Print
 قادری حاجی عەلی: ئەم حكومەتەی ئێستا نە بەشداریی تێدا دەكەین، نە دەشمانەوێت تەعدیلی وه‌زاری بكات
Tuesday, July 5, 2011

سازدانی: رۆژنامه
قادری حاجی عه‌لی، سه‌رکرده‌ی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رۆکی شاندی دانوستانکاری "گۆڕان" له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، له‌م چاوپیکه‌وتنه‌دا به‌وردی تیشک ده‌خاته‌سه‌ر دواهه‌ڵوێست و بۆچونی بزوتنه‌وه‌ی "گۆڕان" له‌مه‌ڕ دانوستانه‌کانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات و هه‌ندێک باس و خواسی ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

رۆژنامە: مانگێكە دانوستان لەنێوان ئێوە وەك ئۆپۆزسیۆن و لایەنی دەسەڵاتدا دەستیپێكردوە، لەم ماوەیەدا چی رویداوە؟
قادری حاجی عەلی: ئەوەی رویداوە، تائێستا چوار كۆبونەوە كراوە. پڕۆژەیەك كە كۆبەندی هەمو ئەو پڕۆژانە بو كە هەبون، بە هی ئێمە و دەسەڵاتەوە، دراوە بە وەفدی دەسەڵات، پاش سێ كۆبونەوە، واتە كۆبونەوەی چوارەم، نوێنەرانی (یەكێتی و پارتی)، وەڵامی هەندێك لەپڕۆژەكەی ئێمەیان داوەتەوە لەگەڵ پڕۆژەیەكی خۆیاندا.

رۆژنامە: هەر لەسەرەتاوە، لایەنی دەسەڵات رەخنەی ئەوەی لەئێوە هەبو كە پڕۆژەكەی ئێوە، (70%)ی پڕۆژە چاكسازییەكانی ئەوانە لەبەرنامەی لیستی كوردستانی و پڕۆژەكانی تریاندا، پێتوایە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانتان، دەرمانی دەردەكانی (20) ساڵی حوكمڕانی هەرێم دەكات؟
قادری حاجی عەلی: پڕۆژەكەی ئێمە، گرفتەكان و چارەسەرەكانی سیستمی سیاسی هەرێمی دەستنیشانكردوە، هەم میكانیزمیشی بۆ جێبەجێكردنی داناوە، پێشتر ئەو پڕۆژانەی پێشكەشكراون، خاڵەكانی هەموی وەك دروشم و سەردێڕی نوسینی وتارێك بون، شیكردنەوە و تەفاسیلی تێدانەبوە؛ كە ئێمە هەستاوین شیمانكردوەتەوە و نەخشەڕێگاشمان بۆداناوە و وەك پڕۆژەیاساش پێشكەشمان كردوە، خۆ ئەگەر هەندێكی بریتیش بێت لەپڕۆژەو یاساكانی پێشو، گرنگ ئەوەیە كە جێبەجێ نەكراون، بۆیە لای ئێمە بون بەپڕۆژەو داواكاریی.

رۆژنامە: لەكۆبونەوەی سێیەمدا، بڕیاربو وەڵامی پڕۆژەكانتان بدەنەوە، بەڵام نە وەڵامیان دانەوەو نە ئێوە و ئەوانیش، قسەتان بۆمیدیاکان نەكرد؟
قادری حاجی عەلی: راستە، بڕیاربو وەڵامی پڕۆژەكانمان بدەنەوە و وتیان هەردو (م.س)و هەردو سەرۆك، نەیانبینیوە، بۆ ئێمە مایەی نیگەرانی بو، چونكە دەبو وەڵاممان وەربگرتایە و وەك بینیتان، ئەو كۆبونەوهیە، بێسەرەنجام و بێلێدوانی رۆژنامەوانی بو، بۆیە پەیمانیان دا كە هەر لەورۆژەوە دەستدەكەن بەكۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و لە ماوەی ئەوپەڕی پێنج رۆژدا، وەڵام دەدەنەوە، ئەوەبو دوای پێنج رۆژ، كۆبونەوەی چوارەم ئەنجامدرا، چاوەڕێمان دەكرد وەڵامی كۆتاییمان لەسەر پڕۆژەكانمان بدەنەوە و موناقەشەی ئەوەبكەین، چییان قبوڵەو چییان قبوڵ نییە، بەڵام بۆ ئێمە موفاجەئە بو كە وتیان ئێمەش پڕۆژەمان هەیە، هەرچەندە مافی خۆیانە كە پڕۆژەیان هەبێت، بەڵام دەبو زوتر پێشكەشیان بكردایە، یان كە ئێمە پڕۆژەمان دانێ، گفتوگۆیان لەسەر پڕۆژەكانی ئێمە بكردایە.

