Print WWW.SBEIY.COM
 کۆبانی زەنگێکی مێژویی تر نەبو بۆ میللەت و بەرپرسانی کورد؟
فایەق سەرچناری
22/10/2014

ئەگەر بە مێژوی کورددا بچینەوە چیمان پێ ئەڵێ؟ دیارە هەمومان ئەزانین کە مێژومان پڕیەتی لەنەهامەتی و کوشتن و بڕین، ئەگەر ئاوڕێك لەتازەترینیان بدەینەوە ئەبینین ئەنفالی کورد، کیمیابارانی کورد، بێسەروشوێنکردنی کورد، کاولکاری و ماڵوێرانی کورد، لەسێدارەدانی کورد ئەمانە هەمویان چونەتە ناو خانەی مێژوی گەلەکەمان، ئەوەتا لەم سەدەی نوێیەو لەمڕۆدا شەنگال دوبارە ئەبێتەوە کە چۆن دوژمنان پیلانی گڵاوی خۆیانی تیا بەرجەستە ئەکەن جگە لەجینۆسایدو قڕکردنی کورد بە سەدان ژنان و کچانمان ئەبەن و بێڕەوشتیمان پێئەکەن.

ئەوەتا ئەمڕۆ چۆن بە پیلانی ناحەزان و دوژمنانی کورد هێرشی دڕندانەو ناڕەوا ئەکەنە سەر کوردستان بە گشتی و کۆبانی بە تایبەتی، و ئەیانەوێ داگیرمان بکەن و خۆیان چۆنیان بوێ ئاوا مامەڵە لەگەڵ میللەتەکەماندا بکەن.

پرسیار ئەوەیە کە هەمومان بەیەك دەنگ ئەڵێین کەوتنی کۆبانی، کەوتنی هەمومانە، ئایا ناشبێ بڵێین سەرکەوتنی کۆبانی سەرکەوتنی هەمومانە، دیارە ئەمڕۆ سەرکەوتنی پێویستی بە خەبات و تێکۆشانی تێکڕای میللەتی کورد و بەرپرسەکانیەتی بە تایبەتی، نەك هەر بە دروشم وتن، بەڵکو بە کار و کردەوە ئەبێ هەمومان بیسەلمێنین.

لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەرخودانی کۆبانی مێژویەکی نوێی خستە بەردەم هەمومان بۆ کارکردن لەسەری کە لەبەرژەوەندی هەمو گەلی کورددایە، بەڵام کارکردنەکە ئایا هەر لەئەستۆی میللەتدایە؟

پێویستە هەمومان ئەو راستیە بزانین کە میللەت کاری خۆی لەسەر هەمو پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ئەنجامئەداو بڕواش ناکەم هیچ کاتێ وەك ئەمڕۆ میللەت یەکگرتویی پاراستبێ.

نمونەش: ئەگەر سەیرێکی ناو ریزەکانی پێشمەرگە بکەین ئەبینین هەر لەخانەقین تا ئەوپەڕی کۆبانی سەنگەر بە سەنگەری کوردو خاك بە خاکی نیشتیمانی خۆی ئەزانێ و بەرەنگاری لێئەکات، ئەوەتا ئەمڕۆ کوردی باشور، باکور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەیەك جادە و یەك پارك بە یەك دروشم و یەك کۆست و یەك سەرکەوتن هاوار بۆ دونیا ئەهێنێ و خەبەریان ئەکاتەوە لەسەر مەترسیەکانی سەر کوردستان، کە ئەمانە جێی دڵخۆشی و سەرکەوتنی یەکجارین.

