|
میحنه‌تی کورد و ده‌ربازبون چیا عه‌باس |
27/10/2014 |
پاش چه‌ن مانگێک له روداوه‌کان و شه‌ڕکردنی داعش و به‌رخۆدانی کۆبانێ کاتی هاتوه هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ دۆخه‌که بکرێت.
بێگومان گه‌لێک هۆکار و زه‌مینه بۆ هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر باشور و رۆژئاوای کوردستان له‌ئارادابون و هه‌ن، گرنگترینیان خواستی تورکیای ئه‌ردۆگان و چه‌ند وڵات و هێزی ناوچه‌که بۆ تهحجیمکردن و له قاڵبدانی رۆڵ و خه‌ونه‌کانی کورد له‌باشور و رۆژئاوا و ده‌سته‌مۆکردنی تا بتوانن به‌باشی بیدۆشن، ئه‌م خواسته سیاسی و ئابوری و فاشیستیانه یه‌کیان ده‌گرته‌وه له‌گه‌ڵ خواستی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌عێراق بۆ لاوازکردنی پێگه‌ی کورد و دانانانی سنورێك بۆ "زیاده‌ڕۆییه‌کانی هه‌رێم" (وه‌ک خۆیان باسیان لێده‌کرد) ده‌رهه‌ق به "سه‌روه‌ری و یه‌کپارچه‌یی عێراق و سامانه سروشتیه‌کانی" له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه.
زۆر باسکراوه و ئاشکراکراوه له‌سه‌ر خواست و پلانه‌کانی دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان. ئه‌وه‌ی شیانی پرسیار و هه‌ڵسه‌نگاندنی وردیشه هه‌ڵوێستی ئه‌مەریکا و خۆرئاوایه له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
ئهمەریکاو داعش
بێده‌نگی ئه‌مەریکا له‌گرتنی موسڵ، ده‌ستکراوه‌یی داعش بۆ به‌کارهێنانی ره‌قه و ده‌وروبه‌ری له‌سوریا وه‌ک بنکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ سه‌رکردایه‌تی و داموده‌زگاکانی داعش و په‌لاماردان، بێده‌نگی به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م یارمه‌تی و کارئاسانیه‌کانی تورکیا‌و چه‌ند وڵاتێکی تری دۆستی ئه‌مەریکا له ناوچه‌که بۆ داعش که ماوه‌یه‌کی درێژ به به‌رچاوی دنیاوه ئه‌نجام ده‌دران و چه‌ند بابه‌تێکی تر سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه داراییه‌کانی داعش، پرسیاری جدی له‌سه‌ر نیه‌تی راسته‌قینه‌ی ئهمەریکاو هاوپه‌یمانانی له‌مه‌ر داعش دروستکردوه. ئیداره‌ی ئۆباما کاتێک هاته ده‌نگ که داعش دو هاوڵاتی ئه‌مەریکی سه‌ربڕی و فشاری ناوخۆ له‌سه‌ر ئۆباما بێئه‌ندازه بو. ستراتیژ داڕێژه‌ره‌کانی ئه‌مەریکا پاش کاره‌ساته گه‌وره‌که‌ی شه‌نگاڵ و نزیکبونه‌وه‌ی داعش له‌پایته‌ختی هه‌رێم پێیان باشبو ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان (ناوچه‌یه‌ک تا راده‌یه‌ک له‌ده‌سه‌ڵاتیان یاخیبوبو - داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌کرد و گرێبه‌ستی درێژخایانه‌ی نه‌وتی له‌گه‌ڵ تورکیادا سازکردبو-)، به‌تایبه‌ت هه‌ولێری پایته‌خت، له‌هێرشه‌کانی داعش بپارێزن و بیخه‌نه‌وه ژێر رکێفی خۆیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزی ئاسمانی خۆیان خسته‌گه‌ڕ.
کۆکردنه‌وه‌ی داعش له‌ناوچه‌یه‌کی زۆربه‌ی سوننه‌نشین نێوان ره‌قه و ناوچه دابڕێنراوه‌کانی باشوری کوردستان (بێجگه چه‌ند کێڵگه‌یه‌کی نه‌وت به‌هایه‌کی ستراتیژی ئه‌وتۆی نیه)، وێڕای ئه‌وه‌ی داعش هارتر ده‌کات، به‌ڵام تواناکانی داعش سنوردار ده‌کات و ده‌بنه ئامانجێکی ئاسان بۆ هێزی ئاسمانی ئهمەریکاو هاوپه‌یمانان و چاودێری کردنیان. لاوازکردنی داعش و له‌قاڵبدانی له‌سوریا مه‌ترسیه‌کانی سه‌ر ئه‌سه‌د که‌متر ده‌که‌نه‌وه و ئه‌مه روسیای پوتینیشی رازیکردوه، تێبینیش ده‌کرێت به‌ره‌ی ئۆکرانیاو روسیا له‌جاران هێورتر بوه.
