دانوستانن پرۆسەیەکە تا بەڕێگەی لێدوان و تاوتوێکردن رێکەوتنێک سازبکرێت، کە هەمو لایەنەکانی دانوستاننەکە پەسندی بکەن و خزمەتی ئامانج و بەرژەوەندیەکانیشیان بکات.
دانوستانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دۆخە گرژ و ئاڵۆزەکەی دوای 17 شوباتی بەشێوەیەکی کاتی خاو و هێور کردۆتەوە، ئەم کاریگەریەی دانوستانن پەرۆشی و چاوەڕوانی خەڵکی پێی زیاتر لە قەوارە راست و واقیعیەکەی خۆی وروژاندوە.
"پێنج قۆڵی"
راگەیاندن ناوی لێناوە دانوستانی پێنج قۆڵی، ناونیشیانێک هەڵدەگرێت قسەی زۆری لەسەر بکرێت، مەبەستی سەرەکی لەو ناونانە پەرتەوازەکردن و لەتکردنی لایەنی ئۆپۆزسیۆنە، تەنانەت دو لایەنەکەی دەسەڵاتیش وێرای رێکەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان و پرۆژەی هاوبەشیان وەک دو لایەن کە بەرپرسیاری سەرەکی دۆخەکە وخاوەنی یەک هەڵوێست بن لەو ناوبردنەدا ناخوێنرێنەوە، لەلایەکی ترەوە دەبوا مێزی دانوستان خڕ بوایە و باوەڕیش دەکەم بەئاسانی دەتوانرا مێزێکی لەو جۆرە لە کوردستان بدۆزرایەوە. ئەم خاڵانە و چەندی تریش بەشێکن لە هونەری دانوستانن و گەر نیەتی پاک هەبێت پێرەوکردنیان لە مەقامی هیچ لایەنێک کەم ناکاتەوە.
مەبەستی سەرەکی ئەم دانوستانە تەنها گەیشتن نیە بەرێکەوتنێکی چاکسازی و ئاڵوگۆرکردنی حکومەت، بەڵکو ناشێت بەهیچ شێوەیەک چاو لە ستەمکاری و تاوانەکانی لایەنی دەسەڵاتدارانی سەر مێزەکەش دابخرێت، عەرەب وتەنی "عفی اللە ما سلف" نەخزێنرێتە نێو ئەجێندای دانیشتنەکانەوە.
لەم دۆخەدا ئەرکێکی ئۆپۆزسیۆنە کە هیوا و ئومێدی خەڵک بە دانوستاننەکە بخەنەوە چوارچێوە گونجاو و واقیعیەکەیەوە، تا هەڵسەنگاندنی هەڵە و چاوەڕوانی خهیاڵاوی کەڵەکە نەبن و کاریگەری نەرێنیان لەسەر پرۆسەکە دروستکەن.
دانوستانی فرەلایەن
ئەم دانوستانەی کوردستان قورسترین و ئاڵۆزترین جۆری دانوستاننە، دانوستانێک پێنج گەمەکەری جیاواز بەشداری دەکەن، بێجگە لە بەرژەوەندیە فەرمیە راگەیانراوەکان ئەجێندە تایبەتیەکانیش بە شاردراوەیی لە کەشوهەواکەدا گوزری خۆیان دەوەشێنن.
