|
کورد چی دەستکەوت دوای مالیکی؟ ئامانج هەرتەلی |
29/10/2014 |
ئەوەی سەدەیەکە کورد کاری لەسەردەکات و خوێنی بۆ دەڕێژێ دۆڕاندمان، هەموی بو بەخەون، ئەوەی سیاسیەکان لەسەردەمی خەباتی شۆڕشگێڕی لەشاخ، لەدەمی حکومڕانی لەشار دەیاندا بەگوێی هاوڵاتیان، هەموی لەخزمەکردنی داگیرکەرانی کوردو چەوساندنەوەی نەتەوەی گەلی ستەمدیدەی کوردستان هیچیتر نەبو. ئەگەر دوێنێ رژێمی بەعس دوژمنی گەلی کوردبو، ئەم حکومەتە ئێوە بنیاتناو شانازیتان پێوەدەکرد .
دوێنێ لابردنی مالیکیتان کردبو بەدروشم، هەمو خەونی گەلی کوردتان، لەچارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەلابردنی مالیکی دەتان دیتەوە، ئەوەی جێگای پرسیارە دوای مالیکی چی گۆڕا؟ هیچ شتکی لەدۆخەکە نەگۆڕی، ئەوەی گۆڕدرا تەنیا کەسی سەر کورسیەکان بون، لەدوای لادانی مالیکی جگە لەسڕکردنی دۆخەکە، کورد هیچی دەستنەکەوتوە، بەڵکو ئەگەر هەردولا لەسەر سڕکردنی کێشەکان بەردەوام بن، دۆخەکە بۆ هەردولا خراپ دەتەقێتەوە، ئەمجارە هەرێم لەچارەنەکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا، عەبادیش دەکات بەقوربانی کورسیەکەی، یان عەبادی هەرێم دەکات بەقوربانی کورسیەکەی .
نزیکەی ساڵیکە هەرێمی کوردستان لەئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی هەردولا، توشی قەیرانێکی گەورەی ئابوری بوە، تەواوی کایەکانی ژیان پەکیان کەوتوە، بەڵام ئەوەی دڵی گەلی خۆشکردبو، دروشمی گۆڕینی مالیکی دیکتاتۆر بو بە عەبادی، هەمو رۆژێ بۆ خۆ دەرخستن لەم و لەو دەهاتنە سەرشاشە لەبری ئەوەی بڵێن بوجە هات بچوک کرابۆوە بوجەی هەرێم تەنیا بۆ موچە، کورد لەهەر گەڕێکی دانوستان لەبری چارەکردنی کێشەکانی سەرای چارەکردنی کێشەی پێشو کۆمەڵێک شتی تر لەدەستداوە .
سیاسیەکانی کورد دەبێت چیان دۆزیبێتەوە لەبەغدا؟ بونیان لەبەغدا ترسە یان بۆ مانەوەی عێراقە بەیەکگرتوی، ئەگەر سیاسیەکانی کورد لەترسان لەبەغدان، لەترسی لەدەستدانی سەروەت و سامان و بەرژەوەندیەکانیان چونەتەوە بەغدا، یان لەژێر گوشاری ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت ناچار بەتەنەزولات کراون، کەوتونەتە خزمەتکردنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی، فەرمون لەسایەی خزمەتکردن بەگەلەکەشتان تۆزێک تەنەزول بکەن، باچیتر گەلەکەتان لەوە زیاتر نەبێتە قوربانی .
ئەگەر مانەتەوەشتان لەبەغدا بۆ یەکڕیزی خاکی عێراق و ئارەزومەندانەیە، هەر ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لەبەغدا نوێنەرایەتی هەرێم دەکەن، ئەو ئارزومەندانەیە نایگرێتەوە لەبەغدا، بەڵکو تاکبەتاکی ئەم هەرێمە بە بەغدا دەمان بەستێتەوە، ئەرک و مافمان هەیە بەیەکەوە، ئەگەر سیاسیەکانی ئەم هەرێمە ئەو مافە لەتاکی کورد زەوت دەکەن، ئەرکەکەشی لەسەر بێت، ئەوا لەپێناوی پاوانخوازی دەسەڵاتی ئەوان گەل دەکەنە قوربانی .
گەلێک وڵاتی هەرێمی دۆخی نێوان هەرێم و بەغدایان پێخۆشە، چونکە هەرێمی کوردستان لەهەمو رویەکەوە بەرەو سستی هەنگاودەنێ، نازانم سیاسیەکانی کورد لەهەرێم لەخەودان بەرامبەر بەگەلەکەیان، یان سەردارێتی و خۆبەزلزانی وایلێکردون، دوای چەندین مانگ ئامادەنەبن بچن لەگەڵ بەغدا بکەونە گفتوگۆ، یان نوێنەرانی کورد لەبەغدا، لەخۆیان نەپرسیوە بۆ لێرەن؟ لەکاتێکدا گەلی کورد نزیکەی ساڵێکە برسیە.
سیاسیەکانی کورد ئەگەر تەمسیلی سیاسەتی هەندێک وڵاتی هەرێمی دەکەن لەعێراق، ئەوا نزیکەی سەدەیەکە ئەم وڵاتانە گەلی کورد قڕدەکەن، لەبری ئەوەی مافی گەلی کورد بدەن، ئەوانەی سیاسیەکانی هەرێم دڵیان پێیان خۆشە، ئەوان چاویان بەم هەرێمە خۆبەڕێوەبەریە کوردیە هەڵنایەت، ئەو گەمەیەی ئەمرۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەیکەن لەناچاریە، هەروەها بۆ تێکدانی دۆخی کوردستانە، ئەم وڵاتانەی سیاسیەکانی هەرێم گەمەی بەرژەوەندیەکانیان بۆ دەکەن، ئەوان نەناردنی بوجەیان لەلایەن بەغداوە زۆر پێخۆشە، لەبەر ئەوەی ئەوان هەرێم بەدوژمنی خۆیان دەزانن، لاوازبونی دوژمنیشیان سەرکەوتنیانە.
ئەمجارە هەرێمی کوردستان بەرپرسی سەرەکی ئەم قەیرانەی هەرێمە، هەرێمی کوردستان ئەگەر رازی نیە بە بەغدا، بۆ بەشداری پرۆسەی سیاسیە لەجومگە گرنگەکانی عێراقە، بەشداریکردنی واتا رازیبون، کە رازیە کاتی هەنگاونانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەگەر هەنگاویش نانێن چیتر ملی کەس مەگرن و فەرمون یان کورسی بۆ خەڵکی شارەزاو بەتوانا لەسیاسەت جێبێڵن، یان کۆتایی بەم دۆخە بێنن .
|
|
|