ماوه‌یه‌كه (به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی كلینكی پزیشكییه‌كان) زۆر له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر گرنگی پێدراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سیستمی ته‌ندروستیی كوردستاندا، له‌م بابه‌ته مه‌ترسیدارترو نادادپهروهرتر نهبێتو له میدیا بینراو، بیستراو و نوسراوه‌كاندا ئه‌م بابه‌ته ئه‌وروژێنرێت و بۆچون و لێكدانه‌وه‌ی دور له راستی بۆ ده‌كرێت، ئێمه‌ش پێشتر له روانگه‌ی هه‌ستكردن به ئینتماو دڵسۆزیمان بۆ كۆمه‌ڵگا، له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كه كه‌مپینه‌كه‌یان ئه‌نجام داب‌و، كۆبوینه‌وه‌و گفتوگۆمان كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه، له‌وه ده‌چێت كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان خزمه‌تكردن‌و رونكردنه‌وه‌ی راستییه‌كان نه‌بێت وه‌ك خۆی، هیچ نه‌بوایه بۆچونێك له‌و بۆچونانه‌ی ئێمه‌یان بڵاوبكردایهوه، یان هه‌ر باسێكیان بكردایه! ئه‌گه‌ر زیادكردنی نرخی عیاده‌كان، پێوانه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ی و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگا بێت، باشتر وایه كلینیكهكانمان دابخهینو وازیش له پیشه‌كانمان بهێنین، چونكه به‌درێژایی ئه‌م ماوه‌یه، رۆشنبیرێك، ئه‌كادیمییه‌ك، ئه‌فسه‌رێك، هاوڵاتییه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رگریی له تێكدان‌و شێواندنی بۆندی پیشه‌و پیشهكاره جیاكان نه‌كرد كه كۆڵه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگان له یه‌كێك له‌و میدیاكاندا، نامه‌وێت لێره‌دا به‌رگریی له پزیشك بكه‌م وه‌ك ئه‌وه‌نده له پیشه‌كه، چونكه تانه‌گرتن له پیشه‌و زانستی پزیشكی، زه‌نگێكی سامناكه به‌هۆی هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌بێت، بۆیه ده‌مه‌وێت له رێی ئه‌م چه‌ند خاڵه‌وه، بتانگه‌یه‌نمه ناخ‌و هه‌ستی ئه‌و ده‌سته پزیشكییه‌ی كه له سێكته‌ری ته‌ندروستیدا كارده‌كه‌ن، به هیوای ئه‌وه‌ی دواتر خۆتان بڕیار بده‌ن كه كێ به‌دوای دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌گه‌ڕێت.
1- كاری پزیشكی، كارێكی پیشه‌ییه وه‌ك هه‌ر پیشه‌یه‌كی تر: یه‌كێكه له‌هه‌ره پیشه هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌كان كه پێویستی به بنه‌مایه‌كی زانستییه له چوارچێوه‌ی یاسا‌و رێسایه‌كی جیهانی تایبه‌ت، ناسراوه به ره‌وشتی پزیشكی، به ره‌چاوكردنی پیرۆزی مرۆڤ‌و مافه‌كانی كه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كار له‌سه‌ر باری فیزیكی‌و ده‌رونی ئاده‌میزاد ده‌كات.
2- كه ده‌ڵێین، كاری پزیشكی، كارێكی مرۆڤانه‌یه: به‌و مانایه نییه كه كارمه‌ندانی ئه‌م سێكته‌ره، بۆیان نه‌بێت باری ئابوریی خۆیان‌و خێزانهكهكانیان باش نه‌كه‌ن له‌ژێر رۆشنایی یاسا‌و رێساكان، پیشه‌ی پزیشكی كاتێكی تایبه‌تی بۆ نییه، له هه‌مو ئان‌و ساتێك‌دا نه‌خۆش ده‌توانێت سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان بكات‌و كه‌ی پێویستی به‌چاره‌سه‌ری پزیشكی بو، چاره‌سه‌ری ده‌كرێت كه ئه‌مه له هیچ پیشه‌یه‌كی تردا بونی نییه، له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، حكومه‌ت هه‌ڵده‌ستێت به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانی پزیشكان، بۆئه‌وه‌ی بیر له‌باری ئابوریی نه‌كه‌نه‌وه‌و به‌كاره پزیشكییهكهیانهوه خه‌ریك بن، با بزانین لێره وایه؟
له روی باره دهرونییهكهوه، تا كلینیكی تایبه‌تت نه‌بێت، متمانه‌ی زانستی لای هاوڵاتییانت بۆ دروست نابێت، بۆ نمونه له كلینیكه ئیستیشارییهكان كه نرخی پسوڵه‌ی بینینی نه‌خۆش (3)هه‌زار دیناره‌و پزیشكی زۆرپسپۆڕو شاره‌زای لێیه، زۆربه‌ی نه‌خۆش ناچێت بۆچاره‌سه‌ركردن، چونكه لای ئه‌وان ئه‌مه پزیشكی گه‌وره نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كلینیكی تایبه‌تی نییه‌و ئه‌گه‌ر كلینیكی تایبه‌تیشی هه‌بو، به‌ڵام نرخی كلینیكه‌كه‌ی كه‌متربو له هاوڕێكانی، وا ده‌زانن كه دكتۆری گه‌وره نییه! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر له پزیشكان تا ئێستاش نرخی كلینیكه‌كانیان زیاد نه‌كردوه، كه‌چی هیچ كامێك له‌و په‌نجا كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه، باسیان له‌م راستییه نه‌كردوه ...بۆ!.