ئەو پێنج لایەنە (تاڕادەیەکی کەمتر گۆڕان) مێژویەکی پر ئاشتی و شەڕ و دانوستان و فرتوفێل وهاوپەیمانی و دژایەتیان لەنێواندا هەبوە، خۆشمان بوێت یا تاڵ ئەو فاکتەرانە لەژێر و سەر مێزی دانوستان رۆڵی خۆیان دەبینن. ناشێت لەیادی کەین کە دو هێزی دەسەڵاتداریش مێژویەکی پڕ شەڕ و نیەت خراپیان بەرامبەر یەکتر هەیە و هەروەها بەجوتە و تەنیا ستەمکاری و فرتوفێل و پلانگێرانیان دژ بە سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن کردوە. دو لایەنی یەکگرتو و کۆمەڵ ئەزمونێکی درێژی خۆش و ناخۆشیان لەگەڵ جوتە هێزی دەسەڵات هەیە. لەم گرتبونەوەدا هاوسەنگی هێزی نێوان لایەنەکان بەپێوەرەکانی دیموکراسی و سەردەمانە دیاری نەکراوە، بەڵکو زەمینەی مێژویی و سیاسی و کەلەپورە حیزبی و شەخسیە جیاکان و خواستی هێزە دەسەڵاتدارەکان لە پشت پەردەوە ئەو هاوسەنگیە بەرێوەدەبەن.
دانوستان و نەتەوە
بێجگە لە دەستەواژە رەواجە گشتیەکان، وەک نوێسازی و چاکسازی و ئایندەسازی و گۆڕانسازی، ئامانجی ستراتیژی دانوستانەکە بەڕونی دیاری نەکراوە، گرێدانێکی نەتەوەیی تۆکمە و ئاشکرا ئەو لایەنانەی کۆنەکردۆتەوە. ئامانجی نەتەوەیی کورد لە باشور زۆر پیرۆزتر و گەورەترە لە چەند ئیجرائاتێکی چاکسازی کە هێز و دەسەڵات وەک عەرزێکی سیاسی ناوبەناو و پچڕپچڕ و کولەمەرگانە دەیکەن و ئۆپۆزسیۆنیش وەک ئامرازێکی سیاسی خۆی دەیخاتەسەر مێزی دانوستان. خەمخۆری بۆ نمونەی حوکمڕانی رەوا و دروستە، بەڵام سەرچاوەی سەرەکی مەترسی شکستی ئەو حوکمڕانیە خۆماڵیە لە باشور تەنها گەندەڵی و بێسەروبەری حوکمڕانی نیە و تەنانەت ئەو کەموکوڕی و ئیفلیجیەی دیموکراسیەتی و پەرتەوازەبون و هەڵوەشاندنەوەی جومگەکانی کۆمەڵایەتیش نیە، بەڵکو ئەو دەرد و بەڵا سەرەکیەی ئەم ئەزمونەی خستۆتە گێژاویەوە نەبونی دیدێکی ستراتیژی نەتەوەیی هاوبەشی هێزەکانی کوردستانە. وێڕای ئەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بە کار و رەفتار و تاوانەکانیان پێشتر و بەتایبەت دوای 17 شوباتەوە نیەتی شەڕەنگخوازی و نانەتەوەیی خۆیان سەلماندوە، وەلێ موسیبەتەکە لەوەدایە خۆیان بەراست و رەوا و بێگەرد دەزانن و دێن پرۆژەی "چاکسازی" بۆ قوربانیەکانیان عەرزدەکەن و فرمێسکی تمساحیان بۆ دەرێژن و دەیکەن بەمنەت بەسەریاندا. مەسیری پارچە کاغەزەکەی 19 خاڵەکە و هەڵوێستی ئۆپۆرچینیستی دەسەڵاتداران لە بەغدا بەشێکی تری ئەو تراجیدیا نەتەوەییە دەسەلمێنن. دوای ئەو بیست ساڵەی پر دەسکەوت و شکست و نەهامەتی، پر لە هەنگاونان بەرەو دیموکراسیەت و کار و رفتاری دکتاتۆر ئاسا و ستەمکارانە، پر لە هیوا بە ئازادی و ئەتککردن و هێرشکردنە سەر ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، پڕ لە بەڵێن و پەیمان و فرتوفێل و ساختە و درۆکردن و چەواشەکردن، پڕ لە ئومێد و گەرموگوڵی بۆ بەغدا و تەنراو بەکێشە و گرڤت و ئاڵۆزی لە گەڵیاندا، پر لە مادە و بڕگە و لیژنە و قسەی بریقەدار بۆ کەرکوک و ناوچەکانی تر و پەشیمانبونەوە و درۆودەلەسە و شۆڤێنێیەتی بەغدا بەرامبەرمان، دەبوا دوای بیست ساڵی تەنراو و پرکراوە بەم دژانە زەمینەی سەرەکی دانوستان بۆ ئایندەی نەتەوەیی بوایە و لەو روانگایەوە رێکخستنی راستەقینە و رەوای ناو ماڵی کورد کە بەهێزترین چەکی نەتەوەییە بکرایە، رێکخستنێک کە هێز و دەسەڵات هۆکاری سەرەکی تێکدان و شەتەککردنی بوە و ئەمڕۆش وەک گوژاڵکێک (حونزڵ) بە بەرگی جوان و شیرینەوە خۆیان نمایش دەکەن.
