Print WWW.SBEIY.COM
 به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین له‌بازرگانه‌ چاوچنۆكه‌كان ده‌ده‌ین
د.محه‌مه‌د ئه‌مین
06/09/2014

بێگومان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ من نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كان، به‌ڵكو ده‌سته‌واژه‌ی‌ به‌ڕێز وه‌زیری‌ ته‌ندروستی هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ له‌ژماره‌ پێنجی‌ رۆژنامه‌ی‌ وشه‌ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2013، گومانم نییه ‌له‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ مه‌به‌ستێتی‌ ره‌وشتی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ره‌و پێش به‌رێت، به‌ڵام به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ئه‌م كاره‌ ناكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ی‌ هاوڵاتی‌ نین بازرگانی‌ به‌ده‌رمانه‌وه‌ ئه‌كه‌ین، به‌ڵكو وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ له‌ئێمه‌ باشتر ده‌زانێت ئه‌وه‌ی‌ بازگانی‌ به‌ده‌رمانه‌وه‌ ئه‌كات به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێمن، كه ‌جه‌نابی‌ وه‌زیر خۆی‌ سه‌ر به‌لایه‌كیانه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش نه‌بم جه‌نابی‌ وه‌زیر توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ به‌ده‌ستی‌ پۆڵایین لێیان بدات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ شارستانیتر له‌ده‌ستی‌ پۆڵاین چاره‌سه‌ر ئه‌كرێن، ئێستا دنیا دنیای‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ به‌سیستم نه‌ك ده‌ستی‌ پۆڵاین و تۆمه‌تباركردنی‌ ئه‌م وئه‌و .

ئه‌وه‌ی‌ وایلێكردم ئه‌م بابه‌ته‌ بنوسم دو هۆی‌ گرنگ بو:
 یه‌كه‌میان ئه‌م بارودۆخه‌ ناسكه‌ی‌ ئێستا روبه‌ڕوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆته‌وه‌ پاش كۆنترۆڵكردنی‌ موسڵ و تكریت و ئه‌نبار و به‌شێك له‌دیاله‌ و كه‌ركوكیش له‌لایه‌ن گروپه‌ توندڕوه‌كان (داعش) و رزگاركردنی‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕاوه‌كان له‌لایه‌ن هێزی‌ پیشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌، جارێكی‌ تر نرخی‌ ده‌رمان و پێداویستیه‌ پزیشكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ شێتانه‌ به‌رزبۆوه‌ و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تیش به‌نرخی‌ گران ئه‌م پێداویستیانه‌ ئه‌كڕن! واته‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ بودجه‌ی‌ وڵات بۆ گیرفانی‌ بازرگانه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان! ئه‌وه‌ی‌ ئێستا روئه‌دات نیمچه‌ جه‌نگه‌ نه‌ك جه‌نگێكی‌ به‌رفراوان، خۆئه‌گه‌ر جه‌نگێكی‌ به‌رفراوان روبدات ئه‌وجا قه‌باره‌ی‌ كاره‌ساته‌كه‌ به‌چاوی‌ خۆمان ئه‌بینین.
 
دوه‌میان بارگرانی‌ هاوڵاتی‌ نه‌خۆش و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ گرانی‌ ده‌رمانه‌وه‌، كاتێك هه‌ستی‌ پێده‌كه‌یت كه‌ ده‌ڕۆیته‌ ده‌رمانخانه‌یه‌ك ده‌رمان بۆخۆت ده‌كڕیت یاخود به‌چاوی‌ خۆت معاناتی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌بینیت، به‌ڵام نه‌ماندی‌ كه‌س به‌جه‌نابی‌ وه‌زیریشه‌وه‌ ده‌ستی‌ پۆڵاین به‌كاربهێنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌ .

هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ كارگێڕییه‌ بێجگه‌ له‌ پسپۆرییه‌كه‌ی‌ خۆی‌، به‌ڵام له‌زۆرێك له‌ چاوپێكه‌تنه‌كانی‌ له‌بری‌ دانانی‌ پلان بۆ كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كان گوێبیستی‌ وشه‌ی‌ ویژدان ئه‌بم، ئۆباڵی‌ كاره‌ دزێو نێگێتڤه‌كان ئه‌خاته‌ پاڵ ویژدانی‌ ئه‌م و ئه‌و، وه‌ك ده‌زانین له‌دنیای‌ كارگێڕی‌ پێشكه‌وتودا هیچ شوێنك دانه‌نراوه‌ بۆ ویژدان، وڵات به‌ویژدان ناڕوات به‌ڕێوه،‌ به‌ڵكو به‌سیستم، ئه‌گه‌ر سیستمێكی‌ باشت هه‌بێت ئه‌وكات بێویژدان یائه‌بێ بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سیستمه‌كه‌ یاوه‌ك به‌ویژدانه‌كان كاربكات و ‌ئه‌گه‌ر سیستمێكی‌ خراپی‌ حیزبیت هه‌بێت ئه‌وكات به‌ ویژدانه‌كانیش له‌و سیستمه‌ خراپه‌دا جێگایان نابێته‌وه‌ یائه‌بێ بچنه ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سیستمه‌كه‌ یاله‌گه‌ڵ سیستمه‌ خراپه‌كه‌ هه‌ڵبكه‌ن.

