Print WWW.SBEIY.COM
 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هی خه‌ڵکه‌!
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
16/10/2010

رۆژی 10-10-2010 کاژێر 10ی به‌یانی ده‌یان رێکخراو و که‌سایه‌تی و پزیشک، له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی کۆبونه‌وه‌، داواکانیان روخانی حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نه‌بو و کۆبونه‌وه‌که‌یان هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بو له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ ته‌نها و ته‌نها گه‌یاندنێکی هێمنانه‌ و شارستانیانه‌ی ناڕه‌زایی و گله‌یی و گازه‌نده‌ی خه‌ڵک بو له‌سه‌ر سیسته‌می ته‌ندروستی کوردستان به‌ گشتی بڕیاری یه‌کخستن و به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخی عیاده‌کان به‌ تایبه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی بو، که‌چی وه‌زاره‌ت به‌ گشتی و خودی وه‌زیر به‌ تایبه‌تی ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بون بێنه‌ به‌رده‌م خۆپیشانده‌ران و گوێ له‌ داواکاریه‌کانیان بگرن.

ئێمه‌ لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر رانه‌هاتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان نیه‌ له‌سه‌ر گوێگرتن له‌ هاوڵاتیان و به‌ده‌مه‌وه‌نه‌چونی داواکاریه‌کانیان، قسه‌مان له‌سه‌ر به‌ سروشتی وه‌رگرتن و سنگفراوانی ده‌زگاکانی حکومه‌ت نیه‌ بۆ ره‌خنه‌ و چاودێری کردنی کاره‌کانیان له‌لایه‌ن هاوڵاتیان به‌ گشتی و په‌رله‌مان به‌ تایبه‌تی، قسه‌مان له‌سه‌ر رێزنه‌گرتن له‌ مافی هاوڵاتیان بۆ قسه‌کردن و ده‌ڕبڕینی راکانیان له‌سه‌ر گه‌وره‌ و بچوکی کاره‌کانی حکومه‌ت نیه‌، قسه‌مان له‌سه‌ر مافێکی بنه‌ڕه‌تیی هاوڵاتیان نیه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ڕبڕین له‌ چوارچێوه‌ یاساییه‌کاندا‌. ئه‌مانه‌ و ده‌یان چه‌مکی تریش هێشتا له‌ کوردستاندا به‌ تۆکمه‌یی شکڵیان نه‌گرتوه‌ و پێویستیان به‌ خه‌بات و ماندوبونی زۆر و دورودرێژ هه‌یه‌ بۆ راهێنانی حکومه‌ت و ده‌زگاکانی له‌سه‌ریان و چه‌سپاندنیان وه‌کو مافێکی سه‌ره‌تایی هاوڵاتیان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش به‌شێکه‌ له‌ که‌لتوری گۆێنه‌گرتن و قبوڵنه‌کردنی ره‌خنه‌ و سه‌ڕسوڕمێنه‌ر نیه‌ که‌ ئاماده‌ نیه‌ گۆێبگرێت و خه‌ڵک ببینێت و کێشه‌کان تاوتوێبکات.

لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر پێکهاته‌و سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و تۆێژانه‌ی که‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌کات و بۆیان خه‌بات ئه‌کات و به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ریان، قسه‌مان له‌سه‌ر رۆڵی ئه‌و پێکهاتو و ستراکتۆره‌یه‌ له‌ زه‌حمه‌تترکردن و هه‌ندێجار ئه‌سته‌مکردنی راهێنانی وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر گۆێگرتن و سنگفراوانی له‌ به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌کان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ بڕیاره‌کانیدا دیاره‌ که‌ راستی و بنه‌ماگه‌لێکی سه‌ره‌تایی بیرچوه‌ته‌وه‌ و نازانێت کێ سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانێتی و ئه‌بێت به‌رامبه‌ر کێ به‌رپرسیاربێت و خه‌بات و ماندوبون له‌ پێناوی کێ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندێ کێ بکات، وه‌ڵامه‌ نه‌رێنه‌ی و نا شارستانیه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ داوا ره‌واکانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که‌ پشتئه‌ستوره‌ به‌ زیاتر له‌ 16 هه‌زار ئیمزای هاوڵاتیان، دیسان سه‌لماندنی که‌ ئه‌و ده‌سته‌یی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌ئه‌به‌ن، هیچ سه‌نگێک و قورسایه‌ک بۆ هاوڵاتیان و رێکخراوه‌کان دانێن و به‌ پێچاوه‌نه‌وه‌ به‌ چاوێکی نزم و که‌مه‌وه‌ ته‌ماشایان ئه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت چی ته‌فسیری نه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی بۆ بینینی نوێنه‌ری زیاتر له‌ 51 رێکخراوی مه‌ده‌نی کوردستان ئه‌کات له‌ رۆژی 10/10/2010.

