جاران، به تایبه‌ت له ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولدا، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌شداریی بزوتنه‌وه‌ی نهتهوهكهمانیان ده‌كرد به‌یه‌ك ره‌نگ و ئاواز كورد بوین. به‌یه‌ك نیه‌ت وئامانج ئاگری نه‌ورۆزمان له سه‌ربانی ماڵان و كۆڵانی شاره‌كان و لوتكه‌ی چیاكاندا ده‌كرده‌وه، به‌یه‌ك نیاز و مه‌به‌ست ده‌بوین به پێشمه‌رگه وئه‌ندامی حزب و رێكخراوه‌كان. هه‌ر هه‌موومان ده‌سه‌ڵاتمان ئیراده و باوه‌ڕمان بوو. هه‌ر هه‌موومان تامه‌زرۆی بینینی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بێگه‌ردی منداڵێكی كوردی بێ ترس بووین، په‌رۆشی خوێندنگا و بۆرییه‌كی ئاو و عه‌مودێكی كاره‌با و بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی ساده و رێگایه‌كی خۆڵی چهوڕێژكراو بوین له گوند و هه‌واره‌كانی كوردستان. به‌یانیان له خوێندنگا ریز ده‌بوین و به‌یه‌ك ده‌نگی به‌رز و دلێر و به ئاوازێكی هه‌ڵقوڵاو له ناخی دڵه‌وه "خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی" و "ده‌می راپه‌ڕینه" و "ئه‌ی ره‌قیب" و سروده‌كانی ترمان ده‌ووته‌وه. به‌یه‌ك جۆر سۆز و شه‌وقه‌وه گوێمان راگرتبوو بۆ هه‌ر هه‌واڵێك كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان پێببه‌خشێت. بۆ یه‌ك مه‌به‌ست سزای خائینان و جاشهكانمان ده‌خواست.
جاران دنیا نه‌دیده و كه‌م خوێنده‌وار و مافخوراو و گه‌مارۆدراو بوین. دوژمنه‌كانمان ئه‌تكیان ده‌كردین، ده‌یان كوشتین، زینده به‌چاڵیان ده‌كردین، بێ هۆ و به‌هۆ ده‌یان خزانینه ناو زیندان و ره‌وانه‌ی مه‌نفایان ده‌كردین. خاوه‌نی ته‌لار و ماشێن و كۆمپیوته‌ر وگه‌ڵا و ده‌فته‌ره دینار نه‌بوین، دڵسۆز و به‌وه‌فا بوین بۆ خێزان و دۆست‌و ده‌رودراوسێمان، زمانی بیانییمان ته‌نها "یه‌س و نۆی ئینگلیزی بوو"، هه‌موو كورد خاوه‌نی چه‌ند كه‌سایه‌تی و رۆشنبیرێك بوو له چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا.
جاران به‌و هه‌ژاری و ساده‌یی و دابڕاندن و زوڵمه زۆره‌ی له‌سه‌رمان بوو له ناخماندا خاوه‌نی مه‌زنترین سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بوین، یه‌كڕیز و پاك و به‌وه‌فا بوین، له كار‌و كردهوهماندا راستگۆ‌و خۆڕاگربوین و گوێمان له‌یه‌كتر ده‌گرت. ئه‌وسا خه‌ڵكانێكی سادهوخۆش باوهڕبوین. كه‌لتور و فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی جوتیار كار‌و كاریگه‌ریی سروشت و یاساكانی له‌سه‌رمان هه‌ڵسوكه‌وتمان و بۆچونهكانمانی دیاری كردبوو، به‌واته‌یه‌كی تر خۆش باوهڕبوین، باوه‌ڕمان به‌پاكی و په‌یمان و برایه‌تی و كاروكرده‌وه‌ی چاك و پیاوانه هه‌بوو. ئه‌م كه‌لتوره خۆشه‌ویستییه‌كی بێئه‌ندازه‌ی له ده‌روونماندا بۆ خاكه‌كه‌مان خوڵقاندبوو، سروشتی ئه‌و خاكه‌ش له‌به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویستیماندا دۆستێكمان بوو، حه‌شاری ده‌داین و نان و ئاوی پێده‌به‌خشین وگه‌رما و سه‌رمای وه‌رزه‌كانی ژیانمان به‌یه‌كه‌وه ده‌برده‌سه‌ر. به‌كورتی و كوردی خه‌ڵكانێكی پاك و رۆمانتیك بوین و به‌و شێوه‌یه كوردایه‌تیمان ده‌كرد و كڵپه‌ی كوردستان یا نه‌مان ده‌روون و جه‌سته‌مانی به‌تینه‌وه ده‌وروژاند. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی راوبۆچونی جیاوازمان هه‌بوو، به‌ڵام ده‌ستمان له یه‌خه‌ی یه‌كتر گیرنهدهكرد و بهكهمین نه‌بوین له‌یه‌كتر و به‌پێچه‌وانه‌وه زۆر به‌ته‌نگی یه‌كتره‌وه ده‌هاتین.
