Print WWW.SBEIY.COM
 خوێن و گه‌نده‌ڵی‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
09/12/2013

كوشتنی‌ كاوه‌ به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ و له‌به‌رده‌م دایكیدا، ئازاری‌ داین، به‌ڵام توشی‌ شۆكی‌ نه‌كردین، توشی‌ شۆكی‌ نه‌كردین له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێشتریش له‌سه‌ر نوسین، له‌سه‌ر دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌، له‌سه‌ر ئازادی‌ و ئازایه‌تی‌، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف و سۆرانی‌ مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان شه‌هید كراون، ئه‌م دۆسیانه‌ درێژه‌ی‌ هه‌مان ئه‌و دۆسیانه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 1991وه‌ تیرۆر ده‌كرێن و له‌ناو ده‌درێن، هه‌موشیان چیرۆكه‌كانیان به‌ نه‌دۆزینه‌وه‌ی‌ بكره‌كان كۆتای‌ دێت و بكه‌ری‌ نادیار وه‌ك به‌رزه‌كی‌ بانان بۆی‌ ده‌رده‌چێت، كوشتن و تیرۆره‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ بادینان كه‌ چه‌ندین خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و سیاسی‌ گرته‌وه‌، هیچیان كه‌متر نیه‌ له‌ كوشتنه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ، ره‌شه‌كوژی‌ رۆشنبیرانی‌ په‌كه‌كه‌ و درێژه‌دان به‌ ده‌مبه‌ستن و سه‌ركوتكاری‌ تا ده‌گاته‌ كاوه‌ی‌ جوانه‌مه‌رگ، به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن پێویسته‌ وردتر له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، كۆی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ هیچیان قوربانی‌ ده‌ستی‌ به‌عس نین، لێ‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ به‌عس، خه‌یاڵی‌ به‌عس، دیدو جێده‌ستی‌ به‌عس به‌سه‌ر جه‌سته‌كانه‌وه‌ دیاره‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ كوردستان و پارتی‌ و یه‌كێتی‌ كه‌ ده‌یان ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری‌ بێڕكابه‌ری‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بونه‌، ئه‌ركیان له‌ ده‌ركردنی‌ به‌یاننامه ‌و ناڕه‌زاینامه‌دا كورت نابێته‌وه‌، ئه‌وان ئه‌ركی‌ زیاتریان له‌سه‌ره‌، به‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ له‌ سایه‌ی‌ ئه‌واندا ئه‌م سته‌مكاریه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ده‌شێ‌ له‌ پشتی‌ زۆربه‌یانه‌وه‌ كاره‌كته‌ری‌ گه‌وره‌و بێده‌ربه‌ست هه‌بن، له‌ناو هه‌مو ئه‌وانه‌دا كاوه‌و سۆران و سه‌رده‌شت و عه‌بدولستار له‌سه‌ر نوسین و بیروڕاو به‌ گژداچونه‌وه‌ی ‌گه‌نده‌ڵیه‌، ئه‌گه‌رچی‌ له‌ رابردودا ده‌شێ‌ نمونه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ نوسه‌رانی‌ وڵات و ره‌وف ئاكره‌یش له‌سه‌ر نوسین بن، به‌ڵام بۆ جارێ‌ هه‌ر له‌سه‌ر چوار ناوی‌ پێشو هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی‌ وا لێكنه‌درێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت بڵێن له‌ رابردوشدا ئه‌وه‌ كراوه‌، گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌ هه‌یه‌، به‌ڵێ‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و لیژنه‌یه‌ش كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم داینا نه‌یتوانی‌ نادیده‌ی‌ بكات، نه‌ك ئه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ ترسێكی‌ گه‌وره‌ی‌ نیشاندا له‌وه‌ی‌ ئه‌م دۆنه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات و ره‌نگه‌ تاریكیه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ پێشه‌وه‌ بێت، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌بو، گه‌نده‌ڵی‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كرا، به‌ڵام گه‌نده‌ڵكاران هه‌میشه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ده‌ژین، گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌ و سته‌مكاری‌ هه‌ر باسكردنیان به‌س نیه‌ ئیدی‌ پێویسته‌ ده‌ست له‌سه‌ر ناوه‌كان دانرێت، هه‌ر ده‌ستدانان له‌سه‌ر ناوه‌كان به‌س نیه‌، پێویسته‌ كار له‌سه‌ر دادگای‌ كردن و سزادانیش بكرێت.

