Print WWW.SBEIY.COM
 ئیدارەدانى دەوڵەت!
د.تاڤگە ئەحمەد میرزا
28/01/2015

سیستمى سیاسى تەندروست بەواتاى پرانسیپ و دیسپلینى حوکمڕانى تۆکمەى تێدا بەرجەستەکرابێت، ئیدى پایەکانى ئیدارەدانى دەوڵەت خۆبەخۆ تەواوى جومگە هەستیارىکانى نێو هەر کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە.

سێکتەرە گرنگەکان پەیوەست بە هەناوى کۆمەڵگە (ئابورى، پەروەردە، تەندروستى خزمەتگوزارى رۆژانە، کۆمەڵایەتى...) لە ناوخۆى پایەى کەسایەتى هۆشیار دەڕەخسێنێت... وێڕاى بوارى سەروەرى وڵات و پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى دولانکەى گرنگى بەرقەراربونى هەر دەوڵەتێکە.

لە هەمو گرنگتر ئاسایش و ئارامى هاوڵاتى و چون یەکى لەبەرامبەر یاساو پاراستنى سەروماڵى هاوڵاتى و هەستکردنى هاوڵاتى بەوەى، کە لە چوارچێوەى سیستمێکى دادپەروەر و یەکسان ژیان دەگوزەرێنێت، سیستمى حوکمڕانیەک لە ئامێزى گرتوە تیایدا هاوڵاتیبون گرۆى هاوبەش و بابەتیە!...

پەرلەمان بە مانا قوڵەکەى هەمیشە دو لقە (ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى فیدراڵى) یاخود (ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پیران)...

لە عێراق بەگشتى و لە هەرێمى کوردستان پەرلەمان یەک باڵ و یەک لاقە، گەرچى لە دەستورى ساڵى ٢٠٠٥ى هەمیشەیى عێراق ئاماژە بە ئەنجومەنى فیدراڵ کراوەو پرۆژە یاساکەى هاتۆتە نێو ئەنجومەنى نوێنەرانەوە لێ هێشتا لە کوردستان نەک هەر پرۆژە یاساى لەو ئەنجومەنە نیە بگرە بیرۆکەى بونى لەسایەى دەستورێکى ون و نادیار هەر بونى نیە!...

گرنگترین بنەما لەسیستمى دەوڵەتدارى و حوکمڕانیدا جیاکردنەوەى نێوان دەسەڵاتەکانە (پەرلەمان (بەهەردو لقەکەى)، جێبەجێکردن (هەردو لقەکەى)، دەسەڵاتى دادوەرى)... جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان بەرهەمى متمانەو باوەڕە بە کایەى دیموکراسى و پرۆسەى هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى و دواجار دەستاودەستکردنى دەسەڵات. لەهەر وڵاتێکدا پرۆسەکە بەم بازنەیەدا تێپەڕنەبیت مەحاڵە بەچاوان جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان بەواقیع بەرجەستە ببێت...

بەڕێوەبردنى دەوڵەت فاکتەرى گرنگ بەخۆى هەیە لەوانە رێکخستن و چاودێرى و بەدواداچون و لێپرسینەوە، لەڕێگەى دامودەزگاى تایبەتمەند و شەرعى بەپرۆسەى سیستمى سیاسى، بەواتاى تا ئەوکاتەى حوکمڕانیەکى ساغڵەم بەرجەستە دەبێت هەژمونى تەداخولى دەسەڵاتەکان ئاست و سنور و دورى و نزیکى خۆى لە نێوەندەکە ببینێتەوە.

دەبینیین ئەو سیستمانەى کە دوچارى ئافاتى خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات دەبن، هۆکارى سەرەکى بۆ هۆشیارى ئیدارەدان و کارى راسپێراو بەپێى یاساو بنەماو رێنماییەکان لە سێکتەرە گرنگەکانى ناوەخۆ و دەرەکى، کە پێشتر باسم لێکرد کەسى بەرپرس هەم ئیلتیزامى پێوە ناکات هەم کارى پیشەیى و تایبەتمەندى خودى تێدا بەرجەستە ناکات.

بڕوانن عێراق بەگشتى و کوردستان بەتایبەتى دوچارى چ قەیرانێکى قوڵ بونەتەوە، قەیرانێک هەمەلایەن، سەروەرى پێشێل کراوە، نەبونى دامودەزگا و بەدامەزراوەکردن لە سیستمى حوکم (ئەگەر بتوانیین ناوى بنێین سیستم)، قەیرانى ئابورى، کەمتەرخەمى لە بوژانەوەى کایە گرنگەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ، قەیران و هیجرەتکردنى فیکر!...

درێژەدان و خۆخەریک کردن بەوەى کە بەڵێ سیستمى حوکم پایەکانى کەوتونەتە سەرقاچ درۆو وەهمێکى گەورەیە چ لەنێو دەسەڵاتى فیدراڵ و چ لە هەرێم، وەک دەبینیین بەکردەیى عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣ و کوردستان لە ساڵى ١٩٩١ ئیدارەکەى لەژێر چەپۆکى سیستمى داپڵۆسێنەرو سەربازى زگار بون!...

