاڵه‌بانی‌: سه‌ربه‌خۆیی كورد ته‌نیا خه‌ونه‌
جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، رۆژی‌ (16/3) به‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌باحی‌ توركی‌ راگه‌یاند: "دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردی‌ له‌ عێراقدا مه‌حاڵه‌‌و كوردستانی‌ عێراق به‌شێكه‌ له‌ عێراق‌و هیچ كام له‌ شیعه‌و سوننه‌و كورد نایانه‌وێت عێراق دابه‌شبكرێت". وتیشی: "عێراق پارچه‌ پارچه‌ نابێت‌و شه‌ڕی‌ ناوخۆ كۆتایی هاتوه‌". ده‌رباره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش تاڵه‌بانی‌ رایگه‌یاند: ناتوانین به‌رده‌وام خه‌ون ببینین به‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌وه‌، واقیعه‌كه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ توركیا‌و عێراق‌و ئێران هیچ كاتێك دابه‌شبون به‌خۆیانه‌وه‌ نابینن.
تاڵه‌بانی‌ كه‌ به‌ سه‌ردانێك له‌وكاته‌دا له‌ توركیا بو، بۆ به‌شداریكردنی‌ له‌ مونته‌دای‌ ئاو به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند: "سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ته‌نیا بیرۆكه‌ی‌ شاعیرانه‌یه‌"، تاڵه‌بانی‌ بۆچونه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌ بۆچونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و خودی‌ بارزانی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا.
ئه‌م بۆچونه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ ناڕه‌زایی‌ لێكه‌وته‌وه‌‌و بوه‌ جێی‌ نیگه‌رانیی‌ رۆشنبیران‌و هاوڵاتییانی‌ كوردستان.

زه‌حمه‌تكێشان ئینشیقاقی‌ كرد
كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشان رۆژی‌ (28/3) به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌، قادر عه‌زیزی‌ سكرتێری‌ حیزبه‌كه‌ی‌ تا كۆنگره‌ی‌ شه‌شه‌م ته‌جمیدكردو باڵی‌ قادر عه‌زیزیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و كادیرانه‌ له‌ حیزب جیابونه‌ته‌وه‌.
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نائاساییدا كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان بڕیاری‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ قادر عه‌زیزی‌ سكرتێری‌ ئه‌و حیزبه‌ی‌ دا، تا ئه‌وكاته‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ شه‌شه‌می‌ ئه‌و حیزبه‌ ئه‌نجامده‌درێت‌و له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایانگه‌یاندوه‌: "كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ سكرتێری‌ حیزب به‌ ئه‌ركی‌ خۆی‌ هه‌ڵنه‌ستاوه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆوه‌ هه‌ڵسوڕاوه‌و به‌ تێكڕای‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ پێنجه‌مین كۆنگره‌، بڕیاردرا به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ به‌ڕێز قادر عه‌زیز له‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان تا شه‌شه‌مین كۆنگره‌".
له‌ به‌رامبه‌ریشدا باڵی‌ قادر عه‌زیز له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و كادیره‌ ناڕازییانه‌ی‌ به‌جیابوه‌وه‌ له‌ حیزب له‌قه‌ڵه‌مداوه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سانه‌ جاری‌ یه‌كه‌میان نییه‌ به‌ ده‌سیسه‌ی‌ ئێره‌و ئه‌وێ‌ خۆیان تاقی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌".
ئه‌م كێشه‌یه‌ی‌ ناو حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشان درێژه‌ی‌ كێشا‌و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و حیزبه‌ بو به‌ دو به‌شه‌وه‌‌و سه‌رجه‌م باره‌گاكانیشیان دابه‌شبو به‌سه‌ر ئه‌و دو به‌شه‌دا‌و یه‌كێتی‌‌و پارتیش لایه‌نگریی‌ باڵی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ زه‌حمه‌تكێشانیان كرد.

