Print
 (دادوەر) سالار رەئوف: گردی زەرگەتە؛ موڵکی كۆمپانیای وشەیە
Wednesday, August 10, 2011

سازدانی: سیروان ره‌شید
لە (27/2)ی ئەمساڵدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری گەڕانەوەی ئەو موڵكە داگیركراوانەی دەركرد، كە لەلایەن حیزب و كەسێتی و لایەنی دیكەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا؛ ئەو موڵكانە بگه‌ڕێنرێنەوە بۆ حكومەت. لە ئێستادا، كە چەند رۆژێكی ماوە بۆتەواوبونی وادەی ئەو شەش مانگە، رۆژنامە ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ دادوەر سالار رەئوف مەحمود، سەرۆكی لیژنەی گەڕانەوەی موڵكی گشتی لە پارێزگای سلێمانی سازكرد.

رۆژنامە: ئەنجومەنی وەزیران لە (27/2)ی ئەمساڵدا بڕیاری گەڕانەوەی موڵكە داگیركراوەكانی دەركرد، كە لەئێستادا نزیكدەبێتەوە به تێپه‌ڕبونی (6) مانگ بەسەر ئەو بڕیارەدا، ئێوە وەك لیژنەی گه‌ڕاندنەوەی موڵكی گشتی لە پارێزگای سلێمانی، تائێستا چیتان كردوە؟
دادوەر سالار رەئوف: لەدوای دەستبەكاربونی لیژنەكەمانەوە، ئێمە لەكۆتایی مانگی (نیسان)ەوە دەستمان بەكارەكانمان كردوە، بەدیاریكراویش ئەگەر لەیادت بێت لە سەرەتای مانگی (ئه‌یلول)دا، یــــــەكەم كۆبونەوەی خۆمان ئەنجامداوە، لەدوای ئەو كاتەشەوە ئاگاداری سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتمان كردوە، كە بەلیست سەرجەم موڵك و ماڵی خۆیان رەوانەی ئەو لیژنەیە بكەن و تێیدا دیاری بكەن، كە لەژێر دەستی چ لایەكدایە، ئایا كۆمپانیایە، یان حیزبە، یاخود هاوڵاتییە، لەم روەوە فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەو كارە هەڵساون و تەنیا قەزای پشدەر ماوە، كە ئەو لیستەمان بۆبنێرن.

رۆژنامە: بەپێی فەرمانەكەی ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە سەرجەم وەزارەتەكان دەكات، تۆماری موڵكە داگیركراوەكان بدەن بە فەرمانگەی خانوبەرەی میریی، ئایا وەزارەتەكان ئەمەیان كردوە؟
دادوەر سالار رەئوف: زۆربەی فەرمانگەكان، بەلیست موڵكەكانی خۆیان حەسر كردوە و ناردویانە بۆ لیژنەكەی ئێمەو ئێمەش موڵك بەموڵك دۆسیەمان بۆ كردونەتەوە و كاری تەبلیغاتكاریمان بۆ كردوە، تاوەكو لەماوەی ئەو (شەش) مانگەدا، كە ماوەی ئارەزومەندانەیە؛ هەڵسن بەدیاریكردنی موڵكەكە.

رۆژنامە: جۆرەكانی داگیركردنی موڵكی گشتی چۆنە كە لەلایەن حیزب و كەس و لایەنی ترەوە داگیركراون؟
دادوەر سالار رەئوف: هەرموڵكێك ئەگەر پێناسەی موڵكی گشتی بەسەردا بچەسپێت، ئەگەر لەژێر دەستی دەوڵەتدا نەبێت و بۆ بەرژەوەندی گشتی بەكارنەهێنرابێت و لەژێر دەستی لایەنێكی تردا بێت، بەبێ ئەوەی رەچاوی رێگا یاساییەكان كرابێت، واتە داگیركراوە، چونكە یاسایەك هەیە دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ موڵكی گشتییدا، كە یاسای ژمارە (32)ی ساڵی (1986)ە، كـــــە مامەڵەكردن لەگەڵ موڵكە گشتییەكاندا دیاریی دەكات، ئەویش بە بەكرێدانەوە بێت، یان بە فرۆشتن، بەدەر لەو یاسایە بەداگیركردن حساب دەكرێتو فەرمانگەكانی دەوڵەت بۆیان نییە، ئارەزومەندانە بڵێن؛ ئەو موڵكە بە «ئیباحە» بدرێت بە یەكێك، كە ئیباحە بریتییە: لەوەی بەكاری بهێنیت بەبێ بەرامبەر.

