Print WWW.SBEIY.COM
 تەزویر لە هەڵبژاردن بۆچی
فایەق سەرچناری
23/06/2013

دیارە هەر وڵاتێك کە ناوی دیموکراسی لە خۆی نابێت، یان لە بنەڕەتدا وڵاتێك بێت کە چەمکی دیموکراسی تێدا فەراهەم کرابێت، ئەوا  ئەم وڵاتە یان ئەم هەرێمە روبەڕوی هەڵبژاردن دەبێتەوە.
ئەگەر ئێمە بێنین هەرێمی کوردوستان بە نمونە وەرگرین بۆ هەڵبژاردن، ئەوا ئەزمونی ئێستا و یەکەمجارمان نیە کە لەم هەرێمەدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەم ئەزمونە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992.

لەو هەڵبژاردنەدا کە هەمو خەڵکی ئەم نیشتمانە بە حەماسەوە چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دو حیزبی فارمانڕەوا کێبڕکێیان کرد، هەمو خەڵکی کوردستان شاهیدن کە نە زەرد سەوزی قبوڵ کرد و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە ئەنجامەکەی بو بە پەنجا بە پەنجا، ئیتر ئەم هەرێمە لە نێوان زەرد و سەوزدا بەشکراو بەمەشەوە نەوەستان، سەدان لاوی ئەم نیشتمانەیان فریودا و کردیاننە قوربانی بەرژەوەندیەکانی سەرانی ئەم دوحیزبە، بۆیە بە ئێستاشەوە کەسوکاریان هەر چاوەڕێی رۆڵەکانیانن، لەوکاتەوە ئەم نیشتمانە بەدەست هەرێمی زەرد و سەوزەوە گیرۆدە بوە و نە حیزبی سەوز لە هەرێمی زەردا بڕیاردەرە و نە زەردیش لە سەوزدا.

لەگەڵ سەرهەڵدانی گۆڕانیشدا کە لە هەڵبژاردنەکانی 2009 دا بەشداری کرد، ئەنجامەکەی لای هەمو خەڵك ئاشکرایە، کە چی گۆڕانکارییەکی کاریگەری دروستکرد و سەنگی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی، بەو هەمو تەزویرەوە کە کرا.

ئەو دۆخەی ئەمڕۆ هەرێمی پێدا تێپەڕدەبێت، کە نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانەو بڕیارە لە 2103/09/21 ئەنجام بدرێت، دۆخێکی زۆر هەستیارە و بەتایبەتیش پارتی لە هەوڵدایە بۆ کڕینی خەڵك و ویژدانی خەڵك بۆمانەوە و درێژەپێدانی دەسەڵاتی خۆی و حوکمڕانی بنەماڵەیی دور لە بنەما یاساییەکان، هەر رێکەوتنێك دەکرێ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا خەڵك دەبێت لەوە بگات کە بۆ مانەوەی چەند بەرپرسێکە، بۆ قایمکردنی پێگە و کورسیەکەی خۆیان و بەرژەوەندی بنەماڵەکانیان، ئەگینا نە لەپێناو خەڵك و نە لەپێناو نیشتماندایە.
 
بۆیە دەبێت خەڵك رێگەیان پێنەدات، خەڵك دەبێت زۆر هوشیارانە بیر بکاتەوە، باشە کەسێك کە ویژدانی خۆی بگۆڕێتەوە بۆ چەند سەد دۆلارێك، ئایا بیری لەوە نەکردوەتەوە ئەم پارەیە قوتی خەڵکە و پارەی خۆی نییە، چۆن ئەو مافە دەدات بەخۆی کە بەکاری بێنێت. ئەو کەسە لەوانەیە سودێکی کاتی لێوەرگرێت ئەی بیری لەوە نەکردوەتەوە کە  سیستەمی وڵاتێك بەرەو دیکتاتۆری دەبات، کە کەسی گەندەڵی دروستکرد لە سیستەم، کە خانەوادەکەی، مناڵەکانی، دراوسێکەی، گەڕەکەکەی، شارەکەی و نیشتمانەکەی بەرەو هەڵدێر دەبات، ئەوکاتە بەرپرسیارێتیە ئەخلاقییە گەورەکەی خۆی لەدەست دەدات و لە ئاست نیشتمانیشدا شەرمەزارێکی ناو مێژو دەبێتت، چونکە دەنگدانیش هەر شۆڕشە بۆ نیشتمان، بەڵام بە قەڵەم نەك بە چەك، ئەوەی ویژدانی بگۆڕێتەوە بۆ پارە، هیچ فەرقی نییە لە گەڵ ئەو کوردانەی کە پێش رژێم دەکەوتن، بۆ لەناوبردنی کورد.

بۆیە کاتی ئەوە هاتوە هەمومان بچین بۆ دەنگدان و رێگەبگرین لەو کەس و لایەنانەی کە پەنا بۆ تەزویر و کڕینی ویژدانی هاوڵاتیانی نیشتمانەکەمان دەبەن، ئەمە ئەرکی هەمومانە و هەمومان بەرپرسیارین لێی، چونکە نیشتمان هی چەند کەس و بنەماڵەیەك نیە کە بە ئارەزوی خۆیان قوتی خەڵکەکەی بەرن و تەخشانوپەخشانی بکەن و وەکو پێشینانیش وتویانە، کەسیش بۆی نەبێت پێیان بڵێت "بەری چاوتان کلی پێوەیە".