دەوڵەتی توركیا هەر لەسەرەتاوە بەڕاشكاوانە دژایەتی خۆی بۆ كێشەی كەركوك، كیانی كوردیی لە كوردستانی عێراق و كێشەی كورد راگەیاندووەك پێشتر وای بیستبوو كە كورد لەبەر زۆری ژمارەی كورد و شوێنی جوگرافیای توركیا كلیلی چارەسەری كێشەكەی لە چارەسەری كێشەی كوردستانی توركیا دەبینێت، بەڵام هەڵەی حكومەتی عیراق و بوونی بزوتنەوەوەیەكی بە هێز و ئامادە لە كوردستانی عێراق جێگۆڕكێی بەو بۆ چوونە كرد، بۆیە توركیاش بەرنامەی خۆی گۆڕی و هەر لە 1991وه بە كردەوە كەوتە دژایەتیكردنی كوردستانی عێراق، هەندێ لەو هەنگاوانەی لەم بارەوە نای برتین لە:
1- بە هۆی مانگی سووری توركییەوە كەوتە دابەشكردنی هاوكاریی مرۆڤایەتی، مەرجی ژێر بەژێری ئەم هاوكارییەش خۆ بەتوركمان زانین بوو لە كوردستانی عێراق، تاتسو چیلەریش كە ژمارەی توركمانی بە چەند ملیۆنێ دادەنا پشتی بە زانیارییەكانی ئەو رێكخراوە بەستبوو؛
2- خۆشكردنی ئاگری نێوان شەڕی هێزەكانی كوردستانی عێراق و پهكهکه؛
3- هەڕەشەكانی حكومەتی توركیا لە كاتی رزگاركردنی كەركوك لە 2003 دا؛
4- پشگیریكردنی توركمانەكانی كوردستان، بە تایبەتی بەرەی توركمانی لە دژایەتیكردنی جێبەجێكردنی مادەی 140.
5- قبوڵكردنی نوێنەری حزبەكان لە توركیا، بەڵام ئامادە نەبوون بۆ داننان بە حكومەتی هەرێم و بوونی نوێنەرایەتییەكەی لە ئەنقەرە.
عهبدوڵا گویل ساڵێ لەمەوبەر بەم شێوەیە لە بەرامبەر پارلەمانی وڵاتەكەیدا دووا:
" ئێمە نزیكایەتیمان لە گەڵ كورد و توركمانەكانی ژورووی عێراق هەیە، لەكاتی كارەساتی هەڵەبجە توركیا تاكە شوێن بوو باوەشی بۆ كوردەكان كردەوە، بەڵام ئەمڕۆ توركمانەكان لەژێر فشاردان، مافی سروشتی خۆمانە لە نزیكەوە ئاگامان لێیان بێت، پێمان وایە ئەمەش مانای دەستخستنە ناو كاروباری ناوخۆی عێراق نییە، سنوورمان جیاوازه، بەڵام ئێمە ناتوانین دەستەوەستان و بێ دەنگ بین لە بارودۆخی ئەوێ، كەركوك عێراقێكی بچووكە ....."
ئەم قسانەی گویل نامەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان و دوارۆژی كەركوك.
ئێستاش خوێندنەوەی توركیا بۆ گرژی نێوان ئەمهریكا و ئێران گەیاندۆتییە ئەو باوەڕەی ئەم كاتە باشترین كاتە بۆ كۆكردنەوەی لەشكر و شێواندنی بارودۆخی كوردستان، توركیا پێی وایە لەم كاتەدا ئەمهریكا لە هەموو كاتێكی تر پێویستی پێیەتی.
راستە بەپێی یاسای نێو دەوڵەتی نابێت لەناو خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر دەوڵەتی توركیا، بەڵام توركیا گڕ و بیانوو دەگرێت بە كوردستانی عێراق ئە گینا بارودۆخی ئێستای عێراق هەڵدەگرێت و لە توانای توركیاش هەیە لە دیوی سنووری خۆیدا خاكی توركیا بپارێزێت.
لە بەرامبەر ئەمەشدا پهكهكه هەقە وەك ئەركێكی نیشتیمانی، بیانوو نەداتە دەست توركیا بۆ ئاڵۆزكردن و شێواندنی بارودۆخی كوردستان.
لەڕاستیدا توركیا لەم لەشكركێشییەی ئەم جارە چەند مەبەستێكی هەیە:
1- فشارخستنەسەر ئەمهریكا بۆ باس نەكردنی كێشەی بەكۆمەڵ كوژی ئەرمەن لە 1915 ؛
2- تێكدانی بەرنامەی كورد لە كوردستانی عێراق و چارەسەرنەكردنی كێشەی كەركوك؛
3- خۆشكردنی ئاگری شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی پهكهكه؛
4- خاوكردنەوەی ناكۆكی نێوان حكومەت و ژەنەراڵە عەسكەرییەكان لە توركیا؛
5- بە دەستهێنانی هەندێ هاوكاریی ماددی بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی ئابووری توركیا؛
6- تاقیكردنەوەی ئەمهریكا لە دۆستایەتیكردنی توركیا و كورد.
بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمەی كورد لە بەر رۆشنایی ئەم مەبەستانەی توركیا پێویستە چی بكەین؟ چۆن دەتوانین خۆمان تووشی هیچ جۆرە شەڕێ نەكەین؟ چۆن وا بكەین كێشەی كەركوك ئاڵۆزتر نەكەین؟ كۆكردنەوەی پشتیوانی و فشاری نێودەوڵەتی بۆسەر توركیا، سازدان و پشتیوانی جەماوەری گەلەكەمان، كۆدەنگی حزبە كوردستانییەكان لە تێگەیشتن لە بارودۆخی هەستیاری ئەمڕۆی كوردستان و نەهێشتنی سازكردنی زەمینەی بیانوو بە دەستەوەدان بە مو بەو، باشترین رێگاچارەیە.