Print WWW.SBEIY.COM
 گۆڕان لەنێوان کەلەپوری چه‌قبه‌ستو و عەقڵانیەتدا
چیا عه‌باس
26/11/2010

ماوەیەکە بابەتی گۆڕان و چەمکی عەقڵانیەت وروژێنراوە. لەم وروژاندنەدا هەندێکجار گۆڕان بە لادان لەو چەمکە و پێرەونەکردنی گوناهبار دەکرێت و دەشوترێت گۆڕان خاوەنی ئایدیایەکی دیار نیە، بۆیە ئایندەیەکی نادیار چاوەڕوانی دەکات.

ئەم نوسینەم هەوڵێکە بۆ تیشکخستنە سەر چەمکی عەقڵانیەت و گۆڕان. لەم هەڵسەنگاندنەدا هێلە گشتیەکانی گۆڕان و عەقڵانیەت باسکراون و مەبەستم نیە گۆڕان وا پیشانی خوێنەری بدەم کە بێ هەڵە و کەموکوڕی نەبوە لەو بوارەدا.

سەرهەڵدانی عەقڵانیەت
عەقڵانیەت لە دنیای فەلسەفە و سیاسەتدا چەمکێکی بەرین و فرەلایەنە و چەندین لێکدانەوە و ئاراستەی جیاواز لەخۆ دەگرێت. بیرمەندە گەورەکانی دنیا تاوتوێ و لێدوان ونوسین و لێکۆڵینەوەی زۆریان لەمەر ئەنجامداوە. عەقڵانیەت لە سیاسەتیشدا بەهەمان شێوە پێگەی باڵای خۆی لە ئەدەبیاتی فەلسەفە و سیاسیدا چەسپاندوە وتا ئەم ساتەش ئەم چەمکە لە گەشەکردن و راستکردنەوە و دەوڵەمەنکردن بێبەش نیە.
 
لە سەرەتای هەڵدانی عەقڵانیەت و بەتایبەت چەند سەدەیەک پێش میلاد بیرمەندەکانی یۆنان هانی لایەنگران و قوتابیەکانیان داوە لێدوان و گفتوگۆی رەخنەئامێز بکەن، بەم شێوەیە ئازادبونی رۆح و مەعریفە لە داو و زەبری دەسەڵاتەکانی ئەو سەردەمە یەکەم ئاراستەی بیرکردنەوەی ئازاد لەڕێگەی خستنەگەری عەقڵ و مەعریفەوە بوە. وێرای ئەوەی ئەم چەمکە فەلسەفیە لە ئەوروپا تا سەدەکانی 17 و 18 فەرامۆشکرابو، وەلێ لەسەردەمی هەڵساندنەوە و بەتایبەت لەسەردەستی گالیلۆ و دواتر دیکارت و سبنیوزا ژیانی بەبەرداکرایەوە. لێرە بەدواوە باوەڕبونی عەقڵانیەت بە تواناکانی عەقڵی مرۆڤ و توێژینەوەی زانستی هەناوی چەمکەکەی پێکهێناوه‌ و تێیدا مرۆڤ هەمو جۆرەکانی و سایەتکردن رەتدەکاتەوە و خۆی بەدوای راستیەکاندا دەگەڕێت بێئەوەی دەسەڵاتێک یا عەقیدەیەک بەسەریدا بسەپێنێت. ئەم شێوازەی داڕشتنەوەی بیر لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەراستدا بەرەنگاربونەوەیەکیش بوە لەگەڵ دەسەڵاتی رەهای ئاینی. لەو سەردەمانەدا دەستەواژەی عەقڵانیەت بۆ ئەو روناکبیرە ئازادانە بەکاردەهێنرا کە بەرهەڵستکاری دەسەڵاتی بەهای کەنیسەیان کردوە. وێرای ئەوەی ئەم چەمکە چەندین ئاراستەی جیاوازی لەخۆگرتوە، وەلێ بەشێکی گەورەی شارستانیەت و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و بەتایبەت لە رۆژئاوا قەرزارین.