لایەنەکان چیان لە دانوستان دەوێت؟
هەرچۆنێک بێت دانوستان هەیە و نابێت ئەو خاڵانەی سەرەوە لەم ساتەدا رێگر بن لە ئەنجامدانی بەقەدەر ئەوەی لەسەر مێزەکەی لە یاد نەکرێن.
هێز و دەسەڵاتێک ئەمە کار و رەفتاریان بن و ئۆپۆزسیۆنێک رۆشنایی ستراتیژی لەگێژاوی روداوەکاندا دانەرشتبێت، دەبێت بپرسین مەبەستی لایەنەکان لە دانوستانەکە چین؟
پارتی
لە روداوەکانی 17 شوباتدا و دواتر سەرانی پارتی و بەتایبەت بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بەرپرسیاریەتی سەرجەم ئەو تاوان وستەمکاریانەی دەرهەق بە خۆپیشاندەران وخەڵکی ناڕەزا کران، بەتایبەت لەلایەن حیزبەکەیەوە، دەکەوێتە ئەستۆی، بەرپرسیاریەتێکی سیاسی و فەرمی و مەعنەوی. کاردانەوەی ئەو روداوانە لەئاستی دنیادا شەپۆلێکی پرۆتێست و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت بازنە سیاسیەکانی خۆرئاوا، چەندین رێکخراوی ناوداری دنیا و رۆژنامە گەورەکانی دنیا دەنگی پرۆتێستیان بەرزکردەوە. کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێم و سەرۆکەکەی نەرێنانە بو، بێجگە لەمە ئەمهریکیەکان لەنزیکەوە بەردەوام فشاریان کردوە تا کۆتایی بەتوندوتیژی و پێشێلکردنەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ بهێنرێت. بارزانی لەرێگەی پرۆژەکەیەوە ئاماژەیدا کە چیتر ئامادە نیە ناوناوبانگی خۆی و بەرپرسیاریەتی بخاتەژێر گومانی دۆستەکانی لەدنیای دەرەوە.
سەرۆکی هەرێم زۆربەی هێز و دەسەڵاتی کوردستانی لەبن دەستدایە:
هێز و دەسەڵاتی فەرمی و نافهرمی، حکومەت، پارە، چەک و هێزی چەکدار، دەزگا هەواڵگریەگان، تۆرێکی پێوەندی بەرفراوان لە ناوچەکە و دنیا، دەوروبەری و نزیکەکان لێی کۆنترۆڵی زۆربەی ژیانی ئابوری هەرێم، بەتایبەت نەوت، یان کردوە. ئیتر پێویست بەچیدەکات ئەمە لەخۆی تێکبدات و دوچاری رەخنە و فشار ودابراندن بێتەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن شەرعیەتی سەرۆکی هەرێمیان نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە. مەبەستی سەرەکی پارتی دڵنەوایی کردنی دۆستەکانیەتی کە بە رێگەی دیالۆگ و کرانەوە و رێزگرتن لە رای جیا و دیموکراسیەت کار و رەفتار دەکات و ناوزڕاندنەکەش راست بکاتەوە خۆشی له گوناههکان پاک بکاتهوه. لەلایەکی ترەوە ئەجێندای تایبەتی پارتی مەبەستیەتی بەبەشداریکردنی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتدا بەرپرسیاریەتەکە دابەش بکات و تەوقی رێکەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی دا بسەپێنن و خۆیان لەو داوە قورتاربکەن کە هەنوکە ئەوەندەی جاران سودی لێناکەن.
