Print WWW.SBEIY.COM
 باوكێ‌ له‌ قه‌یتول
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
18/03/2013


مامۆستا نه‌جیب گه‌رمیانی‌ و عومه‌ر محه‌مه‌د به‌ ئۆتۆمبێله‌ ماندوه‌كه‌ی‌ عومه‌ر له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ كه‌وتینه‌ڕێ‌ بۆ سه‌نگاو تا له‌وێوه‌ بچین بۆ كفری‌، له‌ قه‌یتول لاماندا قه‌یتول یه‌كێكه‌ له‌گونده‌ دێرینه‌كانی‌ ناو زه‌نگنه‌، زه‌نگنه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌ و له‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا زۆرترین گه‌نجیان به‌ركه‌وت، له‌وێ‌ سه‌ردانی‌ ماڵی‌ هاوڵاتیه‌كمان كرد، كه‌ سێ‌ كوڕی‌ پێكه‌وه‌ ئه‌نفال بردبونی‌، سێ‌ كوڕ كه‌ باوك هه‌مو ژیانی‌ خۆی‌ پێیان به‌خشیبو، دوای‌ بردنیشیان له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌، باوكه‌ روناكی‌ چاوه‌كانی‌ له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌واندا دانابو، كچی‌ یه‌كێ‌ له‌ كوڕه‌ ئه‌نفالكراوه‌كانی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ ته‌واو كردبو به‌ناچاری‌ وازی‌ له‌ خوێندن هێنا بو، ئه‌مه‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ گونده‌كه‌یان خوێندنگه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ نه‌بو، كچێكی‌ ژیكه‌ڵه‌ی‌ چاوشین، له‌ چاوه‌كانیدا وه‌ك سه‌رجه‌م چاوی‌ گه‌رمیانیه‌كانی‌ ترخه‌مێكی‌ قوڵ ده‌بینرا، خه‌می‌ نه‌بینینی‌ باوك و مام و كه‌س و كاری‌ دیكه‌، هه‌م كچه‌كه‌هه‌م باپیره‌، پێكه‌وه‌ قسه‌یان بۆ ده‌كردین، لاله‌كه‌ زۆر به‌گه‌رمی‌ به‌خێرهێنانی‌ كردین، ئه‌و وتی‌: ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ بۆ به‌رپرسه‌كان سه‌ردانی‌ ئێره‌ ناكه‌ن خۆبه‌ر له‌ ئه‌نفالكردنی‌ ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وان شه‌و رۆژ لێره‌ بون، ئه‌و وتی‌: ئێستا كه ‌كوڕه‌كانی‌ خۆمان نه‌مان ئه‌وانیش ئیتر نایه‌ن، راستی‌ ئێمه‌ ویستمان دڵی‌ بده‌ینه‌وه‌ و بیانوش بێنینه‌وه‌ بۆ سه‌رنه‌دانی‌ به‌رپرسان، ئه‌و قسه‌ی‌ پێبڕین و وتی:‌ خۆ ئێستا هه‌ر كۆپته‌ریان نیه‌، ئیتر بۆ سه‌ر ناده‌ن من هیچم له‌وان ناوێ‌ هه‌رده‌مه‌وێ‌ كه‌سێك هه‌بێت له‌جێی‌ كوڕه‌كان گوێم لێبگرێت و قسه‌ی‌ بۆ بكه‌م، ئێستاش ده‌توانین خزمه‌تیان بكه‌ین و خواردنی‌ ده‌می‌ خۆمانیان بده‌ینێ‌، ئه‌و به‌م شێوازه‌ گله‌ییه‌كانی‌ خۆی‌ كرد، ئه‌و گله‌ییانه‌ی‌ پڕ بون له‌ ئازارو دابڕان، ئێمه‌ نه‌مانده‌توانی‌ هیچ بڵێین، قسه‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ ئه‌و باوكه‌ ئه‌نفالزا‌ده‌یه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك سه‌ر سامی‌ كردبوین كه‌ ئێمه‌ ئه‌و سیانه‌، چ مامۆستا نه‌جیب گه‌رمیانی‌ وه‌ك پیاوێكی‌ په‌روه‌رده‌كار و كوردێكی‌ راست و چیرۆكنوس، چ عومه‌ر كه ‌ئه‌ویش خه‌مزه‌ده‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌نفاله‌ و زۆرجار له‌پێناوی‌ ئه‌و كاره‌ ئینسانیه‌دا سته‌می‌ له‌ مناڵ و خانه‌واده‌كه‌ی‌ كردوه‌، چ من كه‌ ئه‌نفال ریشه‌ی‌ كێشام و هێشتا چیرۆكی‌ پڕ ئازاری‌ خۆمم شاردوه‌ته‌وه‌، نه‌مانده‌زانی‌ چی‌ بڵێین، بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر نه‌مانتوانی‌ لای‌ ئه‌و خێزانه‌ برینداره‌ بمێنینه‌وه‌.