ئهمەریکاو دۆستانی ئه‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش که خه‌ڵکێکی زۆر تێیاندا نیشته‌جێن به‌پاساوی پاراستنی ژیانی مه‌ده‌نیه‌کان له‌هێرشه ئاسمانیه‌کان ده‌پارێزن. له‌واقیعدا ئه‌م ستراتیژیه سه‌ربازیه بنکه گرنگه‌کانی سه‌رکردایه‌تی و لۆجیستیک و جبه‌خانه‌کانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و ته‌موین و ته‌عبیئه‌ی داعشی تا ئه‌م ساته له‌زیانی گه‌وره دورخستۆته‌وه، به واتای سه‌ربازی گه‌ر دۆخه‌که به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت داعش هێز و توانای په‌لاماری سه‌ربازی له‌سنورێکی دیاریکراودا ده‌مێنێت. وه‌رگێڕانی ئه‌م واقیعه بۆ کاری سیاسی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که ده‌شێت داعش بۆ ماوه‌یه‌کی نادیار بۆ مه‌به‌ستی سیاسی له‌ناوچه‌که چالاک بێت، کارتێکی فشار بێت، له‌سایه‌ی ئه‌م دۆخه‌شدا شه‌ڕی درێژخایان به‌رامبه‌ر تیرۆریزم و کۆکردنه‌وه‌ی تێرۆریستان له‌پانتاییه‌کی جوگرافی دیاریکراو و چاودێریکردنیان به‌ئاسانی به‌رده‌وامی هه‌بێت. ئه‌زمونی ئه‌فغانستان باشترین نمونه‌ی زیندوه که ئهمەریکاو خۆرئاوا چۆن به‌پێی ستراتیژی و شێوازی خۆیان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تیرۆریزم و وڵاته‌کانی روبه‌ڕوبونه‌وه ده‌که‌ن. ناشێت ئه‌وه‌ش لەیادبکرێت که نزیکبونه‌وه‌ی داعش له‌سنوره‌کانی ئێران کارێکه ناوچه‌که ده‌کاته پارچه‌یه‌ک له‌ئاگر که تێیدا ته‌ڕو وشک به‌یه‌که‌وه ده‌سوتێن، ئهمەریکاو خۆرئاواش ناهێڵن ئه‌و نزیکبونه‌وه‌یه روبدات و کوردی باشور رۆڵی قه‌ڵغانێکی عازل بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بینێت.
ده‌شێت بوترێت داعش وه‌ک "سیف ذو الحدین" وایه بۆ ئه‌مەریکا و به‌و شێوه‌یه‌ش تا ئێستا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردوه.
به‌راوردکردنێک
ده‌شێت دۆخی ئێستای هه‌رێم له‌زۆر روه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی 1991 و دوای راپه‌ڕین به‌راورد بکرێت.
- حکومه‌تی عێراق به‌بڕینی بودجه و موچه کار بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌گه‌مارۆ ئابوریه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له‌سه‌ر کوردستان بون ده‌کات، ئه‌ویش چۆکدادان به کورد و ده‌سته‌مۆکردنی له‌چوراچێوه‌ی عێراقێکی وێران و بێسه‌روبه‌ردا و له‌سیسته‌مێکی سیاسی مه‌زهه‌بی و نه‌خۆشدا.
- وه‌ک جاران ناوچه‌ی نه‌فڕین دانرابو و هێزه‌کانی سه‌دام بۆیان نه‌بو سنوره‌کان بۆ هێرشکردنه سه‌ر کورد ببه‌زێنن، له‌ئێستادا کورد له‌باشور پێویستی به پاراستنیه‌تی له‌هێرشه‌کانی داعش له‌لایه‌ن ئهمەریکاو هێزه‌کانی هاوپه‌یمانه‌وه، هاوکاتیش تا ئه‌م ساته سوپای عێراق سه‌رچاوه‌ی دڵنه‌وایی و ئارامی نیه بۆ کورد.
- وڵاتانی ناوچه‌که، تایبه‌ت ئێران و تورکیا، وه‌ک جاران دانیان له‌باشور جیڕکردۆتهوه، بێ له‌مپه‌رێکی ئه‌وتۆ ده‌ست له‌کاروباری وه‌رده‌ده‌ن.