رێ له گۆڕانكارییه‌كان ناگیرێت، به‌ڵام براوه ئه‌وه‌یه كه بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵیاندا بگونجێنێت و پره‌نسیپه‌كان و ره‌سه‌نیه‌تی خۆی بپارێزێت. سه‌ره‌تاكانی چه‌پ و ماركسیزم و شیوعیه‌ت كارامه له‌ناوماندا گه‌رایان دانابوو، كاریگه‌ریی سۆشیال ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی هاوڕا و هاوپه‌یمانه‌كانی له كوردیشدا قیتكردبوهوه. یه‌كێك له ره‌نگدانه‌وه‌كانی ئه‌م هێزه داگیركه‌رانه‌ی مێشك و باوه‌ڕمان لهكهكردنی پاكی و رۆمانتیكی و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانمان و به‌شێكی خه‌سڵه‌ته ره‌سه‌نه كوردهوارییهكانمان بوو.
هه‌ندێكمان بوین به‌ته‌ته‌ری خواستی داگیركه‌ران و هه‌ندێكی ترمان بوین به ده‌روێش و كۆیله‌ی ئیتۆپیایهكی خه‌یاڵ پڵاوانه و ئه‌وه‌ی ماشه‌وه كه‌وتنه نێو به‌رداشی شه‌ڕ و ململانێ و نامۆبوون. یه‌كه‌م گورزی خوێناوی ئه‌م ده‌رده كوشنده‌یه مه‌لای و جه‌لالی بوو. ئه‌مه ئاكامێكی سروشتی عه‌قڵیه‌تی نه‌خۆشی ناره‌سه‌ن و له‌كه‌داره بوو كه له‌خۆی و میلله‌ته‌كه‌ی ههڵگهڕابوهوهو خۆی و كوردیشی كردبوه ده‌سكه‌لای ده‌رودراوسێ و دوژمنانی.
عه‌قڵیه‌تی نه‌خۆش هێورترین ده‌سته‌واژه‌یه بۆ وه‌سفكردنیان، چونكه رابووردویهك و نه‌فه‌س و ویستێكی ساكار و پاكیان به‌پاساوی سیاسی و فیكری و جیاجیاوه گۆڕیه‌وه به سات و ئانێك و ئاینده‌یه‌كی پر كۆیله‌یه‌تی و خۆفرشتن و خۆكوشتن. لێره‌وه ترازاندنی راسته‌قینه ده‌ستی پێكردو به دوو ده‌نگ و ره‌نگ و ئاواز نه‌شیدی نه‌ورۆزمان ده‌وت و به دوو نیه‌ت و مه‌رام و ئامراز كوڕ وكچی كوردمان ره‌وانه‌ی توونی مه‌رگ ده‌كرد. ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موو به‌یه‌كه‌وه وه‌ك كورد نهمابوینهوه، یا كوردی ئه‌ملا بوین یا كوردی ئه‌ولا.