رۆژنامە: دەوترێت، لە كۆبونەوەی سێیەمدا، هەندێك گرژیی رویدا، لەسەر چی بو؟
قادری حاجی عەلی: لەڕاستیدا، هەندێك شت لەسەر ئەرزی واقیع رویدابو، ئەوان گلەییان لەوەبو كە هەندێك لێدوان و چاوپێكەوتن لە ئیعلام هەبوە، ئێمەش هەوڵماندەدا بچینەسەر شتە ئەساسییەكان، چونكە بە تەجروبەی ئێمە، ئەوانە كاتێكی زۆرمان لێدەبات، هەم مفاوەزاتی كورد لەگەڵ بەعس و هەم مفاوەزاتی پارتی و یەكێتی، هەمو جارێك لەبەینی دو كۆبونەوەدا كێشە دروستدەبو، ئیتر كێشەكان بەسیستماتیك دەكران، یان بەئاگاداری سەركردایەتییەكان دەكران، یان خەڵكێك هەبو بەرژەوەندی لەوەدابو كێشە دروست ببێت، لەوكاتەدا لەجیاتی ئەوەی بچنەسەر مەسەلە ئەساسییەكان، دەچون باسی شتە لاوەكییەكانیان دەكرد، لەكاتێكدا ئێمە چەندین سەرپێچی ئەوانمان دژی چالاكوانان و خەڵكی سڤیل و رۆژنامەنوس، هەر لەو ماوەیەدا تۆماركردبو، ئەگەر هەموی باسكرایە، لەكۆتاییدا كات نەدەمایەوە بۆ شتە ئەساسییەكان، كاتێك هاتینە سەر باسكردنی پڕۆژەكان، وتیان پڕۆژەكانمان لایە، بەڵام پیشانی هەردو مەكتەبی سیاسی و دو سەركردەكەمان نەداوە، ئیتر بۆ ئێمەو خەڵكی، كارێكی ناخۆش بو كە چاوەڕێمان دەكرد وەڵامی پڕۆژەكەمان بدرێتەوە و ئەنجامێكمان دەستبكەوێت، بەڵام دواكەوتبو كە ئەمە هەندێك گرژیی لێ پەیدابو.

رۆژنامە: بابێینە سەر پڕۆژەكەی لایەنی دەسەڵات، هەندێك لەچاودێران پێیانوایە، كۆمیدیایە دەسەڵات پڕۆژەی چاكسازی لەوڵاتدا بخاتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
قادری حاجی عەلی: ئەوان، مافی خۆیانە پڕۆژەیان هەبێت، بەڵام بەلای ئێمەوە، كارێكی زۆر لۆژیكی نەبو كە دوای سێ كۆبونەوە و بە وجودی پڕۆژەكەی ئێمە، كە خۆیان تاڕادەیەك بە ئیجابی وەسفیان كرد، پڕۆژە پێشكەش بكەن، كە پێمانوایە پێویستی نەدەكرد، بەتایبەت كە پڕۆژەكەی ئێمە، كۆبەندی هەمو پڕۆژە پێشكەشكراوەكانی پێشو بو، بەوانەی ئەوانیشەوە، كە لە شەش پاكێجدا پێشكەشمان كردبو، لەبەرئەوە ئێمە وامان تەسەور دەكرد، ئەمە كافیی بێت بۆگفتوگۆ، لەڕاستیدا پێویستی نەدەكرد دەسەڵات، پڕۆژەی تر بكاتە جێگەی گفتوگۆ، چونكە خۆیان بە پڕۆژەو بەرنامەوە لە هەڵبژاردندا سەركەوتنو ئەركی ئەوان بو كە ئەو بەرنامەو پڕۆژانە جێبەجێبكەن، ئیتر چ پێویست دەكات پڕۆژەی تر بدەنە ئێمە.