عەقڵانیەتی سیاسی لە هەندێک لە قۆناغەکان و ئەزمونەکانی دنیا توانیویەتی هێز و پێگە سیاسیەکانی پشتئەستور بە خەیاڵ و میتافیزیک لاواز و لەق بکات و لە ئاکامدا پێشکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت. لەم ئەزمون و نمونە سیاسیانەدا چەندین دەرەنجامی گرنگ لە عەقڵانیەتی سیاسیدا بۆ مرۆڤایەتی چەسپاون، لەسەرویانەوە گوێگرتن لە رەخنە و بۆچونی جیاواز و فێربون لێیانەوە و لەلایەکی تریشەوە رەتکردنەوەی پاشکۆیەتی و کۆیلەتی بۆ عەقیدە و ئایدیایەکی داخراو و بانگەشەکردن بۆ کردنەوە بەڕوی یەکتردا. دروست و گونجاو نیە کاتێک عەقڵانیەت وەک رێسایەکی چەسپاو بخوێنرێتەوە و بە تەمولێڵی تێهەڵکێشی دۆخێکی تایبەت بکرێت بێئەوەی دەستنیشانی خەسڵەتە سەرەکیەکانی عەقڵانیەت و دۆخەکە نەکرێت.

کەلەپورێکی ماندو و شکستی نۆێکردنەوەی
دوای راپەرین هزرەکانی نەتەوەیی و چەپڕەوی و ئاینی و موحافیزکار هەناوی ئەو کەلەپور و که‌لتورە زاڵ و باڵادەستەی، کە لە ئاکامی دەیان ساڵی ملمڵانێ و شەڕی نێوانیان و دۆخە جیاکانی شۆڕش و بزافی کوردایەتی بەرهەمهێنرابو، بەسوننەتی میراتگیری و شۆڕشگیرانە کردە کەرەسەی سیاسی و رۆشنبری و کۆمەڵایەتی نەتەوە و خاکێکی قەتیسماو لەنێوان ئازدای و ترس و لەنێوان ئاشتی و شەڕدا. ده‌بوایه‌ لایه‌نه‌ گه‌شه‌دار و جوانه‌کانی ئه‌و که‌له‌پوره‌ بپارێزن‌ و گه‌شه‌ی پێبده‌ن، مه‌خابن پێچه‌وانه‌که‌ی کرا. سەردەمەکانی دابەشکردنی کار و رەنگ و زمان و مەعریفە و وەرزش و خاک و دواتر شەڕی ناوخۆ لە بیرەوەری سیاسی و رۆشنبیری میللەتەکەماندا نمونەکانی بەرچاون. ئەم رەوت و هێز ولایەنانە بەجیا و دور لەیەکتر و تەنانەت نەیار بەیەکتریش لەنێوان مێژویەکی پڕ مەینەتی و کارەسات و قوربانی و ئایندەیەکی نادیاردا گوزەریان دەکرد. لێرەدا بە خوێندنەوەی ئەزمونەکانی دنیا، بەتایبەت هەڵمەت و کاری بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەب بۆ هەڵساندنەوە، دەکرا به‌ ره‌چاوکردنی نزیکی ئه‌زمونه‌که‌مان لێوه‌ی، سود لێی وەربگیرێت، کاتێک بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی ئەرکە سەرەکیەکانی هەڵمەتەکه‌یان لە سێ خاڵی سەرەکیدا دەستنیشان کردبو:
یەکەم: گۆڕینی هۆز بۆ کۆمەڵگا و نەتەوە.
دوەم: گۆڕینی (غەنیمە) دەسکەوت بۆ ئابوری نەتەوه‌.
سێیەم: گۆڕینی عەقیدە بۆ بیروڕا تا لێدوان و تاوتوێ بکرێن و گەشەیان پێبکرێت.