په‌ندی‌ راستی‌ ئه‌و باوكه‌ ئه‌وه‌ بو، كه‌ مێژو پڕه‌ له‌ چیرۆكی‌ ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی‌ كه‌ هه‌ر ده‌ستیان ده‌گاته‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات ئیتر هه‌مو ئه‌وانه‌یان بیرده‌چێته‌وه‌، كه‌ ته‌مه‌نێكی‌ دورودرێژ خزمه‌تیان كردون و ته‌نانه‌ت ئازیزترین كه‌سه‌كانیان له‌پێناوی‌ خه‌ونی‌ ئه‌واندا له‌ كیسچوه‌، كه‌چی‌ دواتر كه‌ ئاوڕ ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌سیان به‌ده‌وره‌وه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش چیرۆكی‌ زۆربه‌ی‌ شۆڕشه‌كانه‌، بۆیه‌ دواتر خه‌ڵك ده‌یه‌وێت سه‌رزه‌نشتی‌ شۆڕش بكات و ناوی‌ دیكه‌ی‌ بۆ بدۆزێته‌وه‌.

ئاخر شۆڕشێك نه‌توانێ‌ كه‌سێك بدۆزێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و باوكه‌ دڵ برینداره‌ قسه‌ی‌ بۆ بكات و چیرۆكی‌ خۆی‌ بۆ بگێڕێته‌وه‌ چۆن مرۆڤ بتوانێ‌ شانازی‌ پێوه‌ بكات، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ واده‌كات زۆرجار ئێمه‌ له‌نێوان شۆڕش و هه‌رادا ده‌كه‌وینه‌ گێژاوێكی‌ گه‌وره‌وه‌، ئاخۆ ئێمه‌ هه‌ر به‌راستی‌ شۆڕشمان كردوه‌.
 
نه‌جیب گه‌رمیانی‌
جارجار چیرۆكی‌ ده‌نوسی‌، چیرۆكه‌كانی‌ به‌ زمانێكی‌ گه‌رمیانی‌ ساده‌و بۆ مرۆڤ بون، كه‌سێكی‌ تا بڵێی‌ هه‌ست ناسك و دڵبریندار، گه‌رمیانیه‌كی‌ راست و ره‌وان، له‌و سه‌فه‌ره‌دا كه‌ پێكه‌وه‌ كردمان ده‌گه‌یشتینه‌ هه‌ر گوندێكی‌ ئه‌و گه‌رمیانه‌ به‌ دیار دارو به‌ردیه‌وه‌ به‌ كوڵ ده‌گریا، ئه‌و رۆژه‌ زۆرترین یاده‌وه‌ری‌ و ئازاری‌ ژیانی‌ كورده‌واری‌ گێڕایه‌وه‌، لاموایه‌ له‌ قیرچه‌ بو، ته‌نیا یه‌ك ماڵ له‌وێ‌ بون ئه‌و كاته‌ی‌ ئێمه‌ گه‌یشتین، خاتونێكی‌ شۆخ و شه‌نگی‌ گه‌رمه‌سێری‌، شه‌ڕواڵێكی‌ پیاوانی‌ له‌پێدا بو له‌سه‌ر ته‌نورێك نانی‌ ده‌كرد، مامۆستا نه‌جیب ته‌وقی‌ سه‌ری‌ ماچ كرد، ئه‌و زۆر هه‌وڵی‌ دا ئه‌و نیوه‌رۆیه‌ له‌وێ‌ بمێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ بڕیاری‌ رۆیشتنمان دابو.