رۆژنامە: سەرنج و بۆچونی تۆ لەسەر پڕۆژەكەی دەسەڵات چییە؟
قادری حاجی عەلی: ئەوەی من تێگەیشتم لە پڕۆژەكانی ئەوان، دەبوایە ناویان نەنایە پڕۆژە و بیانوتایە سیناریۆكانی ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی سیاسی لە كوردستان.

رۆژنامە: بۆچی پێتانوایه پڕۆژەكەی ئەوان، كێشە بنەڕەتییەكانی دەستنیشان نەكردوە؟
قادری حاجی عەلی: ئەوان، لەپڕۆژەكەیاندا، شتەكانیان زۆر بە گشتی خستوەتەڕو، بۆنمونە دەڵێن: پێویستە ئاشتی و سەروەریی یاسا و عەدالەت و شەفافییەت هەبێت، كە ئەمانە زۆر گشتین و رونكردنەوە و میكانیزمی جێبەجێكردنی تێدا نییە، ئەوەی من تێیگەیشتوم، دانانی چەند سیناریۆیەكە، كە دەیانەوێت بە ئێمە بڵێن، ئەم سیناریۆیانە هەن، ئێوە لەگەڵ كامیاندان، چونكە لەیەكەم رۆژی كۆبونەوەوە پێمان دەڵێن، ئێوە ئەو چاكسازییانەتان دەوێت لەسیستمی سیاسیدا، ئەی ئێوە بەشداریی دەكەن لەحكومەتدا؟، ئێمە هەمیشە گفتوگۆكردنمان لەسەر ئەم پرسیارە دواخستوە بۆ كۆتایی، چونكە دانوستاندنەكانمان كردوە بە دو میحوەری سەرەكییەوە، كە یەكێكیان مەسەلەی باسكردنی چاكسازییە لە كوردستان و سیستم چۆن چاك دەكرێت، هەركاتێك ئەمە تەواو بو، ئینجا باسی ئەوە دەكرێت كە ئایا چ حكومەت و دەسەڵاتێك دەتوانێت ئەمە جێبەجێ بكات، ئەوساكە بەشدارییو بەشدارینەكردن قابیلی بەحسە.

رۆژنامە: بونی پڕۆژە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بە مانای رەتكردنەوەی پڕۆژەكانی ئێوە دێت؟
قادری حاجی عەلی: وا تێناگەمو هیواداریشم، بەو لۆژیكە بیرنەكەنەوە.

رۆژنامە: پێتوایە، بونی پڕۆژە لەلایەن دەسەڵاتەوە كە ئێوە پێشتر پڕۆژەتان پێشكەش كردوە، رەوتی گفتوگۆكان ئاڵۆز بكات؟
قادری حاجی عەلی: پێموایە، بەو شێوەیە نییە و ئاڵۆزی ناكات، من وەك بۆم باسكردیت، ئەوان سێ سیناریۆیان لەبەردەمی ئێمەدا داناوە و دەیانەوێت ئەوەمان پێبڵێن، ئەگینا پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی گشتییە، لێرەدا من لە گرنگی پڕۆژەكەی ئەوان كەم ناكەمەوە، بەڵام بەگشتی هێڵی فراوانن.