رۆژنامە: موڵكە داگیركراوەكان بەشێكیان تاپۆكراون و بەشێكیشیان بێتاپۆن و دەستیان بەسەردا گیراوە، ئایا رێژەی ئەوانە چەندن، كە تاپۆنەكراون؟
دادوەر سالار رەئوف: ئەوەیان ناتوانم بەژمارە دیاریی بكەم، كە بەشێكی پەیوەندیی بە بارودۆخی كوردستانەوە هەیە، زۆر شوێن هەیە تاوەكو ئێستا ئیفراز نەكراوەو تۆمارنەكراوە، یاخود تەسویە نەكراوە، لەبەر ئەوە ناتوانین ژمارەیەكی دیاریكراو بدەین، بەڵام ئەوانەی تۆماركراون مامەڵەكردنیان ئاسانترە، تا ئەوانەی كە تۆمارنەكراون، بەتایبەتی موڵكە كشتوكاڵییەكانن كە تۆمارنەكراون.

رۆژنامە: بەو پێیەی لەم چەند مانگەدا بەچڕیی ئیشت لەم بوارەدا كردوە، بە بەراورد كامیان رێژەیان زۆرترە، ئەو موڵكە داگیركراوانەی تاپۆكراون، یان ئەوانەی تائێستا بێ تاپۆن؟
دادوەر سالار رەئوف: ئەوانەی كە تاپۆنەكراون، رێژەیان زۆرترە.

رۆژنامە: وەك كوێ بەنمونە؟
دادوەر سالار رەئوف: نمونەی سیتەك، ئەو هەمو موڵكە لەبەر ئەوەی تەسوییە نەیگرتوەتەوە، ئێستا لەژێر دەستی هاوڵاتییاندا هەمویان بون بە مەزرەعە.

رۆژنامە: كەواتە موڵكەكانی سیتەكیش دەكەونە چوارچێوەی كارەكانی ئێوەو دۆسیەیان بۆ دەكەنەوە؟
دادوەر سالار رەئوف: بەڵی، بە موڵكی گشتی حساب دەكرێت، ئەوەتا مامەڵەیان لەسەر كراوەو  حكومەتیش بۆخۆی چاوپۆشی لێكردوە. هەمو ئەوانە دۆسیەمان بۆ كردونەتەوە، بەڵام بەكوردییەكەی لەبەر ئەوەی ئەو خەڵكانەی لەوێ ئیشیان تیاكردوە و حكومەتیش چاوپۆشیی لێكردون، واتە مافێكی هاوڵاتی دروستبوە لەسەر ئەو شوێنەو یاسا چارەسەری ئەو شوێنەی كردوەو چارەسەركردنی، ئیشی لیژنەكە نییە،  ئێمە تەنیا وەكو دۆسیە بۆمان كردونەتەوە، بەڵكو حكومەت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش.