جێگره‌كه‌ی‌ سه‌دام كوردستانی‌ به‌جێهێشت
ته‌ها محێدین مه‌عروف، جێگری‌ سه‌دام حسێنی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ عێراق، كه‌ له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ قه‌زای‌ دوكان نیشته‌جێیه‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ كوردستانی‌ به‌ره‌و وڵاتی‌ ئوردون به‌جێهێشتوه‌‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاسایشیش هه‌رچه‌نده‌ نكۆڵی‌ له‌وه‌نه‌كرد كه‌ ئه‌و جێگره‌ی‌ سه‌دام له‌ دوكان نیشته‌جێبوه‌، به‌ڵام وتی: "ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ نین له‌ دوكان ده‌رچوبێت‌و سه‌فه‌ری‌ كردبێت بۆ ده‌ره‌وه‌".
به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتوه‌، ناوبراو له‌كاتێكی‌ نادیاری‌ مانگی‌ (3/2009)دا له‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبونی‌ خۆیه‌وه‌ له‌ قه‌زای‌ دوكان، گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌‌و به‌ره‌و ئوردون به‌ڕێكه‌‌وتوه‌، هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشی‌ دوكان بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌؛ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییان له‌سه‌ر نیشته‌جێبونی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ هه‌بوه‌ له‌ دوكان، به‌ڵام ئه‌وان به‌رپرسیاری‌ چاودێریكردنی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ پێشوی‌ رژێمی‌ عێراق نه‌بون، به‌ڵكو پاسه‌وانی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌بوه‌‌و ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ نین له‌ دوكان ده‌رچوبێت‌و سه‌فه‌ری‌ كردبێت بۆ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارته‌ سیاسییه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌
پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ پارته‌ سیاسییه‌كان بۆ ماوه‌ی‌ (5) مانگ كۆبونه‌وه‌كانیان راده‌گرن، رۆژی‌ (1/4) مه‌ولود باوه‌مراد، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان، كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌یه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌نجامنه‌دانی‌ كۆبونه‌وه‌ له‌و ماوه‌ زۆره‌دا، جۆرێكه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌".
به‌پێی‌ په‌یإه‌وی‌ ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ پارته‌ سیاسییه‌كان، ده‌بێت هه‌مو مانگێك ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ مانگی‌ یانزه‌ی‌ (2008)ه‌وه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كۆنه‌بوه‌ته‌وه‌.

(13) هه‌زار ئاواره‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌ دێن بۆ كوردستان
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم ره‌زامه‌ندییان نیشانداوه‌ بۆ هاتنی‌ (13 ) هه‌زار ئاواره‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ ئێستا له‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق نیشته‌جێن.
 رۆژی‌ (13/4) مه‌حمود عه‌باس، سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌، به‌ سه‌ردانێكی‌ ره‌سمیی‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، رایگه‌یاند: هیواخوازین له‌ گرتنه‌خۆی‌ ئه‌و (13) هه‌زار ئاواره‌ فه‌له‌ستینیه‌دا، كه‌ له‌ عێراق هه‌ن، هه‌رێمی‌ كوردستانیش رۆڵی‌ عێراق بگێڕێت، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ره‌زامه‌ندیی له‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ نیشاندا.

ده‌زگای‌ پاراستن‌و زانیاریی‌ له‌ سه‌روی‌ یاساوه‌ن
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئامنیستی ئینته‌رناشناڵ‌) له‌ نوێترین راپۆرتی‌ ساڵانه‌یدا هێزه‌كانی ئاسایشی پارتی‌و یه‌كێتی (ده‌زگای‌ زانیاریی‌‌و پاراستن) به‌وه‌ وه‌سفده‌كات، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان خراپ به‌كارده‌هێنن‌و كاری نایاسایی ده‌كه‌ن‌و له‌ سه‌روی یاساوه‌ن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، هه‌ربۆیه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیی بكات به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانه‌ی دژی مافی مرۆڤ له‌ كوردستان ئه‌نجامده‌ده‌رێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌ بواری‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕین‌و مافی‌ ژنان‌و ده‌ستگیركردنی‌ هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ی‌ هاوڵاتییان، وه‌زیری‌ مافی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێمیش ئه‌و راپۆرته‌ به‌ ئیجابیی‌ وه‌سفده‌كات‌و ده‌ڵێت: "هێشتا پێشێلكاریی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ماوه‌".
 راپۆرته‌كه‌ (54) لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌ناونیشانی "هیواو ترس، مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق"، له‌ (14/4)دا بڵاوبوه‌ته‌وه‌‌و پشتی به‌ستوه‌ به‌ چه‌ندین توێژینه‌وه‌و دیمانه‌ی مه‌یدانیی‌ گرنگ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌یان چه‌شتوه‌ له‌ زیندانه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتیدا. راپۆرته‌كه‌ی‌ ئه‌منیستی‌ ناو وێنه‌ی‌ چه‌ندین كه‌سی هێناوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ به‌ هه‌إه‌مه‌كی گیراون، له‌ به‌شێكیدا هاتوه‌ "هێزه‌كانی ئاسایش خه‌ڵكیان رفاندوه‌و سه‌رنوگومیانكردون‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵكیشیانداوه‌".