3- ئایا پزیشكه‌كان به پاره‌ی كلینیك دهوڵهمهنددهبن: له شارێكی وه‌كو سلێمانیدا، به‌پێی قسه‌ی لێپرسراوێكی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سلێمانی خاوه‌نی دو هه‌زار ملیاردێری دۆلاره، باشه چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند له‌مانه پزیشكن! یه‌ك، یان دو! تۆ بڵێی به‌كاری پزیشكی بوبن به ملیاردێر، ئه‌گه‌ر رۆژی هه‌زار نه‌خۆشیشیان بینیبێت، تا ماون نابن به‌ملیاردێر، هه‌ر چه‌نده ئێمه‌ی پزیشك، باش ده‌زاین كه ئه‌وانه به‌چی بون به ملیۆنێرو ملیاردێر، خۆزگه هاوڵاتیش ئه‌م راستییه‌ی ده‌زانی! هه‌رچه‌نده هیچ له‌بارودۆخه‌كه ناگۆڕێت.
4- میلله‌ت پێویستی به خواردنه، یان ده‌رمان : رونتر، ئایا خواردن گرنگتره بۆ ژیانی ئاده‌میزاد، یان ده‌رمان؟ بێگومان خوادن. ئاسایشی خۆراك یه‌كێكه له‌بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروستت ههبێتو ته‌مه‌نی هاوڵاتی به‌رز بكه‌یته‌وه‌و له‌نه‌خۆشی بپارێزیت، پێویستت به پاراستنی ئاسایشی خۆراكه، له وڵاتێكی فه‌قیری وه‌ك هیندستان كه زیاتر له په‌نجاملیۆن فه‌قیریان هه‌یه، خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕایه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌كی زۆریان پێویست بو بۆ كڕین‌و دروستكردنی ده‌رمان كه حكومه‌ته‌كه‌یان نه‌ده‌په‌رژایه سه‌ری، بیریان له رێگا چاره‌یه‌ك كرده‌وه، ئه‌ویش له رێگای كۆنترۆڵكردنی جۆر‌و كوالیتی خواردن، به‌مه توانییان كۆنترۆڵی نه‌خۆشییه‌كان بكه‌ن. پێویسته، خۆمان له‌ناوخۆی كوردستان، گرنگی بده‌ین به جۆر‌و كوالێتیی خواردن‌و هۆشیاریی خواردن لای هاوڵاتی به‌رزبكه‌ینه‌وه تا كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست به‌رهه‌م بهێنین.
5- كاركردن به مافی نه‌خۆش: باشتر وابو، ئه‌م كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه، كاریان له‌سه‌ر مافی نهخۆشو پابه‌ندبونی نه‌خۆشخانه‌و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان به‌ده‌قی مافه‌كانی نه‌خۆش بكردایه بۆ دابینكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، به رای من، نه‌ك پێویسته نه‌خۆش مافه‌كانی خۆی بزانێت، به‌ڵكو ده‌بێت پراكتیزه‌یان بكات به شێوه‌یه‌كی زانستی‌و دروست، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، بابه‌تێكم نوسیوه بۆ رۆژنامه‌كان سه‌باره‌ت به مافی نه‌خۆش كه له به‌یاننامه‌ی (كۆمه‌ڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا) بۆ مافی نه‌خۆش له ساڵی(1973)وه پێداچونهوهكانی ساڵی(1992) زاینی‌دا هاتوه كه (12)به‌ندی له‌خۆگرتوه، بۆ بۆ ئه‌مه كه‌مپین ناكه‌ن، ئایا به‌مه خزمه‌تی زیاتر ناكه‌ن؟.
