Print WWW.SBEIY.COM
 متمانه‌ی‌ نه‌خۆش و گارگه‌ی‌ ده‌رمانسازی‌ مۆدێرنی‌ سلێمانی‌
د.محه‌مه‌د ئه‌مین
03/07/2011

له‌ مه‌راسیمێكدا رۆژی‌ پێج شه‌ممه‌ به‌رواری‌ 16-6-2011 له‌ سلێمانی‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح گارگه‌یه‌كی‌ ده‌رمانسازی‌ مۆدیرنی‌ كرده‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای‌ ئه‌لرائیده‌ی‌ عێراقیه‌وه‌ به‌ بودجه‌ی‌ حه‌فتا ملیۆن دۆلار جێبه‌جێكراوه‌، دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند: ئه‌م كارگه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ خۆماڵیه‌وه‌ دروستكراوه‌ نمونه‌ی‌ به‌رجه‌سته‌بونی‌ سیاسه‌تی‌ درێژخایه‌نی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا، ئێستاش ده‌رفه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان سازاوه‌ سه‌ره‌ڕای‌ كێشه‌وه‌ ئاسته‌نگه‌كان ده‌رفه‌تی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ له‌وجۆره‌ له‌ كه‌م وڵاتدا بونی‌ هه‌یه‌.

من نامه‌وێ‌ له‌ بونی‌ ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ كه‌م بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕای‌ من ئه‌مه‌ له‌ هیچ باشتره‌، ئه‌گینا پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌م جۆره‌ خزمه‌تێكی‌ ئه‌وتۆی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ ئێستای‌ كوردستان و به‌تایبه‌تی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ناكات، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش نین، تا هاوڵاتی‌ كوردستان قازانجی‌ لێبكات وه‌ك له‌ وڵاته‌ پیشكه‌وتوه‌كانی‌ دنیادا ده‌یبینین، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ش من له‌وه‌ ده‌ترسم ئه‌م پرۆژیه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئیتیفاقی‌ ستراتیجی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ زه‌رد كارگه‌یه‌كی‌ ده‌رمان هه‌یه‌ ئه‌بێ‌ له‌ هه‌رێمی‌ سه‌وزیش كارگه‌یه‌كی‌ له‌وجۆره‌ بونی‌ هه‌بێت، واته‌ په‌نجا به‌په‌نجا.

ئه‌وه‌ی‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان بێت ده‌زانێت زۆر كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ترمان هه‌یه‌ وه‌ك له‌ كێشه‌ی‌ ده‌رمان كه‌خۆی‌ له‌ نه‌بونی‌ سیستمێكی‌ ته‌ندروستیدا ده‌بینێته‌وه‌، بێجگه‌ له‌ نه‌بونی‌ بینای‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ مۆدێرن، نه‌بونی‌ ژێرخانێكی‌ ته‌ندروستی‌ پته‌و، نه‌بونی‌ دڵنیای‌ ته‌ندروستی‌، نه‌بونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ په‌رستاری‌، نه‌بونی‌ كه‌رتێكی‌ تایبه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ پیشكه‌وتو و جیاكردنه‌وه‌ی‌ له‌ كه‌رته‌ گشتیه‌كه‌ ...هتد.

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش زۆربه‌ی‌ به‌رپرس و شاره‌زا ته‌ندروستیه‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌رمانسازه‌كان به‌ سه‌ندیكای‌ ده‌رمانسازیشه‌وه‌، زانیاریه‌كی‌ ئه‌وتویان له‌باره‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ نییه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ش پرۆژه‌ی‌ له‌م جۆره‌ باشتره‌ له‌نه‌بونی‌، به‌ڵام من ده‌پرسم:
 
