|
کۆبانێ سیمای گەلێکی قارەمان ئامانج هەرتەلی |
13/10/2014 |
کۆبانێ ئەو شارەی بەقارەمانێتی کوڕە دلێرو شێرە ژنەکانی، تاجی زێڕینی خستە سەر ملی گەلێکی غەدر لێکراوی مێژو، ئەو گەلەی بەدرێژایی مێژوی مرۆڤایەتی لەچەوساندنەوەی بەردەوام دابوە، بەڵام خۆشبەختانە لە لایەن پیاوە دلێر و شێرەژنەکان لەبەرخودانی کەم وێنەدا بونە، بۆ مانەوەو درێژەدان بەژیان، ئەمڕۆ کۆبانی بوە فەخری نەتەوەیەک کە نزیکەی سەدەیەکە، بە چەندین شێوە لەناو دەبرێت .
کۆبانێ ئەو شارەی بە هێز و بازوی رۆڵەکانی، وانەیەکی دونیای دادا، کە بەر رێگایەک و بەهەر جۆر چەکێک بتانەوێ گەلێک کە نزیکەی سەدەیەکە کردوتانە خۆراکی چوار گورگ، بەبەرچاوی دونیای مافی مرۆڤدا، مناڵ و ژن و پیری نەتەوەیەک دەکوژن، کەچی ناتوانن ئیرادەی لێزەوت بکەن، بیکەن بە کۆیلەی ئەم و ئەو بەئیرادەی خۆیان وەک داری دامە یاری پێبکەن، کۆبانێ کۆیلەبون رەتدەکاتەوە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە مردنیان هەڵبژارد لەجیاتی کۆیلەیی، بەرخودانی نزیکەی مانگێ باشترین گەواهیە.
کۆبانێ ئەمڕۆ بە بەرچاوی هەمو جیهان و خۆڕاگریان لەبەردەم پێشکەوتوترین چەکی سەردەم و بەرخودانیان لەبەردەم دڕندەترین چەتەدی رۆژگاردا ئەنجامدا، کۆبانێ تەپڵی سەرکەوتنی لێدا، ئەوەی بەگوێی دونیادا، ئەگەر رێگا لەکورد نەگیرێت و پشتگیری بکرێت، ئەوا بەدڵنیایی دەتوانێ خۆرهەڵاتی ناوەراست، لەجیهانێکی پڕکێشەوە بگۆڕێ بەدونیای ئاسودەی، شێرەژن و پیاوە دلێرەکانی یەپەگەو یەپەژە لەبەردەم جیهاندا روی راستەقینەی گەلی کوردیان دەرخست. سەلماندیان کە گەلی کورد نەک لەناو ناچێت، بەڵکو تاکێشەی کورد چارە نەکرێت خۆرهەڵاتی ناوەراست ئاسودە نابێت .
پێویستە خەڵکی نیشتیمان دۆست و کوردپەروەر، بست بە بستی کوردستان ناوەکانیان بگۆڕن بیانکەن بەناوی ئەو شێرە ژن و پیاوە دلێرانەی ئەمڕۆ لە کۆبانێ خوێنیان رشتوەو شەهید بون و ئەوانەی ئێستا ماون لەژیاندا. بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوی گەلەکەمان شانازی پێوەبکەن، کە ئەم قارەمانانە، لەبەردەم پێشکەوتوترین چەکی رۆژگاردا بە باشترین شێوە و قارەمانانە بەرامبەر بەدوژمنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جەنگان، کە چەندین دەوڵەتی ناوچەکەش هاوکار و پشتیتیوانی ئەم تاقمە بۆگەنەبوون بۆسەر کۆبانێ .
ئەوانەی دەیان ویست و خەونیان دەبینی کۆبانێ بەئاسانی وەک شەنگال بخەن و دڵی هەندێک کەس خۆش بکەن، بەڵام شەڕڤانان نەک هەر خەونەکەیانی پوچەڵ کردنەوە، بەڵکو بون بە کابوس بۆیان، ئەو بەرخودانە قارەمانانەی شەڕڤانان بو، هەستی هەمو کوردی ورژاند لەتەواوی جیهان کە بڕژێنە سەرشەقامەکان و ناوەندە جیاجیاکانی وڵاتان، بەرپرسی وڵاتانی جیهانی هێنایەوە هۆشی خۆیان، کە لەهۆشخۆیان بردبۆوە ئەو ئامانجی وەک عەسا بەدەستیانەوەیە کە مافی مرۆڤە لەجیهاندا .
بەرخودانی کۆبانێ، دوای بەرگری نزیکەی مانگێک لەم شارە، روی راستەقینەی جیهانی دەرخست بۆ ئەوانەی، دەمێکە دەڵێن فلان و فیسار دۆستی گەلی کوردن، کەچی لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی شەنگال بێشەرمانە روی خۆیان وەرگێرا، ئەگەر هێزە شۆڕشگێڕەکانی یەپەگە نەبوایە، ئەو کارەساتە مرۆیە زۆر گەورەتر دەبویەوە، کاتێک بەو هەمو هێزەوە بەپاڵپشتی چەندین وڵات، بۆ کەمکردنەوەی بەهای یەپەگە، کاتێک یەپەگە لەو چالاکیە مەردانەیەی ئەنجامیاندا لەشەنگال، رزگارکردنی هەزاران کەس لەقڕکردن و لەناوچون، پەلاماری کۆبانێیان دا، بەڵام ئەم هێزە شۆڕشگێرە بە بەرچاوی هەمو جیهان بەرخودانیان کرد و رێگایان نەدا کۆبانێ ببێتە شەنگال .
شەڕڤانە قارەمانەکانی خۆرئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سومبولی هەمو جیهانن و پارێزەری ئاشتی و ئارامی تاک بەتاکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی دونیای مرۆڤایەتی ئەوەیە کە رێز لەماندوبون و ئازایەتیان بگیرێت و هاوکاری تەواو بکرێن بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر رێکخراوێکی تیرۆرستی بۆگەندا، ئەگەر جیهان بەدوای بەرەی دژە تیرۆریزم دا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی هاوکاری بکات، فەرمو قارەمانانی یەپەگە لەکۆبانێ باشترین هێزی دژە تیرۆریزم بۆ ئەوەی پرچەک بکرێن، ببنە پارێزەری مرۆڤایەتی لەجیهاندا . |
|
|