6- تێچونی نرخی كاری پزیشكی، ته‌نها پزیشك ناگرێته‌وه: كه نه‌خۆش ده‌ڕوات بۆ كلینیك، بێجگه له پسوڵه‌ی پزیشكی، چاره‌سه‌ر پێویستی به ئازمایشی تاقیگه، تیشك‌و سۆنار، ئیكۆ، زۆر ئازمایشی پێشكه‌وتو، وه‌ك ره‌نینی موگناتیسیو سیتیسكانو هتد هه‌یه، له‌گه‌ڵ ده‌رمانساز كه هه‌ریه‌ك له‌مانه بڕێك پاره‌ی ده‌وێت، زۆرجار دوقاتو سێ‌قات چه‌ند قات له نرخی پزیشكه‌كه زیاترن! كه‌چی لهباسكردندا هه‌موی له‌سه‌ر پزیشكه‌كه حیساب ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م كه‌مپینه به‌ڕێزه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كه ئه‌زمونێكی به‌رچاویان هه‌بوه له بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگا، به‌م بإه پاره كه‌مه‌وه نوساونو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی دهرمانو ئازمایشهكانی تریان نه‌كردوه كه چه‌ند به‌رزبونه‌ته‌وه‌و باری سه‌رشانی ئابوریی نه‌خۆشیان گران كردوه، پێویست بو باسی بازرگانیی دهرمانو پێداویستی پزیشكی‌و تاقیگه‌یان بكردایه، داوای كۆنترۆڵكردنی جۆری دهرمانو دانانی یه‌كخستنی نرخه‌كانیان بكردایه، بۆچی ناپرسن، كێن ئه‌وانه‌ی بازرگانی به دهرمانو پێداویستی پزیشكی‌و تاقیگه‌كانه‌وه ده‌كه‌ن؟ ئایا كۆنترۆڵكردنی ئه‌مانه، خزمه‌تی زیاتر به نهخۆشو كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن، یان ئه‌م كه‌مپینه دژ به پزیشكه!.
7- هه‌مو شتێك رو له بهرزبونه: چ كه‌ره‌سه‌و شتومه‌ك، چ هه‌قده‌ستی كار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆمان خاوه‌نی سامانی سروشتی جۆراوجۆرین، نه‌وت به قاچاخ ده‌فرۆشرێت به‌ده‌ره‌وه‌ی ههرێمو كه‌س نازانێت داهاته‌كه‌ی به‌ره‌و كوێوه ده‌ڕوات، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌دا نرخی یه‌ك لیتر (یه‌ك لیتر) به‌نزین حه‌وت سه‌دو په‌نجا دیناری عێراقی زیادی كرد‌و كه‌سیش كه‌مپینی دژ به‌م زیاد بونه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه نه‌كرد! كه ئه‌مه گیرفانی هه‌مو هاوڵاتییان ده‌گرێته‌وه به نهخۆشو ساغه‌وه، به‌ڵام نه‌ك كه‌س كه‌مپینی دژ نه‌كرد، به‌ڵكو ههرباسیش نه‌كرا، بۆچی؟! هه‌رچه‌نده باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م، بۆ له پارێزگاكانی كوردستان نرخی به‌نزین له پارێزگاكانی تری عێراق زیاتره، باشه كێ له‌كوردستان بازرگانیی نه‌وت ده‌كات؟.
