پێناچێ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌وه ماندو بێت رۆژ دوای رۆژ، بیانو دوای بیانو بدات به‌ده‌سته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین "ئیتر به‌سه، بڕۆ".
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی توڕه‌یی و ئه‌ستوربونی رقی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر به حکومه‌ت و زۆربه‌ی داموده‌زگاکانی، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌کو ئه‌وه‌ی نه بای دیبێت نه بۆران، هه‌نگاوگه‌لێک ئه‌نێت که به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر مه‌حاڵبونی چاکسازی ریشه‌یی به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م حکومه‌ته و زۆربه‌ی وه‌زاره‌ته‌کانی چۆڵیکه‌ن. له‌م بارودۆخه‌دا، ده‌بوایه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، له باشترین حاڵه‌تدا، هه‌وڵی ئاشتکردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی توڕه‌ی ده‌ستی سیاسه‌ته‌کانی بدایه نه‌ک هه‌نگاوی وا بنێت که له ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و پسپۆڕی و شاره‌زایی زانستی ئه‌ون.
له تازه‌ترین "بیدعه"دا که له سیاسه‌تی ته‌ندروستی جیهاندا وێنه‌ی نیه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌رقاڵی دانوستانه له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی به‌ریتانی بۆ دابینکردنی بیمه‌ی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ هاوڵاتیان (سایتی خه‌ندان 6/4/2011). له رواڵه‌تدا ئه‌شێت ئه‌م هه‌نگاوه وه‌کو کارێکی ئه‌رێنی خۆیندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت و به‌ڵگه‌ی خه‌مخۆری وه‌زاره‌ت بێت بۆ قوربانیه زۆره‌کانی روداوه‌کانی هاتوچۆ.
دواجار، کوردستان توشی په‌تایه‌کی کوشنده‌ی روداوی هاتوچۆ بوه و ژماره‌یه‌کی زۆری قوربانی لێکه‌وتوه‌ته‌وه. خزمه‌تی ته‌ندروستیش له پرنسیپدا هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی و دواتر مردن ئه‌دات. هه‌ربۆیه‌شه، ئاسایی و لۆژیکیه که وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سنورێک بۆ ئه‌م "نه‌خۆشی"یه کوشنده‌یه‌ی روداوی ئۆتۆمبیل دابنێت. ئه‌گه‌ر به‌و لۆژیکه میکافیللیه بڵێین "ئامین"، ئه‌بێت به‌هه‌مان پێوهدانگ داوا له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بکه‌ین که پرۆگرام و پرۆژه دابڕێژێ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئاسایش و دژه تیرۆر و پۆلیس میلی تفه‌نگه‌کانیان نه‌هێننه‌وه و ته‌قه له خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ر نه‌که‌ن. ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی خۆی پێوه سه‌رقاڵکردوه، به‌ڵگه‌ی ونکردنێکی گه‌وره‌ی ئه‌وله‌ویاته ته‌ندروستیه‌کان و سه‌رلێشێوانێکی قه‌یراناوی سیاسه‌تی ته‌ندروستی و بزرکردنی ئامانجه دور و نزیکه‌کانی سیستمی ته‌ندروستی کوردستانن.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌رباری ئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌کی که‌می به‌ده‌سته‌وه‌یه، لۆژیکی و عاقڵانه ئه‌و پاره‌یه به‌کارناهێنێت و ئه‌یه‌وێت ئامانجی میدیایی گه‌وره‌ی بێ‌سود بپێکێت و ئامانجه ته‌ندروستیه‌کان له بیری خه‌ڵک بباته‌وه.