رۆژنامە: ئەوان لە پڕۆژەكەیاندا، سێ سیناریۆیان خستوەتە بەردەم ئێوە، كە دەڵێن:1- لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش رێكدەكەوین، حكومەتی بنكەفراوان و هەڵبژاردنی پێشوەختیش بگرێتەوە. 2- یان رێككەوتنێكی سیاسیی نوێ، بە پرەنسیپ و ئالیەتی زیندو، مۆر دەكەین. 3- بە رێوشوێنی گونجاو، لەچوارچێوەی یاساو رێساكاندا، ئێوە وەكو ئۆپۆزسیۆنی دیموكراسی دەمێننەوە و ئێمەش هەتا هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی ئایندە، درێژە بە كاروان دەدەین. سەرنجی ئێوە لەسەر ئەم سێ تەرحە چییە؟
قادری حاجی عەلی: بەڵێ، لەو سێ سیناریۆیەدا، لەخاڵی یەكەمدا، بەشداری حكومەتی بنكەفراوان بكەین، دوەمیان یان ئەوەیە رێككەوتنێكی سیاسی بكەین، كە تائێستا لامان رون نییە و بۆشیان شیكردینەوە، بەڵام نەمانتوانی بگەینە ئەنجامێكی تەواو لەتێگەیشتنی، من خۆم واتێگەیشتم، دەیانەوێت رێككەوتنێكی سیاسی وابكەین وەكو ئەوەی كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا هەیە، لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشدا هەبێت و لەجیاتی رێككەوتنی دوقۆڵی، ببێت بە پێنجقۆڵی و كوردستان جارێكی تر بە رێككەوتنێكی دیكەوە ببەستینەوە، كە ئێمە ئەوەمان پێباش نییە. حاڵەتی سێیەمیان، ئەوەیە كە ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام، ئێمە ئۆپۆزسیۆن بین و ئەوانیش دەسەڵاتدار بنو شتەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، بەڵام مەرجێكیان داناوە كە دەڵێن ئێمە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن دەبین، ئۆپۆزسیۆنی دیموكراسی دەبین، تێناگەم، ئایا ئەوان لەو حاڵەتەدا ئۆپۆزسیۆنی بێدەنگكراویان دەوێت؟!

رۆژنامە: دەسەڵات، لەپڕۆژەكەشیاندا، زیاتر لایەنگری خاڵی یەكەمن كە ئێوە پێی رازیبن بە بەشداریكرن لە حكومەت كە دەڵێن «بەش بەحاڵی پارتی و یەكێتی، رێككەوتن لەسەر خاڵی یەكەم، گرنگترە لامان. چاوەڕوانیشین بۆچونەكانیشمان لەسەر خاڵی یەكەم، یەكبگرێتەوە»، ئایا ئێوە، لایەنگری كام لەو سێ تەرحەن؟
قادری حاجی عەلی: تائێستا، لایەنگری هیچكامێك لەو خاڵانە نین، دەستمانكردوە بە زنجیرەیەك لەكۆبونەوە لەگەڵ خەڵكی خۆمان و رێكخستن و لایەنگرەكانمان بەهەمو پێكهاتەكانییەوە، بۆئەوەی ساغ ببینەوە، تا چ حەدێك ئێمە وەكو وەفدی مفاوز، یان وەك سەركردایەتی «گۆڕان»، مەجالمان هەیە بچینە پێشەوە و تا چ رادەیەك، ئەو سێ سیناریۆیەی باسیان كردوە، لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان.
وەك وتم، گفتوگۆكەمان دو تەوەرە كە یەكەمیان: باسی چاكسازی سیاسی و سیستم و دوەمیشیان: باسی جۆری جێبەجێكردنی، كە ئێمە جارێ لەمیحوەری یەكەمداین، ئەو سێ پرسیارەی ئەوانیش، دەكەونە پاش بڕانەوەی تەوەری یەكەم بە ئیجابی.

رۆژنامە: ئەو پڕۆژانەی ئێوە كە داوتانه بە دەسەڵات، جێبەجێكردنیان لەم واقیعەدا، قورس نییە؟
قادری حاجی عەلی: نەخێر، قورس نییە، ئێمە سێ جۆر میكانیزم بەگونجاو دەزانین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانمان و بۆ وەفدی دانوستانكاری دەسەڵاتیشمان باسكردوە و پێمانوتون، ئەگەر ئێوە بەقورسی دەزانن، دەتوانین فیكرەیەكتان بدەینێ كە چۆن جێبەجێدەكرێت، كە ئەمانەن: یەكەم: هەندێك لەو داوایانەی ئێمە كردومانە، سەرۆكی حكومەت، یان ئەو حكومەتەی ئێستا هەیە، دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان، جێبەجێی بكات، چونكە هەندێكی حكومەت رایگرتوە. دوەم: هەندێكیشی سەرۆكی هەرێم، دەتوانێت بەبڕیارێك دەریبكات و كارێ بكات، كە پێشتر نەكراوە. سێیەمیش: هەندێكیشی لەوانەیە كە دەبێت بەتوافوقی سیاسی بێتو بچێتەوە پەرلەمان، وەك: مەسەلەی دەستور و ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە.