دوژمنه‌كانمان ژیرانه‌تر ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كردین، دركیان به‌و راستیه كردبوو كه سه‌رانی كورد خۆیان به‌هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو و درێژخایانه‌وه نابه‌ستن و به‌كه‌مترین شتیش قایل ده‌بن. چونكه بزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به دوژمن گه‌مارۆدراو بوو و بێدۆست بوو كرابوه گۆڕه‌پانی ململانێ و كاری سرفی حزبایه‌تی و فیكری و له ره‌وره‌وه‌ی راستی خۆی لادرابوو.
دانوستاندن و رێككه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵ دوژمن، ئه‌گه‌ر له ناچاریشه‌وه بوبێت، هه‌میشه كورد دوا قسه‌ی تێدا نه‌كردوه و مۆركردن وئیمزاكانیشی به گومان ودوودڵییهكی زۆره‌وه كراون. سه‌یره سه‌رانی كورد به‌درێژایی ئه‌و مێژوه چاویان له هێزی ده‌ره‌كی ناحه‌ز و داگیركه‌ر بوه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی بزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌مان. وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان به‌خاوه‌نی مه‌سه‌له‌كه نه‌زانیبێت. به‌م جۆره بۆ چوار ساڵ چاوه‌ڕوان بوین دڕنده‌ترین دوژمنمان مافه‌كانمان بسه‌لمێنێت.
رۆژ هات ورۆژ بهڕێچو، سه‌دان هه‌زار كورد وێڵی شاخ ودۆڵی كوردستان و ئه‌و دیو سنووره‌كانی بوون. ئه‌مجاره‌یان به‌هۆی ره‌فتار و هه‌ڵه‌كانی كوێخاكانی شۆڕشه‌وه هه‌ندێك له خه‌سڵه‌ته پاك و بێگه‌رده‌كانی نه‌ته‌وایه‌تیمان لێتهكی بوو، به‌ڵام میلله‌ت هه‌ر رازی بوو به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی شۆڕش ئه‌مجاره ده‌روازه‌ی ئاینده‌یه‌كی گهشدارمان بۆ واڵاكاتهوه. ئه‌مجاره‌ش كار له‌كار ترازاو به‌هۆی عه‌قڵیه‌تی خۆشباوه‌ڕی و ئه‌جری پیاوه‌تی و وه‌فاداری وه‌همییه‌وه چاومان له راستیه‌كان نوقاندبوو تا رۆژێك "هاوپه‌یمان و دۆسته" ئهمهریكییهكهمان به‌چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شای ئێران و سه‌دام كۆتایی به خه‌ونه‌كه‌مان هێنا.
رۆژ هات و رۆژ بهڕێچو، كڵپه‌ی شۆڕشێكی نوێی به‌تین و گه‌رمی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ڕابه‌رایه‌تی چه‌پڕه‌وی خه‌ونه‌كانمانی زیندوو كرده‌وه. بۆیه‌كه‌م جار بیروڕای بیانی و نامۆ به كه‌لتور و ئایینمان بوونه سوته‌مه‌نییه‌كی شۆڕشی هه‌ڵساندنه‌وه، ره‌نگه له بێ ئومێدیدا په‌نامان بۆ بردبێت، له شاخه‌كان و چه‌ند كه‌سێك له‌م دنیا گه‌وره‌یه‌دا زیاتر دۆستمان نه‌بوو و كه‌س به ده‌نگمانه‌وه نه‌ده‌هات جگه له‌چه‌ند بازرگانێكی سیاسی له وڵاتانی دراوسێ و هه‌روه‌ها چه‌پ و جۆره‌كانی چه‌پڕه‌وی مۆده‌یه‌كی شۆڕشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش بوون و كاریزما‌و كاریگه‌ری وه‌همی هه‌بوو. بۆیه‌كه‌م جار له‌سه‌ر خاكی خۆمان دوو شۆڕش به‌رپابوو، به‌ناو بۆ هه‌مان ئامانج و به‌كرده‌وه دژ به‌یه‌كتر. سه‌یره میلله‌تێك زوڵملێكراو و تووشی گه‌وره‌ترین شكستی بوبوو و دابه‌شكراو و نوقمبووی خه‌ڵتانی خوێن بتوانێت شۆڕشێكی هه‌ڵساندنه‌وه به‌رپا بكات و خاوه‌نه ویراسیهكانی شۆڕشی شكست شۆڕشی دژی به‌رپا بكه‌ن. هه‌مان سه‌ركرده‌كانی پێشوو، هه‌ندێكیان له چیاكانی كوردستانه‌وه و ئه‌وانی تر له پشت سنووره‌كانی كوردستانه‌وه وانه نوێیه‌كانی شۆڕشه‌كانیان فێرده‌كردین. له‌م دوو شۆڕش و شه‌ڕه‌دا هه‌زاران رۆڵه‌ی كوردی نه‌به‌رد و به‌جه‌رگ كرانه قوربانی.