ئەزمونەکانی مێژو سەلماندویانە کە ههڵوێست و خواستهکانی پارتی چەسپاو و نەگۆڕ نین و بەپێی دۆخ و کات و شوێن دایان دەڕێژنەوە، بۆیە لەم دانوستانەدا و بەڕەچاوکردنی باڵادەستیان لەم سەردەمەدا پابەندبونی پارتی بە هەڵوێستیان و تێهەڵکێشکردنی بە خواست و داوکاری لایەنەکانی ترەوە بەزەبری بەرژەوەندیە باڵاکانی دەسەڵاتدارانی پارتی دادەڕێژرێت. ئەو بەرژەوەندیە کاتیەی لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە. بۆیە پارتی ئامادەیە نەشتەرگەریەکی کۆسمێتیکی لە ئیدارە و حوکمڕانیدا بکات بێئەوەی بنچینەکانی هێز و دەسەڵاتی خۆی دەستکاری بکرێن.
یەکێتی
پشکی شێری ستەمکاریەکانی دەرهەق بە خۆپیشاندەران لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان دەچێتە ئەستۆی هێزەکانی یەکێتی و تاڵەبانی. لە یەکەم ساتی دروستبونی گۆڕانیشەوە چەندین تاوانی جیاجیایان دەرهەق بە گۆڕانخوازان و لایەنگرانی کردوە. وێڕای رێکەوتنامەی ستراتیژی وەلێ پێگەی یەکێتی ئەڵقە لاوازەکەی هاوکێشەی هێز و دەسەڵاتە لە کوردستان. ئەم راستیە بەتەنها یەکێتی لاواز نەکردوە، بەڵکو لەیەکترازانێکی نەتەوەیشی لێکەوتۆتەوە و بەهۆی نائارامی و تەمولێلی سیاسەتی یەکێتی لەبواری چاکسازی سیاسی و دارایی و ئیداریەوە هێزەکانی تریش نرخی ئەم کەلێنە دەدەن.
لەسایەی هەیمەنەتی پارتی لە هەولێر و بەغدا و تەنانەت ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە ناڕەزایی توند لەناو ریزەکانی یەکێتی لە لوتکەوە بۆ خوارەوە بوژاوەتەوە و لە شێواز و مامەڵەی پارتی بێتاقەتن. ئەم ناڕەزایی و بێتاقەتیە بەس نین و زەمانیش نین بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە. کاتێک یەکێتی لەم نیمچە سەباتە سەپێنراوە بەسەریدا بەتەواوی بەخەبەردێتەوە ئەوسات دەتوانێت رۆڵی خۆی وەک هێزێکی سیاسی بەئەرێنی بنیات بنێتەوە و ببینێت. ئەم دانوستاندنە گونجاوترین کات و کەشوهەوان بۆ یەکێتی تا نەخشە رێگای نوێی خۆی، ئەگەر بەجدی بیری لێکردبێتەوە، بخاتەگەڕ. کەشوهەوایەک کە بێگومان ئیرادەی میللەت تێدا زاڵە و سەرکەوتوش دەبێت.
گومانێکی زۆر هەیە یەکێتی بەم پێکهاتەیەی سەرکردایەتی و دەسەڵاتدارانی ئێستای بوێری ئەوەی هەبێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت یەکێتی لە دانوستاندن گەمەی دو لایەنە بکات، لەلایەک جەخت لە هاوهەڵوێستی وهاوتەبایی خۆی لەگەڵ پارتی بکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە "بەشداریکردنی" ئۆپۆزسیۆن لە حکومەت و پەسندکردنی بەشێک لە داواکاریەکان بە هەلێک بزانێت تا فشار وهەیمەنەتی پارتی کەمتر بکاتەوە وپێگەی خۆی بەهێزتر بکات. کارتێکی تەکتیکی ئەوەندەی لێ چاوەڕوان ناکرێت، چونکە بەردەوامی بەسهپاندنی سەباتە سیاسیەکەی دەدات.