پاكتاوكردنی‌ كادیرانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ جه‌خت له‌سه‌ر لادان‌و ده‌كردنی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نگرانی‌ لیستی‌ گۆڕان له‌ناو رێكخسته‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌دا ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌ند پێیانوایه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كاریگه‌ریی‌ بۆ سه‌ر یه‌كڕیزیی‌ یه‌كێتی‌ هه‌یه‌، ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "دیارده‌ی‌ لادان‌و ده‌ركرن له‌ناو حیزبه‌ كوردستانییه‌كان‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو یه‌كێتیدا شتێكی‌ تازه‌ نییه‌‌و له‌ رابردوشدا مافی‌ هه‌ندێك خه‌ڵك پێشێلكراوه‌".
به‌ بڕیاری‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، له‌ماوه‌ی‌ رابردودا كۆمه‌ڵێك ئه‌ندام‌و لایه‌نگری‌ لیستی‌ گۆڕان ناچاركراون ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا كۆمه‌ڵێكی‌ دیكه‌ ده‌ركراون‌و سه‌دانی‌ دیكه‌ش ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.
رۆژی‌ (18/5) هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمیته‌ی‌ (7)ی‌ شێخ میحێدین‌و كۆمیته‌ی‌ (3)ی‌ ئازادیی‌ یه‌كێتی‌ له‌ سلێمانی‌ ناچاركران ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌ به‌ بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نگری‌ لیستی‌ گۆڕانن.

هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژودا (1/6/2009) نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمیی‌‌و له‌ رێگه‌ی‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ هاورده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ كرا، به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌راسیمێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ هه‌ولێر رێكخست.
له‌ كێڵگه‌كانی‌ تاوكی‌‌و ته‌قته‌قه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ رێگه‌ی‌ نه‌وته‌وه‌ به‌ توركیاوه‌ به‌سترایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیی‌ دروستكردو هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ خسته‌ ناو هێڵی‌ وزه‌وه‌ له‌ جیهاندا.

په‌رله‌مان شه‌رعییه‌تی‌ یاسایی‌ نامێنێت
(25) له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رۆژی‌ (4/6) داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان كرد، له‌ ئێستاوه‌ تا دوای‌ هه‌ڵبژاردن په‌رله‌مان هیچ یاسایه‌ك جگه‌ له‌ په‌سندكردنی‌ بودجه‌ ده‌رنه‌كات، چونكه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ هیچ شه‌رعییه‌تێكی‌ یاسایی‌‌و جه‌ماوه‌ریی‌ نه‌ماوه‌و ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ یاساییش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان سوربێت له‌سه‌ر ده‌ركردنی‌ یاساكان، ره‌نگه‌ به‌شداریی‌ كۆبونه‌وه‌كان نه‌كه‌ن.
له‌ یاداشتنامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتوه‌و ئیمزای‌ (25) له‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و دوێنێ‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كراوه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ پێداگریی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ (4/6)وه‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان ته‌واوبوه‌و له‌مه‌ به‌ده‌واوه‌ په‌رله‌مان هیچ شه‌رعییه‌تێكی‌ یاسایی‌ نامێنێت، ئه‌گه‌رچی‌ به‌ بڕیارێكی‌ په‌رله‌مان ته‌مه‌نی‌ خوله‌كه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك په‌رله‌مانتاره‌كان ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن؛ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ چوارساڵ‌ هه‌ڵبژێردراوه‌و ناكرێت به‌ بڕیارێك ماوه‌كه‌ی‌ درێژبكرێته‌وه‌.