1- ئایا ئه‌م كارگه‌یه‌ كێشه‌ی‌ ده‌رمان له‌ كوردستان كه‌م ده‌كاته‌وه‌ یاخود چاره‌سه‌ری‌ ده‌كات؟
وه‌ك ده‌زانین كێشه‌ی‌ ده‌رمان له‌ كوردستان كێشه‌ی‌ نه‌بونی‌ گارگه‌ نییه‌، به‌ڵكو زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، ئه‌گه‌ر سه‌ردانی‌ ده‌رمانخانه‌یه‌ك بكه‌ین له‌ سلێمانی‌ چاومان به‌ هه‌مو جۆره‌ ده‌رمانێك ده‌كه‌وێت له‌ باشترین كوالیتی‌ تا خراپترین كولیتی‌ به‌ نرخی‌ جیاواز، بۆ هه‌ر ئایتمێك له‌ ده‌رمانخانه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ده‌رمانخانه‌یه‌كی‌ تر، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئێمه‌ی‌ ناو كه‌رتی‌ ته‌ندروستیش نازانین له‌سه‌دا سه‌د كام له‌م جۆره‌ ده‌رمانانه‌ كولیتی‌ باشه‌ مه‌گه‌ر به‌ جۆری‌ گارگه‌كان نه‌بێت، كه‌ له‌ رۆژی‌ ئه‌مڕۆدا كێشه‌ی‌ ساخته‌كردنی‌ ده‌رمان له‌ جیهاندا بوه‌ به‌كێشه‌ی‌ یه‌كه‌م و جاری‌ واهه‌یه‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌رمانسازه‌كانیش ده‌رمانه‌ ئه‌سلییه‌كه‌ له‌ ساخته‌كه‌ جیاده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڕای‌ زۆر له‌ ده‌رمانسازان و شاره‌زایانی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌م كێشانه‌ به‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌زگایه‌كی‌ ده‌رمانسازی‌ تێكه‌ڵی‌ هاوبه‌ش ((مؤسسة الادوية المختلطة المساهمة)) چاره‌سه‌ر ده‌كرێت نه‌ك به‌كردنه‌وه‌ی‌ كارگه‌یه‌كی‌ ده‌رمانسازی‌، چونكه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م ده‌زگا تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌توانین هاورده‌كردنی‌ ده‌رمان كۆنترۆڵ بكه‌ین، كه‌ئه‌بێ‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ پسپۆڕه‌وه‌ بهێندرێته‌ ناو كوردستانه‌وه‌ نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌سانێك بازرگانی‌ ده‌رمان ده‌كه‌ن، كه‌ بازرگانن و سه‌ر به‌كه‌رته‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ نین، مه‌ترسی‌ هێنانی‌ ده‌رمانی‌ كولیتی‌ خراپ نازانن له‌سه‌ر ته‌ندروستی‌ ئاده‌میزاد، مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كیان بازرگانیكردنه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ڕێی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ ئه‌توانرێت كۆنترۆڵی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ده‌رمان نرخه‌كه‌ی‌ بكرێت، كه‌ هاوڵاتی‌ تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند نابێت و نرخه‌كان له‌ هه‌مو شوێنێك وه‌ك یه‌كده‌بن.

2- ئایا بۆ كاتی‌ ئێستا كارگه‌یه‌كی‌ ده‌رمانی‌ له‌م جۆره‌مان پێویست بو؟ یاخود كارگه‌یك بۆ شله‌مه‌نی‌ له‌ش (مغذى)، بۆ لۆكه‌ و گۆزی‌ وپلاسته‌ری‌ ته‌ندروستی‌، بۆ سه‌رنج و پێداویستی‌ پزیشكی‌ تر كه‌ له‌ به‌كارهێنانیدا هاوڵاتی‌ نه‌خۆش وه‌ك ده‌رمان گوێ‌ به‌ كۆمپانیا دروستكه‌ره‌كه‌ی‌ نادات، چونكه‌ ته‌كنۆلۆجیای‌ دروستكردنه‌كه‌ی‌ زۆر زۆر ئاسانتره‌ له‌ دروستكردنی‌ ده‌رمان و زیاتریش پێویستمان پێیه‌تی‌.

3- ئایا متمانه‌ی‌ هاوڵاتی‌ نه‌خۆش تا چ ئاستێك ده‌بێت به‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌؟ ئێمه‌ی‌ پزیشك كه‌ ده‌مان ده‌نوسین ناوه‌ زانستییه‌كه‌ی‌ ده‌نوسین بۆئه‌وه‌ی‌ كاره‌كه‌مان وه‌ك بازرگانی‌ لێنه‌یه‌ت كار بۆ كارگه‌یه‌كی‌ ده‌رمانی‌ تایبه‌ت نه‌كه‌ین به‌ڵام نه‌خۆش خۆی‌ سه‌رپشكه‌ له‌به‌كارهێنانی‌ جۆری‌ ده‌رمانه‌كه‌، بۆیه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ هاتوچۆی‌ چه‌ند ده‌رمانخانه‌یه‌ك ده‌كات تا ده‌رمانێكی‌ بیانی‌ باشی‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ باوه‌ڕی‌ به‌ ده‌رمانی‌ زۆر له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانیش نییه‌ نه‌ك به‌ده‌رمانی‌ كارگه‌كانی‌ وڵاتانی‌ چوارده‌وه‌ر، بۆیه‌ ده‌پرسم ئایا هاوڵاتی‌ نه‌خۆشی‌ ئێمه‌ تا چ راده‌كه‌یه‌ك متمانه‌ی‌ به‌ده‌رمانی‌ ئه‌م كارگه‌یه‌ هه‌یه‌، ئایا له‌ راستیدا كوالیتی‌ ده‌رمانی‌ ئه‌م كارگه‌یه‌ له‌ چ ئاستێكدا ده‌بێت؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم كات له‌ داهاتودا وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌مان ده‌داته‌وه‌.

* پزیشكی‌ پسپۆڕی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