بیرمه‌ندانی زانستی سیاسی چه‌مكی حیزب به‌گشتی به‌م جۆره شرۆڤه ده‌كه‌ن: (كۆبونه‌وه یاخود رێكخستنی كۆمه‌ڵه كه‌سێكه كۆكن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی، یاخود رێكه‌وتنێك گشتگیر ده‌كرێت، كار بۆ هێنانه‌دی ئامانجی سیاسی دیاریكراو ده‌كه‌ن، هه‌وڵ بۆ دابینكردنی كاردانه‌وه‌ی چالاكانه بۆسه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سیاسی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌شدارن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی وڵات‌دا به هیوای گرتنه ده‌ستی پۆستی حكومی یاخود گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و حوكمی وڵات).
حیزبی سیاسی یه‌ك له میكانیزمه گرنگه‌كانی په‌ره‌پێدانی سیاسیه له هه‌ژمونی چه‌رخی نوێ‌دا. دروستبونی حیزبی سیاسی نزیكه‌ی دوسهدهیه، وه‌لێ سه‌ده‌یه‌كه چالاكیه‌كانی زیاتر له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ر بڵاوه، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تادا وا باو بوه كه حیزب به‌مانای دابه‌شبون و بڵاوبونه‌وه‌ی فه‌سادی سیاسی، هاتنه ناوه‌وه‌ی بێگانه له كاره‌كانی وڵات و نه‌بونی نائارامی سیاسی، له‌باربردنی توانای به‌ڕێوه‌بردن، هه‌ر وه‌ك دامه‌زرێنه‌ری وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا (جۆرج واشنتن) باسی لێده‌كات.
دروستبونی حیزبی سیاسی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كرێ، به چه‌ند شێواز‌و هۆكارێكی جیاواز سه‌رهه‌ڵبدات، وه‌ك په‌یوه‌ندی حیزبی سیاسی به په‌رله‌مانه‌وه، په‌یوه‌ندی به كایه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی سهندیكاو رێكخراوه پیشه‌ییه‌كان، په‌یوه‌ندی حیزبی سیاسی و دروست بونی له ده‌رئه‌نجامی قه‌یرانه كانی په‌ره‌پێدان ( هه‌ندێك جار)...
حیزبی سیاسی له چه‌ند فۆرمێكدا خۆی داده‌ڕێژێت وه‌ك (حیزبی ئایدۆلۆژی، حیزبی پراگماتی، حیزبی كه‌سایه‌تی)...
پۆلێنكردنی سیستمی حیزبی سیاسی جیاوازه، به جیاوازی شێوازی سیستمی سیاسی واته: سێ شێوازی سه‌ره‌كی سیستم (دیموكراسی، تۆتالیتاری، دیكتاتۆری). به هه‌مان ِشێواز چه‌ند سیستمێكی حیزبی هه‌یه، باوترین دو پۆلێن
بریتیه له: سیستمی حیزبی ركابه‌ر، سیستمی حیزبی بێ ركابه‌ر. یه‌كه‌میان سێ جۆر سیستمی حیزبی ده‌گرێته خۆ (سیستمی حیزبی فره‌یی، سیستمی حیزبی جوت حیزبی گه‌وره، سیستمی حیزبی تاك ده‌سه‌ڵات).
دوه‌میان سیستمی حیزبی بێ ركابه‌ر به جۆرێك تاك حیزب پاوانی ته‌واوی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، له بنه‌ڕه‌تدا حیزبی تر به شێوه‌یه‌كی شكڵی بونی هه‌یه، وه‌لێ كارتۆنیه و ناتوانێ ببێته مونافسێكی سه‌ره‌كی حیزبی پێشڕه‌و، هه‌رچه‌نده زۆرجار چه‌ند حیزب و حیزبۆكهیهك یه‌كده‌گرن به‌نێوی به‌ره‌وه له‌به‌رامبه‌ر حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌وه‌ستنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێیان نه‌كرێت چونه ناو كایه‌ی ركابه‌ره‌وه هه‌ر بۆیه به سیستمی حیزبی بێ ركابه‌ر حیزبی پێشڕه‌و ناوزه‌ند ده‌كرێت.
حیزبی كوردی دوچاری ئیشكالیه‌ت بوه به‌وه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی تاكه كه‌س هه‌رده‌م رێبه‌رایه‌تی هو پێشه‌نگی ته‌واوی جه‌سته‌ی حیزب بوه، ئه‌وه‌ی ئه‌و وتی گه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت راسته، نه‌بونی ژێرخانی پته‌وی داموده‌زگا و كایه ئیداریه‌كان، ونبونی واده‌و كاتی هه‌ڵبژاردن و پیاده‌كردنی كایه‌ی دیموكراسی، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی حیزب و دوركه‌وتنه‌وه له په‌یڕه‌و پرۆگرام و دامه‌زراندن و ده‌ست نیشانكردنی كه‌سانێك له پله‌و پایه‌ی جودای حیزب بێ گه‌ڕانه‌وه‌و پرسوڕا، بهمهركهزیكردنی ناوه‌ندی بڕیار له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، لاوازی رێ و شوێنی چۆنیه‌تی لێپرسینه‌وه و پاوانكردنی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كان، بێ ئاگایی زۆرینه‌ی ئه‌ندام و كادری پێشكه‌وتو له ته‌واوی به‌رنامه و پلانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی ئه‌مانه‌و زۆری تر دیارترین ئه‌و هۆكارانه‌ن كه حیزبی كوردی پێوه‌ی گینگڵ ده‌خوات. ده‌رچون له‌م كه‌یسه قه‌تیسه پێویستی به وه‌رچه‌رخان و دروستكردنی فشاره، چونكه بیرمان نه‌چێت حیزب به‌شێكی ئه‌كتیڤه له بونیادی سیستمی سیاسی هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك.
ماوه بڵێین، حیزبی كوردی به چ پێكهاتهومیكانیزم و پۆلێنكردنێك، كاره‌كانی خۆی له خودی خۆیدا سیاسه‌تی خۆی دیاری ده‌كات؟!. به‌راورد به زانستی سیاسی؟!... ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و واقیعه حیزبی كوردی له چوارچێوه‌ی حیزبی ههیكلی ناتوانێت ده‌رباز بێت!... یه‌ك حیزبم پێ بڵێن له كوردستاندا به دیاریكراوی له دوای راپه‌ڕینه‌وه ئه‌ندامه‌كانی توانیبێتی (سه‌رۆكه‌كه‌یی، سكرتێره‌كه‌ی، رابه‌ره‌كه‌ی...)، مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانی گۆڕیبێت؟!...
* سود له لێكۆڵینه‌وه‌ی (الاحزاب السیاسیه) وه‌رگیراوه.