دور له هه‌مو کاریگه‌ریه‌کی سیاسی و حیزبی ده‌مه‌وێ وه‌ک شاره‌زایه‌ک له بواری په‌روه‌رده له ئه‌وروپا و کوردستان، به کورتی باس له هۆکاری خۆپێشاندانی خوێندکاران بکه‌م.
باسکردنێکی زۆر کورت
له 2005 وه زۆر بابه‌ت و پرۆژه‌م له بواری په‌روه‌رده بڵاوکردۆته‌وه. هه‌ندێ له سیسته‌مه‌کانی ئه‌وروپام رونکردۆته‌وه و به‌راوردم کردوه له‌گه‌ڵ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان (بڕوانه رۆژنامه‌ی: هه‌واڵ، ئاوێنه، رۆژنامه‌ی رۆژنامه، سایتی سبه‌ی)، هه‌ر له‌و باره‌وه چه‌ند پرۆژه‌یه‌کم بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ناردوه، به داخه‌وه وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه. جگه له نوسین، سه‌ردانی مه‌یدانی چه‌ندین قوتابخانه‌م له شوێنه جیاجیاکانی هه‌ریم کردوه: سلێمانی، چه‌مچه‌ماڵ، هه‌ولێر و که‌رکوک. سه‌دان خوێندکار و مامۆستا له قۆناغه جیاجیاکانی خوێندن دواندوه. هه‌ر له‌م باره‌وه باوک و دایکانی زۆر خوێندکارانم بینیوه. سه‌ردانی ماڵی هه‌ر دۆست و ناسراوێکم کردبێت، نزیکه‌ی 20 خوله‌کێک له‌گه‌ڵ خوێندکاری ئه‌و ماڵه له هه‌مو قۆناغه‌کانی خوێندن له باره‌ی په‌روه‌رده‌وه خۆم خه‌ریک کردوه.
قۆناغی سه‌ره‌تایی
- زۆری کێشی کێته‌به‌کان به تایبه‌تی وانه‌ی زانست، به‌ڕاده‌یه‌ک کێشی جانتای خوێندکارێکی پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تایی نزیکه‌ی 5 کغم ده‌بێت. له کاتێکدا له ئه‌وروپا خوێندکار په‌رتوک ناباته بۆ ماڵه‌وه، ته‌نها میوه و سه‌نده‌ویچێک له ناو جانتاکه‌یه‌تی؛
- بابه‌ته‌کانی په‌رتوکه‌کان له سه‌روی توانای تێگه‌یشتنی قوتابیه‌وه‌یه؛
- زۆری بابه‌ته‌کان له ماوه‌ی ساڵێکدا ته‌واو ناکرێت. له‌م باره‌وه له زۆر مامۆستا‌م پرسیوه:
• ته‌واو کردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه چه‌ند کاتژمێری وانه‌یی ده‌وێ، یان وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده چه‌ندی بۆ داناوه؟ به داخه‌وه هه‌مویان به نازانم وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه؛ له ئه‌وروپا له‌سه‌ره‌تای ساڵ دیار و رونه.
• ئایا ده‌توانن له ساڵێکی خوێندندا کتێبه‌کان ته‌واو بکه‌ن؟ وه‌ڵامیان به نه‌خێر داوه‌ته‌وه؛ بۆ ناتوانن ته‌واوی بکه‌ن؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک که‌متر له دو ده‌وامی تێدا نییه. له ئه‌وروپا قوتابی له کاتژمێر 8 بۆ 3 (7 سه‌عات) ئێواره له قوتابخانه‌یه، جگه له رۆژانی چوارشه‌م و هه‌ینی له 8 بۆ 1؛
• له پۆلێکدا چه‌ند قوتابی هه‌یه؟ نزیکه‌ی 30 بۆ 60، له ئه‌وروپا له 15 بۆ 25 قوتابی.
• له قوتابخانه پۆلی تایبه‌ت به یاری و که‌ره‌سته‌ی یاری هه‌یه؟ نه‌خێر. له ئه‌وروپا بایه‌خی ته‌واو به‌م بواره دراوه؛
• له هه‌فته‌یه‌کدا چه‌ندجار قوتابی ده‌به‌نه ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه، به نمونه بۆ مه‌له‌وانی؟ هیچ. له ئه‌وروپا به‌لای که‌مه‌وه جارێک مناڵ ده‌برێته ده‌ره‌وه بۆ مه‌له یان بۆ کتێبخانه یان بۆ شوینیکی تر؛
قۆناغی ناوه‌ندی
جگه له‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه:
- دوای ده‌ستپێکرنی ساڵی خوێندن به چه‌ند مانگێک له چه‌ندین خوێندکارم پرسی بۆ بینینی کتێبی بیرکاری یان زانست. ده‌رکه‌وت ئه‌و په‌رتوکانه‌یان وه‌رنه‌گرتوه.
- دوای ئه‌وه‌ی له بیرکاری هاوکاری خوێندکارێکی 6 ئاماده‌ییم کرد، داوام لێکرد دو رۆژ کیتابه‌که‌یم لابێت. که‌چی بۆ هه‌مو ساڵه‌که کیتابه‌که‌ی داپێم له‌به‌رئه‌وه‌ی له قوتابخانه ته‌نها مه‌لزه‌مه به‌کاردێنن.
- له خوێندکارێکم پرسی بۆ مامۆستای تایبه‌تی ناگریت؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستکورتین.
- له هه‌مو ئه‌م پرسیارانه و ده‌یانی تر ئه‌وه‌ی زۆر نیگه‌رانی کردم بیستنی بونی واسیته و به‌رزی نمره‌ی مناڵی ده‌ستڕۆکان و وه‌رگرتنیان بو له زانکۆکان.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێکی زۆر که‌می پرسیاره‌کانم بون.
ده‌رئه‌نجام
له‌گه‌ڵ رای زۆرینه‌ی ئه‌و مامۆستا و خوێندکارانه بوم که ده‌یانگوت:
- ئه‌م سیسته‌مه له کوردستان پیاده ناکرێت؛
- ئاستی زانستی خوێندکار زۆر دابه‌زیوه؛
- دوای چه‌ند ساڵێکی تر باجی ده‌ده‌ینه‌وه؛
- زۆر له کادیرانی په‌روه‌رده بۆ ئه‌م سیسته‌مه ئاماده و شاره‌زا نین و له‌و ئاسته‌دا نین؛
- خوێندکاران توڕه و بیزار ده‌کات.
به‌ڵێ له ئه‌وروپا رێژه‌یه‌ک له نمره‌کانی پۆلی 10 و 11 له‌گه‌ڵ نمره‌ی پۆلی 12 ئاماده‌یی داده‌نرێت و زۆر له قازانجی خوێندکاره. به‌ڵام له کوردستان کاتی زۆری ماوه، کاتێ هه‌مو که‌ره‌سته‌کان بۆ بواری په‌روه‌رده دابینکرا ده‌توانرێت سود له‌و سیسته‌مه ببینرێت.
توڕه‌بون و بێزاری خوێندکار لای من چاوه‌ڕوانکرا و بو، گه‌ر هه‌نگاو نه‌نرێت ساڵێکی تر توڕه‌بون زیاتر ده‌بێت، دور نییه مامۆستا و دایک و باوکی خوێندکاریش بگرێته‌وه.
بۆیه داوا له پسپۆرانی په‌روه‌رده و وه‌زیری په‌روه‌رده ده‌که‌م تا کار له کار نه‌ترازاوه ئاوڕێک له‌و سیسته‌مه بده‌نه‌وه.
[email protected]