رۆژنامە: له‌م گفتوگۆیانه‌دا، چۆن له مەسەلەی گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌موارکردنه‌وه‌ی دەستور، پێداده‌گرن؟
قادری حاجی عەلی: گرنگترین مەسەلە، دەستورە كە دەبێت هەموار بكرێت بە جۆرێك كە سیستمی پەرلەمانی تیا جێگیر بكرێت و ئەو بەندانەی تریش كە بەلامانەوە پەسەند نین، چاكبكرێن و یەكبگرنەوە لەگەڵ دەستوری عێراقدا، كە كورد بەتایبەتی سەركردایەتی ئەو دو حیزبە، رۆڵی گرنگیان لە دروستكردن و تێپەڕاندنیدا هەبوە. واتە، دەبێت بە سازان، لەمیانەی هێزە نیشتمانییەكاندا، هەموار بكرێت، ئینجا بخرێتە راپرسییەوە. هەروەها سەبارەت بەو یاسایانەی تریش كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، دەبێت زۆرینەی خەڵك لێیان رازی بێت، چونكە پەیوەندییان بە حیزبێك یان دوانەوە نییە، بەڵكو په‌یوەندییان بەهەمو خەڵكەوە هەیە.

رۆژنامە: بەبۆچونەكانتدا، وادیارە كە پڕۆژەكەی دەسەڵات، لەئاستی خواستی ئێوەدا نییە، بەڵام هەندێك لەچاودێران پێیانوایە، خۆی لەخۆیدا، داننان بە كەموكورتی و گرفتەكانیش دەستكەوتە، بۆنمونە: پڕۆژەكەی (یەكێتی و پارتی)، باس لە نەهێشتنی میلیشیای حیزبی دەكات، كە ساڵێك بەر لەئێستا نكوڵییان لەشتی وادەكرد و خەڵكیان لەدژی پەرلەمانتارێكی ئێوە هاندا، كە باسی میلیشیای كردبو.
قادری حاجی عەلی: فیعلەن لەپڕۆژەكەدا، هەندێك شت سەلماوە كە پێموابێت، هەندێك خاڵی هاوبەش دروست بوە كە جێگەی ئومێدە، بەڵام هێشتا ماومانە و ئێمە چوار كۆبونەوەمان كردوە، هێشتا سەرەتا بوە و لەمەودوا كۆبونەوەی جدیی دەستپێدەكات و دەزانین رادەی گەشبینییو رەشبینی دیاریی بكەین. 

رۆژنامە: بابێینە سەر مەسەلەی بەشداربونی ئێوە لە حكومەتدا، ئایا ئێوە بەشداریی لەم حكومەتەدا دەكەن، یان لەگەڵ پێكهێنانەوەی حكومەتێكی دیكەدان؟
قادری حاجی عەلی: پێموابێت، زۆر بەڕونی لەپڕۆژەكەماندا نوسراوە، پێكهێنانەوەی حكومەت: حەزەكەم بەڕاشكاویی ئەوەت پێبڵێم: ئەم سێ لایەنەی ئۆپۆزسیۆن، هەرسێكمان رامان وایە، ئەم حكومەتەی ئێستا، نە بەشداریی تێدا دەكەین، نە دەشمانەوێت تەعدیلی وه‌زاریی بكات، نەهیچی تر، ئێمە باس لە حكومەتێكی تر دەكەین، كێشەكەش چییە، رەنگە هەندێك كەس بڵێت، ئێوە غەدر لەم حكومەتە دەكەن، چونكە ئیرادەی بەدەست حیزبەكانەوەیە، بەڵام لەهەمو حاڵەتێكدا ئەم حكومەتە، لەكاتێكدا حوكمی كردوە، خەڵك بێزاربوە و كێشەكانی چارەسەرنەكراون، خەڵك بەدەستی كاربەدەستەكانی ئەم حكومەتە كوژراوە، تۆمەتباران ناگیرێن. ئەم حكومەتە، نایانگرێت، دوجار لەشكركێشی كراوە بۆسەر خەڵكی سڤیلی شاری سلێمانی، كە لەژێر چاودێریی ئەم حكومەتەدا بوەو نانی خەڵكی بڕیوە، حكومەت بەرپرسیارە لەمانە، سەرباری كۆمەڵێك كێشەی تر كە وای لێهاتوە، چارەسەركردنی بەم حكومەتە ئاسان نەبێت.

