Print WWW.SBEIY.COM
 ئەم دۆخە بەرەو کوێ؟
چیا عه‌باس
24/06/2012

دەسەڵات و کوردستان
ئومێدێک دەکرا دەسەڵاتی کوردی لە ئاکامی فشاری ئۆپۆزسیۆن وروداوەکانی 17 شوبات ودواتر وبەپەند وەرگرتن لە گۆڕانکاریەکانی دنیای عەرەبی حوکمڕانی لە هەرێم، بەرەو چاکسازی وگۆڕانکاری ئاڕاستە بکات.

گۆڕان وفراکسیۆنەکەی ولایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنیش تا ئەم ساتە بەگشتی ململانێکانیان هێمنانە و واقیعبینانە بەڕێوەبردوە. خەڵک ورێکخراوەکان لە شار وشارۆچکەکانی کوردستان بەردەوام ورۆژانە پرۆتێستی سیڤیلانە بۆ داخوازیەکانیان وبەرامبەر بە دەسەڵات ئەنجام دەدەن. لەژێر فشاری ئەم دۆخانەدا دەسەڵات بەرنامەی چاکسازی راگەیاندوە، بەڵام تا ئەم ساتەش ئاکامێکی کۆنکرێت بەدی ناکرێت. ئاڵوگۆری حکومەتی هەرێم ئاکامی خواستی خەڵک نیە وبۆ خاتری ئەوانیش ناکرێت، زیاتر دابەشکردنی دەسەڵات وراگرتنی هاوسەنگیە ودوباربونەوەی دەموچاو وکاراکتەرەکانە. کابینەی ژمارە سەدیش لە ئاکامی هەمان نەفەسی رێکەوتنی دو حیزبی دەسەڵات بێتە ئاراوە کەم یا زۆر هەر هەمان کار ورەفتار دەکەن، کە تا ئێستا کردویانە. ئه‌وان چێژی تامه‌ خۆشه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان کردوه‌ وبه‌ئاسانی نه‌ ده‌ستبه‌رداری ده‌بن ونه نیه‌تی گۆڕانکاریان تێدا ماوه‌.

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ په‌رله‌مانێکی پینه‌ وپه‌ڕۆ کردوه‌ که‌ چه‌ند که‌سێکی نه‌شیاوی بۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ له‌ واجیهه‌کانیه‌تی، ناو وکه‌سایه‌تی چه‌ندین په‌رله‌مانتاری دڵسۆز وبه‌ئه‌مه‌کیان له‌و کۆمیدیاگه‌ریه‌دا په‌راوێز کردوه‌.

تێپه‌ڕاندنی دوا پرۆژه‌ی بودجه‌ نیشانه‌ی چاوچنۆکی ده‌سه‌ڵاته‌ وئاماژه‌یه‌کیشه‌ به‌وه‌ی، ئه‌وان ته‌نها به‌قسه‌ی به‌تاڵیش بێت ناتوانن ئیدیعای چاکساز بکه‌ن.
   ‌   
لە ئاستی دەرەکیش دەسەڵات کەوتۆتە بەر رەخنەی توندی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ورۆژنامەنوسان وسیاسەتمەدار وکەسایەتی وپەرلەمانتارانی دنیای دەرەوە. بەکورتی دەسەڵاتی کوردی روخسارەکەی دوای راپەڕینی شێواوە، لە ناوەوە سیمای نەتەوەیی بەخەستی کاڵبۆتەوە ولە دەرەوەش وەک سیستەمێکی گەندەڵ وستەمکار دەبینرێت.

وێرای دان بەخوداگرتنی ئۆپۆزسیۆن وپرۆتێستی سیڤیلانە دەسەڵات نایەتە سەربار وبەکوشتنی کات وشێوازی پێچوپەنا بەردەوامە لە حوکمڕانی تاکرەوەی وناڕەوا. ئەوەی دەسەڵاتیش لە ناچاریدا کردویەتی ناچێتە چوارچێوەی بەرنامەیەکی فرەرەنگی تۆکمە بۆ چاکسازی وگۆڕانکاری، چونکە لە بنەڕەتدا نیەتی ئەوەیان نیە وپێده‌چێت ئه‌هلی ئه‌وه‌ش نه‌بن، ولە کاری لابەلا ومەزاجی شەخسی دەرناچێت. جاریش هەبوە بەڵێن وکارەکانی دەسەڵات بۆ چاکسازی وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ململانێکانی نێو هێزەکانی دەسەڵات بەرێکراون.