نەوەی دوای راپەرین ئەو کەلەپورە شێوێندراوه‌ی نه‌ک ته‌نها به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، بەڵکو کرا بەبەشێک لێی و بو بە سوتەمەنی بۆ بەشە "سەقەت و قێزەوەنەکانی". بەشێک لەپێکهاتەکانی بزافەکە لەهەوڵداندا بون بیر و هزر لە و سایەت و چنگی بەشە سواو و بێهودەکەی رابوردو و کەلەپورە تازه‌که‌ رزگاربکەن و تاکی کورد و کۆمەڵگا بەگەڕانەوە بۆ پێوەرەکانی مرۆڤایەتی سەردەم بنیات و نوێبکرێنەوە. تاکی کورد و کۆمەڵگا بەهۆی ستەم و تاوانەکانی رژێمەکانی بەغداوە جەستە و دەرونیان زامدار و تێکشکێنرابون، لە بیر و مەعریفەتیشدا زەوتکراو و لە قاڵب درابون و بێ وزە و جوڵە و لە دنیا دابڕابون، لەهەمان کاتیشدا بەزەبری که‌لتوری شۆڕش و بەرگری و چەمکەکانی پاڵەوانیەتی و شەرعیەتی ئەزەلی سەرکردە و حیزب و لەپەراوێزی دەمارگیری جەمسەرگەری سیاسی و ئاینی و رۆشنبیری و لەسایەی و سایەت و چاودێری حیزب و بەهاکانی عەقیدەدا هەناسەیان دەدا. ئەم لافاوە، کە تا ئەم ساتەش لە هەڵچون و شەپۆل هاویشتندایە، لەگەڵ گیرۆدەبونی بەدەست مێژویەکی پڕ ئازار و مەینەتی و ساڵانێکی پر لە پەرتەوازەبون و چەواشەکاری، لەلایەکی تریشەوە کەوتبوە ژێر کاریگەری جادوگەرانەی که‌لتور و ژینگەی رۆشنبیری و سیاسی خۆرئاوا (هەرچەندە ئەمە سودی لێکراوە). لەگێژاوی ئەو دۆخە ناهەموارەدا، وێرای دڵسۆزی و ئەمەکی، نەتوانرا دیدوبۆچونە نوێکان و رێچکە و بەهاکانی رۆژئاوا بەزمانێکی گونجاوی لای خۆمان دابڕێژرێنەوە و کەلەپورێکی ماندو و بەتەمەن و شێواو و بۆشاییەکانی نوێ و پڕبکرێنەوە. لەئاکامدا نەتوانرا کۆی گشتی ئەو وروژاندن و هەڵچونە بە بەرگێکی کوردانەوە گەشەپێبدەن و بکەنە زەمینەخۆشکەری گۆڕانگاری لە عەقڵ و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی و کۆمەڵایەتیدا. زۆربەی ئەوەی کرا داڕشتنەوەیەک بو بۆ هەمان قەوانی حیزبی و دەسەڵات کە بە زمانی سەردەم رازێنرابوەوە. لەئاکامدا زۆربەی ئەو هەوڵانە پەرتەوازەبون و بەشێکیان گەڕانەوە نێو قاوغە قایم و داخراوەکەی حیزب و دەسەڵات و ئاین و کەلەپورە کلاسیکیەکەی کوردایەتی و بەشەکەی تریش بەرێگەی رۆژنامەگەری ئازاد و رێکخراوە مەدەنیەکان و گروپەکانی فشار بە پەرتەوازەیی بەردەوامبون.

بەکورتی لافاو و هەڵچونی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان، بەو خەسڵەتانەی باسمان لێوەکردن، سەرەڕای رەوایەتی ئاراستەکانی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین و شەفافیەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نوێکردنەوە و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت و ریفۆرم، دەرئەنجام ئەوەی لەو هەڵمەتە بەدەستهێنرا روکەشی بون و سەرکەوتو نەبون چەمکی عەقڵانیەت بخەنەگەڕ بۆ خەڵقاندنی ئەو رەوت و چوارچێوە فکریەی بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست وپێویست بو. ئەم شکستیە هۆکارێکی سەرەکی برسیەتی نەوەکانی دوای راپەرینن بۆ هەمو شتێکی نزیک لە رۆژئاوا ولاساییکردنەوە و کۆپیکردن لە که‌لتوری خۆراکەوە تا جلوبەرگ و میوزیک و گۆڕانی و ...تاد.

گۆڕان و سەرەتایەک
سەرهەڵدانی گۆڕان لە دۆخێکدا بو کە دەسەڵاتی کوردی، پشتەستور بە کەلەپور و رابوردو، دەروازەکانی بە روی لێدوان و رەخنەگرتن و ناڕەزایی و ئۆپزسیۆنکردن بەتوندی داخستبو. دەسەڵات پێچەوانەی پێوەرەکانی عەقڵانیەتی سیاسی رەفتاری دەکرد و هەڵوێستی وەردەگرت، هیچ بوارێکی نەئەدا تا لەرێگەی رەخنە و لێدوانەوە و بەسود وەرگرتن لە ئەزمونەکان ئەدای حوکمڕانی لە هەرێم و هزری نەتەوەیی بەرەوپێش بچن. لە دۆخی شکستی هەوڵەکانی رەوت و رێچکە کۆمەڵایەتی و رۆشنیرەکان و لە چەقبەستنی دەسەڵات و دەمارگیریدا بزوتنەوەی گۆڕان دروستبو.