رۆژنامە: بەپێی بڕگەیەكی فەرمانەكەی ئەنجومەنی وەزیران، دەڵێت: بینا خزمەتگوزارییە داگیركراوەكانی وەك قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەكان و نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی... دەبێت لەماوەی (شەش) مانگدا لەڕۆژی ئاگاداركردنەوەیان بگەڕێنرێنەوە، بەتایبەت لەم روەوە تائێستا چی كراوە؟
دادوەر سالار رەئوف: لەو روەوە چەند حاڵەتێكمان هەیە، كە گەڕێنراونەتەوە، لەوانە: بینای رێكخراوە دیموكراتییەكان، كە موڵكی پەروەردەیە، یاخود تەرخانكراوە بۆ دامەزراوە پەروەردەییەكان، ئەوەیان گەڕێنراوەتەوە، بارەگای مەكتەبی سیاسی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) داوای مۆڵەتی (شەش) مانگەكەی كردوەو دراویەتێ، هەندێك شوێنی تر كە تایبەتمەندبون بۆ دامەزراوە پەروەردەییەكان، ئەوانەش داوای (شەش) مانگەكەیان كردوە، هەروەها بینایەكی ژێر دەستی حیزبی شیوعی كوردستان، ئەوەش گەڕێنراوەتەوە، كە موڵكی تەندروستی سلێمانی بوەو بۆ بەرژەوەندی گشتی بەكار دەهێنرێت، حاڵەتێكی تریشمان هەبوە وەكو بینای بەڕێوەبەرێتی كەشناسی سلێمانی، لەسەر چیای ئەزمڕ ئەوە مەوعیدی (1/9) دانراوە كە بیگه‌ڕێننەوە.

رۆژنامە: ژمارەی ئەو موڵكە داگیركراوانەی حیزب گەڕاندونیەتییەوە بۆ حكومەت و بەڕەسمی وەرگیراونەتەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و لیژنەكەی ئێوە، چەندن؟
دادوەر سالار رەئوف: ئەو موڵكانەی تائێستا گه‌ڕێنراونەتەوە، بریتیین لە بینایەك لە شارەزور، كە لای حیزبی زەحمەتكێشانی سەربەخۆ بو، بینایەكی حیزبی شیوعی لە سلێمانی و بینای مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی «یەكێتی»، نزیكەی لە سنوری (3 بۆ 4) موڵكدان.

رۆژنامە: بەپێی ئەو جەردەی لای «رۆژنامه»یه، سەدان موڵكی داگیركراوەو ملیۆنەها دۆنم زەویی دەبێت، گەڕاندنەوەی ئەو چەند موڵكە كەمە، دڵۆپێك دەبێت لە دەریایەك؟
دادوەر سالار رەئوف: لەكاتی دەستبەكاربونمانەوە، هەمو حیزبەكان كە هاتون ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوكاریی لیژنەكە، بەتایبەتیش كە فەرمانەكەی ئەنجومەنی وەزیران مۆڵەتی (شەش) مانگەكەی تێدایەو ئەوانیش داوای ئەو مۆڵەتەیان كردوە، لەبەر ئەوە ناتوانم پێشبینی ئەوە بكەم، كە دوای تەواوبونی ئەو (شەش) مانگەیان پرۆسەی گه‌ڕاندنەوەكە باش دەبێت یان نا، بەڵام وەك سەرەتایەك كە هاتون ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوكارییو گەڕانەوە، لەبەر ئەوە؛ من گەشبینم ئەوەندەی پەیوەندی بەسنورەكەی منەوە هەیە.

رۆژنامە: رێژەو قەبارەی ئەو موڵكانەی داگیركراون لەسنوری لیژنەكەی بەڕێزتاندا، چەندن؟
دادوەر سالار رەئوف: ناتوانم ئەو ژمارەیەت بدەمێ، لەبەر ئەوە لەوانەیە ژمارەیەكی نهێنی بێت و دوای ئەوەی ئیشی لیژنەكە تەواو دەبێت، بەرزی دەكەینەوە بۆ سەروی خۆمان.