زۆر ساویلكه و خۆش باوه‌ڕ بووین كه به ته‌پڵی هه‌مان لێده‌ری هه‌ڵپه‌ڕین. شۆڕشی نوێ بۆ هه‌ندێك له كاره‌كته‌ره‌كانی مانای به‌رگری له مانی میلله‌تێك بوو و بۆ هه‌ندێكی تر كوشتنی یه‌كتر بوو، مانای چاوبازی بوو له‌گه‌ڵ دوژمن، مانای كۆیله‌یه‌تی و سواڵ و سه‌ده‌قه‌ی سه‌رده‌می ئه‌و كاته بوو. ئه‌و سه‌ركردانه باش دركیان به راستییه‌ك كردبوو كه ئه‌وان ئه‌وه‌نده ئه‌زیه‌تی كوردیان داوه‌و ئه‌وه‌نده كوردیان به‌یه‌كتر كوشتوه‌و هۆكاری له‌ده‌ستدانی زۆر له خه‌سڵه‌ته ره‌سه‌نه‌كان بوون بۆیه لایان وابوو پێویسته كورد به بیری هاورده‌و به‌ڵێنی زل وحه‌ماسی عه‌قیده‌وه جارێكی تریش دوای خۆیان خه‌ن، ئه‌و سه‌رده‌مه حزبی كوردی نه‌یوو ماركسی نه‌بێت و داوای به‌هه‌شتی سۆشیالیزم نه‌كات و له روانگه‌ی یاساكانی شۆڕش وعهقیدهی داخراوه‌وه بانگه‌وازی دیموكراتیه‌ت وعهدالهتمان ده‌كرد. ئه‌وان ته‌نها خۆیان و چه‌ند جانتایه‌ك دینار وتمهن و دۆلار و چه‌ند چه‌كێكیان به‌ده‌سته‌وه بوو. چه‌ند جهندرمهیهك و پیاوانی ئیتلاعات و موخابه‌راتی عامه‌یان ده‌ناسی. به‌داخه‌وه سه‌ركه‌وتووبون له چه‌واشه‌كردنی ده‌یان هه‌زار كورد كه به ناوی كوردایه‌تی و له رۆحیه‌تێكی پاكی كوردایه‌تییه‌وه شه‌ڕ بۆ ئه‌و كوێخایانه بكه‌ن. ئه‌مه ره‌وایه‌تی خه‌بات و نیه‌ت پاكی و فیداكاری ئه‌و قاره‌مانانه ناسریَِتهوه كه به‌هیوای ئه‌و ئاینده گه‌شه‌داره شه‌ره‌فی پێشمه‌رگایه‌تی و پیرۆزییه‌تی كوردایه‌تیان به خوێنیان ده‌پاراست و شه‌ڕێكی ره‌وای دڕنده‌ترین دوژمنیان له‌مێژووی میلله‌ته‌كه‌ماندا ده‌كرد.
