Print WWW.SBEIY.COM
 ئه‌رکی له‌مه‌ودوای ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق
مه‌لا فه‌رمان
13/12/2010

له‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌، له‌ کار و پرۆژه‌کان و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی حکومه‌تی عێراق بۆ ناوچه‌ جیاجیاکانی وڵات نادادپه‌روه‌ری زۆری پێوه‌ دیاره‌: له‌ نێوان شاره‌کانی کوردستان و شاره‌کانی تری عێراق، ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ به‌ڕاده‌یه‌ک بوه‌ خه‌ڵکی کوردستان هه‌ست بکات حکومه‌ت پشتگوێی خستون و حیسابی هاوڵاتی پله‌ دویان بۆ ده‌کات، له‌نێوان شاره‌ شیعه‌نشین و سونه‌ نشینه‌کانیش ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌ هه‌ندێ شوین و هه‌ندێ کات که‌متر نه‌بوه‌ له‌وه‌ی به‌رامه‌به‌ر شاره‌کانی کوردستان کراوه‌، ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌کردنه‌ یه‌کێک بوه‌ له‌ هۆکاره‌کانی به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی و گه‌یشتۆته‌ راده‌ی به‌رپابونی راپه‌رین و شۆڕشی چه‌کداری. له‌ زیانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ وێرانبونی وڵات و لاوازبونی هه‌ستی هاوڵاتیبونه‌ لای تاکی عێراقی‌.

دوای 2003 له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی کاربکرێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ و بنه‌بڕکردنی ئه‌م دیارده‌یه‌، کاری رۆژانه‌ی زۆربه‌ی به‌رپرسه‌کانی سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان نه‌ک هه‌ر درێژه‌پێده‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌ بون، بگره‌ قوڵتریان کردۆته‌‌وه‌: هه‌ریه‌ک له‌ نوێنه‌رانی کورد و شیعه‌ و سونه‌ ته‌نها ناوچه‌کانی خۆیان بینیوه‌، له‌ ناوچه‌کانی خۆشیان گونده‌کانی خۆیان له‌ ناو گوندیش ماڵ و خزمه‌کانی خۆیان، به‌م سیاسه‌تی کارکردنه‌وه‌‌ له‌ 7 ساڵی رابردودا باس له‌ دامه‌زراندی عێراقی فدراڵ و دیموکرات کراوه‌‌. له‌ واقعیشدا شه‌قامه‌کانی عێراق درزی گه‌وره‌یان تێکه‌وتوه‌، ئه‌و درزه‌ی تا دێت گه‌وره‌تر‌ ده‌بێت و کتله‌ زه‌وییه‌کان زیاتر لێک دور ده‌که‌ونه‌وه‌.

چاره‌سه‌ری ئه‌م لێکدورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی په‌رله‌مانی عێراقه‌، ئه‌م په‌رله‌مانه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌کات و ئه‌رکییه‌تی وه‌ک یه‌ک و به‌پێی وێرانکاری ناوچه‌کانی عێراق بڕوانێته‌ هه‌مو شاره‌کانی وڵات، وه‌ک یه‌ک گوێ له‌ کێشه‌ و داواکان بگرێت، بوێرانه‌ باس له‌ نه‌خۆشیه‌کان بکات و چاره‌سه‌ریان بکات. مافی زه‌وتکراوی هه‌ر پێکهاته‌ و تاکێکی عێراقی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌که‌ی. دیارترین سێ کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆ بریتین له‌:
• کورد له‌ عێراق به‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌ک هاوڵاتی پله‌ دو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و له‌ خاکی خۆی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ماڵی لێ به‌رته‌سک ده‌کرێته‌وه‌. له‌ 2003وه‌ به‌ به‌ڵینی درۆ ده‌ستی ده‌ستی پێ ده‌کرێت. له‌ناو عێراقی تازه‌دا په‌رله‌مان پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ کێشه‌ی ئه‌م به‌شه‌ سه‌ره‌کییه‌ی خه‌ڵکی عێراق بدۆزێته‌وه‌. ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی دیاریکردنی سنوری هه‌رێمی کوردستان له‌ناو عێراقدا له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌ بێ چاره‌سه‌ر بونی عێراقی نوێی فیدراڵ و دیموکرات و یه‌کگرتو هه‌ر قسه‌ و نوسینی سه‌ر کاغه‌ز ده‌بێت‌. کتله‌ زه‌ویه‌کانیش‌ به‌ ده‌ردی لێواری ئۆقیانوسه‌کان ده‌چێت.
• کێشه‌ی ناوچه‌ شیعه‌ نشینه‌کان خۆی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌سه‌رده‌می به‌عسدا له‌ پارێزگاکان دابڕاون؛
• پێکهاته‌ی سونه‌ی عه‌ره‌ب هه‌ست به‌وه‌ ده‌کات له‌ ناوه‌ندی بڕیاری عێراق دابڕێندراون، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان کار بکات بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ستکردنه‌.

واته‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق، ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی خه‌ڵکی سلێمانی ئه‌رکیه‌تی هه‌وڵبدات ئاگای له‌ مناڵه‌ برسییه‌کی به‌سره‌ هه‌بێت و کێشه‌ی کوردی بۆ باس بکات‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش په‌رله‌مانێکی به‌سراوی و رومادی ده‌بێت حاڵی مناڵه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ک‌ ببینن و بۆ مناڵه‌کانیان باس بکه‌ن‌.

پێکهێنانی ده‌سته‌یه‌کی په‌رله‌مانی له‌ سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کان بۆ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربون له‌ کێشه‌کانی هه‌مو خه‌ڵکی عێراق، سه‌ره‌تایه‌کی باشه‌ بۆ له‌ یه‌ک تێگه‌یشتن، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ ده‌توانێ سه‌ردانی شاره‌کانی عێراق بکا و کێشه‌ی ئه‌و شار و شارۆجکانه‌ بگه‌یه‌نێته‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت، بۆ ئه‌م به‌مه‌سته‌ش‌ ده‌توانن چاو له‌ ئه‌زمونی فراکسیۆنی گۆڕان بکه‌ن له‌ په‌رله‌مانی کوردستان.