رۆژنامە: ئێوە وەك لیژنەكە ناوە ناوە كۆبونەوە دەكەن، لە رابردوشدا راپۆرتێكتان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردوەتەوە، ئایا وەڵامی راپۆرتەكەتان چۆن درایەوە؟
دادوەر سالار رەئوف: نه‌خێر، راپۆرتمان بەرزنەكردوەتەوە، بەڵكو لەدوای دەستبەكاربونمان، هەستمان كرد ئەو فەرمانەی ئەنجومەنی وەزیران هەندێك ناڕۆشنیی تێدایە، داوامان كردوە چاوپێكەوتنێك بكەین لەگەڵ جەنابی سەرۆكی حكومەتداو چاوەڕێی ئەوەین، كە دابنیشین بۆ ئەوەی رۆشنی بخاتە سەر ئەو لایەنانەی كە لە بڕیارەكەدا ناڕۆشنن.

رۆژنامە: پێتانوایە، چ بڕگەیەكی بڕیارەكەی حكومەت بۆ گه‌ڕاندنەوەی موڵكی گشتی ناڕۆشنە؟
دادوەر سالار رەئوف: بۆنمونە بڕیارەكە سیفەتی گشتی موڵك و لەدەستدانی سیفەتی گشتی دیاری نەكردوە، ئەمە لەلایەك؛ لەلایەكی ترەوە، دوای (شەش) مانگەكە، میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دیاری نەكردوە، ئێمە كە (شەش) مانگمان مۆڵەت داوە بە فڵانە لایەن، دوای ئەو (شەش) مانگە كێ هەڵدەستێت بەجێبەجێكردنی؟ ئایا دەیدەیت بەدائیرەی تەنفیز جێبەجێی بكات، یان لیژنەكە خۆی هەڵدەستێت؟ ئایا كە لیژنەكە خۆی هەڵدەستێت سەنەدی یاسایی ئەو پێهەڵسانەی چییە و دەسەڵاتی چییە؟ بۆیە ئەم كێشەیە، ئەگەر روبەڕوی دادگا بكرێتەوە؛ چارەسەركردنی زۆر ئاسانە، بەڵام لیژنە میكانیزمی ئیشكردنی دیاریكراو نییە، لەبەر ئەوە ئەم كێشانە لەبنەڕەتدا واباش بو روبەڕوی دادگا بكرێنەوە و هەر فەرمانگە و لەلای خۆیەوە بێت دەعوایەك بەرزبكاتەوەو بڵێت؛ فڵانە موڵكی من داگیركراوە، حوكمی قەزایی وەردەگرێت، دەبرێت بۆ دائیرەی تەنفیز، تەنفیز لایەنێكە كە دەسەڵاتی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی ئیجرائاتی جێبەجێكردن و جەبری بەكاربهێنێت لەبەرامبەر ئەو لایەنەی دەستی بەسەر موڵكەكەدا گرتوە، بەڵام لیژنەكەی ئێمە ئەمانەی تێدا دیاری نەكراوە، كە هەمو ئەمانە لایەنی ناڕۆشنن، بۆ نمونە بڕیارەكە داوای دەستبەجێ و لەماوەی (شەش) مانگدا گه‌ڕاندنەوەی دامەزراوە پەروەردەیی و تەندرروستییەكان دەكات، بەڵام لە بڕگەیەكی تردا دەڵێت: ئەو موڵكانەی سیفەتی گشتییان لەدەستداوە، دەتوانرێت لیژنەكە بەكرێ پێیان بدرێتەوە، ئایا هەر موڵكێك سیفاتی گشتی لەدەستدات چییە؟ ناڕۆشنە؟ چونكە ئەسڵ وایە موڵكی گشتیی سیفاتی گشتی لەدەست نەدات، با زەوییو بیناش بێت.