رۆژنامە: واتە، ئێوە وازتان لەبیرۆکه‌ی وازهێنان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت نەهێناوە؟
قادری حاجی عەلی: نەخێر، كەس باسی ئەوەی نەكردوە، چونكە تائێستا دانوستاندنەكان نەگەیشتونەتە ئەوەی كە باس لەوە بكەین، ئەوان ئەو سیناریۆیانەیان بۆیە هێناوەتە پێشەوە لەپڕۆژەكەیاندا، كە ناویان ناو پڕۆژە، بۆئەوەی بێینە سەر ئەو خاڵە، بەڵام ئێمە تائێستا لەچوار كۆبونەوەدا وتومانە، گرنگ چاكسازییە سیاسییەكانە و دەستكاری ئەو سیستمەیە كە ئێمە خۆمان بەسەقەتی دەزانین.

 رۆژنامە: به‌ڵام بــــەڕێز مەلا بەختیار، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستاندا، دەڵێت: ئەوان، وازیان لەمەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت هێناوە؟
قادری حاجی عەلی: من، خۆم گوێم لەقسەكانی كاك مەلا بەختیار نەبوە و فرسەتی ئەوەشم نەبوە لە رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» بیخوێنمەوە،  به‌ڵام بیستم كاك بەختیار، خۆی ئاگادارە كە ئێمە چەند جار وتومانە، ئەم حكومەتە دەركەن لەمەسەلەی مفاوەزات، ئەگەر هاتینە سەر ئەوەی باسی حكومەت بكەین، باسی حكومەتێكی تردەكەین كە كاتییە و بۆ دو ئەركی گرنگ دادەمەزرێت.
یەكێكیان ئەوەیە، ئەم چاكسازییە سیاسییانە جێبەجێ بكات، ئەوەندەی كە دەكەوێتە سەرشانی، دوەمیان، ئەو میكانیزمانە جێبەجێبكات كە هەڵبژاردنێكی پێشوەختی تێدا دەبێت و لەو هەڵبژاردنەدا هەلی هەمو لایەنەكان وەك یەك بێت، كە دەڵێین پێكهێنانەوەی حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت، پێموابێت، هەردوكی زۆر رونە كە هەمان مەبەست دەپێكن.

رۆژنامە: وەختێك رەخنە لەم كابینەیە دەگرن، رەخنەی ئەوەتان لەسەرە كە كێشەی شەخسیتان هەبێت لەگەڵ حكومەتەكەو شەخسی سەرۆكی حكومەتو كەسە دیارەكانی تری حكومەت؟
قادری حاجی عەلی: حەزدەكەم بەدڵنیاییەوە هەمو كەسێك بزانێت، شتی شەخسیمان لەگەڵ هیچ كەسێكدا لەوكەسانە نییە، بەتایبەتی كە باسی د. بەهەم دەكرێت، بەپێچەوانەوە، ئێمـــــە پێمانوایە، د. بەرهەم، پیاوێكی بە ئیمكانییەتە و ئەگەر ئەم سیستمە وانەبوایە، رەنگە پیاوێكی زیاتر بەسود بوایە لەوەی كە ئێستا هەیە، لەبەرئەوە هەمو لایەك دڵنیادەكەینەوە، هیچ شتێكی شەخسیمان نە لەگەڵ كاك بەرهەم و نە لەگەڵ كەسی تردا نییە، بەڵكو لەگەڵ سیستمەكەدایە، كە خۆی ناڕێكە و سەرەنجام كەسەكانیش سەقەت دەكات.