کات وروداوەکان لە ناوچەکە بەپەلە دەرۆن، کاتی ئەوە بەسەرچوە بەناوی کورد ونەتەوەوە ئەم دەسەڵاتە بتوانێت درێژە بەتەمەنی خۆی بەم شێوەیەی ئێستا بدات. بابزانین پێگە وتواناکانی ئەم دەسەڵاتە لە ئاستی کوردستان وعێراق وناوچەکە لە چ رەوشێکدایە ولەو هەڵسەنگاندنەوە بیر بکرێتەوە چی بکرێت. 

دەسەڵات وعێراق
بەغدا، وێرای هەمو کێشمە وگرفتەکان لەگەڵ هەولێردا، سەرچاوەیەکی سەرەکی هێزی دەسەڵاتی کوردیە، پول وپێگە ورەوایی دەستوری لە بەغداوە بۆ دەسەڵاتی کوردی شۆردەبێتەوە.

هەنوکە عێراق یەکێکە لە لاوازترین وگەندەڵترین ونائارامترین وڵاتانی ناوچەکە ونە سیادەی ماوە ونە سەربەخۆی وڵاتەکەش ئەو بەهایەی ماوە ئیعتبارێکی بۆ بکرێت. وڵات وکەس نەماوە دەست لە عێراقی ئەمڕۆدا وەرنەدات، عێراق کانزایەکی پارەیە وهەمو دانیان لێی جیرکردۆتەوە. حوکمڕانی لە عێراقیشدا بە پێکهاتە وبنەماکانی نەتەوەیی ومەزهەبی وتایفی ئیفلیج بوە. هیچ کام لەو پێکهاتە سیاسی ومەزهەبیانە، سەربەخۆیی نەماوە وگرێدراوی وڵات وهێزێکی دەرەکیە وبونەتە ئامرازێک بەدەست ناوچەکە ودنیاوە بۆ بەرژەوەندیەکانیان.

دەسەڵاتدارانی کورد ئارەزومەندانە خۆیان خزانۆتە ناو ئەم هاوکێشەیەوە، وێرای دەستور ورێکەوتنەکان نازانرێت لە بەغدا لەگەڵ کێ مامەڵە بکرێت وکێ بڕیاردەرە ودۆخەکە چەندین تاکرەوی سەدام ئاسای خەڵقاندوە. هیچ زامن ویاسا وهاوسەنگی هێزێک (بێجگە لە دەستورێکی سەقەت وپشتگوێخراو) بەدی ناکرێن تا عەشقی دەسەڵاتدارانی کورد بۆ بەغدا بەقازانجی نەتەوەیی مسۆگەر بکات.

ئەگەرچی جاران (بێجگە لە ساڵانی شەڕی جەلالی ومەلایی وکارەساتی 31 ئاب) شەڕ وناکۆکیەکانمان لەگەڵ بەغدا تەواوی رەنگدانەوەی بزافی نەتەوەییمان وداوا رەواکان بو، هەنوکە کرۆکی ناوەڕۆکی ئەو چەمکە زۆر کاڵبۆتەوە وبەکۆمەڵێک بەرژەوەندی وفاکتەرە تایبەتیەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان پرکراوەتەوە، وەک شەڕی گاز ونەوت وبازرگانی گەورەی چەک ومۆبایل و وگرێبەستی پرۆژە زەبەلاحەکان وپارە وپلە وپێگە بۆ دەسەڵاتداران وحاشیەکانیان، نمونەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لەمەڕ گەندەڵی وفەرمانەکانی ئینتەرپۆل بۆ دەستگیرکردن چەند بەرپرس وحاشیەی دەسەڵاتدارانی کوردیشی گرتۆتەوە. دەسەڵات بۆ خاتری خۆی مەسەلە نەتەوەییە چارەنوسسازەکانی بەلادا داوە وکێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ چەسپاندن ودرێژەپێدانی رەوایەتی نەتەوەیی بۆ خۆی بەکاردەهێنێت وله‌ واقیعدا ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌مێکه‌ له‌ به‌رامبه‌ر فرۆشتنی نه‌وت به‌ قاچاغی سازشیان له‌ سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ کردوه، هات وهاواریان بۆ که‌رکوک وناوچه‌کانی تر له‌ رشتنی فرمێسکه‌کانی تیمساح ده‌چێت. گوناهه‌ چاوەڕوانی خێر لەم پێگە لەرزۆک وبێ متمانەیەی دەسەڵاتدارانی کورد لە بەغدا بکرێت.  