- جاران بڕیاری 688 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و دواتر بڕیاری نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراک پشتگیریه‌کی باش بون له‌کورد، ئێستا بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌باره‌ت به پێناساندنی داعش وه‌ک هێزێکی تێرۆریست تا راده‌یه‌ک زامنی پشتگیری سه‌ربازی بۆ کورد کردوه. گه‌ڕانه‌وه‌ی کورد بۆ باوه‌شی عێراق بڕێک پاره‌ی بۆ دابین ده‌کات، پرسیارێکی ره‌واش ئه‌وه‌یه ئه‌م پشتگیریه سه‌ربازیه زه‌مانه‌تی ئارامی و لێکنه‌ترازانی سنوری هه‌رێمی کوردستان ده‌کات؟
- له راپه‌رینه‌وه بۆ ماوی 12 ساڵ کورد به‌رده‌وام مه‌ترسی سه‌دامی له‌سه‌ر بو، پێده‌چێت جه‌نگی ئه‌م سه‌رده‌مه دژ به تێرۆر له‌باشور درێژخایان بێت، جه‌نگێک ده‌بێته هۆکاری نائارامی و هه‌ڵلوشینی توانا ئابوری و مرۆییه‌کانی باشور، ئه‌گه‌رێکی به‌هێزیشه له‌حاڵه‌تی خهستبونی جه‌نگه‌که‌دا وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌کی له‌باشور بوه‌ستێت یا زۆر که‌م بێته‌وه له‌گه‌ڵ ئاکامه زۆر نه‌رێنه‌کانی له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک و گه‌شه‌ی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی.
کورته‌که‌ی کورد له‌باشور به به‌راورد به 3-4 ساڵی رابوردو چه‌ندین هه‌نگاوی گه‌وره به‌ره‌و دواوه چوه.
خاڵه به‌هێزه‌کانی کورد
ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه ئاڵۆز‌و نادیاره‌ی ئێستادا هیوا ده‌به‌خشن چه‌ند راستیه‌که:
یه‌که‌م: به‌رگری قاره‌مانانه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و خۆڕاگری خه‌ڵکی به‌رامبه‌ر دۆخی ناله‌باری دارایی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و یارمه‌تیدانی ژماره‌یه‌کی زۆری ئاواره‌کان له‌هه‌رێم.
دوه‌م: کورد له‌باشور لێکتێگه‌یشتنێکی هاوبه‌شی بۆ دۆخه‌که هه‌یه، هێزه‌کانی به‌شه‌کانی تری کوردستانیش هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لاوازکردنی حوکمڕانی خۆماڵی له‌باشور به زه‌ره‌ری گه‌وره بۆ هه‌مو کورد ده‌شکێته‌وه و له‌ده‌ستدانی کۆبانیش بڕبڕه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بزاڤی کوردایه‌تی خه‌ست زامدار ده‌کات.
ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م راستیه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع له‌هێزێکه‌وه بۆ هێزێکی تر جیاوازی هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییدا بێت ناشێت کێشه‌ی له‌سه‌ر دروست بکرێت، چونکه وێڕای ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه زۆر دروسته بۆ هه‌ندێک لایه‌ن هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه‌ی دروستی خۆی له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا بکات. له‌م روانگەیه‌وه کاتێک هێزێک ده‌ستپێشخه‌ری بکات بۆ ناردنی چه‌ک و تفاق و پێداویستی پزیشکی بۆ کۆبانێ کارێکی باش دەکات. گرنگ ئه‌وه‌یه کورد له‌کۆبانێ زۆر پێویستیان به‌و که‌لوپه‌لانه هه‌یە، مه‌سه‌له‌ی چۆن نێردرا و کێ ناردی و بۆ چ مه‌به‌ستێکی تر نێردرا ده‌چنه خانه‌ی دۆگمای سیاسی و ململانێ لاوه‌کیه‌کانه‌وه، که له بنه‌ره‌تدا لێكتێگهیشتنهکه دهروشێنن. له زۆربه‌ی نوسینه‌کانم ره‌خنه و بۆچونه‌کانم له یه‌کێتی نه‌شاردۆته‌وه، ئێستاش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی لهروانگەی نه‌ته‌وه‌یی خۆمه‌وه به‌کارێکی زۆر دروست و راست ده‌بینم، پێشموایه کێ بتوانێت کاری وا بکات با بیکات، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌سته جه‌معیه‌کان له‌بیر بکه‌ین. مه‌خابن هاوکاری فه‌رمی ده‌سته‌جه‌معی باشور بۆ رۆژئاوا به‌هۆی ئاڵۆزی کۆده‌کانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش و ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تورکیا‌و ئاڵۆزی دۆخی ناوخۆی سوریا دوچاری رۆتین و کۆسپ و مه‌رج و دواکه‌وتن ده‌که‌ون. کورد له‌به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی دژ به داعش له‌ڕوی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازیه‌وه لاوازه و ته‌نها چه‌کی به‌هێزی ده‌ستی هێزه مرۆییه شه‌ڕکه‌رانه که به‌سه‌ر چه‌ندین هێزی سیاسی کوردی جیاوازدا دابه‌شبون.
