|
وڵات مایەپوچە، ئەی چارە؟ مهلا فهرمان |
19/02/2015 |
حاجی عەلی (جێی بەهەشت بێت) ، پاش نیوەڕوانێک لە سەر سەرینە کوردیەکە بە رامبەرم ئانیشکی دابوەوە، فڕی لە چایە رەشەکە دەدا. سەری هەڵبری و چاوی تێ بڕیم و گوتی:
حاجی عەلی: (مەلا فرمان، ئەرێ کەی لە برسانا دەمرن)
بەندە: بە زەردەخەنەیەکەوە گوتم: "بۆ حاجی تائێستا کەس لە برسا مردوە".
حاجی: نا مەبەستم ئەوە نەبو بمرن، مەبەستم ئەوەیە موچەخۆر یەک سەرچاوەی دارایی هەیە، ئەگەر وشکی کرد، چۆن بژێوی رۆژانە دابین دەکەن؟ بەتایبەتی ئەگەر عاقڵ نەبن و دەستی پێوەنەگرن و پاشەکەوت نەکەن.
بەندە: کاسبی دەکەین
حاجی: ئێوە دەست سپین، کاسبیتان بۆ ناکرێت
بەندە: ئەی تۆ چی دەکەیت حاجی؟
حاجی: نا، من توشی ئەو حاڵەی ئێوە نابم، من جوتیارم: مریشک، قەل، قاز، مەر، بزن، مانگا، گەنم و جۆ، پەرێزەکە و کایەکەی، بەهارانیش کاردی و کنگەر، ئاوی بیرەکەش پاکە. کرێ خانو نادەم و زۆریش بە قەناعەتم. هەمو ئەمانەم هەیە، ئەگەر یەکیان وشک کات، ئەوانی تر دەمژێنن.
بەندە: منیش پەنا بۆ ئێوە دێنم
بەڵێ، ئەم قسانەی حاجی باس لە فەلسەفەیەکی ئابوری وا دەکات، ئەگەر حکومەتی هەرێم وەک حاجی بیری بکردایاتەوە و کاری بکردایا توشی ئەم مایەپوچیە نەدەهات و ژیان و گوزەرانی هەموانیش مسۆگەر دەبو.
بەڵێ، ٢٣ ساڵە حکومەت نە بە قسەی حاجیەکانی کردوە، نە هاوکاری کردون، کەمتەرخەمبونە، هەڵەی گەورەیان کردوە، گەندەڵییان گەیاندۆتە ئاستیک ئەگەر وریا نەبین خەریکە دەبێت بە خۆرە و هەمو گیانمان دەتەنێ. بۆیە ئەمرۆ بییرکردنەوە لە چارەکردن گرنگە. چارەسەرەکەش لە وڵاتی خۆمان و لە ناو میلەتی خۆمان دەکرێت نەک لە شوێنێکی تر، بەڵام:
١- سەرۆک دەبێت سک بگوشێ، دەتوانێ و دەیەوێ؟
٢- دیاریکردنی بڕی موچە : کەمترین ٥٠٠٠٠٠ پینج سەد هەزار و زۆرترین ٢٠٠٠٠٠٠ دو ملیۆن، پلەدار و ملیۆنێرەکان دەیانەوێ، دەیەکەن؟
٣- کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ زۆر بە وردی لە خەزینەی حکومەت.
٤- نەهێشتنی دو موچە، لە هەرێم یان یەکێ لێرە و یەکێ لە بەغدا.
٥- زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان. حیزب بوار دەدات؟ بە ئاسانی و ویستی خۆیان دەیکەن؟
٦- کەمکردنەوەی کەناڵە ئاسمانیەکانی حیزب.
٧- کۆمپانیاکانی حیزب بە پارەی حکومەت و میلەت دامەزراون، ئایا ئامادەن بیدەنەوە بە حکومەت و میلەت لەم رۆژە تەنگانەیە؟
٩- بەهای شوقە و ڤیلا و باخەکانی بەرپرسان و خەرجیەکانی کەم نیە!. ئایا سەرۆکی حکومەت ئامادەیە لە خۆیەوە دەست پێدەکات؟. ئاسان نیە.
١٠- کەمکردنەوەی خەرجیەکان
١١- پێشمەرگە خوێن دەبەخشی، روح دەدا، مناڵ ...... تاد. دەبێت پلەدارەکانیش دەستبەرداری بەشێکی سەروەت و دەسەڵاتەکانتان بن.
خۆبژێوی ( خودکفایی) (Self-sufficiency)
سیاسەتێکی ئابوریە بەکاردێت بۆ ئەوەی بێ پشتیوانی دەرەکی بتوانیت لەسەرپێی خۆت بوەستیت و بژیت. بۆ ژیانی دەوڵەتداری زۆر پێویستە، بە تایبەتی بۆ ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم.
بەڵی، ئەم حکومەتە لە جیاتی ئەوەی بە خۆرەزیلی دەست لە وڵاتان پان بکاتەوە، با پرس بە پسپۆر و شارەزا ئابوریەکانی ناوخۆی وەک حاجی و نێو زانکۆکان بکات و کارەکانیان پێ بسپێرێ. شوکر، عەقڵی خۆماڵی باش و دڵسۆز و خۆبەخش زۆرە. ئەم سیاسەتە دەتواندرێت بۆ تەواوی جومگەکانی حکومەت بەکار بهێندرێت. لێرەوەش رزگاربون لە مایەپوچی و دەستپانکردنەوەی ئابوری و سیاسی دەست پێدەکات.
|
|
|