کۆی گشتی خواستەکانی پارتی و یەکێتی لە یەک خاڵی جەوهەریدا یەکدەگرنەوە، ئەویش لەدەست نەدانی کرۆکی دەسەڵاتە بۆ مەبەستە جیاکانی خۆیان ئامادەن بنکەی دەسەڵات بچێک فراوانتر بکەن بێئەوەی گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا بکەن.
ئۆپۆزسیۆن
ئەگەرچی سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن پرۆژەیەکی هاوبەشیان هەیە و تا ئەم ساتەش جەخت لە یەک هەڵوێستیان دەکەنەوە، بەڵام لە سیاسەتدا و بەتایبەت لە ناوچەکەمان حسابکردن بۆ ئەگەرەکانی تریش دوربینی سیاسی دەسەلمێنێت. کرۆکی پرۆژەکەی ئۆپۆزسیۆن لە چاکسازی لە هەمو بوارەکاندا تێپەڕ ناکات.
سەیرکردن و هەڵسەنگاندنێکی ئەبستراکتی داواکاری و پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆن سنورەکانی کارتێکی فشاری سیاسی تێناپەرێنن. بە چ لۆژیکێک چاوەڕوان دەکریت هێز و دەسەڵات لە کوردستان بەو کار و سروشت و خەسڵەتانەی لە بیست ساڵی دوایدا رۆژ بەدوای رۆژ خەستتریان کردونەتەوە پشکە رەسەن و رەواکەی داواکاریەکان پەسند بکەن و ئەگەریش کردیان کامانەن ئەو زەمانەتانە بۆ جێبەجێ کردنیان. لەلایەکی ترەوە قوڵایی نەتەوەیی پرۆژەکەی ئۆپۆزسیۆن لەو چاکسازیەی داوای کردوە بە تەمولێڵیەوە هەڵکۆڵیوە. دیدوبۆچونێک لە پراگماتیکی سیاسی ریفۆرمدا دروست و گونجاوە نەک بۆ داڕشتنەوەی زەمینەی نەتەوەیی بۆ گۆڕانکاری بنەرەتی.
بە تێڕامانی چەمکی واقیعبینانە لە سیاسەتدا ئۆپۆزسیۆن هێز و دەسەڵاتی خزانۆتە سوچێکی تەسکەوە و بۆیە ئەوانیش بەپەلە پرۆژەیەکیان داڕشت و ناڕاستەوخۆ جەخت لە بەشداری ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتدا دەکەنەوە.
بەشداریکردنی ئۆپۆزسیۆن لەم حکومەتەدا کارێکی نادروست و هەڵەیەکی گەورەیە، بەپێچەوانەوە شەراکەتی ئۆپۆزسیۆن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە هەرێم و بە بەرنامەیەکی تازەی نەتەوەیی و نیشتمانی و بە تەوافق دەست نیشانکردنی سەرۆکی حکومەت و رێکەوتن لەسەر تەواوی دەسەڵاتەکانی حکومەت و وەزیرەکان و دەست تێوەرنەدانی هێزەکانی دەرەوەی دەزگا و بونیەتە فەرمیەکانی هەرێم لە کاروباری حکومەت و پەرلەماندا ئەو خاڵانەن، کە رۆسپیەتی ئاکامەکەی دەبێت.
ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتو بوە لە وروژاندن و جوڵاندنی چەندین چەمک و بابەتی گرنگ لە حوکمڕانیدا وکاتی ئەوە هاتوە بەرهەمەکانی بۆ میللەت بگەڕێنرێتەوە و ئەوانەی بونەتە قوربانی ئەو وروژاندنە دڵنیا بن قوربانیهکانیان بەفیڕۆ ناچن.