جارێكیان شه‌وێكی‌ دره‌نگ له‌ سلێمانی‌ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ له‌ ته‌یناڵ جوانه‌گایه‌ك سه‌یاره‌ لێیدابو، كه‌س به‌دیاریه‌وه‌ نه‌بو، كاتژمێر یه‌ك دوا نیوه‌شه‌و به‌سه‌ره‌وه‌ بو ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، ئه‌و هێشتا نه‌نوستبو، هه‌واڵه‌كه‌م پێراگه‌یاند دواتر بۆی‌ گێڕامه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ شاره‌وانی‌ هێناوه‌ته‌ شوێنی‌ روداوه‌كه‌ و خاوه‌نی‌ وڵاخه‌كه‌یان دۆزیبوه‌وه‌ و دابویانه‌وه‌ ده‌ستی‌، به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م به‌ر له‌مردنی‌ سه‌رم لێداو یه‌ك دو چیرۆكی‌ خۆی‌ دایه‌ ده‌ستم تا له‌ شوێنێ‌ بۆی‌ بڵاوبكه‌مه‌وه‌، مه‌رگی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چیرۆكه‌كانی‌ له‌ بیر بردمه‌وه‌و ئیتر نازانم كه‌وتنه‌ كوێوه‌، مامۆستا نه‌جیب هیچ شتێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی‌ زه‌ویه‌ هێنده‌ی‌ ئه‌نفال كاری‌ تێنه‌كردبو، ئه‌و رۆژێك له‌ ژیانی‌ تێناپه‌ڕی‌ ئه‌گه‌ر چیرۆكێكی‌ ئه‌نفالی‌ نه‌گێڕابایه‌وه‌، چیرۆكه‌كانی‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕایه‌وه‌ وه‌ك ده‌ڵێن به‌ردیان ده‌كرد به‌ ئاو.

هه‌مو ئاواتی‌ له‌ ژیاندا ئه‌وه‌ بو جارێكی‌ تر ژیان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كان و دوباره‌ له‌و شیودۆڵانه‌ ده‌نگی‌ مه‌قام و ئای‌ ئای‌ به‌رزبێته‌وه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌و ده‌یوت تازه‌ هه‌رگیز ئه‌وه‌ رونادات، به‌عس شتێكی‌ نه‌كردبو تا كورد بتوانێ‌ ژیان بكاته‌وه‌ به‌به‌ر گوندا، زۆر ئه‌سته‌مه‌ مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ئه‌و هه‌مو یادگاره‌ و خۆی‌ له‌به‌ردا بگرێت، ئه‌مه‌ رێك بۆ مامۆستا نه‌جیب گه‌رمیانی‌ وابو، ئه‌و رۆژه‌ هێنده‌ گریا كه‌ ئیتر ئێمه‌ ناچاری‌ ئه‌وه‌ بوین دڵی‌ ئه‌و بده‌ینه‌وه‌.

ئه‌نفال به‌جۆرێك ژیانی‌ گه‌رمیانیه‌كانی‌ شێواند، كه‌ ئیدی‌ بۆ هه‌تاهه‌تا گوندی‌ گه‌رمه‌سێر بۆنی‌ ئه‌و ئاوه‌دانیه‌ی‌ لێنه‌یات كه‌ پێش ئه‌نفال لێیده‌هات، نه‌جیب گه‌رمیانی‌ له‌ هه‌مومان زیاتر له‌م راستیه‌ گه‌یشتبو. بۆیه‌ به‌ بێده‌نگی‌ سه‌فه‌ری‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كرد، سه‌فه‌ری‌ هه‌تا هه‌تای‌ بۆلای‌ خوداوه‌ندی‌ خۆی‌ رۆیشت و ئه‌نفال پێكه‌نینی‌ له‌بیر برده‌وه‌.