كوڕێكی‌ مه‌لا به‌ختیار له‌ (3) كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌دات
فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌ رۆژی‌ (17/7)  ئاشكرایكرد، كه‌ سكاڵا له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌ی‌ مه‌لا به‌ختیار تۆمار ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و پزیشك‌و كارمه‌نده‌ی‌ هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر خۆیان سكاڵای‌ له‌سه‌ر تۆمار نه‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی‌ دایكی‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌، ئاوێری‌ كوڕی‌ مه‌لا به‌ختیاری‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ جنێو به‌ پزیشكێكی‌ ئێشكگر ده‌دات‌و دواتریش به‌خۆی‌‌و دو پاسه‌وانه‌وه‌ له‌ كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌‌و پۆلیسێكی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ده‌ن‌و دواتریش هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌شدا پزیشكانی‌ سلێمانی‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ كوڕی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌یان كرد له‌ماوه‌ی‌ (24) سه‌عاتدا، به‌ڵام تائێستا كوڕی‌ به‌رپرسه‌كه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌‌و سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: چاوه‌ڕێی‌ هه‌ڵوێستی‌ پزیشك‌و كارمه‌نده‌كه‌ ده‌كرێت. 

هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (25/7) ده‌سه‌ڵاتی‌ توشی‌ شۆك ده‌كات
رۆژی‌ (25/7) له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ نیمچه‌ ئازاددا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چو، كه‌ تیایدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوی‌ هه‌رێمدا ئۆپۆزسیۆن توانی‌ (25) كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ مسۆگه‌ر بكات.
رۆژنامه‌ی‌ واشنتۆن پۆست بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامێكی‌ گه‌وره‌ی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌ له‌سه‌ر زاری‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ده‌ڵێت: "له‌ هه‌ندێك شوێن له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر ئه‌نجامه‌كان بۆ لیستی‌ كوردستانی‌ خراپن‌و چاوه‌ڕواننه‌كراوبون".
واشنتۆن پۆست له‌ رێی‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ حكومی‌‌و حیزبیی‌ ده‌نوسێت: له‌ هه‌ندێك شوێن ئۆپۆزسیۆن دوئه‌وه‌نده‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.
له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌دا دكتۆر به‌رهه‌م به‌ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "له‌ دڵه‌ڕاوكێداین‌و ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمان بو".
رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ پاشتر ده‌نوسێت: سیستمی‌ سیاسیی‌ كوردستان به‌هۆی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ گۆڕانێكی‌ نه‌وعیی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت‌و له‌ زاری‌ نه‌وشیروان موسته‌فای‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سیستمی‌ سیاسی‌ بگۆڕین، نه‌ك ده‌موچاوه‌كان".

دوان له‌ تۆمه‌تباری‌ كوشتنی‌ سه‌رنوسه‌ری‌ لڤین حوكمدران
دوان له‌ تۆمه‌تبارانی‌ هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین، رۆژی‌ (8/8) به‌ شه‌ش ساڵ‌ زیندانی‌ حوكمدران‌و یه‌كێكیشیان ئازاد ده‌كرێت‌و ناوبراویش داوا له‌ دادگای‌ پێداچونه‌وه‌ ده‌كات سزاكان توندتر بكرێن.
له‌دوا دانیشتنی‌ خۆیدا سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ هه‌وڵی‌ كوشتنی‌ ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین، دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ حوكمی‌ شه‌ش ساڵ‌ زیندانیی دا به‌سه‌ر دوان له‌ تۆمه‌تبارانی‌ هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین، تۆمه‌تباری‌ سێیه‌میشی‌ ئازادكرد، ئه‌حمه‌د میره‌ به‌و بڕیاره‌ی‌ دادگا ناڕازییه‌و داوا ده‌كات حوكمه‌كه‌یان توندتربكه‌ن‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "ئه‌و دادگاییكردنه‌ ده‌ریخست كه‌ دادگای‌ سلێمانی‌ كه‌م ئه‌زمونه‌ له‌ دۆسیه‌ی‌ تیرۆرداو ده‌بوایه‌ به‌ یاسای بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر حوكمی‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی‌ بدایه‌، كه‌ له‌ (15) ساڵ‌ زیندانیی‌ كه‌متر تیێدا نییه‌، نه‌ك به‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌‌و ناشكرێت كه‌سێك ئه‌ندامی‌ تۆڕێكی‌ تیرۆریستی‌ بێت ئازادبكرێت".