دەسەڵات وناوچەکە
جاران پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تایبەت ئێران وتورکیا، بە نۆتەکانی ئەو وڵاتانە میلۆدیاکەی دادەرێژران ولایەنە کوردەکان ناچار بون لە بەرامبەر ئەو یارمەتی وئاوڕدانەوەی ئەو وڵاتانە ببنە بەشێک لە ئامرازی سیاسی وسەربازی وهەواڵگری بۆ ئەجێندا وبەرژەوەندیەکانیان. هەنوکە دەسەڵاتدارانی کورد بەگشتی وزۆر تایبەت لە باشور لە هاوکێشەی ناوچەکەدا خۆیان خزانۆتە نێو بەرداشی رەقی بێ ره‌حمی بەرژەوەندیە باڵاکان وململانێکانی ئەو دو وڵاتەوە. ئێران تەماعی هەیە وکاردەکات تا ببێتە هێزێکی زەبەلاحی سەربازی وئابوری وسیاسی وئاینی ناوچەکە وکاریگەر ودەستی لە مەسەلە ستراتیژەکانی ناوچەکەدا هەبێت، وەک ئاسایشی خەلیج ودیاریکردنی نرخی گاز ونەوت وبری بەرهەمهێنانیان، بەهێزبونی محوەری شیعە، هاوسەنگی نەوەوی لەگەڵ ئیسرائیل وخۆرئاوا، عێراق دەروازەیەکی لەبار وگەورەیە بۆ ئەو مەرامانە. تورکیاش هەنوکە وەک زلهێزێکی سەربازی وئابوری ناوچەکە مامەڵە دەکات وبۆتە نمونەی حوکمڕانی ئیسلامی میانڕەو کە ئەمه‌ریکا وخۆرئاوا چاوەڕوانی زۆری لێدەکەن. عێراق لە دەروازەی کوردستانەوە بۆ تورکیا لەبارە بۆ چەسپاندن وگەشیپێدانی ئەو پێگەیە. مامەڵەکردنی ئەم سەردەمەی کورد لە باشور لەگەڵ ئەو راستیانەدا سەربەخۆیی بڕیار وئیرادەی سیاسی وتوانای دیبلۆماسی کارا وبەرفراوان وپێگەی ئابوری وسەربازی بەهێزیان پێویستە، دەسەڵاتدارانی کورد لەم بوارەدا ئیدیعای پوچەڵی پەیوەندی هاوسەنگ وبەرژەوەندی هاوبەش دەکەن، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا لایه‌نێکیان ئولفه‌تی له‌گه‌ڵ ئێراندا گرتوه‌ ولایه‌نه‌که‌ی تریش جاوبڕکێیه‌تی له‌گه‌ڵ تورکیادا. ناشێت لە یادیشی بکەین هەر سەرکردە ولایەنێک بزافی کوردایەتی لە بەشەکانی تری کوردستان بکاتە سوتەمەنی ئەو مامەڵەکردنە ئەوا بێجگە لەوەی ئەو کەس ولایەنانە دەچنە ریزی خیانەتکارانەوە هەروەها کارەسات وماڵویرانیش بۆ کورد وحوکمڕانی لە باشور بەجێدەهێڵن. دەسەڵاتێک بەو مێژوەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیەتی وبەلاوازی وپاشکۆیی ئێستای لە وزەیدا نیە بتوانێت مامەڵەیەکی سیاسی ونەتەوەیی دروست لەگەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی ئەو دو وڵاتەدا بکات. باوەڕم هەیە بەدرێژایی مێژو لە سەر ئەم خوە سیاسیە راهێنراون وهەنوکە مەحاڵە بتوانن تەرکی کەن.     

چی بکرێت؟
دەسەڵاتی کوردی لەبەرامبەر ئەم دۆخ ورەوشەدا ولە ئاستی ناوخۆ وعێراق وناوچەکە لاوازە وکارنامەی نەتەوەیی پەراوێز کردوە وئومێدی روناکیشی لێناکرێت، بەرەچاوکردنی ئەو راستیەی کە ئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتی کوردی پیر وپەککەوتە وچه‌قبه‌ستوه‌ وچاوەڕوانی باشبون وگەنجبونەوەی لێ ناکرێت، ناشێت دەستەوەستان بەرامبەری بوەستین.