رۆژنامە: هێشتا شەقام، ئەنجامێكی دڵخۆشكەریان لادروست نەبوە و پێشیانوایە: دەبێت سەقفێكی دیاریكراو هەبێت بۆ كۆبونەوه‌كانتان و زۆر درێژە نەكێشێت، رای ئێوە چییە؟
قادری حاجی عەلی: خەڵك، هەقی خۆیەتی ئەو داوایەی هەبێت، بەڵام لەڕاستیدا، ئەم كێشانەی كە هەن، درێژكراوەی (20) ساڵی رابردون و رەنگە نەتوانرێت بە سێ تا چوار كۆبونەوە چارەسەر بكرێن، من خۆشم بۆچونم وایە كە زو تەواو ببێت، بەڵام پەلەكردنیش سەرەنجامێكی باشی نابێت، لەگەڵ درێژەكێشانیش نین و بەبرادەرانی دەسەڵاتیشمان وتوە، هەتا ئەوانیش بەئێمە دەڵێن، لەگەڵ درێژەكێشاندا نین.

رۆژنامە: قسەی ئەوە دەكرێت، ئەگەر ئەم دانوستاندنانە ئەنجامێكی باشیان نەبێت، جەماوەری ناڕازی و ئێوەی ئۆپۆزسیۆن، بڕژێنە سەرشەقام، تاچەند ئەگەرێكی بەهێزە؟
قادری حاجی عەلی: ئێمە، جارێ لە گفتوگۆداین و هەمو ئومێدێكمان ئەوەیە بە ئاشتی كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر بەئاشتی چارەسەرنەكران، دڵنیام لەوەی كە خەڵك توشی بێئومێدییەكی زۆر دەبێت.

رۆژنامە: لەپڕۆژەكەی دەسەڵاتدا، باس لە هیچ رێوشێنێك ناكات كە بگیرێتەبەر لەبەرامبەر بكوژانی خۆپیشاندەران، هاوكات هەستدەكرێت كە ئێوەش ساردن لەبەرگریكردن لەمافی بنەماڵەی شەهیدەكان؟
قادری حاجی عەلی: لەپڕۆژەكەی دەسەڵاتدا كە داویەتی بە ئێمە، باس لە سەروەریی یاسا دەكات و پێموایە، ئەمە یەكێكە لەو شتانەی كە دەتوانرێت ئیمتیحانی ئەم دەسەڵاتەی پێبكەیت، واتە كە تۆ دەتەوێت یاسا سەروەر بێت، دادگا چ بڕیارێكی دەركرد، دەبێت جێبەجێبكرێت لەلایەن لایەنی جێبەجێكەرەوە، كە حكومەتە. ئێمە زۆر بەتوندی و پێداگیرییەوە داوامان كردوە و وتومانە، ئەمە داواكارییەكی جەماوەری و كەسوكاری شەهیدانە و داوای ئێمەشە وەك ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەداخەوە تا كۆبونەوەی چوارەمیش، ئەوان پشتگوێیانخستوە، بەڵام رۆژێك هەردێت كە دەبێت دەستی عەدالەت بگاتە ئەوانەش كە تاوانبارن.

رۆژنامە: تەنازولی لێناكەن؟
قادری حاجی عەلی:  نەخێر، تەنازولمان لێنەكردوە و لێشی ناكەین، ئەوە مافێكە قابیلی وازلێهێنان نییە.

رۆژنامە: بابێینە سەر تەوەرێكی تر، زۆر باس لەوەدەكرێت كە بەم نزیكانە كۆنگرە دەبەستن، بەنیازن ئەمساڵ كۆنگرەی بزوتنەوەكەتان ببەستن؟
قادری حاجی عەلی: بەڵێ، لە خۆئامادەكردنداین بۆ كۆنگرە.

رۆژنامە: ئامادەكاریتان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كردوە؟
قادری حاجی عەلی: بەڵێ، ئەو ژوور و بەشانەی كە پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەوە هەیە، خەریكی كاری خۆ ئامادەكردنن، هەرچەندە لەو باوەڕەدام كە هەڵبژاردنەكە دوادەكەوێت.