رۆژنامە: كەواتە پرۆسەی گه‌ڕاندنەوەی موڵكی گشتی بەم میكانیزمەی حكومەت دایناوە سەركەوتو نابێت، ئەگەر چاوی پێدا نەخشێنرێتەوە؟
دادوەر سالار رەئوف: ئەم ناڕۆشنییانەی لە بڕیارەكەدا هه‌ن، تێبینیی لیژنەكانی تریشە، ئێمە لەو روەوە داوای ئەو چاوپێكەوتنە دەكەین لەگەڵ جەنابی سەرۆكی حكومەتدا، تاوەكو بەڕۆشنكردنەوەی بڕگەكان، ناڕۆشنییەكان لاببرێن.

رۆژنامە: بەڕای بەڕێزتان رێگەچارەی گونجاو و رۆشن بۆ گه‌ڕاندنەوی ئەو هەزاران موڵكەی كە مافی گشتییەو داگیركراوە، چییە؟
دادوەر سالار رەئوف: رێگەی راستەقینە ئەوەیە: روبەڕوی دادگا بكرێتەوە، چونكە حاڵەتی دەستبەسەرداگرتن موعالەجەی زۆر ئاسانە، كە تۆ دیاریت كرد كێ دەستی بەسەرداگرتوە، بەپێی یاسای شارستانی، لەسەر دەستبەسەرە موڵكەكە بگه‌ڕێنێتەوە و كرێی هاوتاش بدات، واتە دەعوایەكی ئاسانە، بەڵام فەرمانگەكانی دەوڵەت پێی هەڵنەساون.

رۆژنامە: ئەو ئاستەنگانەی هاتونەتە بەردەم كارەكانی لیژنەكەی ئێوە لەڕابردوداو ئەوانەشی لەداهاتودا رێگردەبن، چین؟
دادوەر سالار رەئوف: خاڵی یەكەم ئەوەیە، ناڕۆشنی هەیە لەبڕیارەكەدا، شێوازی جێبەجێكردنی باش دیاری نەكردوە، سیفەتی گشتی دیاری نەكردوە، واتە ئاستەنگەكان لەفەرمانەكەدا خۆی دەبینێتەوە؟

رۆژنامە: هەزاران بیناو پارچە زەوی، لای حیزب و لایەن و شەخسە، كە وەك ئاشكرایە ئەمە مافی گشتییە و غەدر لە هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە كراوە، بەڕای بەڕێزتان پێویست نەبو، حكومەت لە فەرمانەكەیدا بڕیارێك دەربكات، كە بڵێت دەستبەجێ لەچەند مانگێكدا هەمو ئەو موڵكانە، تەنانەت ئەوانەشی كە تەملیك كراون، لێیان بسەنرێتەوە و بگه‌ڕێنرێنەوە بۆ حكومەت، لەبری ئەو ئالییەتەی كە ئێستا دانراوە؟
دادوەر سالار رەئوف: وەكو پێشتر باسمكرد، ئەسڵەن پێویستی بەم لیژنەیە نەدەكرد، لەبەر ئەوەی یاسا چارەسەری ئەم كێشانەی كردوە. یاسای شارستانی عێراقی لە (1951) دەرچوە، باسی حاڵەتی غەسبی كردوە لەمادەی (197)دا، بــــــەڕونییو ئاشكرایی دەڵێت: ئەگەر موڵكێك داگیركرابو، لەسەر داگیركەرە، موڵكەكە بگه‌ڕێنێتەوە لەگەڵ كرێی هاوشێوە، واتە یاسا موعالەجەی كردوە، بەڵام ئەم لیژنەیە بەڕاستی ناتوانێت وەكو خۆی به‌ته‌واویی بەكارەكانی هەستێت.

