Print WWW.SBEIY.COM
 رۆژئاوای‌ كوردستان خه‌مێكی‌ فه‌رامۆشكراو
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
16/08/2014

ئیتر كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ رۆژئاوای‌ كوردستان نه‌ك هه‌ر به‌ فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن باشوری‌ كوردستانه‌وه‌ بناسرێت، بگره‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت له‌لایه‌ن دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ش وه‌ك هه‌رێمێك مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێ‌ ئه‌ركێكی‌ ئاكاری‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ئاوڕدانه‌وه‌ لێی‌. له‌به‌ ده‌نگه‌وه‌چون و به‌ ته‌نگه‌وه‌ بونی‌ شه‌نگال و شوێنه‌كانی‌ دیكه‌دا، په‌یه‌ده‌و شه‌ڕوانانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان گێڕا كه‌ هی‌ ئه‌وه‌ نیه‌ فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا هێزی‌ كوردی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌چه‌ند سه‌عاتێكی‌ كه‌مدا چه‌ندین قه‌زاو ناحیە‌و سه‌دان گوندیان بێته‌قه‌و به‌رگری‌ دایه‌ ده‌ست داعشه‌وه.

له‌م نوسینه‌ كورته‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر دۆخی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ش به‌ بیر پەرله‌مانی‌ كوردستان دێنینه‌وه‌ كه‌ ئیدی‌ كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو پەرله‌ماندا كار بۆ ناسینی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ بكرێت و نوێنه‌ره‌كانیان به‌ فه‌رمی‌ داوه‌ت بكرێن بۆ پەرله‌مان و هه‌رێمی‌ كوردستان، من پێشتر هه‌رچیم له‌توانادا بوبێت بۆ پشتگیری‌ هه‌رێمی‌ رۆژئاوا كردومه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هاوكاریم كۆكردوه‌ته‌وه‌و به‌ده‌ستی‌ داومه‌ته‌ ده‌ست دكتۆر جه‌عفه‌رو هاوڕێكانی‌، هه‌روه‌ها چاوم به‌ به‌ڕێز ساڵح موسلیم كه‌وتوه‌و به‌ نوسین داكۆكیم له‌ناسنامه‌و ناساندنی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ كردوه‌ له‌هه‌مو كه‌مپینه‌كانی‌ پشتگیری‌ له‌و هه‌رێمه‌ش به‌شداریم كردوه‌، ئه‌م نوسینه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌وه‌.

راپه‌ڕینه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان :

له‌سوریای‌ ئه‌سه‌دا به‌ر له‌وه‌ی‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ دیكه‌ راپه‌ڕێت رۆژئاوا ده‌ستی‌ پێكرد، له‌و راپه‌ڕینانه‌شدا كه‌ زۆر به‌ئاشتی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چون، رژێمی‌ سوری‌ و نه‌یاره‌كانی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ زۆر به‌توندی‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌و سه‌دان گه‌نج و تێكۆشه‌ر بونه‌ قوربانی‌، جگه‌ له‌گرتن و ئازاردان و راونان و ده‌ربه‌ده‌ری‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش راپه‌ڕین هه‌ر به‌ ئاشتی‌ درێژه‌ی‌ پێدراو رۆژانه‌ هه‌زاران كه‌س ته‌ڤلی‌ راپه‌ڕین ده‌بون، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل" بۆ پاراستنی‌ هه‌رێمه‌كه‌ دروستكراو، ئه‌وان رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان له‌پاراستنی‌ ئه‌و پارچه‌یه‌ی‌ نیشتماندا بینی‌، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ نه‌بونی‌ چه‌ك و پێویستیه‌كانی‌ شه‌ڕ، له‌نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا راپه‌ڕینه‌كان هه‌میشه‌ به‌ ئاگرو ئاسن وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌و ئه‌و ده‌م هیچ شوێنێكی‌ دیكه‌ی‌ سوریا پشتگیری‌ ئه‌و راپه‌ڕینانه‌ی‌ نه‌ده‌كرد، تا 12ی‌ ئازاری‌ 2004 كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هاواری‌ راپه‌ڕیندا له‌سوریا، عاموداو قامیشلۆش چونه‌ هاوشانی‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌و راپه‌ڕینی‌ ئاشتیخوازانه‌یان درێژه‌ پێدا، ئه‌م راپه‌ڕین و خۆنیشاندانانه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر درێژه‌یان كێشا تا سه‌رهه‌ڵدانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ساڵی‌ 2011 ئه‌گه‌ر چی‌ ئێستا بۆ ناونانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ ناو و ناتۆره‌ی‌ دیكه‌ش هه‌یه‌، به‌رهه‌می‌ ئه‌و راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌ری‌ و نیشتمانیه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ دیموكراتی‌ رۆژئاوای‌ كوردستانه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌مو كورد له‌هه‌ر كوێیه‌ك بن پشتگیری‌ بكه‌ن .

كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوا :

ئەمڕۆ رۆژئاوای‌ كوردستان له‌سێ‌ كانتۆنی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكدێت و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ ئه‌و كانتۆنانه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن و سه‌ره‌ڕای‌ ته‌نگژه‌و گرفته‌ به‌رده‌وامه‌كان رۆژ به‌ رۆژ زیاتر كانتۆنه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و هه‌مو پێكهاته‌كانی‌ رۆژئاوا له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ حكومه‌تا به‌شدارن و كۆی‌ حكومه‌تیش واته‌ كۆی‌ وه‌زیره‌كان هه‌م حكومه‌تداری‌ ده‌كه‌ن، هه‌م شه‌ڕوانن و نیشتمان ده‌پارێزن، به‌تایبه‌ت له‌دو ساڵی‌ رابردودا داعش به‌ توندترین شێوه‌و به‌ هاوكاری‌ راسته‌وخۆی‌ توركیا شه‌ڕێكی‌ سامناكی‌ كردوه‌ته‌ توشیانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌رگری‌ به‌هێز بەڵام هه‌زارانیشیان لێئاواره‌ بێت، به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ ژماره‌كه‌ خۆی‌ ده‌دا له‌زیاتر له‌ 200 هه‌ زار كه‌س، ئه‌وه‌ش ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ دروستكرد كه‌ به‌ره‌به‌ره‌ رۆژئاوا له‌كورد چۆڵبكرێت، ئه‌گه‌رچی‌ مایه‌ی‌ خۆشحاڵیه‌، ئێستاو ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ڵكانێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا، سێ‌ كانتۆنه‌كه‌ی‌ رۆژئاوا بریتین له‌ :
یه‌كه‌م : كانتۆنی‌ جه‌زیره‌
دوه‌م : كانتۆنی‌ كۆبانی‌
سێیه‌م : كانتۆنی‌ عفرین

شوێنه‌گرنگه‌كانی‌ رۆژئاواش بریتین له‌ "حه‌سه‌كه‌، كۆبانی‌، عفرین، عامودا ، قامیشلۆ" له‌رۆژئاواو له‌و كانتۆنانه‌دا جگه‌ له‌كورد، عه‌ره‌ب، ئاشوری‌، ئه‌رمه‌نی‌، توركمان، چه‌ركه‌س هه‌یه‌ .

رێكخراوه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان :
له‌رۆژئاوای‌ كوردستان جگه‌ له‌بونی‌ چه‌ندین حیزب و رێكخراوی‌ سیاسی‌، كۆمه‌ڵێك رێكخراو و یه‌كێتی‌ پیشه‌یی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌ن، كه‌ رۆڵی‌ دیار له‌دیموكراتیزه‌كردنی‌ رۆژئاوادا ده‌گێڕن، رێكخراوه‌ گرنگه‌كانی‌ وه‌ك :
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ ته‌ندروستی‌ رۆژئاوا
دوه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ په‌ره‌پێدانی‌ ئابوری‌ رۆژئاوا
سێیه‌م: یه‌كێتی‌ كرێكاران
چواره‌م: یه‌كێتی‌ مامۆستایان
پێنجه‌م: یه‌كێتی‌ بازرگانان
شه‌شه‌م: یه‌كێتی‌ پیشه‌گه‌ران

جگه‌ له‌چه‌ندین یه‌كێتی‌ و كۆمه‌ڵه‌ی‌ دیكه‌ بۆ نمونه‌ "كۆمه‌ڵه‌ی‌ خاوه‌ن چێشتخانه‌كان، یه‌كێتی‌ سه‌رتاشخانه‌كان، و تادوای‌، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوانه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ گه‌شه‌ به‌ دۆخی‌ دیموكراسی‌ ئه‌ده‌ن، پاڵپشتێكی‌ باشی‌ حكومه‌ته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریه‌كه‌شن، بۆ نمونه‌ مامۆستایان خۆبه‌خشانه‌ تا ئێستا ده‌یان خولی‌ فێربونی‌ ئه‌لف و بێی‌ كوردیان كردوه‌ته‌وه‌ و گه‌وره‌و بچوك فێری‌ زمانی‌ شیرینی‌ دایك ده‌كه‌ن به‌ نوسین و خوێندنه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكا سوریا هه‌مو ده‌رگاكانی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشتر داخستبو، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌و ئاماژه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆی‌ ئه‌م رێكخراوانه‌دا جگه‌ له‌كورد عه‌ره‌ب و ئاشوری‌ و ئه‌وانی‌ تر به‌ گوێره‌ی‌ بون و ئاماده‌یی‌ كاركردن هه‌ن.

ئاسایشی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان :

له‌رۆژئاوای‌ كوردستان جگه‌ له‌شه‌ڕوانه‌كان كه‌ به‌ پاڵپشتی‌ گه‌ل رۆڵی‌ گه‌وره‌ له‌پاراستنی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌دا ده‌بینن، سێ‌ ده‌زگای‌ گرنگی‌ گه‌لپارێز هه‌ن، كه‌ ده‌زگای‌ پڕ بایه‌خی‌ دیموكراسین و به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر مۆدێرن ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌ده‌ن، ئه‌و ده‌زگایانه‌ بریتین له‌ :
یه‌كه‌م: یه‌كه‌ی‌ پاراستنی‌ گه‌ل .
دوه‌م: هێزی‌ ئاسایشی‌ رۆژئاوا .
سێیه‌م : ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ كورد "له‌مه‌یاندا تا ئێستا هه‌ر كورد هه‌یه‌و ئه‌وانی‌ تر نا "

ئه‌م ده‌زگایانه‌ چاوی‌ كراوه‌ی‌ كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوان و له‌نێوان ئه‌وان و جه‌ماوه‌ردا په‌یوه‌ندیه‌كی‌ زۆر پته‌و هه‌یه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك زۆر جار ته‌واوی‌ گه‌ل وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌شێك بن له‌و ده‌زگایانه‌، ئه‌مه‌ به‌ ده‌ر له‌وه‌ی‌ هه‌ندێك كێشه‌و گرفتی‌ سیاسی‌ هه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌و ده‌بێت كۆتایی‌ به‌و كێشه‌ سیاسیانه‌ بێت كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ رۆژئاوا بۆ هه‌رێمه‌كه‌ دروستكراوه‌ .

رۆژئاواو هه‌رێمی‌ كوردستان:

رۆژئاوای‌ كوردستان و ئیداره‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستاندا دو پارچه‌ی‌ پێكه‌وه‌ گرێدراون، ئه‌گه‌ر چی‌ زۆر جار كێشه‌و گرفت دروست بوه‌، بەڵام كێشه‌كان سیاسی‌ بونه‌و ئامانجی‌ تایبه‌تیان له‌ پشته‌وه‌ بوه‌، بۆ نمونه‌ لێدانی‌ خه‌نده‌ق له‌نێوان رۆژئاواو باشور كه‌ روبه‌ڕوی‌ به‌رگریەكی‌ میللی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ بوه‌وه‌و شه‌رمه‌زار كرا، هه‌روه‌ها دانانی‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ له‌سه‌ر رۆژئاوا هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و سته‌مه‌ی‌ له‌لایه‌ن توركیاو سوریاو گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ له‌و هه‌رێمه‌ ده‌كرا، ده‌نا له‌ئاستی‌ میللیدا نزیكه‌ی‌ ته‌واوی‌ باشوری‌ كوردستان پشتگیری‌ له‌رۆژئاوا ده‌كه‌ن و له‌هه‌ڵمه‌تی‌ هاوكاریكردنیشدا به‌پێی‌ توانا درێغی‌ نه‌كرا، بۆ پرسی‌ رۆژئاوا تا راده‌یه‌كی‌ زۆر هه‌مو یه‌كێتی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ پشتگیری‌ بكرێن و هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆ له‌نێوان یه‌په‌گه‌و یه‌كێتیدا هه‌بوه‌ و هه‌یه‌، هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دان به‌ رۆژئاوادا بنرێت بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌و پێشتر محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم له‌سه‌ر داخستنی‌ سنوری‌ نێوان سمێلكاو فیشخابور  وتبوی‌ "كارێكی‌ نامرۆڤانه‌و هه‌ڵه‌و ناكوردانه‌یه‌".

ته‌نانه‌ت له‌پەرله‌مانی‌ كوردستانیش چه‌ندین پارله‌مانتار هه‌وڵیاندا، دانیشتنێكی‌ نائاسایی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی‌ رۆژئاوا ببه‌سترێ‌، له‌ناویاندا پەرله‌مانتاری‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كان هه‌بو، تا راده‌یه‌كی‌ زۆر ئیسلامیه‌كانیش پشتگیری‌ رۆژئاوا ده‌كه‌ن و له‌كه‌مپه‌ینی‌ هاوكاری‌ بۆ رۆژئاوا رۆڵیان هه‌بو، چ به‌ میدیا چ به‌ هاوكاری‌ مادی‌، ته‌نیا كێشه‌یه‌ك كه‌ هه‌بێت له‌نێوان پارتی‌ و یه‌په‌گه‌دایه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش هێنده‌ قورس نیه‌و من پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر حه‌مید ده‌ربه‌ندی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆی‌ زۆرمان كردوه‌و، دكتۆر ئاماده‌ی‌ هه‌مو هاوكاری‌ و دانیشتێك بوه‌ و پێشتریش وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هاوكاری‌ زۆری‌ په‌یه‌ده‌و سه‌ركردایه‌تی‌ په‌یه‌ده‌یان كردوه‌و هه‌میشه‌ هاوخه‌میان بونه‌، له‌م دۆخه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش تێیكه‌وت "یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل" یه‌په‌گه‌ رۆڵێكی‌ جوامێرانه‌و كوردانه‌یان گێڕاو بون مایه‌ی‌ رزگاركردنی‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رچی‌ میدیا كوردیه‌كانی‌ وابه‌سته‌ی‌ توركیا هه‌وڵیاندا له‌بایه‌خی‌ ئه‌و كاره‌ مه‌زنه‌ كه‌م كه‌نه‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستانی‌ رۆژئاواو باشور نوێنه‌رانی‌ باڵای‌ په‌یه‌ده‌ به‌ ساڵح موسلیمیشه‌وه‌ ده‌یان جار له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌ركرده‌كانی‌ گۆڕان، سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌، سه‌ركرده‌كانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر دانیشتن كراوه‌و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كراوه‌، ئێستا له‌هه‌ركات زیاتر كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئاستی‌ باڵای پەرله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، حكومه‌تی‌ كوردستان، حیزبه‌ سیاسیه‌كان دان بنێن به‌ رۆژئاوای‌ كوردستانداو ئه‌و هه‌رێمه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی‌ سیاسی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان بناسن و په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ببه‌ستن، بۆ ئه‌مه‌ ئێستا له‌هه‌ر كات له‌بار تره‌و نابێ‌ به‌ هیچ بیانویه‌ك ئه‌مه‌ دوا بخرێت .

له‌م پرسه‌دا ره‌نگه‌ ئه‌ركی‌ پەرله‌مانتاران و سه‌رۆكایه‌تی‌ پەرله‌مان به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌و خۆی‌ خه‌ڵكن له‌پێش ئه‌ركی‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌وه‌یه‌، پێویسته‌ دیسان ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ پێشو به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوانترو باشتر زیندو بكرێته‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ پەرله‌مانیش پشتگیری‌ بكات، ره‌نگه‌ له‌م بارو دۆخه‌دا ئه‌وه‌ كه‌مترین چاكه‌ دانه‌وه‌ی‌ خوێنی‌ شه‌هیده‌كانی‌ رۆژئاوا بێت كه‌ له‌پێناوی‌ باشوری‌ كوردستاندا رژان .