کۆڵەکەی سەرەکی عەقڵانیەتی گۆڕان لەوەدا بەرجەستەبو کە لەبەرامبەر دەمارگیری و ناعەقڵانیەتی دەسەڵات رێگەی دیموکراسی بۆ ململانێکردن هەڵبژارد و کۆڵەکەیەکی بەهێزی تریش واڵاکردنی دەروازەکانی گۆڕان بو بەڕوی سەرجەم کوردستانیان و رەوت و رێچکەکانی تر بۆ گفتوگۆ و لێدوان و رەخنە، بێئەوەی عەقیدە و رەنگی سیاسی و مەقامی کۆمەڵایەتی بکاتە کۆت و بەندی ئەم رێبازەی.
 
گۆڕان لەو ساتانەدا لەنێوان دەسەڵاتێکی رەهای کلاسیکی کۆنسیرڤەتیزمی نەتەوەیی داخراوی پاوانخواز و چاوچنۆک و تەوژم و هەڵچونێکی نەتەوەیی و جەماوەری ناڕەزا و توڕە و بێئۆقره‌دا گوزەری دەکرد. لێرەدا گۆڕان بەپێرەوکردنی عەقڵانیەتی سیاسی توانی ئاراستەی دوەم بەرەو شێوازە دیموکراسی و مەدەنیەکەی ببات و دواتریش بە شێوزاێکی هێمنانە ئاراستەی بکات. توندڕەوەکانی بەرەی دەسەڵات نەک تەنها خەونیان بەوەوە دەبینی گۆڕان لە ناعەقڵانیەت و توندوتیژی تێوەبگلێنن، بەڵکو سیستەماتیکانە کاریان بۆ وروژاندن و هەڵچونی نابەرپرسانەی گۆڕان دەکرد، ئەزمونە تاڵەکانی نانبڕین و دەرکردن و هەڕەشەکردن و کەمپینی راگەیاندن و تۆقاندن شایەتە زیندوەکانی ئەو حاڵەتەن.

لەنێوان ناعەقڵانیەتی دەسەڵات و عەقڵانیەتی گۆڕان دا دۆخێکی گرژ وتوند خەڵقا. دەسەڵات بە خەسڵەتە ناسراوەکانیەوە ئامادەنەبو لەگەڵ ئەزمونێکی نوێدا فێری بەیەکەوە ژیان و لێکتێگەیشتن بێت و ئامادەش نەبو چاوخشاندنەوە و هەڵسەنگاندنێکی رەخنەئامێز لە تێگەیشتنی کلاسیکی و بەسەرچوی خۆیدا بۆ سیاسەت و حوکمڕانی بکات. دەسەڵات بەم هەڵویست و رەفتارەشی سەلماندی بە دەمارگیری و داخراوی مەبەستیەتی ویست و خواستەکانی بسەپێنێت و ئایندەی کوردستانیش وێناکێش بکات. گۆڕان لەبەرامبەردا پشتئەستور بە عەقڵانیەت و باوەڕکردن بە رای جیاواز و ئازادی رادەربڕین و بونی ئاراستە جیاکان لەناو خودی بزوتنەوەکەدا و لە هەمو ئاستەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و که‌لتوریدا سەرقاڵی بنیاتنان و بەگەڕخستنی شێوازێکی نوێی مامەڵەکردن بو لەگەڵ پاشهاتی نەتەوەیەکدا و ئاکامی ئەم رێبازەی بەسەرکەوتنە مەزنەکەی لە هەڵبژاردنەکان بۆ پارلەمانی هەرێم تۆمارکرد. لەم پرۆسه‌یه‌دا گۆڕان نەویستویەتی و نە ئامانجیشیەتی دەسەڵاتی کوردی بسڕێتەوە، بەڵکو خۆی دەسەڵات وەرگرێت یا بە پێوەرەکانی دیموکراسی ببێت بەبەشێکی کاریگەر لێی. مامەڵەکردنی گۆڕان لەگەڵ دەسەڵات بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و کەموکوڕیەکانی دەسەڵاتە و باشکردن و گەشەپێدانی دەسکەوتەکانە بۆ نەتەوە و خاک وفشارخستنە سەر دەسەڵات تا ئه‌و ئاستەی ئامادەبێت لێدوان بکات و رەخنە قبوڵ بکات و واز لە دەمارگیری و پێچ و پەنا بێنێت.