گه‌نجێك له‌ بنكه‌یه‌كی‌ گرتن‌و گواستنه‌وه‌ لێیده‌درێت
له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ گرتن‌و گواستنه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌، گه‌نجێك له‌لایه‌ن پۆلیسه‌كانه‌وه‌ به‌خراپیی‌ لێیده‌درێت‌و به‌ شیشه‌كانی‌ به‌ندیخانه‌دا ده‌به‌سترێته‌وه‌، لێپرسراوی‌ چاودێریی‌ به‌ندیخانه‌كانیش زانیارییه‌كانی‌ رۆژنامه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌.
(س،س،م) كه‌ به‌نده‌ له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ گرتن‌و گواستنه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌، له‌ رۆژی‌ (14/8/2009)دا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ پاشه‌ڕۆی‌ قاعه‌كانی‌ بنكه‌كه‌ فڕێبدات، كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌ره‌وه‌ داوای‌ لێكراوه‌، له‌لایه‌ن چوار پۆلیسی‌ بنكه‌كه‌وه‌ به‌خراپی‌ لێیده‌درێت تا به‌هۆی‌ شكانی‌ جه‌سته‌‌و سه‌رو چاو لوت‌و ده‌م‌و ددانییه‌وه‌ توشی‌ خوێنبه‌ربون ده‌بێت، دواتریش هه‌ڵیانواسیوه‌ به‌ شیشه‌كانی‌ به‌ندیخانه‌دا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌سوكاری‌ به‌ندییه‌كه‌ داواده‌كه‌ن كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بكرێت‌و ئه‌و چوار كارمه‌نده‌ی‌ بنكه‌كه‌ بدرێنه‌ دادگاو كۆتایی‌ به‌ راژه‌كه‌یان بهێنرێت.
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی‌ (س) میدیا عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوی‌ چاودێریی‌ به‌ندیخانه‌كان له‌ به‌إێوه‌به‌رێتیی‌ چاودێریی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ سلێمانی‌، زانیارییه‌كانی‌ رۆژنامه‌ی‌ پشتڕاستكرده‌وه‌و وتی‌: "ئاگاداری‌ كێشه‌كه‌ی‌ (س)ن‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین‌و دواتر ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ئاشكرا ده‌كه‌ین".