ئه‌مه یه‌که‌مجار نیه به‌شه‌کانی کوردستان به‌هانای یه‌کتره‌وه ده‌چن، هێزی پشتیوانی یه‌کێتی بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی له‌ئێران، پشتیوانی هێزه‌کانی په‌که‌که بۆ یه‌کێتی له‌خولی دوه‌می شه‌ڕه‌کانی ناوخۆی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابوردو و چه‌ند نمونه‌یه‌کی تر ده‌یسه‌لمێنن کورد له‌و پرۆسه‌یه‌دا پێویستی به مۆڵه‌ت و ئیجازه‌ی که‌س و لایه‌نێک نیه. له‌م قۆناغه‌دا باشتره هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌کانی باشور بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه بێت که پێگه‌ی کورد له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش به‌هێزتر بکات و شه‌ڕ و مه‌رافه‌ی وڵاتانی ناوچه‌کشمان لێ دوربخه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه و به‌ئیراده‌ی میلله‌ت و هێزه دڵسۆزه‌کانی ده‌کرێت. بۆیه ده‌بێت کورد به دو ئاراسته‌دا کاربکات.
وێڕای تێبینی زۆر له‌سه‌ر ناردنی فه‌رمی هێزێکی بچوکی پێشمه‌رگه بۆ کۆبانێ، وه‌لێ ناوه‌رۆکه‌که‌ی هه‌نگاو و ئاماژه‌یه‌کی ئاشکرای نهتهوهییەو کورد له‌سه‌رانسه‌ری دنیادا چاوه‌ڕوانی کاریگه‌ریه‌کانیه‌تی.
سێیه‌م: به‌رخۆدانی کۆبانێ ته‌نیا به‌رگری نیه له‌شارێکی کوردستان به‌ڵکو له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌شێكی زیندو و پێشڕه‌وه له‌شۆڕشی کورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌م شۆڕشه بۆته هۆکاری به‌هێزکردنی پێگه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیندو له‌ئاستی ناوچه‌که و دنیادا. دوا رێکه‌وتنی هێزه‌کانی رۆژئاوای کوردستان و ته‌رجومه‌کردنی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع پێگه‌ی کورد به‌هێزتر ده‌کات. ده‌بێت هه‌مو هێزه‌کان له‌و راستیه بگه‌ن که کۆپی یه‌کتر نین و یه‌کتر بهجیاوازیهکانیانهوه قبوڵ بکه‌ن و مافی هه‌مو له‌و پرۆسه‌یه‌دا پارێزراو بێت، چونکه ده‌بێت هه‌مو تیره‌کانی که‌وانه‌کان بۆ پێکانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بهاوێژرێن.
پێموایه گه‌شەپێدانی ئه‌م به‌رخۆدان و شۆڕشه و پشتگیریکردنی به‌هه‌مو توانا و رێگه‌یه‌که‌وه زامنێکی سه‌ره‌کی شکاندنی ئه‌و گه‌مارۆدانه سیاسی و سه‌ربازی و ئابوریه‌یه که به‌سه‌ر کوردستاندا سه‌پێنراون. شۆڕشی رۆژئاوا و به‌ستنه‌وه‌ی به باشور‌و باکور ئه‌و ته‌وقه ده‌شکێنێت که ئه‌مڕۆ کوردی تێکه‌وتوه.
کورد له‌باشور و به‌گشتی له‌کوردستانی گه‌وره که‌وتۆته نێو هاوکێشه‌یه‌کی ئاڵۆزه‌وه، له‌لایه‌ک پێویستی به هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیه بۆ شه‌ڕکردنی تێرۆریزم و پاراستنی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی و له‌لاکه‌ی تریشه‌وه پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی داوای لێده‌کات له‌و هاوپه‌یمانیه به‌ئاگابێت، وه‌ک چۆن ئێستا ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت به پێشمه‌رگه‌ی کورد روخساره ره‌ش و بۆر و قێزه‌ونه‌که‌ی خۆی له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش بچێک سپیکاتهوه.
که‌وتۆته سه‌ر حیکمه‌تی هاوبه‌شی سه‌رکرده‌کانی کورد چۆن له‌م میحنهتهدا، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه، کورد به‌که‌مترین زه‌ره‌ر ده‌رباز بکه‌ن. |
|
|