هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7 و 7/3 گۆمی مه‌نگی کایه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌یی کوردستانی شڵه‌قاند و به‌دوایی خۆیاندا شه‌پۆلێکی به‌هێزی خۆڕێکخستنه‌وه و به‌خۆداچونه‌وه‌یان هێنا. رێکخراوه سیاسی و پیشیه‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک کۆنگره و کۆنفرانسیان به‌ست و ئه‌وانی تریش له خۆئاماده‌کردنن. له یه‌کێتی نیشتمانی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوی ئیسلامیه‌وه بیگره هه‌تاکو ئه‌گاته یه‌کێتی نوسه‌ران و پارێزگاران هه‌ستیان به پێویستی و سودی پێداچونه‌وه‌ی کار و به‌رنامه و ستراتیژ و پلانی کاریان کرد، درکیان به‌و راستیه کرد که ناکرێت رێکخراوێکی سیاسی یا پیشه‌یی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له ئاوێنه‌دا ته‌ماشای خۆی نه‌کات و کار‌و چالاکیه‌کانی خۆی له نێوان هه‌ر کۆنگره و کۆنفراسێک و ئه‌وی تر شه‌نوکه‌و نه‌کات و خۆی نه‌خاته ژێر زه‌ڕه‌بینی ره‌خنه و به‌خۆداچونه‌وه.
هه‌رچه‌نده گومان له‌وه‌دا نیه که شێوازه‌کانی خۆئاماده‌کردن بۆ کۆنگره‌کان و کۆنفرانسه‌کان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران و داڕشتنی په‌یڕه‌و به‌رنامه و هه‌ڵبژاردنی سه‌رکردایه‌تیه‌کان جێگای مشت‌ومڕ و ره‌خنه و ههڵهوهستهن، به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه پاساو نین بۆ نه‌کردن یا دواخستنی ئه‌و جۆره چالاکیه رێکخراوه‌ییه گرنگانه. ئاڵۆزیه‌کانی خۆئاماده‌کردن بۆ کۆنگره‌ی یه‌کێتی مامۆستایان تازه‌ترین زنجیره‌ی ئه‌و مشتومڕه ته‌ندروسته بێکۆتاییه‌یه که هه‌مو رێکخراوێک له پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی خۆیدا پێویسته بهرپایبکات و بگاته سه‌رئه‌نجامێکی سودبه‌خش به ئه‌ندامان یا لایه‌نگرانی.
ئه‌وه‌ی له‌م هه‌مو بێنه‌وبه‌رده و مشتومڕه سه‌رسوڕمێنه‌ر و جێگای پرسیاره، بێده‌نگیه کهڕکهرهکهی سه‌ندیکای پزیشکانی کوردستانه. سه‌ندیکای پزیشکان وه‌کو ئه‌وه‌ی نه بای دیبێ نه باران، خۆی له‌م هه‌مو گۆڕانانه بێبه‌ری کردوه و له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌کاندا مهلهناکات و وه‌کو به‌ردێکی قورسی چه‌قیوی نێو ده‌ریاکه، له بێ به‌رنامه‌یی و ناچالاکی خۆی چه‌قی به‌ستوه و جوڵه‌ی لێوه‌نایه‌ت. سه‌ندیکایه‌ک که له په‌یڕه‌وی ناوخۆکه‌یدا به‌ڵێنی ده‌یه‌ها چالاکی زانستی و فه‌رهه‌نگی و ته‌رفیهی به ئه‌ندامه‌کانی داوه‌و و له کۆکردنه‌وه‌ی وه‌کو خۆیان ناویان ناوه "له‌جیاتی" پاره‌ی ئه‌ندامێتی و تۆمارکردن و تۆمارکردنی پسپۆری و پێدانی راپۆرتی پزیشکی و دانپیانانی مامه‌ڵه‌ی ژنهێنان و قازانجی عقارات زیاتر سه‌ندیکا کارێکی ئه‌وتۆی بۆ "گه‌شه‌پێدان به پیشه‌ی پزیشکی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و پیشه‌یی ئه‌ندامانی" که یه‌کێکه له ئامانجه‌کانی سه‌ندیکای پزیشکان نه‌کردوه. هه‌ندێک