جانتای‌ كادرێك
ئه‌نفال هه‌مو شتێكی‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاند، په‌یوه‌ندی‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و گوندنشین، په‌یوه‌ندی‌ نێوان زه‌وی‌ و وه‌رزێر، په‌یوه‌ندی‌ نێوان شوان و مه‌ڕه‌كانی‌، په‌یوه‌ندی‌ نێوان به‌ساڵاچوانی‌ كورد و مزگه‌وت، زۆر په‌یوه‌ندی‌ دیكه‌، ئه‌نفال كتێبی‌ له‌ كتێبخانه‌ بێنازه‌كانی‌ مزگه‌وتی‌ گونده‌كانی‌ كوردستان دزی‌ و قه‌ڵه‌می‌ له‌ده‌ستی‌ ئه‌و كادره‌ رفاند كه‌ده‌یویست نه‌خشه‌یه‌كی‌ باشتر بۆ ژیان بكێشێ‌، من بۆ یه‌كه‌م جار كادری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانم له‌ ناوه‌ندی‌ هه‌شتاكاندا به‌ كۆڵه‌ كتێبه‌وه‌ بینی‌، لاموایه‌ خه‌باته‌ بچكۆل بو شه‌هید خه‌بات بینیم سه‌ره‌ڕای‌ كورتی‌ باڵای‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌كێك و هه‌شت نۆ مه‌خزه‌نی‌ پڕ فیشه‌كی‌ پێبو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆڵه‌ پشتێكی‌ پڕ له‌ كتێبی‌ قه‌به‌ قه‌به‌ به‌ كۆڵیه‌وه‌ بو، ئه‌مه‌م به‌لاوه‌ سه‌یر بو، نازانم كتێبه‌كانی‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ كه‌ركوكیه‌ چیان به‌سه‌ر هات، پێش شه‌هید بونی‌ خۆی‌، به‌ڵام له‌نه‌وه‌ده‌كاندا هاوڕێیه‌كم له‌ جانتایه‌كدا چه‌ند نامیلكه‌یه‌كی‌ بۆ هێنام كه‌ له‌ چاپكراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ بون، ئه‌و وتی:‌ ئه‌مه‌ هی‌ دوای‌ ئه‌نفاله‌ هه‌روه‌ها وتی:‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نین، به‌ڵام ئه‌وانی‌ دیكه‌ی‌ نه‌هێنا، هێشتا هه‌ندێك له‌و نامیلكانه‌ له‌ناو كتێبه‌كانی‌ كتێبخانه‌كه‌مدا ماون. ئه‌و كتێب و نامیلكانه‌ یادگارێكی‌ دوای‌ سته‌مكاری‌ ئه‌نفالن، یادگارێك كه‌ نازانم ئاخۆ خاوه‌نه‌كه‌یان كێیه‌ و چی‌ به‌سه‌ر هاتوه‌، ئه‌نفال ده‌ستی‌ له‌ مرۆڤ و سروشت و گیانه‌وه‌ر و هه‌مو شتێ‌ وه‌شاند، كتێبیش له‌ سته‌می‌ ئه‌نفال رزگاری‌ نه‌بو، جانتای‌ ئه‌و كادره‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌ران و نامیلكه‌كانی‌ ناوی‌ راستی‌ قسه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌سه‌لمێنن، ئه‌مه‌ رامده‌كێشێ‌ بۆئه‌وه‌ی‌ چیرۆكێكی‌ ترتان بۆ بگێڕمه‌وه‌، له‌دوای‌ ئه‌نفال یه‌ك دو براده‌ر كه‌ نه‌ڕۆیشتبون، نه‌ده‌یانتوانی‌ بێنه‌وه‌، له‌ چیمه‌نی‌ نزیك كه‌ركوك له‌و چه‌مه‌خۆیان حه‌شار دابو، تا به‌ڵكو ده‌روازه‌یه‌كیان بۆ واز بێت من و براده‌رێكی‌ تر سه‌ردانمان كردن، له‌وێ‌ له‌كوختێكی‌ بچوكا قورئانێكم بینی‌، قورئانێكی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ له‌ترسی‌ سوپای‌ عه‌ره‌ب شاردرابوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سوتان و له‌ناوچون بیپارێزن، ئه‌ویش كتێبی‌ پیرۆزی‌ خودا.

ئاخۆ ئه‌نفال چه‌ندین كتێب و ده‌ستنوسی‌ به‌ نرخی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ی‌ كردوه‌ته‌ قه‌ره‌بروت و له‌ ناوی‌ داون، ئێمه‌ تائێستا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌وه‌ستاوین و هه‌ر نه‌مدیوه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت وه‌ك چۆن قسه‌مان له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و سته‌مكاریه‌ نه‌كردوه‌.