راستە ئومێد وهیوا دوا شتن کە دەمرن، بەڵام گوزەرانیان لە تاریکی ولە سایەی ستەمدا لە عەدەم نزیکیان دەکاتەوە. کاتی ئەوە هاتوە بەرەی ناڕەزا بیری جدی لە ئەڵتەرنەتیڤی تر بکاتەوە. هەر بیرکردنەوە وکارێک ناچێتە بواری جدیەوە گەر سەرچاوە سەرەکیەکانی هێزی دەسەڵات نەگۆرێت وگەر نەشتوانی بیروخێنێت لاوازی نەکات.

سەرچاوەی سەرەکی هێزی ئەم دەسەڵاتە بزافی نەتەوەییمانە، گریمان کەسێک لەو دەسەڵاتە بەگرێبەستیش لە مێژوی بزافەکەدا خەباتی کردبێت ئەوا ئەمرۆ هەر چرکەیەکی ماندوبونی زۆر زۆر لەسەر کورد کەوتوە، کێشەکە لەمەدا نیە، بەڵکو ئەوان تێر نابن وبزافەکە وحوکمڕانیان بۆ ئێستا وئایندەیان قۆرخ کردوە.

چەمکێکی کلاسیکی کە تایبەت لەنێو ریزی بەرپرسە سیاسیە کلاسیکیەکاندا باوە ئەوەیە کە یا هەموی یا هیچ (شمولیەت له‌ هزری نەته‌وەیی). ئەگەرچی ئەم چەمکە لە سەردەمی شەستەکانی سەدەی رابوردو گروتینێکی توندی بە رۆحی کوردایەتی دەبەخشی وەک لە دروشمە ناودارەکەی ئەو سەردەمەدا "کوردستان یا نەمان" بەرجەستە کرابو و له‌ دروشمی "پان کوردستانیزمی" په‌که‌که‌دا رۆحی به‌به‌ردا کرابوه‌وه‌، بەڵام لەم سەردەمەدا ناوەڕۆکی سیاسی و کاریگەری رۆحی ئەو بۆچونە زۆر کاڵبونەتەوە. دنیا لەم سەردەمەدا بەرەو یەکەکانی سیاسی وئیداری سەربەخۆ ونیمچە سەربەخۆ وبچوک دەچێت وچەمکەکانی ناوەندیەت وشمولیەت بونەتە رێگر لە بەردەم گەشەکردنی ئابوری وکۆمەڵایەتی.

لێرەدا نکۆڵی ناکرێت لەوەی کە بزافی کوردایەتی لە باشور وسەرجەم کوردستان تا ئەم ساتەش لە قۆناغی رزگاریخوازی نەتەوەییدا گوزەر دەکات، بەڵام دەبێت ئەو بزافە لەگەڵ سیما وگۆڕانکاریەکانی ئەم سەردەمەدا خۆی بگونجێنێت، بەتایبەت لەم سەردەمەدا بە پراکتیک شتێک نەماوە بەناوی سەربەخۆیی ورەوایی بزافی رزگاریخواز ونەتەوەیی ودیاریکردنی بەرەکانی دۆست ودوژمنیان، کارتەکان ئەوەندە تێکەڵی یەکتر بون حەکیمێکی زۆر ئەزمونداری دەوێت بۆ مامەڵەکردن له‌ گه‌لیاندا.

ئەم رونکردنەوەیەم بەپێویستزانی، چونکە باوەڕی تەواوم لا دروستبوە کە یەکێک لە شا رێگاکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم دەسەڵاتە کەمکردنەوەی جوگرافیا وپانتایی هێز ودەسەڵاتیەتی، جا گرنگ نیە لە کوێ، ئەوەی گرنکە لەو شوێنانە بکرێت کە دەکرێت وتا بکرێت بەئیرادەی خەڵک وبێ خوێنرشتن. هەڵەیەکی کوشندەیە چاوەروان بکرێت تا هەمو کون وقوژبنی باشور پێبگات وئامادە بێت بۆ گۆڕانکاری، لە مێژودا هەمیشە وا رویداوە پرۆسەکان لە شوێنێکەوە دەست پێدەکەن وتەشەنە دەکەن. سەرنەکەوتنی سیاسی روداوەکانی 17 شوبات بەهۆی قەتیسبونی لۆکاڵیەوە نەبو، بەڵکو بەهۆی نەبونی بڕیار وئیرادەی ئۆپوزسیۆن بو بۆ گۆڕانکاری. ئەوان ئەو ساتانە رتوش وئارایشتەکردنی دەسەڵاتیان دەویست و روداوەکانیان بۆ چاوسورکردنه‌وه‌ وزیاتر چەسپاندنی پێگەی خۆیان لا مەبەست بو.