گۆڕان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌كات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌إێی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ رۆژی‌ (28/9) داوا له‌ ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌كات، كه‌ به‌ زوترین كات رونكردنه‌وه‌ی پێویست بدات سه‌باره‌ت به‌ تێوه‌گلانی له‌ فرۆشتنی به‌شێك له‌ پشكه‌كانی كۆمپانیای (dno)ی نه‌رویجی به‌ كۆمپانیایه‌كی توركی.
به‌پێی نوسراوێكی ره‌سمیی كه‌ له‌لایه‌ن كوێستان محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵاوه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌، تا له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بكرێت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، داوایكردوه‌ به‌زوترین كات رونكردنه‌وه‌ی پێویست بدات ده‌رباره‌ی تێوه‌گلانی له‌ فرۆشتنی به‌شێك له‌ پشكه‌كانی كۆمپانیای (dno)ی نه‌رویجی به‌ كۆمپانیایه‌كی توركی به‌بڕی ده‌یان ملیۆن دۆلار، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌و ئاژانسی جیهانی‌و رۆژنامه‌ی ناوخۆییدا بڵاوبوه‌ته‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ كوێستان محه‌مه‌د، به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "به‌ ره‌سمیی نوسراومان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردوه‌ تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی بكات‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌مان بداته‌وه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تێوه‌گلانی له‌ فرۆشتنی پشكه‌كانی ئه‌و كۆمپانیا نه‌رویجییه‌".
له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ درێژی‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ (dno)و حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ دراونه‌ته‌ پاڵی‌ له‌ سایتی‌ فه‌رمیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا دوای‌ باسكردنی‌ باكگراوندی‌ كێشه‌كه‌و رۆڵی‌ كۆمپانیاكانی‌ (dno)و (گه‌نه‌ل ئینێرجی‌)، ئیعتیراف له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: ئه‌و كاره‌م بۆ سودی‌ هه‌ردو كۆمپانیاكه‌ (dno)و (گه‌نه‌ل ئینێرجی‌)‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم بوه‌.
 له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ نهێنیبونی‌ مامه‌ڵه‌كه‌، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ ده‌نوسێت: كاره‌كانمان به‌نهێنیی‌ كرد له‌ ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كه‌مان له‌لایه‌ن میدیای‌ نه‌رویجی‌‌و چه‌ند ناحه‌زێكه‌وه‌ نه‌قۆسترێته‌وه‌، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ ده‌نوسێت: زۆر له‌وه‌ ده‌ترساین مامه‌ڵه‌كه‌ بۆ خه‌ڵك بڵاوبكرێته‌وه‌، نه‌مزانی‌ كه‌ بۆرسه‌ی‌ ئۆسلۆ ئاگای‌ له‌ مامه‌ڵه‌كه‌یه‌، ئه‌گینا مامه‌ڵه‌كه‌م نه‌ده‌كرد، چونكه‌ كێشه‌كه‌ به‌سیاسیی‌ كرا.

متمانه‌ به‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م به‌خشرا
پێش نیوه‌‌ڕۆی (28/10/2009) په‌‌رله‌‌مانی كوردستان به‌‌شی یه‌‌كه‌‌می دانیشتنی ژماره‌‌ (7)ی خولی گرێدانی یه‌‌كه‌‌م له‌‌ساڵی یه‌‌كه‌‌می خولی سێیه‌‌می هه‌‌ڵبژاردن به‌‌ڕێوه‌‌چو، كه‌ له‌‌ دوبه‌‌ش پێكهاتبو، به‌‌شی یه‌‌كه‌‌می دوخاڵ‌ بو، كه‌ خاڵی یه‌‌كه‌‌می بریتیبو له‌‌وه‌‌ی سه‌‌رۆكی په‌‌رله‌‌مان هه‌‌ریه‌‌ك له‌ ‌سه‌‌رۆك‌و جێگری سه‌‌رۆكی ئه‌‌نجومه‌‌نی وه‌‌زیران كه‌‌ به‌ ‌بڕیاری ژماره‌‌ (12) له‌ ‌دانیشتنی ژماره‌‌ (4)ی رۆژی (16/9/2009) بۆ سه‌‌رۆك‌و جێگری سه‌‌رۆكی كابینه‌‌ی شه‌‌شه‌‌م ناونران پێشكه‌‌ش به‌‌ په‌‌رله‌‌مان ده‌‌كات بۆ متمانه‌‌ پێدانیان، خاڵی دوه‌‌می بریتیبو له‌‌وه‌‌ی سه‌‌رۆكی په‌‌رله‌‌مان داوا له‌‌سه‌‌رۆكی ئه‌‌نجومه‌‌نی وه‌‌زیران بكات ناوی وه‌‌زیره‌‌ به‌‌ڕێزه‌‌كان بخاته‌‌ڕو، ئینجا سه‌‌رۆكی په‌‌رله‌‌مان یه‌‌كه‌‌یه‌‌كه‌‌ پێشكه‌‌ش به‌‌ په‌‌رله‌‌مانیان ده‌‌كات تا متمانه‌‌یان پێبده‌‌ن.
هه‌ر یه‌ك له‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح‌و ئازاد به‌رواری‌ كاندیدی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ بون بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت‌و ژماره‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانیش كه‌مكرانه‌وه‌ بۆ (19) وه‌زاره‌ت‌و له‌م رۆژه‌دا سوێندی‌ یاساییان خوارد.
دوای ده‌‌سپێكردنی دانیشتنه‌‌كه‌‌ به‌‌شێك له‌‌ په‌‌رله‌‌مانتاران ره‌‌خنه‌‌یان له‌ ‌چۆنێتی رێوره‌‌سمی متمانه‌‌پێدان به‌‌ كابینه‌‌ی شه‌‌شه‌‌م گرت‌و دوای ده‌‌ربڕینی چه‌‌ندین بۆچون‌و بیری جیاواز، فراكسیۆنی گۆڕان بڕیاریاندا هۆڵی دانیشتن به‌‌جێبهێڵن.