ئه‌وانه‌ی‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌ ده‌یانه‌وێت له‌م وڵاته‌دا گه‌نده‌ڵی‌ نه‌مێنێ‌، ده‌یانه‌وێت وڵات ئارام و ئاوه‌دان بێت، ده‌یانه‌وێت مرۆڤ وه‌ك مرۆڤ رێزی‌ لێبگیرێت، ئه‌وان دژی‌ كه‌س نین، دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌ و سته‌مكاری‌ نه‌بێت، چه‌ند كاره‌ساته‌ مرۆڤ له‌به‌رئه‌وه‌ بكوژرێت، كه‌ به‌گژ گه‌نده‌ڵیدا ده‌چێته‌وه‌، چه‌ند شه‌رمه‌ له‌وڵاتێكدا مرۆڤ بیه‌وێت دادگه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌بێت بدرێته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گوله‌، كاوه‌ دوژمنی‌ كه‌س نه‌بو، ئه‌و له‌نێو هه‌ژاریه‌كی‌ قورسدا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕا دادگه‌ری‌ بدۆزێته‌وه‌، داوای‌ بودجه‌و پاره‌ی‌ له‌كه‌س نه‌كردبو، كاتێ‌ له‌سه‌ر شكاتێك خۆی‌ و گۆڤاره‌كه‌و هاوكاره‌كانی‌ كه‌وتبونه‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ دادگا سه‌پاندبوی‌ به‌سه‌ریاندا پێنج ملیۆن بده‌ن هیمه‌تی‌ كه‌سانێك فریاكه‌وت و دۆسیه‌كه‌ داخرا، كاوه‌ له‌سه‌ر نوسین شه‌هید كرا وه‌ك سۆران، وه‌ك سه‌رده‌شت و ئه‌وانی‌ تر، له‌كاتێكا ده‌بوایه‌ ئه‌وان، له‌بری‌ شه‌هید كردن میداڵی‌ ئازایه‌تی‌ و به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیان بكرایه‌ به‌ یه‌خه‌دا، كاوه ‌و هاوڕێ‌ شه‌هیده‌كانی‌ پیاوه‌ سپیه‌كانی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ ره‌شكراوه‌ی‌ ئێمه‌ بون، ئه‌م نیشتمانه‌ی‌ بون و نه‌ته‌وه‌ و تاك و هاوڵاتی‌ له‌ناویدا له‌نێو فۆڕمی‌ حیزبدا ده‌توێته‌وه‌و، حیزب هه‌مو شته‌كان قوت ئه‌دات، گه‌ڕان به‌دوای‌ دنیایه‌كی‌ شایسته‌ تردا خه‌ونی‌ هه‌مومانه‌ لێ‌ كه‌من ئه‌وانه‌ی‌ به‌راستی‌ شه‌ڕی‌ له‌ پێناواودا ده‌كه‌ن، كاوه‌ شه‌ڕی‌ له‌ پێناوی‌ گشته‌ خه‌ڵكدا ده‌كرد، ده‌نا زۆر به‌ئاسانی‌ ده‌یتوانی‌ خۆی‌ باشتر بژێت، ده‌یتوانی‌ بێده‌نگ بێت و كتێبه‌كانی‌ به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ك دایكی‌، وه‌ك خۆی‌، وه‌ك هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ بێناز نه‌بن.

دواجار گه‌نده‌ڵی‌ كۆتای‌ دێت، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت هێشتا خوێنی‌ بوێت، ئێمه‌ داد و بێدادی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئیتر ئه‌مه‌ به‌س بێت، راسته‌ به‌م شیوه‌نه‌ی‌ ئێمه‌ نه‌كاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ئه‌وانی‌ تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، لێ‌ نامانه‌وێ‌ چی‌ تر ئه‌و وێنانه‌ دوباره‌ بنه‌وه‌، نامانه‌وێ‌ هیچ دایكێكی‌ تر بچێته‌ ریزی‌ دایكانی‌ كاوه‌و سۆران و سه‌رده‌شته‌وه‌، دایكانی‌ تر هه‌مان ئازار بچێژن.

خۆزگا گه‌نده‌ڵی‌ پێویستی‌ به‌وه‌ نه‌بوایه‌ به‌ خوێن كۆتای‌ بێت، من یه‌ك راستی‌ بیر هه‌موتان ده‌خه‌مه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ به‌ر له‌ ساڵی‌ 1991 له‌ ئێران بون، بیرتانه‌ خانوه‌كه‌ی‌ ئێستا كاوه‌ی‌ تیا شه‌هید كرا، له‌چاو ئه‌وانی‌ ئه‌وسای‌ ئێوه‌وه‌ له‌ خانوی‌ پاشا ده‌چو، ئێستا ئه‌م هه‌مو كۆشكی‌ بلورینه‌تان به‌چی‌ به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌م هه‌مو سه‌روه‌ت و سامانه‌تان له‌كوێ‌ بو، لاتان وایه‌ به‌ كوشتنی‌ كاوه‌و سۆران سه‌رده‌شت و ئه‌وانی‌ تر هه‌مو ئه‌مانه‌تان بۆ ده‌مێنێ‌ هه‌تاهه‌تایه‌.

له‌وه‌ ده‌چێت نه‌وت و گه‌نده‌ڵی‌ و كورسی‌ مه‌ینه‌تیه‌كانی‌ ئێرانی‌ به‌ر له‌ ساڵی‌ 1991 له‌ بیربردبنه‌وه‌.