مه‌لا ئیدریس
پیاوێكی‌ تا خوا حه‌ز كات جوان، پیاوێكی‌ به‌مانای‌ وشه‌ گه‌رمه‌سێری‌ و ساده‌و سپی‌، قسه‌خۆش و روگه‌ش ئه‌و پیاوه‌ ئه‌نفال برینێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كردبوه‌ دڵی‌، هه‌مو ئه‌و جارانه‌ی‌ كه‌ ئه‌و ده‌هات بۆ لای‌ من یان من سه‌ریم ده‌دا باسی‌ سه‌ره‌كیمان، باسی‌ ئه‌نفال بو، هه‌رجارێك ویستبای‌ سه‌ردانی‌ سلێمانی‌ بكات یان خورماتو بۆ لای‌ براو كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌یویست به‌ زۆر له‌گه‌ڵ خۆی‌ بمبات، له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا پیاوێكی‌ ئازاو له‌ جوانمه‌ردیدا بێوێنه‌، هه‌میشه‌ نوكته‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ خۆی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌، جارێكیان روداوێكی‌ خۆشی‌ بۆ گێڕامه‌وه‌، وتی‌: له‌كاتی‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا پیاوێكمان گرت، كه‌ كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت بو، ئه‌وانی‌ تر ده‌یانوت هیچی‌ له‌ هیچدا نیه‌و منیش سوربوم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ نه‌كه‌ین، كابرا سه‌یری‌ كردم و پێی‌ وتم: تۆ مه‌لانیت، منیش وتم: ئیتر هه‌ر به‌رنادرێت، چۆن ئه‌زانی‌ من مه‌لام، وام زانی‌ ده‌مناسێت، كه‌چی‌ ئه‌و وتی:‌ به‌ به‌ ویژدانیه‌كه‌ت ئه‌وه‌ ده‌زانم.

بۆپرسی‌ گه‌رمیان و كه‌ركوك سه‌ردانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تمان كرد، له‌وێ‌ چه‌ندین نوكته‌ی‌ خۆشی‌ گێڕایه‌وه‌ كه‌ بونه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت داوا بكات جاری‌ دیكه‌ش یه‌كتر ببینینه‌وه‌، ئاخر ئه‌و له‌رێی‌ ئه‌و نوكتانه‌وه‌ سه‌رزه‌نشت و ره‌خنه‌ی‌ زۆری‌ له‌ حكومه‌ت گرت، مه‌لا ئیدریس گه‌رمیانیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌نفاله‌ ده‌بو ئه‌ویش خه‌می‌ ئه‌نفال كاری‌ تێكردبو، به‌ڵام وه‌ك مرۆڤێك كه‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ توندی‌ به‌عس و سه‌ختی‌ خه‌بات له‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان ئه‌وه‌یان بۆ هێشتبوه‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز وا خۆی‌ نیشان نه‌دات كه‌ ئازار له‌ بنی‌ بێنێ‌.

مه‌لای‌ مرۆڤ و پیاو چاك تا بۆی‌ بكرایه‌ هه‌وڵی‌ ده‌دا هاوكاری‌ ئه‌وانی‌ تر بكات له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایدا خوا خوای‌ بو هه‌یبێت تا بتوانێ‌ ده‌ستی‌ یارمه‌تی‌ بۆ ئه‌وانی‌ تر درێژ بكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ شیوعیه‌تی‌ و چه‌په‌وه‌ گه‌ڕابوه‌وه‌و سۆفیانه‌ شه‌یدای‌ دیداری‌ خودا بو، ئه‌و پیاوه‌ شۆڕشگێڕو ئه‌نفالزاده‌یه‌ له‌دواجاردا به‌ده‌ستی‌ تیرۆریستێك شه‌هید كرا، ئه‌و تیرۆریستانه‌ هێنده‌ بێویژدان بون به‌ره‌ به‌یانێك له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ شاره‌ بێنازه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك شه‌هیدیان كرد.

سه‌وزه‌و جافان و بابه‌ عه‌لی‌
سه‌وزه‌ و بابه‌ عه‌لی‌ دو كه‌سی‌ ده‌رون نادروستی‌ گه‌رمیانی‌ بون، ئه‌وان خه‌ڵكی‌ گوندی‌ جافانی‌ سنوری‌ قادركه‌ره‌م بون، ئه‌و خوشك و برایه‌ پاش ئه‌نفال هه‌ردوكیان له‌ ئۆردوگای‌ شۆڕش له‌كه‌لاوه‌و په‌ناگه‌ی‌ خه‌ڵكیدا ده‌ژیان، سه‌وزه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ باش بو له‌ قسه‌ كردنا زۆر له‌ بابه‌ عه‌لی‌ باشتر بو، بابه‌ عه‌لی‌ هێنده‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی‌ قسه‌كردنی‌ نه‌بو، من چه‌ندین جار سه‌ردانی‌ سه‌وزه‌م ده‌كرد، ئه‌و به‌ دورودرێژی‌ باسی‌ ئه‌نفال و جافان و بابه‌عه‌لی‌ و زۆر شتی‌ تری‌ بۆ ده‌كردم.