ساڵی‌ (2009) به‌ تیرۆری‌ سیاسیی‌ كۆتاییهات
له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ (2009)دا بارودۆخی‌ ئه‌منیی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ گه‌یشتوه‌ته‌ دۆخێك، كه‌ مه‌ترسیی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ نه‌توانن پارێزگاریی‌ له‌ ئاسایشی‌ هاوڵاتییان بكه‌ن‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوه‌وه‌ چه‌ندین حاڵه‌تی‌ كوشتن‌و ته‌قه‌لێكردن‌و فه‌لاقه‌كردنی‌ هاوڵاتییان رویداوه‌.
له‌م مانگه‌دا چه‌ندین حاڵه‌تی‌ كوشتن‌و ته‌قه‌كردن‌و رفاندنی‌ هاوڵاتییان له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رویداوه‌، كه‌ به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ بونه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، یان كاریان بۆ گۆڕان كردوه‌.
ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردودا هه‌وڵی‌ كوشتن‌و برینداركردنیان دراوه‌ بریتین له‌ (رۆژنامه‌نوس به‌ختیار سه‌عید، كه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ سوتێنرا، رائید دارا تۆفیق ئاغا له‌لایه‌ن دو چه‌كداره‌وه‌ له‌ (7/11)دا له‌ گه‌ڕه‌كی‌ به‌ختیاری‌ به‌ بۆری‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ری‌‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ری‌ له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ ده‌شكێنن هه‌ڵدێن‌و به‌جێی‌ ده‌هێڵن، سه‌ردار قادر له‌ (4/12/2009) له‌ ماڵی‌ كه‌سێكی‌ نزیكی‌ خۆی‌ له‌ناوجه‌رگه‌ی‌ سلێمانیدا، درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌‌و تائێستاش ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و تاوانه‌ ئاشكرا نه‌كراون، هه‌روه‌ها (11) رۆژ له‌مه‌وبه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ناوی‌ یاسین عه‌بدوڵڵا له‌ گه‌ڕه‌كی‌ مامۆستایانی‌ سلێمانی‌ ته‌قه‌ی‌ لێكرا، جگه‌ له‌وه‌ی‌ بورهانی‌ حه‌مه‌ی‌ حه‌مه‌ ره‌مه‌زان له‌ گوندی‌ شانه‌ده‌ری‌ شاره‌زور له‌ نیوه‌شه‌وی‌ (22/12)دا، ته‌قه‌ی‌ لێكراوه‌و گوله‌ به‌ر ورگی‌ كه‌وتوه‌، هه‌روه‌ها كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوش ره‌ئوف زه‌ڕایه‌نی‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ تازه‌ كوژرا، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامده‌ری‌ ئه‌م كارانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆوه‌ بدۆزرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها نیوه‌ شه‌وی‌ (27/12)، چه‌ند چه‌كدارێك ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ له‌ ماڵی‌ به‌ختیار شێخ عوسمان ده‌كه‌ن، كه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌و قوربانییانه‌ له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ لایه‌نگری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانن، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ جێگه‌ی‌ گومان لای‌ هاوڵاتییان‌و چاودێرانی‌ سیاسیی‌.

Sbeiy.com © 2007