Print WWW.SBEIY.COM
 په‌رله‌مانی عێراق و په‌کخستنی پرۆسه‌ی دیموکراتی
مه‌لا فه‌رمان
20/09/2012

له‌ دوای 2003وه،‌ یه‌کێ له‌ نیازه‌کانی خه‌ڵکی عێراق هه‌نگاونان بو به‌ره‌و به‌ دیموکراتیزه‌کردنی حوکمڕانی وڵات. به‌رامبه‌ر به‌م پرۆسه‌یه‌ش که‌س و لایه‌نه‌ کۆنه‌په‌رست و شۆڤینیسته‌کان و هه‌ندێ ده‌ستی ده‌ره‌کی له‌ 9 ساڵی رابردودا له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ په‌کخستنی و گێڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ سه‌رده‌می پێشو.

دوای هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی عێراق له‌ بونیادنان و پێشخستنی پرۆسه‌ی دیموکراتی ئومێدیان له‌سه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵچنی.

ئه‌رکه‌کانی په‌رله‌مان
راسته‌ په‌رله‌مان وه‌ک هه‌ڵبژێردراوی میلـله‌ت چه‌ند ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تی له‌ سه‌ر شانه، له‌وانه‌:
یه‌که‌م: یاسادانان و لێکدانه‌وه‌و رێکخستنی ئه‌و ماده‌ ده‌ستوریانه‌ی پێویسته‌ به‌ یاسا رێکبخرێن.
دوهه‌م: بۆ جێبه‌جێکردنی یاسا و پێشگیریکردن له‌ گه‌نده‌ڵی، په‌رله‌مان ئه‌رکیه‌تی چاودێری دامه‌زراوه‌ حکوميیه‌کان و بانگهێشتکردن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی جێبه‌جێکار بکات.
سێهه‌م: له‌ جیاتی میـلله‌ت، پاش سوێند خواردن و به‌خشینی متمانه‌ به‌ سه‌رۆک کۆمار و حکومه‌ت، لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌کاتی شکاندنی سوێنده‌که‌یان دوای وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی له‌ پۆسته‌که‌ی.

مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکانه‌ بره‌ودانه‌ به‌ پرۆسه‌ی ژیانی دیموکراتی له‌پێناو دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست.

له‌ ده‌نگدان به‌ کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، ده‌رکه‌وت‌ په‌رله‌مان ده‌یه‌وێ هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و په‌کخستنی پرۆسه‌ی دیموکراتی:
جاری یه‌که‌م ده‌نگدراوه‌ به‌ کۆمسیۆنی 15 که‌سی و ده‌نگی پێویستی هێناوه‌، پاشان له‌به‌رئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ ته‌وجیهاتی حیزبی بوه‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان په‌شیمان بۆته‌وه‌.
بۆ خستنه‌ ده‌نگی کۆمسیۆنی 9 که‌سیش‌ په‌رله‌مان فرسه‌تی بینیوه‌ له‌ ئاماده‌بونی که‌می و زۆری ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ کوتله‌ جیاجیاکان، جگه‌له‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ده‌نگیان هێنا بۆ کۆمسیۆنی 9 که‌سی، نه‌ک هه‌ر که‌سانی بێلایه‌ن نین، به‌ڵکو‌ کاديری پیشکه‌وتوی حیزبین. له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وانه‌ی سیڤیان پێشکه‌شکردوه،‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری کاديری حیزبین و وه‌ک بێلایه‌ن خۆیان نیشانداوه‌، كة ئه‌مه‌ش فیڵێکی تره‌ له‌ په‌رله‌مان و لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگدان و یاسا کراوه لة ناويدا‌، دواخستنی ده‌نگدان له‌سه‌ر که‌سی نۆیه‌م-يش، عه‌یبێکی تری ئه‌و پرۆسه‌ية و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانه‌.

کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن
خه‌ڵکی عێراق له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا ئه‌زمونی تاڵیان هه‌یه‌ له‌ ئه‌دای کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی رابردو پرسیار و گومانی زۆریان له‌سه‌ره‌. له‌مباره‌وه‌ هه‌ر ده‌نگده‌رێک چیرۆکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. به‌ کورتی چیرۆکه‌کانی شه‌قام ده‌گێڕنه‌وه‌ (له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا دراو، هه‌ڕه‌شه‌، کوته‌کی ژێر عه‌با و ساخته‌کاری) به‌کارهاتوه‌.