سه‌ره‌تا، لێخوڕینی "ته‌ندروستانه‌ی" ئۆتۆمبیل، په‌یوه‌ندیه‌کی راسته‌وخۆیان به سیستمی ته‌ندروستیه‌وه نیه. ئه‌و شێوازه‌ی لێخوڕین به کۆمه‌ڵێک ژێرخان و به‌ها و یاسا و هه‌ڵسوکه‌وتی تایبه‌تی تاکه‌کانه‌وه به‌ستراون که له ده‌ره‌وه‌ی سنوری تایبه‌تمه‌ندی سیاسه‌تی ته‌ندروستین. به‌هه‌مان لێکدانه‌وه، هه‌بون یا نه‌بونی بیمه بۆ شۆفێری ئۆتۆمبیل یه‌کێک نیه له به‌رپرسیارێتیه‌کانی سیستم و سیاسه‌تی ته‌ندروستی. ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تێک یا ده‌زگایه‌کی ته‌ندروستی له‌م میانه‌دا ئه‌شێت بیکات، تاقیکردنه‌وه‌ی بینین و پشکنینی نهخۆشیگهلێکی له بابه‌تی (خو و نه‌خۆشیه‌کانی دڵ و...هتد)ن نه‌ک دابینکردنی بیمه بۆ شۆفێر و ئۆتۆمبیله‌کانیان که به‌شێکه له ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتیه‌کانی وه‌زاره‌تی گه‌یاندن و ده‌زگاکانی هاتوچۆ و نه له نزیک نه له دور په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌وه نیه.
له روی یاساییشه‌وه، یاسای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بوار به وه‌زاره‌ت نادات خۆی به بیمه‌ی شۆفێریه‌وه سه‌رقاڵ بکات. بۆیه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌ت، له کاتێکدا که نازانستیه و به فیڕۆدانی داهاتی وه‌زاره‌ته له بابه‌تێکی ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی ئه‌و، ده‌رچون و پێشێلکردنی یاساکانی هه‌رێمی کوردستانیشه، که پێویسته په‌رله‌مانی کوردستان به گرنگیه‌وه به‌دواداچونی بۆ بکات و پرسیار ئاراسته‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی بکرێت.
ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی که‌شێکی خوڵقاندوه که وشه‌ی "کۆمپانیا"، به تایبه‌تی کۆمپانیای بیانی، مه‌ترسی گه‌نده‌ڵی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت. گه‌نده‌ڵیه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له بواری دروستکردنی نه‌خۆشخانه و بواری زۆری تر، ئه‌بێت هانده‌رێک بن بۆ به‌دواداچونێکی وردی ئه‌م هه‌نگاوه تازه‌یه‌ی وه‌زاره‌ت.
شکستی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له دیاریکردنی رونی سیاسه‌تی خۆی له‌مه‌ڕ بیمه‌ی ته‌ندروستی، هۆکاری سه‌ره‌کی سه‌رلێشێوان و تێکه‌ڵکردنی نه‌زانانه یا زانایانه‌ی بیمه‌ی ته‌ندروستی و بیمه‌ی شۆفێریه. هه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بو که پێش به‌ستنی کۆنگره‌که‌ی له مانگی دودا، میدیاکانی پڕکردبو له به‌ڵێنی گه‌وره‌ی چه‌شنی دابینکردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی. که کۆنگره‌که ته‌نانه‌ت ناتوانێت به راسپارده‌ی رون و دیاریکراو ده‌ربچێت، چاوه‌ڕوانکراوه وه‌زاره‌ت بۆ په‌رده‌پۆشکردنی ئه‌و شکسته، بیمه‌ی ترمان وه‌کو بیمه‌ی ته‌ندروستی پێ بفرۆشێته‌وه.
لێخوڕینی شه‌مه‌نده‌فه‌ری سیستمی ته‌ندروستی له کوردستاندا پێویستی به بیمه نیه. شێوازی لێخوڕینه‌که مه‌ترسیه‌کانی تێکشکانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که زیاتر ئه‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت و ئێمه‌ش خۆمان به‌م کاره لابهلایانهوه سه‌رقاڵ نه‌که‌ین، باشترین چاره‌سه‌ر رێگا کورتهکهیه، که چۆڵکردنی کورسی شۆفێری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که.