8- پێداویستیی كلینیكه تایبه‌ته‌كان: پزیشكێك بۆ ئه‌وه‌ی كلینیك بكاته‌وه، پێویستی به جێگایهكهو ده‌بێت به‌كرێ بیگرێت، پێویستی به دو جۆری كاره‌باو ئاو خزمه‌تگوزاری تر هه‌یه، ده‌بێت سكرتێر‌و كارمه‌ندی هه‌بێت، پێویستی به پێداویستی پزیشكی هه‌یه‌و هتد، ئه‌مانه هه‌موی رو له‌گران بونن، هه‌مو پزیشكه‌كان وه‌ك یه‌ك نه‌خۆش نابینن، له شارێكدا سێ چوار پزیشك نه‌خۆشی زۆریان هه‌یه، هه‌ندێك پزیشكمان هه‌یه، پاره‌ی عیاده‌كه‌ی دهرناكاتو ناچار واز ده‌هێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر له پیشكان نرخه‌كانیان زیاد نه‌كردوه، له زۆر شوێنی دنیا حكومه‌ت خۆی یارمه‌تی سێكته‌ری ته‌ندروستی تایبه‌ت ده‌دا له هه‌مو رویه‌كه‌وه، به دانی قه‌رزو نه‌هێشتنی گومرك له‌سه‌ر ئه‌و كاڵا تهندروستیو پزیشكییانه، له رژێمێكی دیكتاتۆری وه‌ك سه‌دام حسێندا كه دوژمنی پزیشك بو، زۆر ئاسانكاریی ده‌كرا بۆ سێكته‌ری تایبه‌ت، ئه‌ی بۆ ئێستا هیچ ئاسانكارییه‌ك ناكرێت، ئه‌مه‌ش بۆیه‌كی تره؟ كه پێویستی به وه‌ڵام هه‌یه.
9- سیستمی ته‌ندروستیی كوردستان، جیاوازیی فه‌قیرێكی نه‌بو و ده‌وڵه‌مه‌ندێك ناكات: له‌م سیستمه ئیفلیجه كۆنه گرانبه‌هایه‌دا، كاری پزیشكی بۆ فه‌قیرێكی نه‌بو له‌گه‌ڵ ملیاردێرێك به یه‌ك شێوه ده‌كرێت، هه‌ندێك جار ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه له‌به‌ر خاتری ئهمو ئه‌و، خزمخزمێنه و حیزبایه‌تی، كاره‌كانی باشتر بۆ ده‌كرێت، ئه‌و پسوڵه ره‌مزییه‌ی له فه‌قیره‌كه وهردهگیررێت، له ده‌وڵه‌مه‌ندو دهستڕۆشتوهكان وه‌رناگیرێت، سه‌یری ئه‌م عه‌داله‌ته بكهنو بزانن كێ دروستی كردوه، ئایا ئه‌مه پێویستی به كه‌مپین كردن نییه؟. سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌مو كه‌موكوڕییه‌ی سیستمی پزیشكی كوردستان، نه‌مانبیست نه‌خۆشێك له‌به‌ر نه‌بونی پاره، خزمه‌تگوزاریی فریاگوزاری بۆ نه‌كرابێت، له وڵاتێكی پیشكهوتوی وه‌ك ئه‌مه‌ریكادا، ئه‌گه‌ر دڵنیایی ته‌ندروستیت نه‌بێت، هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ناتگرێته خۆی، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مردنیش بیت.
10- له به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی ته‌ندروستیدا، سێ فاكته‌ری گرنگ هه‌ن: 1- ژێرخانی ئابوریی تهندروستیو پزیشكی. 2- سامانی مرۆیی تهندروستیو پزیشكی. 3- ئه‌و سیستمه‌ی كه ئه‌و ژێرخانه ئابوری‌و تهندروستیو پزیشكییه ده‌به‌ستێته‌وه به سامانه مرۆییه تهندروستیو پزیشكیه‌وه بۆ خزمه‌تكردنی سامانی مرۆیی گشتیی وڵات به یه‌كسانی، باشتر وایه كار له‌سه‌ر ئه‌م سێ فاكته‌ره گرنگه بكه‌ین، بۆ نمونه: ئێمه له نه‌خۆشخانه‌ی فیركاریی، رۆژانی سێشه‌ممه، حه‌وت پزیشكین كه به‌هه‌مومان چوار هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه، ده‌بێت له‌نێو خۆماندا رێبكه‌وین له كردنی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان، باشه ئه‌گه‌ر حه‌وت ژوری نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌بوایه، ئه‌وا ژماره‌ی نهشتهرگهرییهكانمان زیاتر دهكردو پێویستی زۆرمان به نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت نه‌ده‌بو، هه‌ر ئه‌مشه نه‌خۆش ناچار ده‌كات كه له نه‌خۆشخانه‌ی خۆیی كاری بۆی بكرێت به پاره، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه (ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی به ده‌ردی قیتارهكهی سلێمانی چو)، تهواوبكرایه، نه‌خۆش پێویستی به نه‌خۆشخانه‌ی تاییبه‌ت نه‌ده‌بو، ئایا ئه‌مه خه‌تای كێیه؟ بڵێی ئه‌مه‌ش خه‌تای پزیشكان بێت! ئه‌ی باشه بۆ كه‌مپین بۆ ته‌واوكردنی نه‌خۆشخانه چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه نه‌كرا؟ باشه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، وه‌رن با به‌یه‌كه‌وه كه‌مپینێك بكه‌ین‌و پاره كۆبكه‌ینه‌وه بۆ ته‌واوكردنی نه‌خۆشخانه چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی منداڵانی میسر.