غازی‌ مه‌لا محه‌مه‌د كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ كه‌ركوكی‌ و گه‌رمیانی‌ بو به‌ ژیانی‌ سه‌وزه‌و بابه‌ عه‌لی‌ زۆر سه‌رسام بو ئه‌مه‌ش وایكردبو كه‌ پۆرترێت و سكێچی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌وان دروست بكات، غازی‌ هونه‌رمه‌ند زۆربه‌ی‌ تابلۆكانی‌ تێكه‌ڵه‌یه‌ك بون له‌ ئازاری‌ ئه‌نفال و ئه‌و چیرۆكانه‌ی‌ خۆی‌ یه‌كێ‌ بو له‌كاره‌كته‌ره‌كانی‌، پاش مردنی‌ بابه‌ عه‌لی‌ وێنه‌یه‌كی‌ فۆتۆی‌ ئه‌و كه‌ غازی‌ محه‌مه‌د بۆی‌ گرتبو، دایبه‌من تا بیبه‌مه‌وه‌ بۆ سه‌وزه‌ كه‌ بردم لێی‌ وه‌رگرتم و ماچێكی‌ كرد و وتی‌: "وه‌یش ئه‌وه‌ بابایه‌" فرمێسك به‌ر نیگایان به‌ته‌واوه‌تی‌ لێڵكردم و هیچم بۆ نه‌وتراو سه‌وزه‌م به‌جێهێشت، دوای‌ چه‌ند رۆژ هه‌واڵی‌ مه‌رگی‌ سه‌وزه‌شیان بۆ هێنام، به‌و هه‌واڵه‌ ته‌واو نیگه‌ران و دڵته‌نگ بوم، ئاخر ته‌نیا ئاواتی‌ سه‌وزه‌ ئه‌وه‌بو رۆژێ‌ بێت بچێته‌وه‌ جافان و به‌و ده‌رو ده‌شته‌یا ئازادانه‌ بگه‌ڕێت، سه‌وزه‌ مردو ئه‌و ئاواته‌ی‌ نه‌هاته‌دی‌، ئه‌و هه‌میشه‌ باسی‌ برا ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی‌ بۆ ده‌كردم، جارێكیان پێی‌ وتم بابه‌عه‌لی‌ چو بۆ سه‌ردانی‌ ئه‌و، خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ له‌ شۆڕش سه‌نگاویه‌كان سه‌وزه‌ی‌ لێبو، هه‌مویان سه‌وزه‌یان خۆش ده‌ویست و هاوكاریان ده‌كردو جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لی‌ دیكه‌یان بۆ دابین ده‌كرد، جارێكیان یه‌كجار به‌وه‌ دڵخۆش بو كه‌ چه‌ند پارچه‌ قوماشێكی‌ ره‌نگاوڕه‌نگیان بۆ هێنابو تا بیكات به‌ "ده‌رپێ‌" ئه‌و په‌یتا په‌یتا نیشانی‌ ده‌دام و بۆی‌ باس ده‌كردم، لام وانیه‌ هێنده‌ دوای‌ ئه‌وه‌ ژیابێت كه‌ ئه‌و جلوبه‌رگه‌ تازه‌یه‌ی‌ له‌به‌ر كردبێت، له‌دوای‌ مه‌رگی‌ باباوه‌ ئیدی‌ ئه‌و هیچ بیانویه‌كی‌ نه‌ما بۆ ژیان وه‌ك بڵێی‌ ئه‌م دوانه‌ ده‌مێ‌ بێت یه‌ك چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ی‌ تر بكات بۆ مردن.

ئه‌نفال سه‌وزه‌و بابه‌ عه‌لی‌ له‌ جافان و له‌كه‌س و كار دابڕی‌ چیرۆكی‌ ئه‌وانیش یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران چیرۆكی‌ ئه‌نفالكردنه‌ی‌ كه‌ به‌عس بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ كورد به‌ڕێیخست.

