|
کۆبونه‌وه‌ی گۆڕان- یه‌کێتی- پارتی -٢- مه‌لا فه‌رمان |
14/10/2012 |
به‌شی دوەم
له ده‌سپێکی شۆڕشی کورده‌وه لای تاکی کورد نه‌ته‌وه و خاک دو پرسی سه‌ره‌کی بونه، له پێناویان‌دا خه‌باتی کردوه و گیانی به‌خشیوه، دروشمی "کوردستان یان نه‌مان" له سه‌رده‌مێکدا وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵک بوه، ره‌نگدانه‌وه‌ی تێڕوانینی تاکی کورد بوه بۆ ئه‌و دو پرسه.
مخابن کارکردن بۆ ئه‌و دروشمه و پرسی نه‌ته‌وه و خاک ساڵانێکه به‌هۆی پێرۆزکردنی سه‌رکرده و حیزبه‌وه له یه‌که‌می ریزبه‌ندنی کاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی نابینرێ. ده‌تواندرێت ساڵی 1994 و شه‌ڕی ناوخۆ به‌سه‌ره‌تای لاوازی ئه‌و دو پرسه دابنرێت. دوای 2003 گرنگی سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کێتی به پرسی غاز و نه‌وت، دابه‌شکردنی پله‌وپایه له به‌غدا و هه‌رێم (له وه‌زیره‌وه تا کارگوزاری دایانگه‌یه‌ک)، تێڕوانین بۆ پرسه گرنگه‌کان له دید و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبی، له‌ناو حیزبیشدا که‌سه باڵا ده‌سته‌کانی ناو حیزب به هه‌نگاوه گرنگه‌کان داده‌نرێن له لاوزکردنی پرسه نیشتمانیه‌کان. کۆبونه‌وه‌ی گۆڕان-یه‌کێتی- پارتی به هه‌وڵێکی جدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داده‌نرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پرسه گرنگانه بۆ بیرکردنه‌وه و ئه‌جیندای کارکردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و وشیارکردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له گرنگی ئه‌و پرسانه.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌جیا و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتو له چه‌ند ساڵی رابردودا بۆ ده‌ربازبونی هه‌رێم له‌و قه‌یرانه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕێ چه‌ند جارێک پرۆژه‌ی چاکسازی خستۆته به‌رچاو رای گشتی و به‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵات، پرۆژه 6 پاکێجه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن دیارترینی هه‌وڵه‌کانی چاکسازییه. ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم که کرۆکی ئه‌و 6 پاکێجه و هۆکاری سه‌ره‌کی په‌یدابونی هه‌مو جۆره‌کانی بێمتمانه‌ییه له‌و دو کۆبونه‌وه‌یه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی به‌ڕاشکاوانه ئه‌و پرسه ساغ بکاته‌وه و هه‌ردو به‌ره‌ی پشتگیر و دژ به‌و پرسه لای رای گشتی ئاشکرا بکات. بۆیه ئه‌م هه‌وڵه‌ی گۆڕان ده‌کرێت به هه‌وڵێکی به‌رهه‌مدار دابنرێت و هه‌وڵێکی باشیشبێت بۆ زیاتر به هێزبونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن. لێره‌وه پێویست به‌وه ده‌کات لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر لێک نزیک ببنه‌وه و هه‌وڵه‌کانیان بۆ جێبه‌جێکردنی 6 پاکێجه‌که چڕ‌تر بکه‌نه‌وه، پرسی ده‌ستوریش له ریزبه‌ندی یه‌که‌می هه‌وڵه‌کانیاندا بێت.
ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش له‌مه‌ر ده‌ستور جێی ئه‌وه‌یه هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن به‌هه‌ند وه‌ریبگرن و پیشوازی گه‌رمی لێبکه‌ن.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستور له ده‌زگاکانی راگه‌یاندن به‌شێوه‌ی جیاجیا ده‌رده‌که‌وت، لای شه‌قامی گشتی ناڕۆشنیه‌کی ته‌واوی پێوه دیاربو. به‌ڵام کۆبونه‌وه‌ی گۆڕان – پارتی ئه‌و ناڕۆشنیه‌ی نه‌هێشت. چه‌ند رۆژێ دوای کۆبونه‌وه‌که جارێکی تر پارتی جۆری نه‌رمی ده‌نوینێ له پرسی هه‌موارکردنی ده‌ستور. رای وایه له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌کرێت کۆده‌نگی سیاسی له سه‌ر هه‌موارکردنی پرۆژه‌ی ده‌ستور بکرێت.
تائێره واده‌رده‌که‌وێت هه‌مو راکان کۆکن له‌سه‌ر زه‌روره‌تی هه‌موارکردنی پرۆژه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستور. به‌ڵام ناکۆکی راکان و چڕبونه‌وه‌ی گفتوگۆکان به‌ده‌رده‌که‌ون له باسکردنی؛
1- دیاریکردنی ئه‌و ماده و بڕگانه‌ی ده‌بێت هه‌موار بکرێن، چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌کانی گه‌رمترین و دیارترین خاڵی ناکۆک ده‌بێت؛
2- شوێنی ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موارکردنه له په‌رله‌مان یان له‌نێوان حیزبه سیاسیه‌کان و ته‌همیشکردنی رۆڵی په‌رله‌مان؛
3- دیاریکردنی لیژنه‌ی هه‌موارکردنه‌وه (ژماره و که‌سه‌کان)، په‌رله‌مان دیاری ده‌کات یان حیزب؛ |
|
|