رێباز و رەفتارکردنی گۆڕان بەو شێوازە کرۆکی بەگەڕخستنی عەقڵانیەتە تا بتوانێت هێمنانە وئاشتیخوازانە کار بۆ بەرنامەکەی بکات و رەتکردنەوەی چەمکەکانی تاکرەوی و پاوانخوازیشە و بانگەشەیەکی راشکاوانەشە بۆ حوکمی یاسا و کۆمەڵگایەکی کراوە.

گۆڕان لەپرۆسەی بانگەشەکردنی بۆ کردنەوە و رەخنە و لێدوان خەڵکی سەرپشک کردوە بەشداری تێدا بکەن و پێی قایڵ بن یا رەتیکەنەوە، بۆیە بزوتنەوەکە خۆی بە بیرێکی دیاریکراو نەبەستۆتەوە کە بۆنی دەمارگیری و دۆگما و ئۆپۆرچینیسزمی لێوەبێت و بەو هۆیەوەش مێشک و دەستی بەند و کۆت بکات. بەم شێوازە گۆڕان بەشداری ئەرێن و چالاکانە لە زەمینەسازی بۆ دروستبونی بیری نوێی نەتەوەیی دەکات و بواریش بۆ پراکتیزەکردنی سیاسەت بەشێوزاێکی نوێ دەڕەخسێنێت.

گۆڕان لەم رێبازە سەخت و ئاڵۆزەی تێدا گوزەردەکات بەها و نرخی مرۆڤی کوردی بەرزڕاگرتوە بەپێچەوانەی بەرهەڵستکارەکانی کە مرۆڤی کورد وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی خۆیان دەبینن. لەم روانگایەشەوە گۆڕان هیچ کات باوەڕی بە بەکارهێنانی هێز و توندی نەبوە کە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەرامبەر دەسەڵاتی دەمارگیر و داخراو زۆرجار بەکارهێنراون. ئەمە کۆڵەکەیەکی سەرەکی تری عەقڵانیەتی گۆڕانە و تا ئەم ساتەش بەوردیەوە پێرەوی دەکات.

پرسیارێک لە ئایندە
پرسیارێکی سەرەکی روبەڕوی گۆڕان بۆتەوە، ئەویش ئایا گۆڕان دەتوانێت لەو دۆخەی ئێستای کوردستان کەشتی پەیامەکەی بە سەوڵەکانی عەقڵانیەت بەرەو کەناری ئارام ببات؟.

کاتێک باس لە کەلەپوری باڵادەست و زاڵبو دەکرێت مەبەست ئەو بیر و عەقڵیەتەیە کە بەدرێژایی دەیان ساڵ بەرهەمیان هێناوە. بێگومان زۆربەی بەرپرسانی گۆڕان بەشێکی زیندو و کاریگەر بون لەو پرۆسه‌یه‌دا و تێدا بەگشتی لەگەڵ هاوڕێکانی تریان زۆر ئەرێنانە و گونجاو لەگەڵ ئەو سەردەمانەدا بەشێکی ئەو کەلەپورەیان نوێکردۆتەوە و ئەمەش بەتایبەتی لە شۆڕشی هەڵساندنەوە لەدوای نسکۆی 1975.

ئایا گۆڕان دەتوانێت خۆی لە کاریگەری پاشماوەکانی ئەو کەلەپورە بەدور راگرێت کە لەهزر و مێشکی زۆربەماندا لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دروستبوە؟ ئایا گۆڕان دەتوانێت ئەو پرۆسەی داڕشتنەوەی لەناو کۆمەڵگادا و روژاندویەتی و بەشداری سەرەکی تێدا دەکات بکاتە وێستگەی کاریگەر بۆ گۆڕین ونوێکردنەوە؟.

رۆشنبیر و لێکۆڵەوەرەکانی ئەم سەردەمە، بەتایبەت لەناو نەتەوەی عەرەبدا، بۆچونی جیاوازیان لەمەڕ گۆڕانی عەقڵیەت هەیە. عەرەب لەو روەوە خاوەنی نمونە و ئەزمونی درێژخایان و دەوڵەمەندن. بەبۆچونی رۆشنبیری عەرەبی، خواڵیخۆشبو (محمد عبدالجابری)، عەقڵ بەردەوام لەدروستبوندایە و بۆیە لە گۆڕان و گەشەکردندایە. بەڕای ئەم رۆشنبیرە عەقڵ کۆمەڵێک چەمک و تێگەیشتن و بۆچونە کە لە قۆناغه‌کاندا رەوشی رۆشنبیری بە نەوەکانی قۆناغه‌که‌ی دەبەخشێت. 