ئه‌رکی کۆمسیۆن
ئاماده‌کردن و به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان تا ده‌گاته‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کان له‌‌ ئه‌رکه‌ دیاره‌کانی کۆمسیۆنه‌، له‌م پرۆسه‌یةدا‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت له‌ دایک ده‌بێت. ئه‌مانه‌ته‌کانی هاوڵاتیان  کۆمسیۆن ده‌یدات به‌و دو دامه‌زراوه‌یه‌. بۆیه‌ بچوکترین که‌موکوڕی له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کان و ده‌ستکاریکردنی ئه‌و ئه‌مانه‌تانه جگه ‌له‌وه‌ی تاوانێکی گه‌وره‌یه‌‌ پرۆسه‌ی دیموکراتیش بۆ ماوه‌یه‌کی  درێژده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

له‌ ئه‌رکی دوه‌مدا، په‌رله‌مان به‌ میوانداریکردنی سه‌رۆک وه‌زیران و به‌رپرسان سیفه‌تی دیوه‌خانی له‌ خۆگرت. له‌ کاتێکدا زۆرێک له‌ کوتله‌ سیاسيیه‌کان ره‌خنه‌یان له‌ ئه‌دای سه‌رۆک وه‌زیران و به‌رپرسانی تر هه‌یه‌. له‌ ماوه‌ی رابردودا کێشه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران به‌ڕاده‌یه‌ک گه‌وره‌ بون ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێده‌کرا وڵات به‌ره‌و قه‌یرانی زۆر گه‌وره‌ ببات.

نه‌بونی ئۆپۆزسیۆن له‌ کۆمسیۆن
کۆمسیۆن دامه‌زراوه‌یه‌کی سیادی حکومی نیه‌ تا لیسته‌ براوه‌کان وه‌ک ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن ئه‌ندامه‌کانی دیاری بکه‌ن و دایبمه‌زرێنن. به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان‌ کۆمسیۆن ره‌هه‌ندی نیشتمانی هه‌یه‌، هه‌مو تاکێکی کۆمه‌ڵ حیزبی، ناحيزبی، حیزبی حاکم و ئۆپۆزسیۆن، پێکهاته‌ی بچوک یان گه‌وره‌ مافی به‌شداریان هه‌یه‌ له‌و دامه‌زراوه‌یه. له‌لایه‌کی تره‌وه‌  نه‌بونی ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌ر وڵاتێک راسته‌وخۆ بونی ژیانی دیموکراتی له‌و وڵاته‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. بۆیه‌ نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنیش له‌م کۆمسیۆنه‌ یان نه‌بونی نوێنه‌ری هه‌مو پێکهاته‌کانی عێراق له‌ ئێستاوه‌ ئه‌م کۆمسیۆنه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و گومانه‌وه‌.

خه‌ته‌ری بونی ئه‌م جۆره‌ کۆمسیۆنه‌
‌گومان له‌ چۆنیه‌تی پێکهێنان و دانانی ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م کۆمسیۆنه‌ واده‌کات خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆن متمانه‌ی پێنه‌که‌ن. بێمتمانه‌ییش، بێگومان سه‌ره‌تای‌ پابه‌ند نه‌بون و وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی توندی لێده‌که‌وێته‌وه‌‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن و هه‌ر بڕیارێکی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌.. بۆیه‌ له‌م ساته‌وه‌ هه‌قی خۆیانه‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی کوردستان، پێکهاته‌ی تورکمان و مه‌سیحی بایکۆتی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک بکه‌ن که‌ ئه‌م کۆمسیۆنه‌‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.

بۆیه‌ باشتر وایه‌ په‌رله‌مان داوای لێبوردن له‌ هاوڵاتیان، ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان، پێکهاته‌ی تورکمان و مه‌سیحی بکات، پرۆسه‌ی ده‌نگدان دوباره‌ بکاته‌وه‌ یان به‌ته‌وافوق کۆمسیۆن دابنێت.