ئەوەی ئەمێنێتەوە سەرکردە و بەرپرسەکانی کوردن ئایا هەر هەمان دروشم و هەمان بڕیاری چارەنوسساز و هەمان کاری دیبلۆماسی و سیاسی خۆیان ئاراستە ئەکەن بۆ بەرژەوەندی کۆی میللەتەکەمان و نیشتیمانەکەمان؟  ئایا وا لەم میللەتە ئەکەن کە هەروا بمێنێتەوە یان ئەکەونە هەڵەوە و ماڵوێرانی و مێژوی تاڵ چاوەڕێمانە؟ من ئومێدەوارم کە ئەوانیش هەر بە هەمان ئاراستەی میللەت بۆ یەکگرتن و بەرژەوەندی کورد کار بکەن وئەم مێژوەی ئەمڕۆ لەبار نەبەن.

من نامەوێ لاپەڕەی تاڵی مێژوی کورد هەموی هەڵبەمەوە، بەڵام پێویستە هەمو راستیەکان بزانین، ئەگەر سەیرێکی راپەڕینی کورد بکەین لەساڵی 1991 دژ بە رژێمی بەعس، هەمو ئەزانین کە هیچ جیاوازیەك نەبو لەڕزگارکردن، خەڵکی سلێمانی بەشداری شەڕی زاخۆیان ئەکردو بە پێچەوانەشەوە، لەخانەقین تا زاخۆ میللەت یەك زەماوەندی سەرکەوتنی ئەگێڕا.

بەڵام بەداخەوە لەبەر کەم ئەزمونی سیاسی و دیبلۆماسی لەبەڕێوەبردن هەر دوای ماوەیەکی زۆر کورت کەوتینە کوشتنی یەکتری و بوینە بەربەست بۆ میللەت و ئەوەتا تا ئەمڕۆش ئاسەوارەکان کاریگەری نێگەتیڤیان هەیە، هەرچەندە میللەت ئەم مێژوانەی تێپەڕاندوە و هەمو ئەو هەڵانەی کردۆتە قوربانی نیشتیمان و سەرخستنی.

پێویستە کۆبانی بکەینە دەرسێك بۆ یەکگرتن و تەبایی و برایەتی هەمو کورد لەهەرچوار پارچەکەی کوردوستان، پێویستە ئەمڕۆ بەرپرسانی کورد بە تێکڕا هەوڵی ئەوە بدەن کە بە زوترین کات دەستی یارمەتی و هاریکاری بۆ درێژبکەن، و دەست بە هیچ دارێکی بەرزی دوژمنەوە نەگرن کە میللەت لەخوارەوە خەریکی بڕینیەتی.

ئەگەر سیاسیەکانی کورد و بەرپرسەکان کاری سیاسی و دیبلۆماسی خۆیان لەئاست بەرپرسیارێتیەکی مێژوییدا بکەن، ئەوا دڵنیام میللەتی کورد ئەمڕۆ هەموی یەکی گرتۆتەوە و یەك ئامانجیان هەیە بۆ سەرکەوتن. داواتان لێ ئەکەم کۆبانی زەنگێکی مێژویی نوێی لێدا بۆ هەمو گەلی کورد، با هەلی یەکپارچەیی خاکی کوردوستان و بەرژەوەندیە باڵاکانی میللەتەکەمان لەبار نەبەین.

جارێکی تر تکاتان لێئەکەم، خەڵکی قامیشلۆ و کرماشان و دیاربەکر و سلێمانی و دهۆك لەیەك شەقامی شاردا خۆپیشاندان ئەکەن بۆ مەترسیەکانی سەر کوردستان. لێرەش لەناو رەوەندی کوردیدا جگە لەکوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵکو چەندین رەنگی جیاواز و بیروڕای جیاواز لەیەك پاسدا سەرئەکەون و ئەڕۆن بۆ شارەکانی تر بۆ ئەوەی دونیا لەخەو راپەڕێنن بۆ مەسەلە رەواکانی میللەتەکەمان. با زەنگی کۆبانێ بکەینە زەنگی یەکگرتن و سەرکەوتنی یەکجارەیی میللەتەکەمان، ئەگەر وا نەکەین مێژو رەحم بەهیچ کەسێ ناکات.