Print WWW.SBEIY.COM
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی (10)
مه‌لا فه‌رمان
16/04/2014

له ‌که‌رکوک له‌چه‌ند ساڵی رابردودا ره‌نگه‌ هیچ وشه‌یه‌ک به‌ قه‌د ته‌قینه‌وه‌، پرسه‌ و لافیته‌کانی، الدار للبیع (ئه‌م خانوه‌ بۆ فرۆشتنه‌) له‌زاری خه‌ڵکی که‌رکوکه‌وه‌ ده‌رنه‌هاتبێت. له‌ناو ئه‌و سه‌دان کرده‌وه‌ تیرۆرستی و ته‌قینه‌وانه‌، ته‌قینه‌وه‌کانی دوبز، دوزخورماتو، زێڕنگره‌کانی که‌رکوک، پۆلیسی که‌رکوک، جه‌واهیر مۆڵ، ته‌قینه‌وه‌ی ناو رێپێوانه‌که‌ی 28/7/2008 دیارترینیانن. له‌به‌رامبه‌ردا خه‌ڵکی که‌رکوک لۆمه‌و ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی دادگا و دادوه‌ران، ئیداره‌ی که‌رکوک و هێزه ‌ئه‌منیه‌کان ده‌که‌ن.

ته‌قینه‌وه‌که‌ی شارۆچکه‌ی دوبز
خه‌ڵکی دوبز له‌سه‌ر شه‌قام و له‌ناو رێپێوانه‌که‌ به‌ڕاشکاوی باس له‌که‌مته‌رخه‌می و فه‌شه‌لی ئیداره‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی که‌رکوک ده‌که‌ن، ده‌ڵێن "دو هه‌فته‌ به‌ر له‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ماڵێکی عه‌ره‌بدا له‌و شارۆچکه‌یه‌ دو بۆمب ته‌قیوه‌ته‌وه‌ له‌وکاته‌ی دو گه‌نجی عه‌ره‌ب خه‌ریکی ئاماده‌کردنی بون‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌کان دوای گرتنی چه‌ند که‌سێکی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ هه‌رزو ئازادیان کردون و که‌مته‌رخه‌میان کردوه‌ له‌ به‌دواداچونکردن له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌". ئه‌م که‌مته‌رخه‌میه‌ش هۆکاری رژانه‌ سه‌رشه‌قامی خه‌ڵکی دوبزه‌ دژ به‌و بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ی شارۆچکه‌که‌یان.

له‌ 2008 یش له‌که‌رکوک دوای ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆرستی له‌ناو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌رو شه‌هیدو بریندارکردنی ده‌یان هاوڵاتی له‌نزیک پارێزگای که‌رکوک، تاوانباره‌کان گیران و له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌کان دانیان به‌ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌دا نا. به‌ڵام به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری و به‌ چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلارێک هه‌مو تاوانباره‌کان ئازاد کران. به‌ره‌ی تورکمانیش وه‌ک قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی سوتانی باره‌گاکه‌ی پێنج سه‌د هه‌زار دۆلاری وه‌رگرت. ئه‌م که‌یسه‌ هه‌رزو له‌دادگا داخرا. له‌به‌دواداچونێکمدا له‌مانگی 3/2014 و بینینی دایک و باوکی یه‌کێ له‌و شه‌هیدانه،‌ ده‌رکه‌وت ئه‌م به‌ڕێزانه‌ له‌و سوڵحه‌ ئاگادار نین، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی پارێزەرەکەیانەوە ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانن ئه‌و که‌یسه‌ داخراوه‌. چاوه‌ڕوانن له‌ کاتێکی له‌ باردا ئه‌م که‌یسه‌ هه‌ڵده‌نه‌ وه‌ و ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌.

لێره‌دا جێی ئه‌وه‌یه‌ پرسیار بکرێت:
1- کامیان گرنگتره‌، پاراستنی سه‌ر و ماڵی خه‌ڵک یان دروستکردنی چه‌ند جاده‌ و پردێک؟
2- گێڕانه‌وه‌ی تاپۆی خانو و زه‌ویه‌کان تا کورد له‌که‌رکوک له‌کرێچێتی رزگاری بێت یان شوقه‌و ڤێلای گرانبه‌ها. چونکه‌ له‌به‌ر نه‌بونی تاپۆیه‌ جوتیاری عه‌ره‌ب ده‌توانن قه‌رزی زراعی وه‌رگرن و جوتیاری کوردیش بێبه‌شن.
3- ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌ روخاوه‌کان و ته‌عریبکراوه‌کانی 1963 یان گه‌وره‌کردنی شار.
4- گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یان هه‌زار ئاواره‌یه‌ی له‌هه‌رێمی کوردستان ماون و نه‌گه‌ڕاو‌نەته‌وه‌ بۆ که‌رکوک و پێشگرتنی کۆچی پێچه‌وانه‌ یان بارکردنی کورد له‌ دوزخورماتو و که‌رکوک .

له‌کۆتاییدا ده‌مه‌وێ دوای ده‌ستخۆشیکردن له‌هه‌مو کاره‌ باشه‌کان له‌ 2003وه‌ و بونی ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ی که‌رکوک و پاره‌ی پیترۆدۆلار، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ به‌بیر خه‌ڵکی که‌رکوک بێنمه‌وه‌، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی 2010 به‌ خه‌ڵکی که‌رکوکیاندا و ئێستاش دوباره‌ی ده‌که‌نه‌وه‌:

1- خانوه‌ ته‌جاوزه‌کانتان بۆ تاپۆ ده‌که‌ین!
2- زه‌ویه‌‌کانتان ده‌گێڕینه‌وه‌!
3- ئاسایشی شار باش ده‌که‌ین و سه‌روماڵتان ده‌پارێزین.

ئه‌م به‌ڵێنانه‌ و ده‌یانی دی. جێێ ئه‌وه‌یه‌ دوای 4 چوار ساڵ بپرسین ئه‌رێ کام به‌ڵێن جێبه‌جێکراوه‌؟

به‌ به‌رچاوی هه‌موانه‌وه‌ دیاره‌ جه‌سته‌ی که‌رکوک له‌چوار ساڵی رابردودا له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و خاوه‌ن به‌ڵێنانه‌ و سیاسه‌تی جه‌وتی جوت حیزبی له‌هه‌مو کات زیاتر خوێنی لێ چۆڕاوه‌.

بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ له‌ 30/4 خه‌ڵکی که‌رکوک بێنه‌ قسه‌ و بڵێن "ئیتر به‌سه‌"..

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ڵێت "منیش هاتوم، به‌رنامه‌م پێیه‌ و هه‌ڵه‌کان راستده‌که‌مه‌وه‌، که‌رکوک له‌ ئه‌وله‌ویه‌تمدایە".