|
شاندی کورد بۆ بەغدا مهلا فهرمان |
24/08/2014 |
لەدروستبونی ئەم عێراقەوە ئەوەندەی من بیستبێتم، خوێندبێتمەوە، بینێبێتم و بیرم بێت شاندی کورد دامەزراو نێردراو لەلایەن حیزبەوە دوای مانەوەی ماوەیەکی زۆر و چەندین جەولەی گفتوگۆ دەرئەنجامەکەی بۆ کورد وەک بەری داری زڕ بوە. کورد وتویەتی "ئێمە زیاتر لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاوین نەک لەشەڕ".
پێکهاتەی شاندی گفتوگۆ
هەمیشە شاندی دانوستاندن لە کەسانی حیزبی و سەرکردایەتیەکان پێکهاتوە، ١٠٠% جێی متمانەی سەرۆکی حیزب بوە، لەکاتێکدا میللەت و رۆشنبیران تێبینی زۆریان لەسەر ئەندامانی شاندەکە هەبوە. دوای بەشێکیان بونە بە وەزیر و پلەدار، بەشێکیان بونە بە دۆستی دوژمن و چاوساغی ئەوان، بەشێکیان دەوڵەمەند و بەڵێندەر. بەشێکی کەمیشیان وەک کوڕی میللەت ماونەتەوە. بە کورتی دوای کاری شاندەکە ناخی هەریەکەیان دەرکەوتوە، تێبینیەکانی میللەت راست دەرچوە.
(پیرەمێردی نەمریش لە قۆناغیکدا هاتۆتە قسە و ناوی ناون: وەفدی کوردستان میللەت فرۆشان)
شاندەکانی کورد
کورد دوای دەیان ساڵ و سەدان جار بە شاندی جیاجیا بۆ قسەکردن لەسەر یەک پرس و هەمان داوا چونەتە لای نەیارەکان.
شاندەکانی کورد پێیان وابوە، باشترە داواکان زۆر و گەورە بێت، قسەیان لەسەر بکرێت و لەدواجاردا مامەڵەیان لەسەر بکرێت.
کورد پێیوابوە دێژەدان و زۆری کۆبونەوە و قسە زۆر لەسەرکردن لە قازانجی پرۆسەی گفتوگۆیە. شاندەکانی کورد خۆیان دورگرتوە لەدانانی ماوەیەکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی داواکان.
سەرکردایەتی کورد ئەوەندە متمانەی بە لایەنی بەرامبەر بوە، هیچ کاتێک داوای بونی لایەنی سێهەمی نەکردوە وەک نێوەندگیرێک لە گفتوگۆکان.
بەدرێژایی هەمو کۆبونەکان شاندی کوردی دانیشتنەکانی بە ئیجابی هەڵسەنگاندوە، وێنەی لایەنی بەرامبەری لای گەلی کوردستان باش وێنە کێشاوە. کەچی چەند ساڵێک دواتر پێچەوانەی قسەکانی شاندی کوردی راست دەرچوە.
تاکە دەستکەوتی دیارو بەرچاوی گفتوگۆکان لەگەلی کوردستانەوە، وەرگرتنی پلەوپایە و چونی چەند کەسێکە بۆ بەغداو خۆ دەوڵەمەندکردنیانە.
تائێرە بۆتە بەشێک لەمێژو!.
ئەمانە بەشێکن لەو هەڵانەی سەرکردایەتی کورد لە گفتوگۆکاندا کردۆتی و بونە بە هۆکاری سەرنەکەوتنی کورد لە گفتوگۆکان یان بەدەستنەهێنانی داوا سەرەکیەکانی گەلی کوردستان.
ئێستا کورد خاوەنی یەک شاندە و لە نوێنەری پێنچ لایەنی حیزبی پێکهاتوە. لەگەڵ بونی تێبینی لەسەر سەرۆک و پێکهاتەی شاندەکە، دوبارەنەکردنەوەی هەڵەکانی رابردو سەرەتای سەرکەوتنی ئەم جارەن. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ئەوەندەی من ئاگادار بم ئەم شاندە بە هەگبەیەکی پڕ لە داواکاریەوە بە نیازن لەگەڵ بەغدا دابنیشن. داواکاریەکانی وەک بودجە، پێشمەرگە و پلە و پایە لە حکومەت و شەراکەتی کورد لەحوکم و پرسی ئازادی و ژیانی دیموکراتی ئەوەندەی داواکاری هاوڵاتیە و مافی هاوڵاتیبونە ئەوەندە داوای گەلی کوردستان نیە.
داواکانی گەلی کوردستان لەم قۆناغەدا بریتین لە:
1- پرسی خاک و دیاریکردنی سنوری هەرێمی کوردستان لەناو عێراقی یەکگرتودا.
2- بەکردەوە جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە فیدراڵیەی (اتحادی) لەدەستوردا هاتوە.
بۆیە باشتروایە شاندی کوردی خۆی لەموجامەلە و درێژدادڕی دورخاتەوە چاکترە، لێرەوە دەستپێبکات و داواکانی لەو دو خاڵە چڕکاتەوە.
|
|
|