وه‌ڵامه‌که‌ ئاسانه‌ و پێویستی به‌ خۆماندوکردن نیه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ پێکهاته‌ی حکومڕانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی دا، هه‌ڵقوڵاوی ناخی کۆمه‌ڵگای هه‌ژار و که‌مدرامه‌ت و نه‌خۆشی کوردستان نیه‌، پێکهاته‌یه‌ک نیه‌ که‌ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ و دواندنی به‌رده‌وامی هه‌بوبێت بۆ هاوڵاتیان و کێشه‌ ته‌ندروستیه‌کان، ده‌سه‌ڵاتێک نیه‌ که‌ به‌ دوای دروستکردنی پردی په‌یوه‌ندی و دایلۆگدا بگه‌ڕێت له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و هاوڵاتیان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌دا، وه‌زاره‌تێک نیه‌ که‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتبێت ئه‌و له‌ دواجاردا وه‌زاره‌تی خه‌ڵكه‌ و ئه‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی هه‌مو خه‌ڵك و کۆمه‌ڵگا له‌ سه‌روی ئه‌وله‌ویاته‌کانیه‌وه‌ بێت و خۆی ته‌رخانبکات بۆ دانانی پلان و ستراتیژ و ده‌رکردنی کۆمه‌ڵه‌ بڕیارێک و نانی هه‌نگاوگه‌لێک که له‌ ئه‌نجامیاندا هاوڵاتیان ته‌ندروست و دور له‌ نه‌خۆشی بن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ پێکهاته‌ و شکڵی ئێستایدا، وه‌زاره‌تێکه‌ ئه‌وه‌نده‌ کاتی له‌گه‌ڵ سه‌ندیکای پزیشکان و پزیشکه‌ پسپۆره‌کاندا به‌سه‌ر ئه‌بات نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا به‌سه‌ر نابات. ئه‌وه‌نده‌ی گوێ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ندیکای پزیشکان ئه‌گرێت خوزگه‌ توزقاڵێکی ئه‌وه‌نده‌ گوێی له‌ خه‌ڵک و نوێنه‌ره‌کانی له‌ رێکخراوه‌کان و په‌رله‌مان بگرتایه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌نده‌ی له‌ هه‌ڵپه‌ی جێبه‌جێکردن و به‌ده‌مه‌وچونی داواکانی سه‌ندیکای پزیشکانه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ کاری بۆ خه‌ڵکیی نه‌کردوه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ وه‌زیره‌وه‌، ده‌سه‌ڵات و قورسایه‌که‌یان له‌ ناو سه‌ندیکای پزیشکاندا سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ توندوتۆڵانه‌ی که‌ له‌ سه‌ندیکاکه‌ دروستیان کردوه‌ کاریگه‌رتره‌ له‌و فشار و گله‌ییانه‌ی خه‌ڵکی که‌ خه‌ریکه‌ به‌ره‌و ته‌قینه‌وه‌ ئه‌چن، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستنیشانکردنه ئه‌وه‌یه‌ که‌ خودی جه‌نابی وه‌زیری ته‌ندروستی پێشتر نه‌قیبی سه‌ندیکای پزیشکان بوه‌. ئه‌مه‌ زۆر به‌ رونی سه‌رقاڵبونی وه‌زیری به‌ڕێز به‌ کۆبونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ نه‌قیب و سه‌رۆکی لقه‌کانی سه‌ندیکای پزیشکان له‌کاتی کۆبونه‌وه‌ی رێکخراوه‌کان له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌ت و دواتر رازیی نه‌بونی له‌سه‌ر ده‌رچون له‌ ژوره‌که‌ی و هاتنه‌ ناوی ئاپۆڕی خۆپیشانده‌ران به‌ بیانوی کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزانه‌دا، ته‌فسیر ده‌کات.
 