كیسه‌ توتنه‌كه‌
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ دكتۆر عوسمان قادر، كه‌ ئه‌و له‌ به‌ریتانیا دكتۆرای‌ له‌سه‌ر هێڵكاری‌ له‌سته‌مكاری‌ ئه‌نفالدا ده‌خوێند پێكه‌وه‌ له‌شۆڕش سه‌ردانی‌ چه‌ند خانه‌واده‌یه‌كمان كرد بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێڵكاری‌ مه‌ینه‌تیه‌كانیان بكێشێت به‌مه‌به‌ستی‌ بابه‌تی‌ دكتۆراكه‌ی‌، له‌وێ‌ له‌ماڵی‌ یه‌كێ‌ له‌ قوربانیه‌كان، هاوسه‌ری‌ قوربانیه‌كه‌ چو، له‌ژورێكی‌ دیكه‌ كیسه‌ی‌ توتن و پوزه‌وانه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ بۆ هێناین، دوای‌ زیاتر له‌ بیست ساڵ كیسه‌ توتن و پوزه‌وانه‌كه‌ ده‌تگوت چه‌ن ساتێكه‌ هه‌ڵگیراوه‌ نه‌ك چه‌ندین ساڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ وتبێتی‌ تا بازاڕ ده‌چم و دێمه‌وه‌، هێنانی‌ ئه‌و كیسه‌ توتن و پوزه‌وانه‌یه‌ به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر سڕی‌ كردم، هێشتا سیغاری‌ ته‌نك پاك و پوخت له‌نێو توتنه‌كه‌دایه‌، ئه‌وه‌ چ وه‌فایه‌كه‌ ئه‌و خاتونه‌ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌، به‌راستی‌ من ئازایه‌تی‌ ئه‌وه‌م نه‌بو پرسیاری‌ لێبكه‌م، لێ‌ كێ‌ ده‌ڵێت: هه‌مو رۆژێ‌ ئه‌و كیسه‌ توتنه‌ ده‌رناكرێت و بۆنی‌ خۆش ناكرێت و هه‌ڵناگیرێته‌وه‌ وه‌ك چۆن پوره‌ حه‌به‌ش بۆ رانك و چۆغه‌ی‌ كوڕه‌كانی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد.

وه‌فای‌ ئه‌و خاتونه‌ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌دان نمونه‌ی‌ دیكه‌ی‌ خه‌ماوی‌ تر، هه‌ر وه‌ك ئه‌و خاتونه‌ی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌ك شه‌و ته‌نیا یه‌ك شه‌و لای‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ بو، دواتریش ئیتر ئه‌نفال هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ بردو ئیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌ویش بڕیاری‌ دا مانگی‌ هه‌نگوینی‌ خۆی‌ و هاوسه‌ره‌ ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی‌ به‌رێته‌ دیوانی‌ په‌روه‌ردگار.

چیرۆكی‌ هه‌ڵگرتنی‌ ئه‌و كیسه‌ توتنه‌ سه‌دان شه‌و له‌خه‌وی‌ كردوم، سه‌دان شه‌و له‌ناخی‌ خۆمدا پرسیاری‌ ئه‌وه‌م كردوه‌، ئاخۆ گوناهی‌ هاوسه‌ری‌ ئه‌و خاتونه‌ چیه‌ كه‌ فریای‌ ئه‌وه‌ نه‌كه‌وێت كیسه‌ی‌ توتنه‌كه‌ی‌ به‌رێ‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌، گوناهی‌ چیه‌ كه ‌له‌گوندێكی‌ ئه‌م گه‌رمیانه‌وه‌ ببرێت تا له‌ بیبانێكی‌ قاقڕدا بخرێته‌ ژێر گڵه‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ چ تاوانێكی‌ ده‌رهه‌ق به‌و حكومه‌ته‌ كردوه‌، كه‌به‌و جۆره‌ له‌ناودرێت، یان خاتونی‌ هاوسه‌ری‌ تاوانی‌ چیه‌ كه‌ده‌بێت ئیتر به‌بێ‌ بونی‌ هاوسه‌ری‌ ژیانی‌ مناڵه‌ بێباوكه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ بكات.