تراجیدیایه‌كی كورد هه‌میشه له‌وه‌دا بوه بواری هه‌ڵبژاردنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه. له‌نێوان دوژمن و شۆڕش به هه‌موو ره‌نگ وجۆره سه‌ركرده‌كانییه‌وه بواری هه‌ڵبژاردنمان نه‌بوو. بێده‌نگی وبێلایه‌نی به‌پێی كه‌لتور و فه‌لسه‌فه‌مان مانای كه‌وتن له پیاوه‌تی و شه‌رمه‌زاری بوو، خۆخستنه لای به‌ره‌ی دوژمن مانای خیانه‌ت و رووڕه‌شی و به‌شداری شۆڕش و یا كۆمه‌ككردنی مانای سه‌روه‌ریی و رووسپیهتی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو چه‌وتی و گوناهانه‌ی به‌ناوی ئێمه و شۆڕشه‌وه له‌لایه‌ن كوێخاكانییهوه ده‌كران.
دوای هه‌ره‌س، بێ ئومێدی، شۆڕشی هه‌ڵساندنه‌وه و دژه‌كه‌ی، دوای ترازان و كاڵبونه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته ره‌سه‌نه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی جاش و خائین و خۆفرۆشمان زۆر بوو، مناوه‌راتی سیاسی بێسهرو شوێنمان زۆر بوو، هه‌ر رۆژێك گرێبه‌ستێكی هاوسه‌ری سیاسیمان له‌گه‌ڵ لایه‌كدا خه‌تم ده‌كرد. ئه‌م هه‌موو لادان و بهدكارییانه به‌بۆچوونی
" مۆدێرنی" سیاسییه‌كانمان پاساوی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و جیۆپۆلیتیكی هه‌بوو، به‌ڵام گه‌رای ئه‌و نه‌خۆشی و لادانانه له زه‌لكاوی عه‌قیده‌تی چه‌وت و نامۆ و پراكتیزه‌كردنی خۆفرۆشی و خۆكوشتن و كۆیلهتیدا سه‌ریان هه‌ڵهێنابوو. ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌جیا و به‌شه‌ڕ به‌ناوی راست و چه‌په‌وه ده‌كرا له دوائهنجامه سیاسییه‌كاندا هه‌روه‌ك یه‌كبوون، و له‌هه‌مووشی سه‌یرتر دواكات چه‌پ و راست له‌یه‌كدا توانه‌وه و میلله‌تیش چه‌واشه بوو و راستی خۆی له‌چه‌پی جیا ناكاته‌وه. تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌مه خه‌سڵه‌تێكی زیندوه له عه‌قڵیه‌تی سیاسی كورددا.
رۆژ هات و رۆژ به‌ڕێچوو، كورد ئاواره بوو له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی و له‌و دیو سنوره‌كانه‌وه. پێشمه‌رگه قاره‌مانانه تا توانییان خۆڕاگرییان كرد و شه‌ڕی كیمیاوی و ئه‌نفالیان كرد و به‌رگرییان له رهشو وڕوتی میلله‌ته‌كه‌مان كرد. كوردستان سه‌رتاپا وێران كرابوو. كوێخاكانمان ره‌عیه‌ت و گوندیان به‌جێهێشتبوو و سه‌رقاڵی دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی خۆیان و ده‌وروبه‌ر و بنه‌ماڵه‌كانیان بوون.
دوژمن له‌گه‌ڵ هاویشتنی دوا تیری كه‌وانه‌كه‌ی چاڵی مردنی بۆخۆی هه‌ڵكه‌ند. به‌شێك له پیاوه ره‌سه‌نه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان خه‌ریكی خۆئاماده‌كردن و سازدانی مه‌زنترین راپه‌رین بوون. راپه‌ڕینێك چاك و خراپی كورد به‌رپایان كرد و له ئاكامدا به یه‌ك نه‌فه‌سی و یه‌ك ده‌نگییه‌وه راپه‌رین زۆر سه‌ركه‌وتوو بو.
