Print WWW.SBEIY.COM
 خه‌ون له‌نێوان لێکدانه‌وه‌ و جێبه‌جێکردندا
مه‌لا فه‌رمان
05/12/2012
خه‌وبینین جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ و جارێکیتر بینینه‌وه‌ی روداوه‌کان و یان بییرکردنه‌وه‌ی خه‌یاڵاوی له‌ داهاتو که‌ مێشکێکی شه‌که‌ت، ماندو، مه‌لول و ده‌ست له‌ ئه‌ژنۆ پێوه‌ی خه‌ریکه‌ هیچی تر نییه‌، چونکه‌ دیارده‌ی خه‌وبینین دیارده‌یه‌کی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو نییه‌، بۆیه‌ ناتوانێت به‌قه‌ده‌ر ته‌مه‌نه‌ کورته‌که‌ی که‌ له‌ چاوتروکانێک تێناپه‌ڕێت بژێت، زۆرجاریش زو بیر ده‌چێته‌وه به‌ڕاده‌یه‌ک خاوه‌ن خه‌ون فریای گێڕانه‌وه‌ی ناکه‌وێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌مه‌ن کورتیه‌ش که‌سانێکی زۆر ئۆمێدیان له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانیان هه‌ڵچنیوه‌. به‌ تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ خه‌ودا خۆیان وه‌ک پاڵه‌وان ده‌بینن و له‌ رۆژیشدا ده‌ست له‌ ئه‌ژنۆ و ده‌ستبه‌ستراون. به‌ یه‌کگه‌یشتنی عاشقه‌ گه‌نجه‌کان له‌ خه‌ودا به‌هه‌شتێکی کاتی دڵخۆشکه‌ره‌ لایان، ئه‌م عاشقانه‌ له‌به‌ر بێده‌سه‌ڵاتی و ناچاری ده‌گه‌ڕێن به‌دوای ته‌فسیری جیاجیادا و ئۆمێدی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنن، بێئه‌وه‌ی کار بۆ جێبه‌جیکردنی بکه‌ن، چ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێیان وایه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه‌ و ده‌بێت به‌ واقیع یان له‌به‌ر بێده‌سه‌ڵاتی و بێتوانایی بییر له‌ کارکردن بۆ جێبه‌جێکردنی خه‌ونه‌که‌یان ناکه‌ن.

گه‌ڕان به‌دوای لیکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان له‌ کۆنه‌وه‌ بۆته‌ باو له‌ عه‌قلی تاکی کوردا، سنوری عاشقه‌ گه‌نجه‌کانی بڕیوه‌، حوکمی مه‌مله‌که‌تی بیری سیاسیه‌کان و نوسه‌ره‌کان ده‌کات.  له‌ ناوشینانی هه‌ردو کتێبی " اغد دیموقراطی ام حرمان الشعب حتی من حق الحلم"ی سه‌رکرده‌ی سیاسی کورد جه‌لال تاڵه‌بانی و "مافی خه‌وبینین‌ به‌ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆوه‌‌"ی نوسه‌ری هۆڵه‌ندی یۆست یۆنگه‌ردن، یاخود لێکچواندنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ خه‌ونی شاعیران، راستی کاریگه‌ری خه‌ون له‌سه‌ر ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌ ده‌سه‌لمێنێ.

هه‌ر له‌م باره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رنامه‌ی سیاسی حیزبه‌ کوردیه‌کان بکه‌ین، ده‌رده‌که‌وێ له‌ سه‌ره‌تای دروستکردنیانه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ هه‌ندێ ماده‌ و بڕگه‌ی تێدا هاتوه‌ و به‌ نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه‌، ده‌گوترێته‌وه‌، هیچ یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ نه‌ک جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ به‌ڵکه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون زیاتر یه‌ک هانگاوی بۆ نه‌نراوه‌. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ دوای ئه‌و هه‌مو گۆڕانکارییه‌ی له‌ دونیای سیاسی و حیزبیدا رویداوه‌ ئه‌و حیزبانه‌ نه‌ بییر له‌ لابردن یان گۆڕینی ئه‌و بڕگه‌ و مادانه‌ ده‌کنه‌وه‌ نه‌ کار بۆ جێبه‌جێکردنیان ده‌ده‌ن. به‌ڵکه‌ وه‌ک چۆن کۆلکه‌ مه‌لاکانی جاران به‌ لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان خه‌ڵکیان فریوده‌دا و خۆشیان بوبون به‌ مشه‌خۆر، سیاسیه‌ حیزبیه‌کانیش ته‌نها ته‌فسیری ئه‌و مادانه‌ ده‌که‌ن نه‌ک کار بۆ جێبه‌جێکردنیان.

ئه‌و بارودۆخه‌ پر ته‌نگه‌ژاوییه‌ی ئه‌مڕۆ کوردستان به‌ گشتی و ناوچه‌کانی سنجار و که‌رکوک و خانه‌قینی پێدا تێده‌په‌ڕێ، ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ سه‌رکردایه‌تی هەرێمی کوردستان ئێستاش خه‌ریکی لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانن نه‌ک کار بۆ جێبه‌جێکردیان.