رۆژنامە: چۆن دەڕوانیتە ئەدای فراكسیۆنەكەتان لە پەرلەمانی كوردستان، كە لەرابردودا، هەست بە هەندێك ناكۆكی دەكرا لەنێو فراكسیۆنەكەدا؟
قادری حاجی عەلی: ئەگەر دەتەوێت بەڕاشكاوانە قسەت لەگەڵ بكەم، فراكسیۆنەكەمان لەو ماوەیەی پێشودا، تووشی كۆمەڵێك كێشە و كاری ناجۆر بوە. دیارە ئێمە هەندێك گلەییمان هەبوە و بەڕاشكاوانە پێمانوتون، ئەوانیش بڕیاریان داوە، ئەو كێشانە چارەسەر بكەن كە هەندێك كێشەی ناوخۆییان هەبوە و خۆشبەختانە، خەریكە تێدەپەڕێنرێن، هەروەها رای جیاواز هەبوە كە ئێمە پێمان ناخۆش نییە و شتێكی سروشتییە، هەندێك لێدوانیان داوە كە واقیعی نین، رەنگە پێی نیگەران بوبین و قسەشمان لەگەڵدا كردون، هەروەها دەنگیان بە هەندێك بڕیاریش داوە لەپەرلەمان، كە ئێمە پێی رازی نەبوین و گلەیمان لێكردون، من بەڕاشكاوانە پێم و تون: ئێمە لەهەڵبژاردندا، بە بەرنامەیەكەوە بەشداریمان كردوە و بە هەوڵی هەمو لایەك هەڵبژێردراون بۆ پەرلەمان، كە جێبەجێكەری ئەم بەرنامەیەبن، كە خۆی دژی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە، كە ئێوە دەچن، دو حاڵەتتان لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا بەشداری دەكەن لەچاككردنی ئەو گەندەڵییەدا، یان ئەگەر نا، ئەوا پریشكی ئەو گەندەڵییە ئێوەش دەگرێتەوە، که‌واتە لەمەسەلەی ئیمتیازات و دەستكەوتدا، دەبێت زۆر خۆنەویست و حەدی بن.

رۆژنامە: رەخنەی ئێوە لە پەرلەمانتارەكانتان بە رازیبونیان بە هەندێك بڕیار، مەبەستت یاسای زیادكردنی پاسەوانی پەرلەمانتارە؟
قادری حاجی عەلی: بەشێك لە رەخنەكانمان ئەوەبو، بەشێكیش پێشتر هەبو كە حاڵەتی زیادكردنی سەیارە و پارە كە بەدڵنیاییەوە پێت دەڵێم، هەمویان نەبوون، بەڵكو بەشێكیان بوە، بەشێكیان دەڵێن، تێنەگەیشتن هەبوە لەمەسەلەكان و بەشێكیش بۆ پەلەكردنی دەگه‌ڕێننەوە و هەشیانە هەر نیەتی وابوە، بەڵام ئێستا بۆچونێكی تری هەیە.

رۆژنامە: هاوكات لەم ماوەیەدا، سێ ئەندامی فراكسیۆنەكەی ئێوە، دانیشتنەكانیان بایكۆت كردوە، ئەم مەسەلەیە بەكوێ دەگات؟
قادری حاجی عەلی: ئەوە هەڵوێستێكی شەخسی خۆیانە لەهەڵسوكەوتی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لەو سیستم و ئیش و كارانەی كە لەپەرلەماندا دەكرێن، جگە لە قەناعەتیان بەوەی كە دەبوایە پەرلەمان، رۆڵێكی كاریگەری هەبوایە لە داواكارییەكانی خەڵكدا.

رۆژنامە: بەڵام، هەندێك لە پەرلەمانتارانتان، گلەیی ئەوە لە سەركردایەتی گۆڕان دەكەن كە بەچاوێك سەیری هەمویان ناكەن، بۆچی ئەو تایبەتمەندییە دەدەن بەو سێ پەرلەمانتارە، بەڵام بۆ ئەوانی تری بەڕەوا نابینن؟
قادری حاجی عەلی: باوەڕناكەم شتی واهەبێت، ئەگەر بۆچونێكی واش لای هەندێك لە برادەران هەبێت، پێموایە كە بۆچونێكی زۆر هەڵەیە و ئەوانە هەمو خوشك و برای ئێمەن و هەركامێكیان هەڵەیەك بكات، لەسەر بزوتنەوەكە دەكەوێ و كاری باشیش بكەن، دەبێتە دەسكەوت بۆ بزوتنەوەكە و هەمو لایەك، لەبەرئەوە دەبێت وەك یەك و بەیەك چاو سەیریان بكەین.

Sbeiy.com © 2007