Print WWW.SBEIY.COM
 سێکوچکەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
مه‌لا فه‌رمان
18/01/2013

دەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەیدانی سیاسی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی بو لە پەیدابونی دو جەمسەری وەک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن. جەمسەری دوەم بە درێژایی چەند ساڵی رابردو زۆر پشو درێژانە مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵاتەکان کردوە، پرۆژەی گونجاوی بۆ چارەسەری کێشە ئیداری، سیاسی، یاسایی و ئابوری... یەکانی هەرێم پێشکەش کردوە. بە کورتی ئۆپۆزسیۆن پێی وابوە و وایە هەمو ئەو کێشانە دەرئەنجامی خراپی سیستەمی حوکمڕانی سەریان هەڵداوە، بۆیە پێویست دەکات لە هەنگاوی یەکەمدا دەستبکرێت بە چاکسازی لەو سیستەمە.

پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن کاریگەری تەواوی لەسەر کەمبونەوەی ئەو توڕەبون و ناڕەزاییانە هەبو بەر لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ دەبیندرا، لەو رۆژە ژمارە و قەبارەی دەنگە ناڕەزاییەکان لە سندوقەکانی دەنگدان دەرکەوتن. لێرەوە شەقام چاوی بڕییە هەنگاوەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چارەسەی کێشەکان و بەدیهێنانی داواکان. بەڵام دوای ساڵێک لە کۆبونەوەی نێوان هەردولا و گوێنەدانی دەسەڵاتەکان بە داواکانی ئۆپۆزسیۆن شەقامی بێ هیوا کرد لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو. ئەم بێهیواییەش ناڕەزایەکانی ١٧ شوبات و دواتری لێکەوتەوە. راستە دەسەڵاتەکان هێزیان بەکار هێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، بەڵام ساردی ئۆپۆزسیۆن لە پشتگیری شەقام و پەنابردنەوە بەر پێشکەشکردنی پرۆژە و دەستپێکرندەوەی دانیشتن لەگەڵ دەسەڵاتەکان هۆکارێ بون لەو بڵاوەپێکردنە.

لە ماوەی رابردودا دەرکەوت دەسەڵاتەکان بەڵێنەکانیان جێبەجێنەکردوە و نیەتیشیان نییە جێبەجێیان بکەن. داواکردنی بەردەوامیش بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکان جگە لە کات بەسەربردن و لەکەدارکردنی ئۆپۆزسیۆن هیچی تر نیە. بۆیە هەر کۆبونەوەیەک بۆ باسکردن لە دۆزینەوەی چارەسەری مام ناوەند جگە لە خۆهەڵخەڵەتاندن هیچی تر ناگەیەنێت. چونکە داواکانی ئۆپۆزسیۆن رون و ئاشکران هیچ پێویست بە کۆبونەوەی زیاتر ناکات. دەسەڵاتەکان دوای یەکگرتنەوەی خۆیان دەتوانێت بێ بەشداری ئۆپۆزسیۆن هەنگاو بنێت، ئۆپۆزسیۆنیش پێویستە تەنها رۆڵی چاودێری خۆی ببینێت.

روداوەکان و بیرکردنەوەی حیزبیانەی دەسەڵاتەکان، دروستکردنی قەیرانی گەورەی یەک لەدوای یەک، قەیرانێک نەک هەر کاریگەری لەسەر بەرتەسک کردنەوەی پانتایی ئازادی کردوە، بەڵکو کاریگەری سەلبیشی کردۆتە سەر ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان و دواڕۆژی پرسی نەتەویی و نیشتمانی، پەراوێزخستنی رۆڵی پەرلەمان بە گشتی و فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی، بە رونی دەری دەخەن دەسەڵاتەکان نیەتی هەنگاونان بەرەو چاکسازیان نییە و ناشیانەوێت لەگەڵ شەقام و ئۆپۆزسیۆن سێ کوچکەی پرۆسەی سیاسی دابمەزرێنێت.

 بۆیە ئەو ماوە زۆرە لە چاوەڕوانی و بێخەمی دەسەڵاتەکان و بێبەرهەمی پرۆژەکانی ئۆپۆزسیۆن جارێکی تر شەرعیەت دەدەنەوە بە شەقام لە گرتنەبەری رێگای گونجاوی مەدەنیانە بۆ فشار خستنەسەر دەسەڵات وپێداگری لە پەلەکردن لە جێبەجێکردنی داواکانیان. لە کاتی جولەی شەقامیشدا نازاندرێت:

- ئۆپۆزسیۆن چ رۆڵێ دەبینێت، وەک جاری پێشو لە پشتەوە پشتیوانی شەقام دەکات، یان خۆی دەکات بە خاوەنی و پێشڕەوایەتی دەکات!
- دەسەڵاتەکان گوێ لە شەقام دەگرن و بە دەنگیەوە دەچن یان جارێکی تر هێز بەکاردێنن و هەڕەشە لە بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن.

بۆ ئەوەی جارێکی تر کێشەکان نەچنەوە شەقام باشتر وایە دەسەڵاتەکان ببن بە یەک، دەسەڵات و هەنگاوی جدی و بەرچاو بنێن بۆ چارەسەری کێشەکان.