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، قسه‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌ر به‌که‌مزانینی خه‌ڵک و لوتبه‌رزی و فرۆشتنی ده‌سته‌واژه‌ی لاستیکه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌ته‌ له‌وه‌ی که‌ رێکخراوه‌کان و خه‌ڵک به‌وه‌ رازی بن، که‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نرخی عیاده‌کانی به‌رزنه‌کردوه‌ته‌وه‌ به‌ڵکو رێکیخستون. باشه‌ گریمان کوردستان کوبا و کۆریایی باکور و چینه‌ و حکومه‌تێکی سوشیالیستی ده‌سه‌ڵاتداره‌ و هیچ ئه‌رزشێک بۆ بازاڕی ئازاد و هاوکێشه‌کانی "عه‌رز و گلب" دانانێت و به‌ بڕیارێک هه‌مو نرخه‌کان له‌ هه‌مو ناوچه‌کان وه‌کو یه‌ک لێئه‌کات، گریمان کوردستان و‌ڵاتێکی دیکتاتۆریه‌ و هیچ جیاکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاته‌کانی تیا نیه‌ و حکومه‌ت هه‌مو شتێکه‌ و ئه‌توانێت به‌ ئاره‌زوی خۆی ده‌ست بۆ هه‌مو گه‌وره‌ و بچوکێک به‌رێت، گریمان له‌م هه‌رێمه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌نتڕاڵی به‌هێز هه‌یه‌ و فیدراڵیه‌ت و لامه‌رکه‌زیه‌ت هه‌ر باسیش نه‌کراون و ئه‌بێت هه‌مو ناوچه‌کان و شاره‌کان یه‌ک نرخیان بۆ خه‌یار و ئۆتۆمبیل و نرخی بینینی نه‌خۆش هه‌بێت، گریمان کوردستان وڵاتێکی دیموکرات نیه‌ و مافی ئازادی تیا به‌رجه‌سته‌ نیه‌ و خه‌ڵک له‌سه‌ر راده‌ڕبڕین ئه‌کوژرێت و ئه‌درێته‌ دادگاو داوای قه‌ره‌بوی خه‌یاڵی له‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌کرێت، ئه‌گه‌ر به‌مانه‌ هه‌موی رازی بوین و ده‌ستخۆشیمان له‌ وه‌زاره‌ت کرد به‌وه‌ی نرخه‌کانی یه‌کخستوه‌، باشه‌ وه‌زاره‌ت مافی ئه‌وه‌مان ناداتێ که‌ بڵێین براده‌رینه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م یه‌کخستنه‌ی نرخه‌وه‌، نرخه‌کانتان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کی کوردستان به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیاندا نیه‌؟ ئایه‌ وه‌زاره‌ت مافی ئه‌وه‌مان ناداتێ بڵێین کاکینه‌ ئێوه‌ خێره‌ ئه‌و هه‌مو کاره‌ساته‌ ته‌ندروستیه‌تان به‌جێهێشتوه‌ و نوساون به‌ نرخی عیاده‌کانه‌وه‌؟ ئایا مافی ئه‌وه‌شمان ناده‌نی بڵێین ئێوه‌ له‌ دواجاردا وه‌زاره‌تی خه‌ڵكن و ئه‌بێت گوێ له‌ خه‌ڵک بگرن و به‌رپرسیارێتیه‌کی ئه‌خلاقیتان له‌سه‌ر شانه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی داواکانی هه‌مو خه‌ڵک پێش هه‌ر که‌سێک و توێژێکی بچوکی تر؟.

وه‌ڵامه‌کانی ئه‌و هه‌مو پرسیاره‌ ته‌نها به‌ده‌رخستنی ئه‌و راستیه‌ ئه‌درێته‌وه‌، که‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌زاره‌تی خه‌ڵک نیه‌ و وه‌زاره‌تێکه‌ که‌ ئاگای له‌ سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌ت نیه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی "سرب"ه‌که‌ ئه‌فڕێت، ئه‌مه‌ش ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ی کردوه‌ به‌ خاڵیکی زۆر لاوازی حکومه‌ت و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان. خه‌ڵکی کوردستانیش چی تر خه‌مه‌کانی نه‌بونیی و هه‌ژاریی و بێکاریی و نه‌بونی قوتابخانه‌ و کار و کێشه‌ سیاسیه‌کان، بێئاگایان ناکات له‌ هه‌بونی کێشه‌ ته‌ندروستیه‌کان و به‌رپرسیارێتی حکومه‌ت له‌ چاره‌سه‌رکردن و به‌ده‌مه‌وچونیان. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای کردنی ته‌ندروستیه‌ به‌ ژماره‌یه‌کی به‌هێز له‌ململانێ سیاسیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزوسێون و سنوقوکانی ده‌نگدان ره‌حم به‌ که‌س ناکه‌ن.