خەسارەتى گەورەو بەهەدەردانى سامان و ماڵى گشتى لەلایەن حوکمدارانى ئەم وڵاتە وڵاتى بەکەنار و رۆخى هەرەس گەیاندوە، لەدەرئەنجامى خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات ئێستا لەنێو سێ یەکەمەکەى جیهان عێراق گەندەڵترین و مەترسیدارترین وڵاتى کوشتن و بڕینەو ئاستى هەژارى زیاتر لە (٣٣%) تێپەڕاندوە!...

مافى مرۆڤ و برەودان بە دامودەزگاى کۆمەڵى مەدەنى و بەرزکردنەوەى هۆشیارى و چالاکى و بونى فشارى شەقام و دەربڕینى راوڕاى جیاواز گەلێک سێکتەر و بڕگەى تر لەڕاستیدا مایەى خەم و پەژارەیە لە چۆنیەتى شێواندنى راستیەکانى ئەم کایە گرنگانە، راستە عێراق و هەرێمى کوردستان لەبونى یاساى زۆرو زەوەند بێ چاوێنى بێ ئیرەیى پێ نابرێت لێ کاتێک دێیتە سەر ئاستى بەپرۆسێسکردنى دەکەویتە بەردەم حوکمى قەرەقوشى بنەماڵە و مەزهەب و سەردەستەیى لەحوکمى ئەمانەدا یاسا شەرمەزاربوە!...

بونیاتنانى دەوڵەتى راستەقینە بەمانا بەرفراوانەکەى رێچکە ناگرێت، گەر دەسەڵاتى زۆرە ملێ نەگۆڕێت بە ئیدارەدانى گشتگیرى دەسەڵات لەلایەن کۆمەڵگە، بە جۆرێک دامودەزگا و دامەزراوەکانى لە سیستمێکى سیاسى (ئابورى ـ رۆشنبیرى) خۆببینێتەوە، بەردەوامى سیاسى و یاسایى و ئیدارى رەنگدانەوەى کارى رۆژانەى بێت، تا کودەتا و گۆڕانکارى دەسەڵاتى زۆرە ملەى کتوپڕ نەتوانێت دزەو درز بکاتە نێو جومگەکانى.

دور لەوەى سەرەوە هەر سیستمێکى ئیدارى سیاسى دیموکراس و گشتگیر هیچ نیە، جگە لە دەزگاى داپڵۆسێنەر و تۆقێنەر و دژە مرۆڤ تا لەڕێگەیەوە بتوانێت توانا مرۆییەکان بەکاربهێنێت بۆ گرتنەدەستى سەرچاوەکانى هێز لەنێو کۆمەڵگەدا.

دەسەڵات خۆى بۆخۆى کێبڕکێى گرتنەدەستى دەسەڵاتە تاک و کۆمەڵگە دەسەڵاتێکى مەبەست نیە هەویرى بۆ بکاتە نان یاخود کێڵگەکان سەوز بکاتەوە یان ببێتە بازرگانێکى ناشیرین کڕین و فرۆشتن بکات، ئەمرى قەدەغە و دەست بەسەراگرتن بنوێنێت، بگرە دەسەڵاتێکى مەبەستە لەپێناو خوشنودى هاوڵاتى و پەخشکردن و بە پرۆسێسکردنى یەکسانى و دادپەروەرى و داهێنان و پێشکەوتن لەنێو کۆمەڵگەدا سیما بەبەهاکانى بێت، پێوەرى حوکمڕانیەکەى سەروەرى یاسا بێت!...

بەواتاى مرۆڤ لەبەردەم دوجۆر لە دەسەڵاتە:
یەکەم: دەسەڵاتى ئیدارەدان: (دەستور و یاساکان).
دوەم: دەسەڵات لەپێناو دەسەڵات: (سەرکوتکردن و خوێن رێشتن).

جۆرى یەکەم دەسەڵاتى ئارام و سەقامگیرە تەواوى دامودەزگا و دامەزراوەکانى (سیاسى، دەستورى، ئیدارى، سەربازى)هاوکات لەبەردەم هەرئەگەرێکى نەخوازراو قەیران و کێشەو گرفتەکان هاوسەنگ و تەریب دەوەستێتەوەو بەرنگاربونەوەى توکمەى هەیە.

جۆرى دوەم دەسەڵاتى کاتى و لەرزۆک و هەنگاوەکانى نامەدروس و پێشڤەچون و گۆرانکاریەکانى جۆرێک لە دودڵى و ژاوەژاوى پێوە دیارە بۆ هەر ئەگەرێک ڕایەکى کتوپڕ و بێ دیراسەى هەیە، هەموى لەپێناو مانەوە و بەردەوامى چۆنیەتى گرتنەدەستى دەسەڵاتە!...


* ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق