Print WWW.SBEIY.COM
 بتی‌ خۆكرد
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
03/08/2014

كرێكاره‌كان نیشتمان دروست ده‌كه‌ن، نه‌ك سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكه‌كان، مرۆڤ كه‌ ناوی‌ كرێكاره‌كان نه‌زانێ‌ نه‌نگیه‌ به‌دوی‌ ناوی‌ سه‌ركرده ‌و سه‌رۆكه‌كانه‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر كرێكار و وه‌رزێر و جوتیاری‌ ده‌ست شه‌قار شه‌قار بوی‌ نیشتمان نه‌بێت، سه‌ركرده‌ و سه‌رۆك و پله‌داره‌كان چیان پێده‌كرێت و چی‌ ده‌كه‌ن، له‌ هه‌مو وڵاتێكی‌ ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ وێنه‌ی‌ كرێكار و وه‌رزێره‌كان له‌ سه‌رو وێنه‌ی‌ سه‌رۆكه‌كانه‌وه‌یه‌، وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ كرێكارێكیش زیاتر مرۆڤ به‌ خته‌وه‌ر ده‌كات تا وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكێك، كه‌ توانای‌ به‌ستنی‌ بۆینباخه‌كه‌ی‌ خۆیشی‌ نیه‌.

له‌و وڵاتانه‌ی‌ لایان وایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكه‌كان نه‌بن دنیا ئاخر ده‌بێت هه‌میشه‌ وێنه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌ك ره‌قیب و دیكتاتۆرێك له‌ شوێنێكی‌ به‌رزه‌وه‌ سه‌یری‌ هاوڵاتیه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ڕوی‌ ده‌رونیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ له‌و وڵاتانه‌ مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ سته‌مكاری‌ و ده‌سه‌ڵات پله‌به‌ندكراون نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی‌ توانا و لێهاتویی‌ و خزمه‌ت، به‌ بڕوای‌ من ئاساییه‌ بۆ سونبله‌كان جا شۆڕشگێڕ بن یان شاعیر و هونه‌رمه‌ند و كرێكار په‌یكه‌ر یان وێنه‌ هه‌ڵبواسرێ‌، لێ‌ به‌و راده‌یه‌ی‌ كه‌ بكرێته‌ بت و بخرێته‌ هه‌مو كوچه‌ و كه‌نارێكه‌وه‌، ئه‌وه‌ شه‌رمێكی‌ گه‌وره‌یه‌ و له‌وێدا كه‌موكورتیه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت رێزگرتن له‌ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆك و ئه‌وانه‌ی‌ وڵات و نیشتمان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن كارێكی‌ ئاسایی‌ و ته‌نانه‌ت جوانیشه‌، به‌ڵام كردنی‌ ئه‌وان به‌ بت و گه‌ره‌كردنیان به‌ راده‌یه‌ك ئیدی‌ به‌هۆی‌ لاشه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ مرۆڤ چاوه‌كانی‌ هیچی‌ تر نه‌بینێ‌ ئه‌وه‌ دروستكردنی‌ بته‌.

له‌ دنیای‌ دیموكراتیدا مرۆڤه‌كان هێنده‌ عه‌وداڵی‌ ئه‌وه‌ نین سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كان بكه‌نه ‌بت و هه‌ر به‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان ده‌یانبینن، بۆ ئه‌وان كرێكارێك كه‌ شاره‌كه‌یان پاكده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ركرده‌یه‌ك پێویست تره‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كێك دوای‌ نان خواردن مێزه‌كه‌ی‌ به‌رده‌می‌ پاكبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وان مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه‌و هیچی‌ تر، دیاره‌ تێگه‌یشتن له‌و دیموكراسیه‌ی‌ كه‌ لانی‌ كه‌م كه‌س له‌ كه‌س به‌ گه‌وره‌تر نیشان نادات، دیموكراسیه‌تی‌ وه‌ك یه‌كی‌ و یه‌كسانی‌ نێوان مرۆڤه‌كان، زۆر ئاسانه‌ ئه‌گه‌ر خۆمان گه‌ره‌كمان بێت.

خه‌ڵك نابێت فێری‌ ئه‌وه‌ بكرێت بت دروست بكات، پێویسته‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ رابهێنرێین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ چۆن رێز له‌یه‌كتر بگرین، چۆن یه‌كترمان خۆش بوێت هه‌روه‌ك چۆن بتوانین هه‌ڵه‌كانی‌ خۆمان و ئه‌گه‌ر بتوانین ئه‌وانی‌ تریش راست بكه‌ینه‌وه‌ و ره‌خنه‌ له‌ كێماسیه‌كان بگرین، ئه‌وانه‌ی‌ فێر ده‌كرێن چۆن بت دروست بكه‌ن و چۆن وێنه‌ی‌ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكه‌كان هه‌ڵبواسن ئه‌وانه‌ ناتوانن ئازاد بن، مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ چۆن ده‌ژێت و له‌ كوێ‌ و چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئازاد نیه‌ له‌وه‌ی‌ چۆن كه‌سانێك ده‌كات به‌گه‌وره‌ی‌ خۆی‌، راستی‌ له‌وێدا ئیدی‌ ئازادی‌ كۆتایی‌ دێت، كه‌ ئه‌و گه‌وره‌یه‌ك بۆ خۆی‌ دروست ده‌كات و خۆی‌ تیا ده‌بینێ‌، له‌وێدا شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ناوی‌ خۆی‌، كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ تاریكیدا پێی‌ ده‌وترا بتپه‌رستی‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێك بپرسن سه‌رده‌می‌ تاریكی‌ كه‌ی‌ بو، من به‌ كورتی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وان ده‌ده‌مه‌وه و ده‌ڵێم سه‌رده‌می‌ تاریكی‌ كۆتای‌ هاتوه‌؟