سیاسه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌كۆی‌ سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كان، به‌پرسه‌ له‌نه‌مانی‌ ده‌رمان و زیادبونی‌ نرخه‌كه‌ی‌، ئێمه‌ زانستێكمان له‌به‌رده‌سته‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ ته‌ندروستی‌ و نه‌خۆشخانه‌كان نه‌ك ده‌ستی‌ پۆڵاین، ئه‌گه‌ر دور له‌ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبی‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كان كار به‌و زانسته‌ بكرێت ئه‌وه‌ زۆر به‌ئاسانی‌ ئه‌گه‌ینه‌ ئاستێكی‌ ته‌ندروستی‌ باش له‌وانه‌:-

1-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ ده‌رمان و ئامێر و پێداویستی‌ پزیشكی‌ ناكرێت، به‌ڵكو به‌دانانی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ تێكه‌ڵ %51 سه‌ر به‌ حكومه‌ت و %49 تایبه‌ت بۆ رێگرتن له‌ مافیاكانی‌ ده‌رمان و پێداویستی‌ پزیشكی‌ به‌مه‌رجێك كه‌سایه‌تیه‌ شاره‌زاكانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ و گشت هاوڵاتیان له‌خۆبگرێت به‌بازرگانه‌كانیشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌بێ‌ خاوه‌نی‌ بوجه‌ییه‌كی‌ زه‌به‌لاح بێت كه‌ بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا سه‌رچاوه‌ییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بكات بۆ كه‌مكردنه‌وی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌ و باشكردنی‌ كوالیتی.

٢-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ زیاد ناكات، به‌ڵكو پێویسته‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ دارایی‌ تربكات بێجگه ‌له‌ بودجه‌ی‌ دانراوی‌ حكومه‌ت كه ‌به‌گشت پێوه‌ره‌كان له‌ئاستی‌ پێویستدا نییه‌، به‌مه‌رجێك ئه‌و داهاتانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ بچنه‌ سه‌ر بوجه‌ی‌ وه‌زاره‌ت و‌ به‌شه‌فافی‌ له‌ سایتی‌ وه‌زاره‌ت بڵاوبكرێنه‌وه‌، له‌وانه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ باجی‌ ئه‌و بازرگانیانه‌ی‌ زیان به‌ته‌ندروستی‌ هاوڵاتی و ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی.

٣- به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانیت لێپرسینه‌وه‌ له ‌سامانه‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشكیه‌ مرۆییه‌كه‌ت بكه‌یت، به‌ڵكو به‌ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ بیرۆكه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی پزیشكی‌ كوردستان به‌مه‌رجێك سه‌ربه‌خۆبێت، واته‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و سه‌ندیكای‌ پزیشكان و كارمه‌ندان نه‌بێت، به‌رپرس بێت له‌تۆماركردنی‌ پزیشك و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌هه‌ردو كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ تاییبه‌ت و گشتی‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ زانستی‌ و لێپرسینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی‌ به‌كارهێنانی‌ پیشه‌ی‌ پزیشكی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خراپ دور له‌بنه‌ما پزیشكی‌ و ته‌ندروستیه‌كان و‌ دانانی‌ پێناسه‌ی‌ كار له‌ڕێگای‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌هاوكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و سه‌ندیكای‌ پزیشكان و كارمه‌ندان ولایه‌نه‌ یاسایی‌ و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی‌ پێویستی‌ خۆی‌.

٤- به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان پێشناكه‌ون، به‌ڵكو به‌ دایبینكردنی‌ پزیشكی‌ خێزانی‌ له‌گشت ئاسته‌كان.

٥-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانیت ژیانی‌ هاوڵاتی‌ بپارێزیت و ئاستی‌ كه‌مئه‌ندامی‌ كه‌م بكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ گرنگیدانت به‌خزمه‌تگوزارییه‌ كتوپڕه‌كان.

٦-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانیت سامانه‌ مرۆییه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ت بپارێزیت له‌ سوكایه‌تیكردن و لێدان، به‌ڵكو به‌ یاسای‌ تاییبه‌ت به‌و بواره‌.

٧-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانیت نه‌خۆشخانه ‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت پیشبخه‌یت بۆ باشكردنی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ و فه‌نده‌قه‌یی‌، به‌ڵكو به‌پێدانی‌ قه‌رزی‌ درێژخایه‌ن به‌مه‌رجێك پابه‌ندبن به‌ئاستی‌ نرخ.

٨-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانیت سیستمی‌ دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ بهێنیته‌كایه‌وه،‌ به‌ڵكو به‌هاندانی‌ بانك و خاوه‌ن ئابوریه‌ به‌رزه‌كان .

٩-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانیت ئاستی‌ هۆشیاری‌ ته‌ندروستی‌ هاوڵاتی‌ به‌رزبكه‌یته‌وه،‌ به‌ڵكو له‌ڕێگای‌ میدیاكان و دانانی‌ پرۆگرامی‌ گونجاو له‌گشت باخچه‌ی‌ منداڵان و قوتابخانه‌كان به‌هه‌مه‌ئاهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا .

١٢-به‌ده‌ستی‌ پۆڵاین ناتوانین گرنگی به‌ئه‌ندازیاری‌ نه‌خۆشخانه‌ و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان بده‌ین، به‌ڵكو به‌كاركردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌ندازاییه‌كانی‌ بواری‌ پزیشكی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ش زۆربه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ تێدانییه‌.