دواتر كه میلله‌ت كۆڕه‌وی كرد و هه‌موو دنیا ویستی به‌هانای كورده‌وه بێت، ته‌وقی دابڕان و گه‌مارۆ شكا، ئا له‌م ساتانه‌دا كوێخا سیاسییه‌كانی كورد وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان وه‌ك نامۆیه‌ك به مه‌سه‌له‌ی میلله‌ته‌كه‌یان ره‌فتاریان كرد و هه‌ر خه‌ریكی عه‌ریزه و مۆر و ئیمزا و ماستاوچیه‌تی بوون بۆ دوژمن. لهسهرگهرمی راپه‌ڕین و هه‌ناسه‌ی ئازادی‌دا كورد چاوی له‌و راستیانه داخستبوو و هه‌ر زۆر به‌په‌له تراجیدیاكانی مێژووی له‌یاد كرد. لێره‌شدا كورد بواری هه‌ڵبژاردنی نێوان ئه‌گه‌ره‌كانی نه‌بوو، تامه‌زرۆی ئازادی و رزگاربوون بو له‌سایه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌دا.
وه‌ك نه‌ریت وعاده‌تی پێشوو و له كاتێكدا دوژمن لاواز و گه‌مارۆدراو په‌ككه‌وتوو بوو، له‌باتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له بۆ كورد بقۆزینه‌وه، هه‌ستاین به هه‌ڵگیرساندنی خه‌ستترین شه‌ڕی یه‌كتر كوشتن. ئه‌مجاره پاساوی عه‌قیده و ده‌ره‌به‌گایه‌تی وعهمیل و جاشایه‌تیمان نه‌بوو. شه‌ڕی ئه‌مجاره شه‌ڕی پول وده‌سه‌ڵات بوو، تابوری پێنج له‌ناو ناخماندا ره‌گیان داكوتیبوو و تا ده‌هات ئاگره‌كه‌یان ده‌گه‌شانه‌وه. ئه‌مجاره‌ش هه‌ر زۆر ساویلكه و نه‌فام بوین. هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد كرانه قوربانی هیچ. كاتێك ئه‌نجامه‌كانی شه‌ڕ ده‌تگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بارێكی خراپتر له پێش هه‌ڵگیرساندنی مانای ئه‌وه‌یه كه زۆر هه‌ڵه بوین. هه‌رچۆنێك بێت ئاشتییان به‌سه‌ردا سه‌پاندین، خوانه‌خواسته ئه‌مه‌ریكا نه‌بوایه ره‌نگه تائێستا یه‌كترمان ته‌واو كردبوو. ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مان لێده‌ری ته‌پڵه‌كان كه‌وتینه جۆش و هه‌ڵپه‌رین، هه‌رچۆنێك بێت بێشهڕی باشتره له بێكاری. كورد هیوایه‌كی زۆر كۆنی لا بوژایه‌وه، ئه‌مجاره له ساویلكهیهتیمان نه‌بوو، كورد هوشیار بوو و تێده‌گه‌یشت كه هێزێكی زۆر زه‌به‌لاحی بێ ره‌حم ئه‌و جۆره ئاشتییه‌ی ده‌ویست و پیاو نه‌بوو ره‌دی قسه‌ی بكاته‌وه.
رۆژ هات و رۆژ به‌ڕێچوو، ئه‌و زه‌به‌لاحه سه‌دامی له‌ناوبرد، مه‌ترسی گه‌وره نه‌ما و ئێمه‌ش سه‌رقاڵی خۆمان بوین. پاره وه‌ك ئاوی به‌لوعه ده‌هات، هیوای میلله‌ت به بنیاتنانه‌وه و ئاوه‌دانكرده‌وه خه‌ونێكی ره‌وای خۆی بوو. ئه‌مجاره ته‌پڵ لێده‌ره‌كان لایان باش بوو هه‌ر هه‌موومان به ئاوازێكی هاوبه‌شیان سه‌ما بكه‌ین. سه‌یره شایه‌ر جارجار به‌خشیش ده‌به‌شێته‌وه بۆ بینه‌ره‌كان.