بێگومان کەسانێک هەن ئەم بۆچونە بە لەتکردن وپەرتەوازەکردنی بزافی کوردایەتی دەبینن، بەپێچەوانەوە یەک پاکەجی (کۆمپاکت) وشمولیەت لە هزری نەتەوایەتی لەم سەردەمەدا هیچی وای لێ دروێنە نەکراوە، زیندوترین نمونەش بزافی رزگاریخوازی فەلەستینیەکان وبزافی کوردایەتیە لە باکوری کوردستان کە تا ئەم ساتەش نەک تەنها لە سایەی کاریزما وکاریگەری سیاسی ورۆحی ئەو چەمکەدا دەناڵێنن، بەڵکو ناچار ده‌کرێن رۆژ بەدوای رۆژ لە بەرنامە سەرەتاییەکانیشیان پاشەکشە بکەن.

سەرچاوەیەکی تر هێزی ئەم دەسەڵاتە پارەیە: پارەی بەغدا، پارەی فرۆشتنی گاز ونەوتی کوردستان، پارەی گومرگەکان، پارەی داهاتی حکومەت وداهاتی دەسەڵات لە بازرگانیکردنی نایاسایی ورەش وژێر بەژێر وداپۆشراو. مامەڵەکردنی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەم سەرچاوەیەدا ئاسان نیە، بەڵام دەکرێت بەرێگەی بەڵگە ودۆکیۆمێنتەوە زەوتکردنی داهاتی خەڵکی وگەندەڵیەکان وبازرگانی رەش بخرێتە بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی دژ بە گەندەڵی، وڵاتە زلهێزەکانی دنیا ویەکێتی وپەرلەمانی ئەوروپا وهەروەها چەند دەزگایەکی یاسایی تایبەت بەو بوارانە.

بۆئەوەی ئەم دەسەڵاتە بخرێتە ژێر فشارێکی جدیەوە دەشێت ئارەزومەندانە خەڵک و رێکخراوەکان لەو شوێنانەی دەکرێت، جا چ لە فەرمانگە ودەزگاکانی حکومەت وچ لە دەرەوەی، مانگرتن لە کارکردن بکەن، بەردەوام گرتبونەوە ومانیفێست لە هەمو کون وقوژبنێکی کوردستان سازبکرێت بەمەبەستی دەربڕینی نارەزایی بەرامبە بە دەسەڵات.

پێویست دەکات بەردەوام دۆستەکانی کورد وناڕەزا لەم دەسەڵاتە لە رۆژنامەنوسان وچالاکوانی بوارەکانی مافی مرۆڤ وئازادی وپەرلەمانتەرەکان وکەسایەتیە سیاسیەکان ورێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە دەرەوە لە کار وکردەوه‌کانی دەسەڵات بەئاگا بکرێنەوە.

دەشێت بەرەی ناڕەزا ئاکارێکی نەتەوەیی لەگەڵ هێزە رەسەنە سیاسیەکانی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان ساز بکات (دور لە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ دەستەمۆکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی) وئەم ئاکارە قوڵاییەکی ستراتیژی نەتەوەیی لەخۆ بگرێت وبخرێته‌ گه‌ر بۆ هەڵمه‌تی گۆڕانکاری.

ئەگەرێکی بەهێزە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئایندە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان نەخشەی سیاسی کوردستان بەشێوەیەک تێکبدات، کە ئەگەرێکی زۆر بێنە کایەوە بۆ گۆڕانگاری لە قۆرخکردنی دەسەڵات و ناوەندەیەتی توند لە هەولێرەوە وتاکرەوەی بریاردان ودەست بەسەراگرتنی داهاتی کوردستان وهەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی ستراتیژی ولاوازکردنی چەند کۆڵەکەیەکی تری ئەم دەسەڵاتە. ئەمەش هەمیسان پابەندە بە ئیرادەی سیاسی بەرەی نارەزایی وزۆر تایبەت بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە.

ئەمانە بەشێکن لەو کارانەی پێویستن تا رێگا نەدەین هیوا وئومێدەکانمان رو لە عەدەم بکەن، چونکە ئەو سات هەرچی بکرێت رەوایە وگوێرایەڵی هیچ یاسا ورێسایەک نابێت ودەسەڵاتیش بەرپرسیاری یەکەم دەبێت وکه‌مته‌رخه‌می ئۆپۆزسیۆنیش روبه‌روی لێپرسینه‌وه‌ی جدی ده‌بێته‌وه‌.