Print WWW.SBEIY.COM
 جینۆساید و ئازاری‌ هیندیه‌ سوره‌كان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
17/07/2014
 
یونیپیگ شارێكه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمی‌ مانیتۆبا له‌ كه‌نه‌دا، ئه‌مساڵ كۆنگره‌ی‌ جینۆسایدی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ له‌ زانكۆی‌ مانیتابای‌ ئه‌و شاره‌ به‌ڕێوه‌چو، رۆژی‌ 16ی‌ 7 میوانه‌كان نزیكه‌ی‌ 120 كیلۆمه‌تر دور له‌ وینیپیگ چونه‌ سه‌ردانی‌ ناوه‌ندێكی‌ ساكیه‌كان "هیندیه‌ سوره‌كان" بۆئه‌وه‌ی‌ له‌زاری‌ خۆیانه‌وه‌ گوێبیستی‌ ئه‌و جینۆسایده‌ بن كه‌ لێیان كراوه‌، له‌وێ‌ له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ی‌ وینیپیگ ناوه‌ندێكی‌ چاندیان هه‌یه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌سه‌ر تاسه‌ری‌ كه‌نه‌دا بۆنه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌ مانگی‌ 6، به‌ده‌ر له‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ بۆنه‌ و یادانه‌ گه‌نده‌ڵی‌ تێده‌كه‌وێت و ره‌نگه‌ هۆیه‌كیش بێت بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ كه‌س له‌ هه‌مو دنیا بیقۆزنه‌وه‌ بۆ خۆیان، گوێمان گرت له‌ ئازاری‌ هیندیه‌ سوره‌كان، كه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكه‌كانیان خه‌مباریان كردین، بگره‌ به‌ گۆرانیه‌ غه‌مگین و ئازار به‌خش و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نزایان بۆ ئاسمان دڵیان پڕكردین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر ئومێدی‌ زۆر له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی‌ چاوه‌كانیاندا به‌دی‌ ده‌كرێت.

چه‌وسانه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌وان به‌ فه‌ڕمی‌ تا ساڵی‌ 1973 درێژه‌ی‌ كێشاوه‌ له‌سه‌ر خاكێك، كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی‌ ره‌سه‌نی‌ خاكه‌كه‌ن و ئه‌وی‌ تر داگیری‌ كردوه‌ و كه‌چی‌ ئه‌مان بونه‌ته‌ غه‌واره‌و غه‌واره‌ خاوه‌ن ماڵه‌، سڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش وه‌ك سڕینه‌وه‌ی‌ كورد زۆری‌ كێشاوه‌ و ده‌یان و سه‌دان ساڵ به‌رده‌وام بوه‌، وه‌ك چۆن كوردیش سڕینه‌وه‌كه‌ی‌ هه‌ر گرێ‌ نه‌دراوه‌ به‌ ساڵێك و دوانه‌وه‌و گرێ‌ دراوی‌ ده‌یان و سه‌دان ساڵه‌، ئه‌وان هه‌مو ئازاره‌كانی‌ خۆیان باس كرد و ئه‌وه‌شیان وت كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ له‌ یادیان نه‌كه‌ین، لاموایه‌ ئه‌م داوایه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌ هه‌رچی‌ چوه‌ته‌سه‌ر خاكی‌ ئه‌وان نه‌ك له‌ یادی‌ كردون بگره‌، كۆت و به‌ندیشی‌ كردون، لێره‌ له‌م ناوچه‌یه‌ كه ‌زیاتر هه‌ندێ‌ له‌ ناوه‌كانیش ده‌ڵێی‌ ناوی‌ ره‌سه‌نی‌ ئه‌وانن، سه‌دان ئه‌فسانه ‌و چیرۆكی‌ جۆراوجۆر هه‌یه‌، لێ‌ ته‌واوی‌ چیرۆكه‌كان هه‌مان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ فه‌ره‌نسیه‌كان و به‌ریتانیه‌كان له‌و دوره‌وه‌ هاتون و ئه‌م خاكه‌یان داگیركردوه‌، ئه‌وان ناویان ناوه‌ دۆزینه‌وه‌، وه‌ك چۆن مرۆڤ شتێك ئه‌دۆزێته‌وه‌، كه‌چی‌ دوای‌ ده‌یكات به‌ هی‌ خۆی‌، چیرۆكی‌ داگیركردنه‌كانیش بوه‌ به‌ منه‌ت بۆ گه‌له‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌وروپیه‌كان ناویان ناون هندیه‌ سوره‌كان، چونكه‌ ئیدی‌ ئه‌وان شارستانیه‌ت و ژیاریان هێناوه‌، ئه‌مه‌شیان نوسیوه‌ و باسیان كردوه‌، له‌ به‌رانبه‌رئه‌وه‌دا گه‌له‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ هێشتا له‌ سروشتا مه‌له‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش ئازاره‌كانی‌ خۆیان داوه‌ته‌ ده‌م ئاوه‌كانه‌وه‌، چیرۆكی‌ یه‌كێ‌ له‌ روباره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ لێڵه‌ ئه‌وه‌ خوێنی‌ به‌ ناهه‌ق رژاوی‌ ئه‌وانه‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌وروپیه‌كان روباره‌كه‌ی‌ سوركردوه‌، ده‌ی‌ روباره‌كه‌ش ناوی‌ روباری‌ سوره‌، من نازانم ئه‌م ئاوه‌ بۆ لێڵه‌، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌گه‌م كه‌ ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ هیندیه‌ سوره‌كان كه‌میان پێنه‌كراوه‌ و كۆمه‌ڵكوژكراون.

له‌ وینیپیگ و له‌ناو گه‌لی‌ ره‌سه‌نی‌ ئه‌نیشابا "ئه‌نیشابێ‌" چیرۆك گه‌ل و بابه‌تی‌ دیكه‌ی‌ زۆر هه‌یه‌ ده‌كرێ‌ جاری‌ تر باس بكرێن، بۆ من دو خاڵی‌ تر كه‌ هاوبه‌شیه‌كی‌ كەلتوریان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه‌ پێویسته‌ باسی‌ بكه‌م، یه‌كه‌م ئه‌وانیش ئاگریان زۆر لاپیرۆزه‌ و له‌ سروته‌ ئاینیه‌كانیاندا به‌ ده‌وریه‌وه‌ن، دوه‌م وه‌ك لای‌ خۆمان ده‌چنه‌ ته‌هلیله‌ و خه‌ڵوه‌ت و جه‌سته‌ ئازاری‌ ده‌كه‌ن. ئیدی‌ ئه‌وانیش چیرۆكی‌ خۆیان هه‌یه‌.