11- بونی كلینیكی تر له بری كلینیكه تایبه‌تییه‌كانی پزیشكان: به‌ڵێ، له شارێكی وه‌ك سلێمانیدا، بێجگه له كلینیكه تایبه‌ته‌كانی پزیشكان‌و نه‌خۆشخانه‌و بنكه ته‌ندروستییه‌كانی حكومه‌تن ده‌یه‌ها كلینیكی میللی‌و كلینیكی ئیستشاری هه‌ن كه نه‌خۆش به (3)هه‌زار دینار ده‌بینن ،هه‌مو جۆره پزیشكێكی پسپۆڕیان تێدایه‌و هه‌ندێك له‌و پزیشكانه نازناوی پرۆفیسۆریشیان هه‌یه، دهرمانو ئازمایشهكانیشیان زۆر هه‌رزانتره، بۆچی نه‌خۆش سه‌ردانی ئه‌م جۆره كلینیكانه ناكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی له بری كلینیكه تایبه‌ته‌كان.
12- راستییه دیاره‌كه: ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم، وه‌ك ئه‌ندامێكی باڵای سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان، زۆر له پزیشكان داوای زیادكردنی نرخی كلینیكه‌كانیان ده‌كرد به پاساوی ئه‌وه‌ی له هه‌ولێرو دهۆك، نرخی عیاده‌كان زۆر زیاترن‌و ته‌نانه‌ت نرخی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك له هه‌ولێر، دوقاتو سێقاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شتومهكو كرێی خانوبه‌ره له سلێمانی زۆر زیاتره له هه‌ولێر، به‌ڵام له‌به‌ر باری ئابوریی خه‌ڵكی، ئه‌م زیاد كردنه له لایه‌ن سه‌ندیكاوه نه‌كرا تا وایلێهات، هه‌ندێك له پزیشكان بیریان له‌وه كرده‌وه، روبكه‌نه هه‌ولێر بۆ كاركردن، چونكه بێجگه له قازانجه ئابورییه‌كه، له‌باری ده‌رونیشه‌وه پاڵه‌په‌ستۆیان كه‌متر له‌سه‌ر بو، سه‌ره‌ڕای كه‌میی كاری نه‌خۆشخانه حكومییه‌كانی هه‌ولێر، بۆیه له رێی سه‌ندیكای پزیشكانه‌وه بیر له‌وه‌كرایه‌وه، به زیادكردنی نرخی كلینیكه‌كان له سلێمانی‌و دابه‌زاندنیان له شوێنه‌كانی تری كوردستان، ئه‌مه راستیی مه‌سه‌له‌كه‌یه. له كۆی كلینیكه تایبه‌ته‌كانی سلێمانی، ته‌نها (27)دكتۆر بیست هه‌زاره‌كه ده‌یانگرێته‌وه، (76)دكتۆریش پانزه هه‌زاره‌كه ده‌یانگرێته‌وه، ئه‌م كه‌مپینه گه‌وره‌یه له‌به‌ر زیادكرنی نرخی كلینیكی ئه‌م چه‌ند پزیشكانه كرا كه زیاتر له (30)پزیشكیان تا ئێستاش نرخی كلینیكه‌كانیان زیاد نه‌كردوه، ئه‌وه‌ی جێی گومانی پزیشكانه بۆ ئه‌م كه‌مپینه، باسی ئه‌و پزیشكانه‌ی نه‌كردوه كه به‌م بڕیاره نرخه‌كانیان هاتوه‌ته خواره‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌م بڕیاره، نرخه‌كان له‌سه‌رتاپای كوردستان یه‌كخران؟! له كۆتاییدا، ده‌مه‌وێت پرسیارێك له رێكخه‌رانی ئه‌و كه‌مپینه بكه‌م، ئایا خه‌ڵكانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه نرخی عیادهكانیان زۆر زیاتر بون له پێویست‌و ئێستا به‌م بڕیاره كه‌مكراونه‌ته‌وه، فه‌قیرو هه‌ژار نین، یان مافی مرۆڤی نه‌خۆش نایانگرێته‌وه؟.