له‌ئه‌نجامی ئه‌م مێژوه سیاسییه‌مان كورد خۆی له هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی داخراوی ته‌نگدا حه‌شارداوه. ئه‌مجاره فكری داگیركه‌ری كوشنده‌ی عێراقچیه‌تی و دیموكراتیه‌تی عه‌مامه به‌سه‌ر و فیدرالیه‌تی له‌چه‌شنی ره‌وتی سه‌در و ئهنجوومهكانی سه‌حوه سه‌رودڵی باڵا ده‌سته‌كانی كوردی گرتوه. ئه‌مجاره هه‌ر هه‌موومان ده‌زانین كه خێری یه‌ك فلسی قه‌ڵبیش له‌وه ناكرێت. كورد جارێكی تر له بێشكه‌ی ساوایی نیوسه‌ده له‌مه‌وبه‌ر دهلاوێنرێتهوهو وه‌ك توتی به‌گوێماندا ده‌خوێنن كه ئه‌و هێزه زه‌به‌لاحه‌ی نان و حورمه‌تی ماڵه‌كه‌مانی به‌ده‌سته‌وه‌یه له‌دوا ئاكامدا به‌هه‌شتێكی كاپیتاڵیزمان بۆ ده‌خوڵقێنێت. هه‌روه‌ك هه‌مان یۆتۆپیاكه‌ی چه‌پی سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رۆیشتوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ره‌نگی به‌هه‌شت سوور نابێت. نازانم شایهرهكانمان ئێمه به ساویلكه ده‌زانن یا له ساویلكهیهتی ئێمه‌دایه ئه‌وان ئاوا ره‌فتارمان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، یا ره‌نگه هه‌ردوو زه‌مینه‌ی ئه‌م درۆ زله بن.
ئێستا خۆمان حوكمی خاكه‌كه‌مان ده‌كه‌ین، به‌رپرسی شاره‌كانمان كوره‌كانی شۆڕشهكانمانن، خۆمان یاسا ونیزام ساغ ده‌كه‌ینه‌وه، له پاره به ده‌فته‌ر و بلۆك و بگره زۆر قه‌به‌تر هیچ كهمیمان نیه، ئێستا خاوه‌نی نه‌ك ته‌لار به‌ڵكو شاره‌كانی خه‌ون و ئارهزووین، نوێترین جۆری ماشێن به‌ده‌ست منداڵه ههرزهكارهكانمانهوه دادوبێدادیهتی، هه‌رچی ته‌كنۆلۆجیای سه‌رده‌مه بۆ ئێمه‌ش ره‌وایه، خاوه‌نی سه‌دان هه‌زار مۆبایل و كوردی نیشتهجێیین له هه‌موو سوچ و قوژبنێكی دنیادا و ئێستا یه‌س ونۆی ئینگلیزی وه‌ك زه‌ڵاته‌ی لێهاتوه. ده‌روازه‌كانی دنیا بۆ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و مێژووه‌مان وه‌ك ده‌رگای مزگه‌وتییان لێهاتوه. و.....و .... له‌ژماردن نایه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو شته‌دا كه‌چی خاوه‌نی خۆمان نین، هه‌ست ناكه‌ین ئه‌و خاكه هی ئێمه‌یه و بوین به كۆسمۆپۆلیتێكی سه‌رلێشێواو. ئاره‌زو و حه‌زه‌كانمان خۆیان خزانۆته ناو فیكر و شته داگیركه‌ره‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا. فیكری به‌ره‌ڵڵایی و لاسایی كردنه‌وه‌یه‌كی كوشنده. پاكی جاران، وه‌فاداری و برایه‌تیمان بونه‌ته زمانی جنێو‌و هه‌ڕه‌شه‌و و چاوسوركردنه‌وه له‌یه‌كتر. كار وابڕوات شانازی باوباپیرانیشمان ده‌كه‌ینه قوربانی ده‌فته‌رێك دۆلار و مۆنیكا و عهلوجێك.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ده‌نگ و ئیراده‌یه‌كی هه‌ڵقوڵاو له ره‌سه‌نیه‌تی مێژوومانه‌وه ده‌بیسترێت و له‌كاردایه، ده‌نگ و ئاوزای جیاوازی ئه‌مان ده‌مان گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی بۆی له‌دایكبووین ئه‌ویش كوردبوونێكی سه‌ربه‌رز وره‌سه‌ن وكه‌م بژی و كه‌ڵ بژی.