Print WWW.SBEIY.COM
 به‌ره‌و که‌رکوک (2)
مه‌لا فه‌رمان
11/03/2014

له‌ئاڵتون کۆپری هه‌مو تیکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان و شانه‌ چه‌کداره‌کانی بروسک و جه‌ماوه‌ری که‌رکوک، 10 موسته‌شاری فه‌وجی خه‌فیفه کۆبونه‌وه‌، بۆ رزگارکردنی که‌رکوک تا ده‌هات خه‌ڵک زیاتر کۆ ده‌بوه‌وه‌ و ئاماده‌ییان ده‌رده‌بڕی، له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌مان له‌ پردێ:
1- سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق به‌مه‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کورد نامه‌یه‌کی فه‌رمی بۆ سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردبو. وه‌ک زانیم نامه‌یه‌کیش له‌هه‌مان شێوه‌‌ بۆ جه‌نابی مام جه‌لالیش نێردراوه‌، ئه‌و کات جه‌نابی له‌سوریا بو. له‌نامه‌کەدا له‌لایه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌کرد و له‌لایه‌کیش‌ داوای گفتوگۆ و دانوستاندن. نامه‌که‌ له‌که‌رکوکه‌وه‌ درابوه‌ ده‌ست حاجی عوبێد مه‌جید سه‌رسور (خودا لێی خۆش بێت، پیاوێکی ناوداری گوندی زه‌ردک بو له‌ناوچه‌ی ساڵه‌یی، هه‌ر له‌کۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پارتیه‌وه‌ هه‌بو، دۆستی خۆم بو). دوای ئه‌وه‌ی زانیاریم ده‌ست که‌وت له‌مباره‌وه‌، ناردم به‌ دوای حاجیدا، داوام لێکرد هه‌ر له‌رێگه‌وه‌ سه‌ردانم بکات له‌پردێ. نامه‌که‌م لێوه‌رگرت. نوسخه‌یه‌کمان به‌ده‌ست له‌به‌رگرته‌وه‌، نامه‌که‌مان دایه‌وه‌ ده‌ست حاجی پێم گوت "به‌ زوترین کات ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نیته‌ ده‌ست کاک مه‌سعود". له‌کاتی هاتنی کاک نه‌وشیروان بۆ پردێ وێنه‌یه‌کی نامه‌که‌م پێدا. وه‌ک زانیم رۆژی دواتر کاک نه‌وشیروان و کاک مه‌سعود له‌وباره‌وه‌ کۆبونه‌وه‌یان کردوه‌.

2- له‌ 17/3/1991 بڕیار وابو له‌هه‌ردو قۆڵی پردێ و سلێمانیه‌وه‌ هێرش بکرێته‌ سه‌ر که‌رکوک. قۆڵی پردێ به‌رێکه‌وتن و جێگاکانی خۆیان گرت، چاوه‌ڕوانی قۆڵی سلێمانی بوین ده‌ست پێ بکه‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر به‌رنامه‌ی بۆ دانرابو. قۆڵی سلێمانی ئاماده‌ نه‌بون. بۆیه‌ ئه‌و شه‌وه‌ هێرشه‌که‌ ئه‌نجام نه‌درا.

3- سه‌ر له‌ئێواره‌ی 18/3/1991 کاک نه‌وشیروان و کاک مه‌سعود بارزانی گه‌یشتنه‌ پردێ. دوای کۆبونه‌وه‌کردن ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌که‌ و چۆنیه‌تی ئازادکردنی که‌رکوک، هه‌ر له‌دانیشتنه‌که‌ کاک نه‌وشیروان گوتی "له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعود وا رێکه‌وتوین، براده‌رانی پارتی موسڵ ئازاد بکه‌ن، ئێمه‌ش که‌رکوک". به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بو شاری موسڵ ئازاد نه‌کرا.

4- کاک نه‌وشیروان رای وابو، به‌هه‌ر نرخێک بێت و ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ک سه‌عاتیش بێت ده‌بێت که‌رکوک ئازاد بکه‌ین، وه‌ک نامه‌یه‌ک به‌ به‌عسیه‌کانی بده‌ین که‌ که‌رکوک شارێکی کوردستانیه‌.

5- جه‌ماوه‌ری کوردستان ئه‌وه‌نده‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بون بۆ که‌رکوک، ده‌یان گروپ به‌بێ ئاگاداری پێشمه‌رگه‌ و به‌بێ هیچ زانیاریه‌ک به‌ره‌و که‌رکوک هه‌ڵمه‌تیان ده‌برد. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یان که‌س ده‌که‌وتنه‌ ناو هێزی جه‌یشی عێراقی و شه‌هید ده‌بون.

6- حکومه‌تی عێراق له‌ترسی راپه‌ڕینی خه‌ڵکی که‌رکوک و هاوکاریکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیوی کوردستان، ده‌ستی کردبو به‌ ره‌شبگیری کوردی که‌رکوک، هه‌زارانی لێ گرتبون و له‌ ناوچه‌ی تۆپزاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ری کردبون.

له‌پلانی ئازدکردنی که‌رکوک باس له‌ شارۆچکه‌ی دوبز نه‌کرا، چونکه‌ پێمان وابو ئه‌گه‌ر که‌رکوک ئازاد بکرێت، دوبز سه‌ربه‌خۆ رزگار ده‌بێت. ئه‌مه‌ش یه‌کێ بو له‌هه‌ڵه‌ و که‌مته‌رخه‌میه‌کان.

شه‌وی 19/20 -3-1991، سەعات 12ی شه‌و تفه‌نگه‌کان بێده‌نگیان شکاند له‌هه‌ردو قۆڵی سلێمانی و ئاڵتون کۆپریه‌وه‌ په‌لاماری که‌رکوک درا، جگه‌له‌وه‌ی رۆژێ پێشتر هێزێک له‌پێشمه‌رگه‌کانی که‌رکوک به‌ نهێنی چونه‌ ناو گه‌ڕه‌کی ره‌حیم ئاوا. له‌ئێواره‌ی 20/21- 3 نزیکه‌ی 80% شاری که‌رکوک ئازاد کرا.