Print WWW.SBEIY.COM
 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان
02/11/2013
بەعس بە جێبەجێکردنی سیاسەتە سێ کوچکانەکەی ( راگواستن، بە عەرەبکردن و بەعسیکردن) غەدرێکی گەورەی لەم پارێزگایە و لە هەردو پێکهاتەی کورد و تورکمان کرد. دوای روخانی بەعسیش تایبەتمەندی نەک هەر لە کۆڵ چارەسەری پرسی کەرکوک نەبوەوە، بەڵکە کرا بە مەرجی پێشوەختی هەڵبژاردنیش. ئێستاش هەر کاتێ پرسی کەرکوک بێتە بەر باسکردن بە ناڕەوایی و هەر بۆ پەکخستنی پرۆسەکە باس لە تایبەتمەندی ئەم شارە دەکرێت، نوێنەرانی کوردیش سەرێکی پەتەکە دەگرن و بەدویدا دەچن.

لە دانیشتنی ٨/١٠/٢٠٠٨ پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠٠٨ ( یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحیەکان) ی دەرکرد. لەم یاسایە بە دەرکردنی مادەی ٢٣ غەدرێکی گەورە لە پارێزگای کەرکوک کرا و کورد زەرەرمەندی یەکەم بو لێی. لە دەرکردنی ئەم مادەیەوە هیچ یەکێ لە پەرلەمانتارەکانی کورد بە تایبەتی پەرلەمانتارانی کەرکوک پەنایان نەبردە بەر تانەلێدان لە دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق. تا لە سەرەتای ٢٠١٣ کاک محمد کمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێگەی پارێزەرێکەوە لە دادگا تانەی لە مادەی ٢٣ دا.

دادگای باڵای ئیتحادی و مادەی ٢٣
لە بڕیاری دادگادا هاتوە:



لە ٢٦ /٨/٢٠١٣ دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەردو بڕگەی یەکەم و دوەمی لە مادەی ٢٣ دەرکرد. ( لەم بارەوە بڕوانە سایتی فەرمی دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق).

داواکار تەنها تانەی لە بڕگەی یەکەم و دوەم داوە نەک لە تەواوی مادەکە. لە راستیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دو بڕگەیە تەواوی مادەکە هەڵدەوەشێتەوە. چونکە جێبەجێکردنی هەر پێنج ٥ بڕگەکانی تر بەندە بەم دو بڕگەیەوە. بە کورتی دەتوانین بڵێین مادەی ٢٣ لە یاسای ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠٠٨ هەڵوەشایەوە.

دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دو بڕگەیە باشتر وابو پەرلەمانتارنی کەرکوک تەنها پێداگریان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کەرکوک بکردایا بە پێی یاسای ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠٠٨، وەک چۆن لە تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەنجام درا.

ئەوەی جێی باسە مادەی ١ یەک لە پرۆژەکە مادەیەکی باشە، بۆ هەڵبژاردنی کەرکوک دەبوایا ئەو پەرلەمانتارانە تەنها داکۆکیان لەسەر ئەم خاڵە بکردایا (الماده – 1 – تجري أنتخابات مجلس محافظة كركوك بموجب احكام قانون رقم (36) لسنة 2008 المعدل بأستثناء ما ورد بشأنه نص خاص في هذا القانون وفي ذات موعد اجراء انتخابات مجلس النواب.)

دەرکردنی پرۆژەی تازە لە لایەن پەرلەمانتارانی کورد و عەرەب لە کەرکوک جگە لە هەوڵدان بۆ زیندوکردنەوەی مادەی ٢٣ هیچی تر نیە. فەرمون لە خشتەی خوارەوە بڕواننە لێکچون و جیاوازیەکانی مادەی ٢٣ و پرۆژە نوێیەکە:



ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ناوەڕۆکدا مادەی ٢٣ و پرۆژە تازەکە هاوجوتن. بەتایبەتی لە باسکردنی زیادەڕۆیی و تۆماری دەنگدەران. لە هەردوکدا باس لە دروستکردنی لیژنە دەکات بە هەمان ژمارە و رێژە. ئەمەش بێگومان زۆر بە زیانی پێکهاتەی کورد تەواو دەبێت. لە دابەشکردنی پۆستەکان لە پرۆژەکەدا ئاماژە بە دابەشبونیان دەکات بە پێی رێژەی بردنەوە و دەنگی هەر پێکهاتەیەک، بەڵام لە مادەی ٢٣ بەشێوەی یەکسان پۆستەکان دابەش دەکرێت. لێرەوە دەردەکەوێت ئەو پەرلەمانتارە کوردانە ئەوەندەی بایەخیان بە پۆستەکان داوە ئەوەندە بایەخیان بە مەسەلە نەتەوییەکان نەداوە. زیانێکی تری ئەم پرۆژەیە فەرامۆشکردنی پێکهاتەی تورکمانە، لە راستیدا تورکمان دوای کورد غەدری زۆری لێکراوە، بۆ کورد زۆر گرنگە لەم بارەوە رای تورکمان بە هەند وەربگرێت.

ئەم پرۆژەیە لەکاتێکدا دەهێندرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە کە دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق هەردو ئەو بڕگەیەی هەڵوەشاندۆتەوە. جگەلەوەی کاک خالید شوانی لە ٢٦/٨/٢٠١٣ لە مەدا پرێس دەڵێت " من جهته اكد النائب عن التحالف الكردستاني خالد شواني أن "المادة 23 غير دستورية"، مطالبا المفوضية العليا المستقلة للانتخابات بالتهيئة لاجراء الانتخابات في محافظات كركوك، اسوة ببقية المحافظات".). ئەم لێدوانەش پێچەوانەی ئەو پرۆژە نوێیە کە خۆی یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی ئەم پرۆژەیان ئامادە کردوە.