Print WWW.SBEIY.COM
 کۆبونەوەکانی حیزبە کوردستانیەکان لە کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان
30/03/2013


لە ٤ چوار ساڵی رابردودا دەیان کۆبونەوە لەنێوان حیزبە کوردستانیەکان لە کەرکوک کراوە. یەکەم کۆبونەوە لە رۆژی ٢٥/٢/٢٠١١ لە  ماڵی پارێزگاری پێشوی کەرکوک ئەنجامدرا. ئەم کۆبونەوەیە دەربارەی وەرگرتنی یەک هەڵوێستی بو لەسەر بەشداریکردن یان بەشداری نەکردن لە رێپێوانە گشتیەکەی عێراق. لێرە بە کۆی دەنگ بڕیاری بەشداری نەکردن درا. ئەم کۆبونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجامدرا دەنگی ناڕەزایی خەڵک لە هەرێم هاتبوە سەر شەقام. بەڵام بەرژەوەندی کەرکوک ئەو یەکدەنگیەی دەخواست. ئەم بڕیارەش بە ناڕاستەوخۆ زیاتر لە قازانجی پارتی و یەکێتی بو.

دوای ئەم کۆبونەوەیە بە ماوەیەکی کەم هێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک جوڵەی پێکرا و کەرکوک وەک شەڕگەیەک لای رای گشتی کوردستان نیشاندرا. لەم سەروبەندە کۆبونەوەیەکی دی ئەنجامدرا، تیایدا پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا بەشدار بون. لێرە ئەم بڕیارانە درا:

١-  پێشنیاری مانەوەی  هێزی پێشمەرگەی  کوردستان کرا لە کەرکوک. پێداگری کرا لەسەر نەگەڕانەوەی ئەو هێزە لەژێر هەر فشارێکدا. ئەمەش بە کۆی دەنگ بو بە بڕیار. دوای کۆبونەوەکە بە ١٠ دە رۆژ پێشمەرگە لە کەرکوک کشایەوە؛

٢-  دروستکردنی لیژنەیەک بە سەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر (نجم الدین کەریم - پرێزگاری کەرکوک)  بۆ دەستپێکردن بە چاکسازی ئیداری، ئەمنی ....تاد.

٣- هەوڵدان بۆ نزیکبونەوەی هەردو پێکهاتەی تورکمان و عەرەب لە کورد؛

٤- دورخستنەوەی دەستی حیزب لە ئیدارەی کەرکوک.

بەڵام تائێستا هیچ یەکێ لەم بڕیارانە جێبەجێ نەکراوە.

کۆبونەوەی سێهەم لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە کەرکوک ئەنجام درا. ئەم جارەش لەلایەن حیزبەکانەوە زۆر پێشنیاری باش کرا و بڕیارەکانی کۆبونەوەی پێشو دوبارە کرانەوە. لەم کۆبونەوەیەش هیج بڕیارێک نەدرا.

دوای ئەم کۆبونەوانەش دەیان کۆبونەوەی دی لەسەر ئاستی جیاجیا ئەنجام دراوە، سەرەڕای پێشکەشکردنی چەندین پرۆژە، نە هیچ بڕیارێ جدی دراوە نە هیج هەنگاوێكیش نراوە.

سەرەڕای زۆری کۆبونەوەی حیزبەکان بە گشتی و  کۆبونەوەی دو قۆڵی نێوان پارتی و یەکێتی بارودۆخی کەرکوک و پەیوەندیە حیزبیەکان  لە واقیعدا بەرەو خراپتر دەچێت و رۆحی پێکەوە کارکردنیش بەرەو لاوازبون. لە ماوەی مانگێکدا:

١-  لە کۆنگرەی دامەزراندنی  ئەنجومەنی کەسایەتی کوردستانی – کەرکوک، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا بونیان هەبو، بەڵام هیچ یەکێ لە دۆست و لایەنگر و کادرانی یەکێتی نیشتمانی بەشداریان نەکرد.

٢- چەندین کادری پارتی ریزەکانی پارتیان جێهێشتوە (بڕوانە رۆژنامەی هاوڵاتی).

٣- بونی دو ئاسایشی حیزبیش لە ٢٠٠٣ – بۆ ئێستا گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە.

لێرەوە دەردەکەوێت ئەنجامدانی ئەم کۆبونەوە زۆرە و درێژەپێدان و بەردەوامی بەو جۆرە کۆبونەوانە جگە لە موجامەلەی ناڕاست و کات کوشتن هیچی دی ناگەیەنێت. کاتی ئەوەش هاتوە خەڵکی کەرکوک و کادرە حیزبیەکان بپرسنەوە، کامەیە بەرهەمی کۆبونەوەکان؟