له به‌رپرسه‌کانی ئه‌م سه‌ندیکایه ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌ت به "دژایه‌تی پزیشکان" بۆ هاوپیشه‌کانی خۆیان داوه به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی که ره‌خنه‌گرن و ناڕازین به سیسته‌مه نه‌خۆشه‌که‌ی ته‌ندروستی کوردستان تۆزقاڵێک خۆیان به "رێکخستنی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ندامان و بوژانه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی و هاوکاری له نێوانیاندا" سه‌رقاڵ نه‌کردوه، که ئامانجێکی تری سه‌ندیکاکه‌یه. سه‌رپه‌رشتیارانی سه‌ندیکای پزیشکان له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی "دابینکردنی خزمه‌تگوزاری گونجاو بۆ گشت هاوڵاتیان" بده‌ن، خۆیان بون به فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی تێکه‌ڵکردنی که‌رتی گشتی و تایبه‌ت له سیسته‌می ته‌ندروستی و ئیستیغلالکردنی ئه‌وه‌ی یه‌که‌م بۆ قازانجی تایبه‌تی نورینگهکانی خۆیان. سه‌ندیکای پزیشکان ئه‌توانێت پێمان بڵێت چۆن و که‌ی "پزشکانی ئاڕاسته‌کردوه بۆ پێشکه‌شکردنی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی" و ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه چین که به یارمه‌تی و سپۆنسه‌ری ئه‌و به‌ڕێوه‌چون و چی خزمه‌تێکیان به پێشکه‌وتنی زانستی پزیشکی و ته‌ندروستی له کوردستاندا کردوه؟.
ئه‌م سه‌ندیکایه که بۆخۆی رێکخراوێکی ناشه‌رعیه و له ساڵی 2004ه‌وه کۆنگره‌ی نه‌به‌ستوه له‌کاتێکدا په‌یڕه‌وی ناوخۆکه‌ی که له هه‌مان ساڵدا ده‌رچوه، ماوه‌ی یه‌ک خولی هه‌ڵبژاردنی به (3) ساڵ دیاریکردوه، به زۆر و زۆرداری پزیشکان ئه‌کات به ئه‌ندامی خۆی و ئه‌ڵێت: "ده‌بێت هه‌مو پزیشکان ئه‌ندامی" من بن و "نابێت پزیشک موماره‌سه‌ی پیشه‌که‌ی بکات له دامه‌زراوه حکومی و ناحکومیه‌کاندا تا نه‌بێت به ئه‌ندام" لای من. پرسیاره‌که لێره‌دایه که تۆ رێکخراوێک بیت به بڕیاره‌کانی خۆته‌وه پابه‌ند نه‌بیت و یاساشکێنی بکه‌یت چۆن روی ئه‌وه‌ت هه‌یه، هه‌مو پزیشکان به زۆر بکه‌یت به ئه‌ندام.
کاتی هاتوه، سه‌ندیکای پزیشکانیش وه‌کو رێکخراوه‌کانی تر، ئه‌میش جوڵه‌یه‌ک بکات و خۆی نوێبکاته‌وه و ده‌موچاوه باوه‌کان بگۆڕێت و هیزوگۆڕێکی تازه به‌خۆی ببخه‌شێت له‌ڕێی هاتنی خوێنی گه‌رم له پزیشکانی گه‌نج و به‌توانا. به تێپه‌ڕبونی کات، سه‌ندیکای پزیشکان قوڵتر رۆئه‌چێته گۆماوی ناشه‌رعیه‌ت و بێکاریگه‌ری. فه‌رمانه‌که‌ی ئه‌م دوایه‌یی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش که دهستیدابوه کارێکی سه‌ندیکای پزیشکان به به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخی پشکنینی نه‌خۆش له نورینگه تایبه‌ته‌کاندا، باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ لاموبالات و بێمهوقیفی ئه‌م رێکخراوه و په‌یداویستی خۆتازه‌کردنه‌وه و نوێبونه‌وه.
*پزیشک و ماسته‌ری سیاسه‌تی ته‌ندروستی