بە هەڵسەنگاندنی جابری بۆ گۆڕانی عەقڵیەتێک پێویستە بنوبنچینەکەی لەکاتی دروستبونیەوە بزانرێت.

گۆڕان بەشێکی ئەرکەکانی قۆناغی سەرەتایی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان و چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دڕشتنەوەی بیری خۆی ئه‌نجامداوه‌. گۆڕان ئێستا لە قۆناغی دۆزینەوە و بنیاتنانی جومگەکانی خۆیەتی تا ئەو رێگەچارەیەی دیاریکردوە بەسەرکەوتویی ببرێت. لەم بوارە تا ئەم ساتەش لەناو گۆڕان دا بۆچونی جیا و ناکۆک بەیەک هەن، ئەمەش دیاردەیەکی سروشتیە، چونکە گۆڕان خۆی بە ئایدیا و عەقیدەیەکی داخراو نەبەستۆتەوە. ئەوەی گرنکە بەشێک لەو بۆچون و چەمکە جیاوازانە خۆیان لە پاشماوەکانی که‌لتوری حیزبی کلاسیکی و داخراو بتەکێنن و بەئاراستەی گەڵاڵەکردنی بیرورای جیاواز ململانێی دیموکراسیانە و دروست وبنیاتکەر کاربکەن. لەم پرۆسەیەدا، کە بێگومان ئاڵۆز و سەخت دەبێت، کرانەوەی گۆڕان بەرامبەر دەرەوەی بزوتنەوەکە لە رەوت و رێچکەکانی گۆڕانخواز لەناو کۆمەڵگا و حیزب و رێکخراوەکانی تر بۆ نزیککردنه‌وه‌ و کۆکردنەوەی هەموان لەژێر سەقفی گۆڕانخوازی و گۆڕانکاریدا تەوژمێکی توند بە هەڵمەتی گۆڕین دەدات و پێگەی گۆڕانیش بەهێزتردەکات. مەبەست لەم کردنەوەیە پێڕەوکردنی لێدوان و گفتۆگۆ و گوێگرتن لە رەخنە و بۆچەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی گۆڕانە بۆ سازدانی زەمینەیەکی پتەو بۆ نوێکردنەوەی کەلەپورەکەمان.

ئەو متمانەیەی خەڵکی بە بزوتنەوەکەی بەخشیوە لەئاکامی جیاوازی گۆڕان لە هێزەکانی تر و بەتایبەت دەسەڵات بەو مانایە نیە، کە بەردەوام جەخت لە جیاوازیەکان بکرێتەوە تا گۆڕان توشی دابراندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی نه‌بێت. ئەو جیاوازیانە نەگۆر نین و لە گەشەکردن و هەڵکشان و دابەزاندندان بەشێوازێکی تەریبی لەگەڵ گۆڕانکاری لە لایەنەکانی تری ملمڵانێدا. لێرەدا پێویستە گۆڕان دینامیکیەتی رۆژانەی خۆی بەو پێوەرانە بپێوێت، نەوەک بە هەمان جیاوازیەکانی سەرەتایی و ئەمەش بە کرانەوەی گۆڕانەوە گرێبدرێت. واتە خاڵی نەگۆڕی گۆڕان کە لە میحوەرەکەیدا دەسوڕێتەوە خودی گۆڕانکاریە سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکانە، بەدەر لەمە سەرجەم کارەکانی تری دەبێت له‌ گۆڕانکاری به‌رده‌وامدا بن. ئەم سیاسەتە واقیعیە بێگومان ناکرێت لەسەر حسابی پرەنسیپەکانی بێت.

بەڕای من ئەمە ئەو چەمک و کارانه‌ن کە کەشتی گۆڕان بەسەوڵەکانی عەقڵانیەتی بەرەو کەناری ئارام دەبات.


سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1- ویکیپیدا
2- "نقد العقل العربی" محمد عبد الجابری
3- "العقلانیە العربیە واشکالیە النهضە" ضرار بنی یاسین