رۆژنامە: بابێینە سەر كەیسی هەندێك موڵكی بەرچاو لە سلێمانی، ئایا دۆسیەی گردی زەرگەتە، كە بەناوی كۆمپانیای «وشە»وە تاپۆكراوە، لەكوێی كارەكانی ئێوەدایە؟
دادوەر سالار رەئوف: ئەو فەرمانەی لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچوە پۆلێنی موڵكەكانی كردوە، ئەو موڵكەكانی داگیركراون و لەژێر دەستی داگیركراوەكەدایە، تائێستا بەناوی دەوڵەتەوە ماوە، ئەو موڵكانەشی كە لەژێر دەستی داگیركەردایە و تۆماری كردوە، بەناوی خۆیەوە، لەبەر ئەوە موڵكەكان لای ئێمە دو بەشن، بەشێكیان تائێستا بەناوی حكومەتەوەیە و لەژێر دەستی داگیركەردایە، بەشێكیشی تۆمار كراوە بەناوی داگیركەرەكەوە. سەبارەت بەموڵكی «گردی زەرگەتە»، ئێمە ئیزبارەمان بۆكردوەتەوە و تەدقیقمان كردوە، لە ئیزبارەكەدا ئیجرائاتی تۆماركردنی بەشێوەیەكی ئوسوڵی بەڕێوەچوە، لەبەر ئەوە موڵكی تایبەتی خۆیانە و ئێمە ناتوانین هیچی لەگەڵدا بكەین.

رۆژنامە: واتە «گردی زەرگەتە» ناچێتە چوارچێوەی گه‌ڕاندنەوەی بۆ حكومەت؟
دادوەر سالار رەئوف: بەڵێ ناچێت، لەبەر ئەوەی تائێستا تەبلیغاتمان بۆ نەناردون، بۆ ئەوەی زیاتر رون بێت، موڵكی گردی زەرگەتە لەو موڵكانەیە، كە پێشتر سیفەتی گشتییان هەبوە، بەڵام ئێستا تۆماركراوە، بەناوی كۆمپانیای وشەوە و تۆمارەكەش بەشێوەی ئوسوڵی بوە.

رۆژنامە: ئەی مەسەلەی بینای چاودێری دارایی، كە ئەوەش دراوە بە كۆمپانیای «وشە»؟
دادوەر سالار رەئوف: ئەویش بەهەمان شێوە تۆماركراوە، تەدقیقمان لەدۆسیەكەیدا كردوە، ئیجرائاتی تۆماركردنەكەی هەڵەی تێدایە، بەڵام لیژنەكەی ئێمە ناتوانێت راستەوخۆ بیگه‌ڕێنێتەوە، بەڵكو راسپاردە بەرزدەكەینەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، كە لەڕێگەی دەعواوە بگەڕێنەوە سەریان و ئیجرائاتی تەسجیلكردنەكەی هەڵبوەشێتەوە، من هەتاوەكو یەكلایەنەش بەنوێنەری یاسایی كۆمپانیای «وشە»م وتوە، كە خۆیان موبادەرە بكەن و ئەو بینایە بگه‌ڕێننەوە بۆ حكومەت، لەبەر ئەوەی بینای چاودێری داراییە، كاتێك كە تەسجیلكراوە بەناوی كۆمپانیای «وشە»وە پێشتر موڵكی كۆمەڵگەی دائیرەكانی كارەبای سلێمانی بوە و ئەمان هاتون رەفتاریان پێوە كردوەو بەچەند دەستێك تۆماركردنی تاوەكو گەیشتوەتە كۆمپانیای «وشە»، واتە حكومەت پارەی تێدا سەرفكردوە لە دروستكردنی بیناكەدا، جائیز نییە بەهیچ شێوەیەك ئەو بینایە بكرێت بەناوی كۆمپانیای «وشە»وە.

رۆژنامە: سەبارەت بە سەیرانگەی دوكان، كە بەشێكی زۆری بیناو زەویی داگیركراون و كراوە بەناوی حیزب و بەرپرسانەوە؟
دادوەر سالار رەئوف: وەكو باسم كرد، نمونەی سیتەكە، ئەوانە موڵكی گشتین وەكو دارستانەكان، ئەمانە سیفەتی گشتییان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، بەڵام لەبەر زۆریی ئەو موڵكانەی كە باس دەكرێن، هەندێكجار پێویستت بە كات دەبێت.

Sbeiy.com © 2007